
ئینستتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ پاڵپشتیکردنی پانتایی شانۆیی لە کوردستان، پرۆژەی “بەنمایشکردنی شانۆنامەی کوردی” ڕادەگەیەنێت. ئەم پرۆژەیە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نووسەران و شانۆکاران تا دەقەکانیان لە سەر کاغەزەوە بگوازنەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ.
ئامانجی پرۆژە:
پرۆژەکە پێشبڕکێیەکی کێبڕکێکارانەیە بۆ هەڵبژاردنی سێ شانۆنامەی کوردی. براوەکان لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕ و پیشەگەرەوە هەڵدەبژێردرێن و پاشان لەسەر ئەرکی ئینستتیوتی داکۆ شانۆنامە براوەکان بەرهەم دەهێنرێن و دەخرێنە سەر تەختەی شانۆ.
مەرجەکانی بەشداریکردن:
• زمانی دەق: دەبێت شانۆنامەکە بە زمانی کوردی نووسرابێت.
• دەرفەتی پێشوو: دەقەکە پێشتر نەخرابێتە سەر تەختەی شانۆ (پێشتر بەرهەم نەهێنرابێت).
• کاتی نووسین: گرنگ نییە دەقەکە پێشتر نووسرابێت یان تایبەت بۆ ئەم پێشبڕکێیە بنووسرێت، یاخود بەشداریی پێشبڕکێ و فێستیڤاڵی تری کردبێت؛ مەرجی سەرەکی ئەوەیە دەرفەتی خستنەسەرشانۆی بۆ نەڕەخسابێت.
خەڵاتەکان و پشتیوانیی دارایی:
لیژنەی هەڵسەنگاندن سێ شانۆنامەی براوە (پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم) دیاری دەکات. خەڵاتەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش دەکرێن:
١. بودجەی بەرهەمهێنان: بۆ هەر شانۆنامەیەکی براوە، بڕی ٩ ملیۆن تا ١٢ ملیۆن دینار (بەپێی پێداویستییەکانی تێکست و ڕوانگەی دەرهێنان) تەرخان دەکرێت بۆ بەرهەمهێنان و خستنەسەرشانۆی
٢. خەڵاتی دارایی بۆ نووسەران:ی شانۆنامە براوەکان تەرخان دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
خەڵاتی یەکەم بۆ نووسەری شانۆنامە: ١,٥٠٠,٠٠٠ یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار
خەڵاتی دووەم بۆ نووسەری شانۆنامە: ١,٠٠٠,٠٠٠ یەک ملیۆن دینار
خەڵاتی سێیەم بۆ نووسەری شانۆنامە: ٧٥٠,٠٠٠ دینار حەوت سەد و پەنجا هەزار دینار
میکانیزمی دەرهێنان و خستنە سەرشانۆی شانۆنامە براوەکان:
• ئەگەر نووسەری دەقە براوەکە خۆی دەرهێنەر بێت و ئارەزوو بکات، خۆی ئەرکی دەرهێنانی شانۆنامەکە دەگرێتە ئەستۆ.
• ئەگەر نووسەر دەرهێنەر نەبێت یان نەیەوێت خۆی دەرهێنانی بۆ بکات، دەقەکە لە ڕێگەی بانگەوازێکەوە دەخرێتە بەردەم دەرهێنەران تا لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پرۆپۆزەڵەوە دەرهێنەریان بۆ دیاری بڕیاردریت.
کاتی پێشکەشکردنی شانۆنامە:
نووسەران و شانۆکاران دەتوانن لە بەرواری ٢١/٧/٢٠٢٦ شانۆنامەکانیان بنێرن بۆ ئیمەیڵی تایبەتیی ئینستتیوتی داکۆ، دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی شانۆنامەکان ٢١/١٠/٢٠٢٦ دەبێت.
ئیمەیڵی تایبەتیی ئینستتیوتی داکۆ بۆ گەشەپێدانی هونەر و کولتوور: dako.org@gmail.com
تێبینی:
پێویستە ئەو شانۆنامانەی دەنێردرێن بە فایلی مایکرۆسۆفت وۆرد بێت و بە زمان و ڕێنووسێکی پاراوی کوردی نووسرابن.