ئایا شانۆ دەتوانێت ڕای گشتی دروست بکات؟!
پ.ی.د. دڵشاد مستەفا – زانکۆی سلێمانی

پوختە
زاراوەی شانۆی شەقام ماوەیەک وەک دیاردەیەکی شانۆیی لەنێو کایە هونەری و ڕوناکبیرییەکەی کوردستانادا مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەکرێت و هەندێک هەوڵ بۆ ڕاڤەکردن و لێتێگەیشتنی بەگەڕ خراوە. هەوڵدان لەنێو وردەکارییەکانی ئەم دیاردە شانۆییەدا پێویستی بە گەران و پشکینین زۆرە بۆیە هەر هەوڵێک لەو کایەیەدا بدرێت نوێیە و لەسەروەستانی گرنگیی خۆی هەیە.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات بچێتە قووڵایی ئەو گریمانە و پرسیارانەوە کە دەبنە هۆی دەستبردن بۆ تێگەیشتنی شانۆکاران لەو سۆنگەیەوە مامەڵە لەگەڵ زاراوەکەدا دەکات، نەک تەنها لە ڕووی زمانەوانییەوە، بەڵکو لە ڕووی پەیوەندیکردن لەگەڵ ”ئەوی تر” و دروستکردنی فەزایەکی مەعریفی بۆ بونیادنانی ماناکان کە خزمەت بەوە دەکەن، کە شانۆکار ئاماژەی پێ دەکات یان کاری بۆ دەکات وەک پەیامێکی ئاراستەکراو بۆ جیهان. هەروەها، ئەم توێژینەوەیە بەدوای چییەتیی شانۆی شەقامدا دەگەڕێت وەک هێزێکی نەرم کە دەتوانێت وەک ئامرازێکی مەعریفی لە فەزای گشتیدا دەربکەوێت. هاوکات هەوڵ دەدات پێداچوونەوە بەو دەرەنجامانەی کە توێژەران لەم بوارەدا پێی گەیشتوون سەبارەت بە ڕەهەندی کارایی ئەم شێوازە شانۆییە و تواناکانی لە دروستکردنی ڕای گشتی یان کاریگەریخستنەسەری بکات.
پێشەکی
لەم دواییانەدا، هەوڵی جیددی دەستی پێ کردووە بۆ دۆزینەوەی لێکچوون و نزیکبوونەوەی مەعریفی لە چەمکی شانۆی سەرشەقام و ئەو نمایش و ئەزموونە شانۆییانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی شانۆی تەقلیدی ناسراو بە ”شانۆی ئیتاڵی” یان ”هۆڵ” پێشکەش دەکرێن. هەندێک لە توێژەران ئەو نمایشانەی لە دەرەوەی ”تەختەی شانۆ” پێشکەش دەکرێن، بە ”نمایشی دەرەکی” پێناسە دەکەن، چونکە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە تەقلیدییە نمایش دەکرێن کە وەرگر پێی ڕاهاتووە. ئەمەش هەمان شتە کە (پاتریس پاڤیس، بیم مەیسن و کەسانی دیکە) ئاماژەیان پێ کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، نمایش لە نەخۆشخانەکان، پەرستگاکان، هۆڵەکانی نمایشکردنی شێوەکاری، کۆگاکان، گۆڕستانەکان، خانووە کۆنەکان، گۆڕەپانەکان و شوێنەکانی تری دەرەوەی بیناکان پێشکەش کراون. ڕەنگە ئەم دیاردەیە وامان لێ بکات بیر لە شانۆ لە فۆڕمە سەرەتاییەکانیدا بکەینەوە، یان ئەو سەرەتایانەی کە شانۆیان پێکهێناوە پێش ئەوەی لەسەر ”تەختەی شانۆ” جێگیر بێت و سەردەمێکی نوێ لە شێوە و شێوازی نمایشکردندا ڕابگەیەنێت.
بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینیی دەکەین، لەگەڵ داهێنانی شێوازی نوێی نمایش و لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت ”شانۆی شەقام”، هەندێک نمایش ڕەهەندێکی دیکەیان لە پرۆسەی پەیوەندیکردن لەگەڵ وەرگردا وەرگرتووە و گەیاندنی مانا و گوتاری ڕاستەوخۆیان لەسەر چەمکێکی دیاریکراو لەئەستۆ گرتووە. ئەم نمایشانە هەندێک جار هاندەرانە و ئاراستەکەر بوون، یان هەندێک جار شێوازێکی دیکەیان وەرگرتووە، وەک شیکردنەوەی بارودۆخێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای ڕەخنەی ڕاستەوخۆ لە دیاردە باوەکان دامەزراوە. ئەمەش وامان لێ دەکات وردتر لە چەمکەکە بکۆڵینەوە و دیاردەکە لەسەر بنەمای زانستی بخوێنینەوە، بۆ ئەوەی بگەینە دەرەنجام یان دۆزینەوەی نوێ کە یارمەتیی ئەو کەسانە بدات کە لەم بوارەدا کار دەکەن تا لە قووڵایی ئەوەی وەک هونەرێکی باڵا پێشکەشی دەکەن و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی دەکات باشتر تێبگەن.
لە نێوەندی شانۆییدا گفتوگۆی لەسەر زاراوەکە و لێکدانەوەکانی و ئەو پرسیارانەی کە توێژەران دەیوروژێنن سەبارەت بە چییەتیی نمایشەکان و سوودی مەعریفییان زۆر بوون، بە پرسیاری: ئایا دەتوانین ئەوەی لە فێستیڤاڵەکانماندا دەیبینین ناوی بنێین شانۆی شەقام، یان ئەوانە شانۆن کە لەسەر شەقامەکان وەک جێگرەوەی تەختەی شانۆ نمایش دەکرێن؟ ئایا ئەم جۆرە شانۆیە لە ڕێگەی بونیادنانی گوتارێکی جوانیناسانەوە کە وێنە تێیدا زاڵە دەتوانێت مانای جیاواز لەوەی شانۆی تەقلیدی بەرهەمی دەهێنێت بەرهەم بهێنێت؟ ئایا دەتوانین شانۆی سەرشەقام وەک هێزێکی نەرم هەژمار بکەین کە لە بۆشایی گشتیدا کار دەکات، ئاخۆ دەشێت وەک ئامرازێکی بەردەست لە بەردەستی چینی خوارەوە یان هونەرمەند وەک ڕۆشنبیرێک کە زیاتر مەیلی بۆ گشتی هەیە نەک تایبەت لێی بڕوانین؟
ئەمانە و ڕستێک پرسیاری تر کە دەشێت ببنە هەوێنی بەرهەمهێنانی ئارگومێنتێکی مەبەستگەرا کە بتوانێت لانیکەم سوود بەو شانۆکارانە بگەێنێت کە لەنێو فەزای کراوە و شانۆی شەقامدا کار دەکەن.
ئامانجەکانی توێژینەوەکە:
هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئەم فۆرمە شانۆییەوە جۆرێک لە تەمومژ و ناڕوونی لە ناوەندە شانۆییەکاندا باڵی بەسەر چەمکی شانۆی شەقامدا کێشاوە. گفتوگۆی زۆر دەربارەی جیاوازیی نێوان ”شانۆی شەقام و شانۆ لە شەقامدا” هەیە؛ ئایا ئەوەی لە فێستیڤاڵەکاندا لە بەردەمماندا پێشکەش دەکرێت، شانۆی سەرشەقامە یان چالاکیی هونەرییە کە بەناوی شانۆ لە شەقامدا پێشکەش دەکرێت؟
ئامانجی ئێمە خستنەڕووی هەندێک چەمکی جیاوازە کە پێشتر لە ڕاڤەکارییەکانی ئەم دیاردە شانۆییەدا بەکارنەهێنراون لە ڕێی ورووژاندی چەند پرسیارێکەوە. جۆری چالاکییەکە هەرچییەک بێت، ئێمە لێرەدا لە هەوڵی دۆزینەوەی سوود و گرنگیی ئەوەداین کە دەیبینین. ئایا ئەوەی پێشکەش دەکرێت، دەکرێت وەک بەشدارییەکی مەعریفی لە بۆشایی گشتیدا هەژمار بکرێت؟ یان تەنها نمایشێکی شانۆیی کاتییە و پەیامێکی سادەی دیاریکراوی بۆ ڕێبواران هەیە؟ ئایا دەکرێت شانۆی سەرشەقام وەک چەکێکی نەرم بۆ بەشداریکردن لە ڕەخنەی سیاسی یان کۆمەڵایەتیدا بەکاربهێنرێت؟ یان هەر وەک دیاردەیەکی هونەری دەمێنێتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بەم جۆرە بیرکردنەوەیەوە نییە؟ سوودی ئەو کارە ڕاستەوخۆیە چییە کە ئەرکی چوونە لای وەرگر لە گۆڕەپان و شوێنەکانی خۆیدا لەئەستۆ دەگرێت؟ ئایا شانۆ دەتوانێت بەشداریی لە پرۆسەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی یان سیاسیدا بکات؟
هەموو ئەمانە لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەرکی دیکە بخرێتە ئەستۆی شانۆی سەرشەقام، کە کاری لەسەر کردوون بەڵام وەک پێویست لە ڕووی تیۆرییەوە چوارچێوەی بۆ دانەنراوە.
گرنگیی توێژینەوەکە:
ئەم توێژینەوەیە گرنگە بۆ:
- ئەو شانۆکارانەی لە بواری فەزای کراوە و شانۆی شەقامدا کار دەکەن.
- خوێندکارانی بەشی شانۆی پەیمانگە و کۆلێژی هونەرەجوانەکان.
- توێژەران و ئەکادیمیستان کە لە بواری شانۆدا کار دەکەن.
- دامەزراوەکانی دەوڵێت کە بایەخ بەم دیاردانە دەدەن.
هێزی نەرم و کاریگەرییەکەی لە بۆشایی گشتیدا:
چەمکی هێزی نەرم لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا نوێ نییە، چونکە پێشتر لە چوارچێوەی دیکەدا و لە ڕێگەی ئامرازگەلێکەوە بەکارهاتووە کە ناویان ”هێزی نەرم” نەبووە، وەک ئەوەی لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا ناونرا. لەگەڵ ئەوەشدا، جۆزێف نای بە یەکەم کەس دادەنرێت کە چەمکی هێزی نەرمی لە چوارچێوەی تیۆرییەکدا داڕشت کە بڕواپێهێنەر و پتەو بوو. بەڵام یەکەم دەرکەوتنی تیۆرییەکە و بەکارهێنانەکانی لە سەدەی بیستەمدا لە لایەن فەیلەسوف و بیرمەندی ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ گرامشییەوە بوو، لە ڕێگەی چەمکی ”هەژموونی کولتووری”یەوە. گرامشی جەختی لەوە کردەوە کە هەژموونی سەرمایەداری تەنها پشت بە هێز و پارە و دەسەڵات نابەستێت، بەڵکو پشت بە فاکتەری ”قبووڵکردن”یش دەبەستێت کە کولتووری چینی فەرمانڕەوا لە زەینی خەڵکدا دروستی دەکات. هەروەها، ئەوەی خستە ڕوو کە ململانێیەکی کولتووری لەنێوان هەردوو سیستەمی سەرمایەداری و سۆسیالیستیدا هەیە، کە پێویستی بە چالاککردنی کەناڵی جیاواز هەیە، وەک دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دامەزراوە پەروەردەیی و فیکرییەکان، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی کولتوورێکی جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کولتووری هەژموون کە لە بەها و فەلسەفەی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمەش دواتر، وەک جۆزێف نای ئاماژەی پێ دەدات، گۆڕا بۆ چوارچێوەی دیکە.
لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە هێزی نەرم مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ئایینەکانەوە کە بانگەشەیان بۆ بەکارهێنانی هێزی بڕواپێهێنانی مرۆڤەکان بەرەو لایەنگری لەوەی بیرمەندان و پێغەمبەران دەیانویست دەکرد. لەوێشەوە بۆ دەرکەوتنی بیرۆکە مرۆییەکان کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی قەناعەتپێکردن و گفتوگۆی ئاشتیانەوە بگەنە مرۆڤەکان، لەبری ئەوەی بە ”هێزی ڕەق” ناسراوە، یان ئەو دیاردانەی توندوتیژی و ستەمکارییەی کە ئێستا لە جیهانی مرۆڤەکاندا ڕوو دەدەن. هێزی نەرم بە هەموو جۆر و ئامرازەکانییەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کاتی ململانێی ئایدیۆلۆژیی نێوان هەردوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریدا بەکارهێنرا، کە بە ”جەنگی سارد” ناسرابوو، هەردوو لا هەوڵیان دەدا کاریگەری لەسەر بیر و ئارەزووەکانی لایەنی بەرامبەر دروست بکەن. هەندێک لە بیرمەندان، لەوانەش جۆزێف نای، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکانی کاریگەریی خستنە سەر، ڕەنگە لە ڕێگەی میدیاکانی پەیوەندیی جەماوەرییەوە بووبێت، وەک فیلم و زنجیرەدراما و نمایشە هونەرییەکان، کە ئەمەش نیشانەی بەکارهێنانی بەرفراوانی هێزی نەرمە لە جەنگی سارددا لە نێوان هەردوو لادا.
لە نێوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێتیی سۆڤیەت ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی قووڵ بووەوە. سیستەمی ئابووریی چەقبەستوو و کێبڕکێی سەربازیی تاقەتپڕوکێن لەگەڵ ڕۆژئاوا، وڵاتەکەی بەرەو داڕمان دەبرد. لەم چوارچێوەیەدا، میخایل گۆرباچۆڤ، دوایین سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩٨٥دا دەستپێشخەریی دوو سیاسەتی نوێی کرد: پێرێسترۆیکا واتە ”دووبارە بنیاتنانەوە” و گلاسنۆست واتە ”کراوەیی”. بەڵام چاکسازییەکانی گۆرباچۆڤ دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراویان لێ کەوتەوە. لەبری بووژانەوە، پێرێسترۆیکا بووە هۆی تێکچوونی زیاتری ئابووری و دروستبوونی کەمیی کاڵا. لە لایەکی دیکەوە، گلاسنۆست دەرگای بە ڕووی ڕەخنەی کراوەدا کردەوە و هەستی ناسیۆنالیستی لە کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا بەهێز کرد. ئەم سیاسەتانە لەبری ئەوەی سیستەمەکە ڕزگار بکەن، بوونە هۆی خێراترکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی. لە کۆتاییدا، لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١دا، یەکێتیی سۆڤیەت بە فەرمی هەڵوەشایەوە.
دوای هاتنەگۆڕێی بێرۆسترۆیکا و ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و گۆڕانی جیهان بۆ سیستەمێکی یەک جەمسەری، تیۆریی هێزی نەرم لەلایەن جۆزێف نایەوە داڕێژرایەوە و لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ڕزگاربوون لە سیستەمە فاشیستەکان کە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بوونیان هەبوو، بەپێی پێناسەکانی ویلایەتەیەکگرتووەکان و سیستەمە سەرمایەدارییەکانی ڕۆژئاوا بەکارهێنرا. کولتووری ڕۆژئاوایی بە دامەزراوەکانییەوە هەوڵی دا چەمکی نوێ پێشکەش بکات کە لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی پەراوێزە کولتوورییەکاندا یارمەتیدەر بێت، یان بەپێی پۆلێنکردنەکانی سەمیر ئەمین، کولتووری پەراوێزەکان کە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەرجەستە بوون. لەم پێناوەدا، هەموو جۆرە ئامرازێک بەکارهێنرا، وەک پڕوپاگەندە، فیلم و شێوازەکانی تری بانگەشەکردن بۆ جۆرێکی دیکەی ژیان کە لە ژیانی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا بەرجەستە بووە.
ئەگەر وردتر لە چەمکەکە بڕوانین، دەبینین بیرمەندی فەرەنسی میشێل فۆکۆش لەم بوارەدا کاری کردووە و هەوڵی داوە بیرۆکەیەکی ورد و پڕمانامان پێ بگەیەنێت. فۆکۆ پێی وایە کە هێزی نەرم بریتییە لە ململانێیەکی هزری و بەهایی کە ئامانجی کاریگەریخستنەسەر ڕای گشتییە لە ناوەوە و دەرەوەی دەوڵەتدا، ئامانجی سەرەکیشی کاریگەریخستنەسەرە بە مەبەستی ئەو کۆنترۆڵەی کە پابەندبوونێکی ناڕاستەوخۆ دروست دەکات. ئەم لێکدانەوەیە یارمەتیدەرمانە بۆ چوونە قووڵایی ئەو پەیوەندییەی کە هەوڵ دەدەین لەنێوان هێزی نەرم و فەزای گشتییدا بیدۆزینەوە، کە دواتر شیکاریی بۆ دەکەین. لەم ڕوانگەیەوە، دەبینین زۆرێک لە بیرمەندان و ڕەخنەگران هاوڕان لەگەڵ ئەوەی فۆکۆ ئاماژەی پێ دەکات کە هێزی نەرم گرنگییەکەی لە کاریگەریخستنەسەر ڕای گشتییەوە وەردەگرێت و لەناو فەزای گشتیدا کار دەکات، کە ئەمەش هەمان ئەو دەربڕینەیە کە جۆزێف نای و ئێرنست ویلسۆنیش لەسەری کۆک بوون.
لێرەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە هێزی نەرم پشت بە کولتووری گەلان و هێزی بڵاوبوونەوە و لق و پۆپەکانی دەبەستێت، چونکە ئەو کولتوورانەی پەراوێزخراون و توانای داهێنانی هەمەجۆریان نییە وەک ئەدەب، هونەر و ئەو بەها مرۆییانەی کە سەرنجی خەڵک ڕادەکێشن، ناتوانن کاریگەری لەسەر بیروبۆچوونی ئەوانی تر دروست بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، نای ئاماژە بەوە دەکات کە جۆرێکی تایبەت لە کولتووری جەماوەری یان میللی هەیە کە تاکە جۆرە دەبێتە هێزێکی نەرمی کاریگەر لەسەر گەلان و لەسەر ئاستی گشتی. (کاتێک کولتووری وڵاتێک بەهای جیهانی لەخۆ دەگرێت، سیاسەتەکانی بەها و بەرژەوەندییەک بڵاو دەکەنەوە کە ئەوانی تریش تێیدا بەشدارن، ئەوا ئەگەری بەدەستهێنانی ئەنجامە خوازراوەکانی زیاد دەکات، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی کە لە سەرنجڕاکێشی و ئەرکەوە دروستی دەکات. بەها تەسکەکان و کولتوورە سنووردارەکان ئەگەری بەرهەمهێنانی هێزی نەرمیان کەمترە) Nye: 2002: 30
بەڵگەنەویستە بگەینە ئەو دەرەنجامەی، ئەوەی (نای) دەیەوێت پێمان بگەیەنێت ئەوەیە کە بەها ڕۆژئاواییەکان هەڵدەکوتنە سەرمان، چەندیش دیوار بونیاد بنێین و چەندیش داهێنان لە ڕێگاکانی بەرپەرچدانەوەدا بکەین. چونکە ئێمە لە سەردەمێکی کراوەدا دەژین کە هیچ جۆرە کۆتوبەندێک تێیدا نامێنێتەوە، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چەمکەکانی جیهانگیری و گۆڕانی جیهان بۆ گوندێکی بچووک کە تێیدا بەبێ نهێنییەکانمان دەژین هەموو شتێک بۆ هەموان کراوەیە و ئەوەی پێشتر وەک تایبەتمەندی تەماشا دەکرا ئەستەمە وەک خۆی بمێنێتەوە.
لە هەموو ئەمانەی پێشووەوە دەتوانین بەو دەرەنجامە بگەین کە هێزی نەرم توانای کارکردنی لەناو فەزای گشتیدا هەیە، چونکە وەک ئەوەی لەلایەن بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە بەکارهێنراوە کە بە یەکێک لە داهێنانەکانی کانت دادەنرێت بۆ گوزارشتکردن لەو بۆشاییە ناوەندییەی کە مێژووییانە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەنێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتدا دروست بووە، لە بنەڕەتدا فەزاکە بۆ هەموو هاووڵاتییان لە هەموو چینوتوێژە کۆمەڵایەتییەکان فەراهەم کراوە، کە تێیدا دەتوانن کۆببنەوە بۆ پێکهێنانی ڕای گشتی سەبارەت بە هەر پرسێک کە پەیوەندیی بە هەموانەوە هەبێت.
ئەو پێشکەوتنەی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا ڕووی داوە، جۆرێک لە بەرپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تاک، چونکە بووە بە (تاکێکی تێکەڵبوو بە گرووپ، هۆشیارە بەو مافانەی هەیەتی و ئەو ئەرکانەی لەسەریەتی، هەروەها بە پێویستیی سەرقاڵبوونی بەوەی دەسەڵات بۆی حەشارداوە. بۆیە دەبێت وەک هاووڵاتییەکی ئازاد و هۆشیار تێکەڵ بە گفتوگۆکان بێت دەربارەی کاروباری گشتی، بەمەش فەزای گشتی دەبێتە ئەو زەمینەیەی کە تاک تێیدا هاووڵاتیبوونی خۆی بەدەست دەهێنێت و بەرەنگاری دەکات بۆ ئەوەی بە واقیعی بیسەپێنێت) (حەیدەری، ٢٠٠٠: ٥٨).
ئەمەش پاڵ بە هونەرمەندەوە دەنێت وەک تاکێکی هۆشیار لەناو کۆمەڵگەکاندا کە هەڵگری پەیامێکی دیاریکراوە، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە کارکردن لەگەڵ ئەم فەزایەدا ببێت، کە دەتوانێت ئاستی گفتوگۆکان بەرز بکاتەوە لە ئاستی ڕۆژانە و سواوەوە بۆ ئاستی مەعریفی و عەقڵانی، لە ئاستی بێمەبەست و ڕووکەشەوە بۆ ئاستی بەمەبەست و قووڵ. هابرماس بەدوای جینایۆلۆجیای فەزای گشتی بۆرژوازیدا گەڕاوە، جەختی لە ئاستی قۆستنەوەی ئەم بۆشاییە کردووەتەوە بۆ ئامرازەکانی هەژموون و پڕوپاگەندە، وەک پرەنسیپێکی شەرعی پەیوەست بە دەسەڵاتی سیاسی و تاکی بۆرژوازی ڕۆشنبیرەوە) Habermas,1992 ) بۆیە لە شەستەکانەوە گوزارشتی لەو نائومێدییە کردووە کە تووشی چەمکەکە دەبێت، چونکە سەردەمی مۆدێرن ”نامۆبوون” (استلاب)ی تایبەت بە خۆی خوڵقاندووە بۆ ئەوەی کە بۆشاییەکە وەک پانتاییەکی کراوە لەبەردەم هەمواندا دابینی دەکات. ئەمەش کۆمەڵگەی مەدەنیی خوازراو ناچار دەکات کە تەنها لە ڕێگەی ”کاریگەریدانان”ەوە کارا بێت، دوای ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ببێتە بزوێنەری کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و عەقڵانییەت؛ ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە خەیاڵدانماندا ئاواتی بۆ دەخوازین وەک کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران کە ئازادییەکان تێیدا لە هەموو ئاست و لایەنەکاندا بەرقەرار بن.
لێرەوە ئەرکی شانۆ وەک نێوەندێکی مەعریفی دەست پێ دەکات بۆ هەژاندنی ئەوەی بیری باڵادەست هەوڵی بۆ دەدات بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو فەزایە، هەروەها هەوڵدان بۆ ئاشکراکردن و دەرخستنی ئامرازی جێگرەوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم هەمواندا تا بەشداری لە گەڵاڵەکردنی ڕای گشتیدا بکەن. پرسیاری گرنگتر کە دەبێت ئێستا سەرقاڵمان بکات ئەوەیە: ئایا شانۆی شەقام دەتوانێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت؟ ئایا کارکەرانی ئەم بوارە هەوڵیان داوە بە مەبەستێکی مەعریفییەوە کار بکەن بۆ ئەوەی نمایشەکانیان بارگاویی بکەن بەو چەمکانەی کە یارمەتیدەرن بۆ پاڵنانی بەرهەمەکانیان بەرەو فەزای باڵاتر و دەرکەوتەی بەرزتر؟ ئایا فێستیڤاڵ یان دیداری شانۆی شەقام هەوڵی داوە سیمینار و کۆڕی توێژینەوە ساز بکات بۆ ڕۆچوونە ناو ئەو کۆنتێکستانە و هاندانی بایەخدەران یان کارکەرانی ئەم بوارە تا لە گرنگیی ئەو ئامرازە تێبگەن کە لە بەردەستیاندایە؟ ئەمەیە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ توێژینەوە و وردبوونەوە لەو چەمکانەی کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە دروستکردنی ڕای نوێ دەربارەی ئەم بابەتە.
شانۆی شەقام یان شانۆ لە شەقامدا:
پرسیارێک کە هەموانی سەرقاڵ کردووە و هەندێک هەوڵ لە پای کارکردن دەربارەی دراوە ئەوەیە کە ئایا ئەوەی ئێمە هەوڵ دەدەین لە ناوەڕۆکیدا بەدوایدا بگەڕێین ”شانۆی شەقام”ە یان ”شانۆیە لە شەقامدا”؟ ئەمە ئەو خاڵەیە کە لێرەدا لەسەری دەوەستین. لە سەرەتادا، ڕەنگە بتوانین بەدوای پێناسەی نوێدا بگەڕێین بۆ شانۆ، بەپێی ئەو ئەزموونانەی کە هەندێک لە شانۆکاران لە سەرتاسەری جیهاندا پێیدا تێدەپەڕن، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی شانۆی تەقلیدی و باو دەربچن.
ئەزموونەکان بە هەوڵدان بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی ڕیالیزم و کارکردن لە کۆنتێکستیی دیکەدا دەستیان پێ کرد، بە مەبەستی دۆزینەوەی شتێکی نوێ یان هاوچەرخ بۆ ئەوەی لەگەڵ سەردەمدا بڕۆن. هەرچەندە (گەڕان بەدوای شێوازێکی هونەریی نوێدا کە گوزارشت لە ڕۆحی سەردەم بکات، شتێکی ئاسان نییە، چونکە تێگەیشتنی هەر سەردەمێک لە خودی خۆی و هۆشیاریی بە ناوازەبوونی ئەزموونەکەی، بە شێوەیەکی گشتی بە هێواشی و ناڕاستەوخۆ بەدی دێت) (صليحة، ١٩٩٧: ١١) ئەو بیرۆکانە زۆرێکیانی پاڵ پێوە نا بۆ بیرکردنەوە لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی و دروستکردنی چەمک و داتای نوێ و داهێنانی شێوازی هونەری بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆحی سەردەم و ئەوەی کە هونەرمەند وەک خودێکی بیرکەرەوە و داهێنەر دەیەوێت.
داهێنانە نوێیەکان لە بواری فیکردا بوونە هۆی دەرکەوتنی چەندین ڕەوتی هونەری و ئەزموونی شانۆیی بە درێژایی مێژوو. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە فەلسەفەی وجودی لە پشت داهێنانە ئەدەبییەکان و دەقە شانۆییەکانی سارتەرەوە بوو، تیۆرییە دەروونییەکانی فرۆید پاڵنەری زۆرێک لە ئەدیب و هونەرمەندان بوون بۆ داهێنانی سەرنجڕاکێش، دەرکەوتنی سوریالیزم وەک نموونە، مارکسیزم وەک ئەو زەمینە فەلسەفییە دەمێنێتەوە کە ڕێنوێنیی چەندین ئەزموونی جیاوازی ئەدەبی و هونەری و شانۆیی کردووە. (تیۆری مارکسی و ئەو هزرە سۆسیالیستییەی لێی کەوتەوە، ئەو زەوییە بوو کە ئەوەی ئێستا بە شانۆی سیاسی لە دەرکەوتنەکانیدا لە ڕۆژئاوا ناسراوە، لێیەوە سەری هەڵدا)” (صليحة: ١٩٩٧: ٨٤). شانۆی سیاسی ئەزموونەکانی بیسکاتۆر لە ئەڵمانیا و شانۆی کرێکاری لە بەریتانیا و نمایشەکانی شانۆی زیندوو لە ئەمەریکا دەگرێتەوە، تا دەگاتە شانۆی داستانئامێز و ئەزموونەکانی بێرتۆڵد برێخت، هەروەها ئەوەی ئۆگستۆ بوال لە بەرازیل لە ڕێگەی ”شانۆی چەوساوەکان”ەوە ئەنجامی دا، کە دواتر لەسەری دەوەستین بەهۆی سروشتە فێرکارییەکەیەوە کە نزیکە لەوەی ئێستا لە ئەزموونەکانی شانۆی شەقامدا ڕوو دەدات.
ئەگەر بەدوای پێناسەیەکی ڕوون و تەواودا بگەڕێین بۆ شانۆی شەقام، دەکەوینە ناو گێژاوی زۆرەوە، چونکە پێناسەکان یان لە ئەزموونی کەسییەوە هاتوون، یان لە بەراوردکردن لەگەڵ ئەوەی دەکرێت ناوی بنرێت ”نمایشی شەقام”، یان لێکچوون و نزیکبوونەوەی تر کە لەسەر بنەمای شیکاریی توێژینەوەی ئەکادیمی بونیاد نراون. یەکێک لەو پێناسانە ئەوەیە کە شانۆی شەقام (شێوازێکە لە نمایشی شانۆیی کە لە شوێنە گشتییەکان و لە هەوای کراوەدا پێشکەش دەکرێت بەبێ بوونی جەماوەرێکی دیاریکراو. ئەم بۆشاییانە دەکرێت هەر شوێنێک بن، وەک سەنتەرەکانی بازاڕکردن، پارکی ئۆتۆمبێل، پارکە گشتییەکان، و سووچی شەقامەکان) (Keen:2017:32)
پاتریس پاڤیس بەم شێوەیە وەسفی دەکات (چالاکییەکی شانۆییە کە لە دەرەوەی بینا تەقلیدییەکان بەرهەم دەهێنرێت، لە شەقام، گۆڕەپان، بازاڕ، میترۆ، یان زانکۆکان و… هتد. بە شێوەیەکی گشتی بە ئارەزووی گەیشتن بە جەماوەرێکی ناشانۆیی ئەنجام دەدرێت، بۆ دروستکردنی کارێکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ڕاستەوخۆ) (Pavis&Shantz: 1999:37) پاڤیس و شانتز هەوڵ دەدەن ڕەگ و ڕیشەی ئەم شێوازە شانۆییە ئاشکرا بکەن بە گەڕاندنەوەی بۆ سەرەتاکانی شانۆ لای یۆنانییەکان، وەک دەڵێن (شانۆی شەقام بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٠دا بڵاو بوو… لە ڕاستیدا ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ڕەگە سەرەتاییەکانی شانۆ، وەک تیسپس کە لە سەدەی شەشەمی پێش زایندا بە عەرەبانەکەیەوە بە بازاڕەکانی ئەسینادا دەگەڕا (Pavis&Shantz: 1999:372)
بۆیە دەبینین ئەوەی توێژەرانی ئەم بوارە مەبەستیانە ئەوەیە کە شانۆی شەقام ئەو جۆرە نمایشە شانۆییەیە کە هەوڵ دەدات گفتوگۆی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بکات، کە بەپێی بنەمای دیاریکراو لە شەقام یان پارک یان هەر بۆشاییەکی تری دەرەوەی ”هۆڵی شانۆ” داڕێژراون. بە واتایەکی تر، هونەرمەندی شانۆکارە کە دەچێت بۆ لای وەرگر لە شوێنە گشتییەکاندا، نەک ئەو شوێنانەی بۆ بینین تەرخان کراون. مامۆستا سامی عەبدولحەمید ئاماژە بەوە دەکات کە (جۆری نمایشەکان و بابەتەکانیان کە لە شانۆی شەقامدا پێشکەش دەکرێن، پشت بەوە دەبەستێت کە لە شانۆی شەقام لە ئەورووپا و ئەمەریکادا خراوەتە ڕوو، کە تێیدا جۆرایەتی، ئاراستەکردن و هاندان دژی هەموو شتێکی نەرێنی و دواکەوتوو لە کۆمەڵگە و دەوڵەتدا، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە شانۆیەیە بە مەبەستی گۆڕانکاری و چاکسازی) (عەبدالحمید ، )٢٠١٨. لەم چوارچێوەیەدا، توێژەر ئەحمەد مطاوع ئاماژە بەوە دەکات (نمایشەکانی شەقام ئامانجیان گەیاندنی گوتارێکی مەعریفییە بە پشتیوانیی کارلێکی جەماوەر لەگەڵیاندا، لە ڕێگەی بەشدارپێکردنیان لە یارییە شانۆییەکەدا، چونکە ئەم نمایشانە لە شوێنی بوونی هەڕەمەکیی ئەم جەماوەرەدا پێشکەش دەکرێن، بابەتەکانیان لە واقیعی ڕۆژانەی ئەوانەوە وەرگیراوە، بە مەبەستی گەیاندنی بیرۆکەکانی لە ڕێگەی بەشداریی کارلێکەرانەوە لەگەڵ نمایشەکەدا) (مطاوع ، ٢٠١٧)
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو نمایشانەی لە شەقام، لە بەردەم چاوی خەڵک، یان لە پارک و گۆڕەپانەکاندا پێشکەش دەکرێن، پەیامێکی دیاریکراویان هەڵگرتووە و ئامانجیان گەیاندنی چەمکێک، گوتارێکی مەعریفی یان پەیامێکی کۆمەڵایەتییە. ئامانج لێی کاریگەریی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێیە لەسەر ئەو وەرگرەی لە شەقامەکەدا ئامادەیە و دروستکردنی جۆرێک لە گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەی یان خوێندنەوەی بۆ واقیع و پرسە هەنووکەییەکانی. چونکە ئەو نمایشە شانۆییەی لە شەقامدا پێشکەش دەکرێت، لەنێوان دەقێکی پێشوەختە ڕێککەوتوو و ئیمپرۆ (ئیڕتیجال)دا کۆدەبێتەوە کە پرۆسەی وەرگرتن و پەیوەندیی نێوان نمایشکار و وەرگر دەیسەپێنێت، ئەویش لە ڕێگەی بەشداریپێکردنی تاکەکانی بینەرەوە تا ببنە بەشێک لە کارەکە.
پرۆسەی بەشداریپێکردن زۆرترین ئاستی کارلێک لەلایەن بینەرەوە مسۆگەر دەکات، کە تا ڕادەیەک تووشی سەرسوڕمان دەبێت بەو نمایشەی ڕاستەوخۆ و بەبێ پلانی پێشوەختە لەبەردەمیدا ڕوو دەدات، ڕەنگە هانی بدات دوای کەمێک ببێتە بەشێک لە کارە شانۆییەکە. چونکە ئەو نمایشەی لێرەدا پێشکەش دەکرێت (هونەرێکە لەسەر بنەمای کاردانەوە سۆزدارییە کاتییەکانی نمایشکردن بونیاد نراوە کە کەشی جەماوەری و لە ئیمپرۆدا پێی دەبەخشن، بۆیە ئەکتەرەکان دەق لەبەر ناکەن و بە تەنها نمایشەکە بەڕێوە نابەن، ئەمەش وای لێ دەکات کاریگەرییەکەی بەهێزتر و قووڵتر بێت) (مطاوع ، ٢٠١٧). شانۆی شەقام، بەهۆی سروشتی کراوە و ڕاستەوخۆیەوە، وەک پلاتفۆڕمێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی گفتوگۆی گشتی کار دەکات، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی کەناڵەکانی تری دەربڕین تیایاندا سنووردارە. ئەم فۆرمە شانۆییە بە بردنی هونەر بۆ شوێنە گشتییەکانی وەک بازاڕ و گۆڕەپانەکان، بەربەستی نێوان هونەرمەند و جەماوەر ناهێڵێت و فەزایەک دەخوڵقێنێت کە تێیدا خەڵکی ئاسایی دەتوانن ڕاستەوخۆ کارلێک لەگەڵ بابەتە ورووژێنراوەکاندا بکەن. نمایشەکانی شانۆی شەقام زۆر جار کێشە و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هەنووکەییەکان دەکەنە بابەتی خۆیان، وەک نادادپەروەری، گەندەڵی، مافەکانی ژنان و کێشەی کرێکاران. ئەم کردەیەش (دەرفەتێک بۆ بینەران -کە لە هەمان کاتدا هاووڵاتی- دەرەخسێنێت تا بیر لەو بابەتانە بکەنەوە کە ڕەنگە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە بێدەنگی بەلایاندا تێپەڕن) (Agarwal,2021:209) ئەم دۆخە وا دەکات لەدوای نمایشەکان، زۆر جار گفتوگۆی کراوە لە نێوان ئەکتەر و ئامادەبواندا دروست دەبێت، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ گەشەکردنی ڕای گشتی و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی.
لێرەوە ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان شانۆی سەرشەقام بە پێناسە و دەرکەوتنەکانییەوە کە لەلایەن توێژەران و پسپۆڕانی ئەم بوارەوە خراونەتە ڕوو، لەگەڵ شانۆ یان نمایش لە شەقامدا، دەبینین ئەو نمایشانە هونەری یان ئیمپرۆن بۆ خۆشی و کاتبەسەربردن لە شەقامدا ئەنجام دەدرێن، ناتوانرێت بە تەواوی بخرێنە چوارچێوەی شانۆی شەقامەوە. چونکە ئەو نمایشانە ئامانجی دیاریکراویان هەیە، وەک چوونە نێو دڵی ڕێبواران بە مەبەستی بەدەستهێنانی پارە یان ڕاکێشانی سەرنجیان بۆ پرسێکی دیاریکراو. ئەوانە ڕۆحی پەیوەندی و بەشدارییان تێدا نییە کە شانۆی شەقام پێویستی پێیەتی و خاوەنی پێکهاتەی تایبەت و ئامانجی جیاوازی خۆیەتی (بەم مانایە، ئەوانە نزیکن لەو گەڕانانەی مۆسیقاژەنەکان ئەنجامی دەدەن، لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەن کە چەندە جەماوەر چێژی زیاتر وەربگرێت، پارەی زیاتر دەدات) (Mason: 1992:28) یان بە واتایەکی تر، وەک سینۆگراف و ئەکادیمیستی مەغریبی تارق ڕەبح ئاماژەی پێ دەکات (ئەو شێوازە نمایشیانەی لە شوێنە گشتییەکاندا پێشکەش دەکرێن، دەبێت دابەش بکرێن لەنێوان نمایشە میللییەکان و نمایشە شانۆییەکاندا… نمایشە میللییە تەقلیدییەکان بەرهەمێکی ناوخۆیین و دەکرێت بخرێنە پاڵ کەلەپوور، بەڵام شانۆی شەقام نمایشێکە پشت بە داهێنان و کارلێک لەگەڵ ڕەوتە داهێنەرانەکانی سەر ئاستی جیهان دەبەستێت ( (میفرانی: ٢٠١٨).
جێی باسە کە جۆرێک لە نزیکی هەیە لەنێوان شانۆی شەقام و هونەرەکانی شەقامدا، یان دەکرێت شانۆ وەک جۆرێک لێی هەژمار بکرێت، بەڵام (ئەم شێوازەی شانۆ ئامانجی بەستنەوەی کاتبەسەربردنە بە گەڕان بەدوای دۆخەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەوە، بە مەبەستی هاندانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی ئەرێنی) (Training Manual: n.d: 5) ئەم شانۆیە مەودا تەنها بۆ کاتبەسەربردن ناهێڵێتەوە، بەڵکو بە جددی هەوڵ دەدات بگاتە ئەقڵی وەرگر و گفتوگۆی لەگەڵدا بکات. بە واتایەکی تر، نمایش یان هونەرەکانی شەقام لە ڕێگەی جۆرێک لە نمایشەوە قسە لەگەڵ هەستەکان دەکەن و هەوڵی ڕاکێشانی سەرنج دەدەن بۆ دروستکردنی گۆڕانێکی سۆزداری لای وەرگر. بە پێچەوانەوە، ئامانجی شانۆی شەقام گەیشتنە بە ناوەندی بیرکردنەوە لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ ئەقڵدا. بەم شێوەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی بونیاد نراوە کە ئامانجی ڕۆشنگەری، دەرکەوتن و چوونە ناو بۆشاییەکانی بیری مرۆڤایەتییە، دوورکەوتنەوەیە لە کاریگەرییە کاتییەکان کە لە یادگەدا نامێننەوە.
ئێمە ئێستا لێرەین:
ئەمە ئەو گریمانە کۆن و نوێیەیە کە زۆرێک لە ئەزموونە شانۆییەکان لەسەری دامەزراون، لە حیکایەتخوان، شانۆی ئاهەنگسازی، شانۆی چەوساوەکان، شانۆی ڕاستەوخۆ، شانۆی نان و بووکەڵە، و ئەو ئەزموونانەی پشتیان بە ئیمپرۆ بەستووە وەک (خەیاڵی سێبەر، ئارەگوز، شانۆی بووکەڵە، چرای ئەفسونی، شانۆی میللی) ئەزموونە شانۆییەکانی تر کە ئەرکی دۆزینەوەی دەرچەیەکی مەعریفی و پەیوەندیکارانەیان لەئەستۆ گرتووە، دوور لە شانۆی تەقلیدی. ئەو نمایشانەی لەسەر ئەو گریمانەیە بونیاد نراون، هەوڵ دەدەن دیمەنی ژیانی ڕۆژانە و هاوبەشیی نێوان شانۆکار و وەرگر، نێوان نمایشکار و بینەر، نێوان بیرۆکەی داهێنراو و پەیوەندی لە وەرگرتندا بخوێننەوە. واتە، هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی واقیع بەپێی دیدگایەکی دیاریکراو و خستنەڕووی لە ڕێگەی ئەو کەرەستە شانۆییانەی کە لەبەردەستی شانۆکارەکەدان، واتە ئەو توانایانەی لە شوێنەکەدا بەردەستن، نەک ئەوانەی یارمەتیدەرن بۆ دروستکردنی بۆشاییەکی شانۆیی وەک لەناو ”هۆڵی شانۆدا” بوونیان هەیە.
ئەو ئەزموونە شانۆییانەی کە بوونە سەرەتا یان هاندەرێکی نموونەیی مەعریفی بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە شانۆیە، وەک هێزێکی پاڵنەر بوون بۆ دەرکەوتن لەم چوارچێوەیەدا. باشترین نموونە بۆ ئەمە، ئەزموونی ئۆگستۆ بوالە لە بەرازیل لە چوارچێوەی”شانۆی چەوساوەکان”دا. ئەزموونەکانی بوال بە جیددی هەوڵیان دەدا زهنیەتی هاووڵاتیی چەوساوە ڕزگار بکەن و لە ڕووی پەروەردەییەوە لە ڕێگەی شانۆوە دووبارە ئامادەی بکەنەوە، تا لە زهنیەتی چەوسانەوە و سیستەمەکەی ڕزگاری بێت و جارێکی تر هەمان سیستەم بەرهەم نەهێنێتەوە، یان نەبێتە بەشێک لەو ئامێرە سەرکوتکەرەی کە لە خزمەتی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکاندایە. بۆیە شانۆ وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری یان وەک فاکتەرێک بۆ یارمەتیدان لە پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا لە چوارچێوەیەکی هونەریی دیاریکراودا دەردەکەوێت. لەم بارەیەوە، بوال دەڵێت (شانۆ شۆڕشی ڕاستەقینە نییە، هەرچەندە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە پێشنیار بکەین، بەڵکو تەنها پرۆڤەیەکە بۆ شۆڕش) (ئەمین ،٢٠١٧)
لێرەوە، ئامادەبوونی حەتمیی بیری شۆڕشگێڕانە کە ئاواتی گۆڕانکارییە، دەردەکەوێت، شانۆ بووەتە ئامرازێک بەدەست ئەوەی دەیەوێت گۆڕانکاری بکات. بوال شانۆ وەک ئامرازێکی پەروەردەیی دەبینێت کە دەتوانێت جەماوەر بەهێز بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە لە بەرازیل یان هەر وڵاتێکی تردا باون. بۆیە داوای لە جەماوەرەکەی دەکرد دەستوەردان بکەن و دیمەنێکی دیاریکراو دووبارە نمایش بکەنەوە، بۆ ئەوەی هانیان بدات بیر لە پرسێکی کۆمەڵایەتی بکەنەوە کە لە چوارچێوەی خۆیدا وێنا کراوە، تا گفتوگۆ لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا ئاسانتر ببێت. ئەمەش وای لە بینەران دەکرد دەست بەسەر بۆشاییەکەدا بگرن و بەمەش ( شانۆ دەگۆڕا بۆ فەزایەکی کراوە کە ڕێگەی بە بینەر دەدا کار لەسەر ڕیتمی نمایشەکە بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکان لەبری ئەوەی ڕێگە بدەن شتەکان بە شێوەیەکی پاسیڤانە بەسەریاندا ڕوو بدەن) (Singhal: 2004 :145)
ئەم حاڵەتەی بەشداریکردن پاڵ بە وەرگرەوە دەنێت ببێتە بەشێک لە چوارچێوەی نمایشەکە نەک لە دەرەوەی، چونکە دەتوانێت بیگۆڕێت. بوال وەرگر دەخاتە دۆخێکەوە کە وای لێ دەکات بیر بکاتەوە و (ئەکتەر-بینەر دەستوەردان دەکات و دیدگای جیهان وەک ئەوەی هەیە، دەگۆڕێت بۆ ئەو جیهانەی کە ‘دەبێت’ ببێت. گرنگە پلەیەک لە گرژی لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا دروست بکرێت؛ ئەگەر کەس جیهان نەگۆڕێت، وەک خۆی دەمێنێتەوە. ئەگەر کەس نمایشەکە نەگۆڕێت، دەگاتە هەمان ئەو کۆتاییەی کە پێشتر هەبوو) (Boal, in Drain :1995:335)بەم شێوەیە، بوال پاڵ بە بینەرەوە دەنێت بۆ دەستوەردان لە گۆڕینی چارەنووسی چیرۆکەکە. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە زۆربەی هەوڵەکانی شانۆی شەقام هەوڵی بۆ دەدەن، لە هاندانی وەرگر بۆ بەشداریکردن لە داڕشتنەوەی ئەوەی لەبەردەمیدا پێشکەش دەکرێت، تا لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئێستا تێیداین، گونجاو بێت.
بەم شێوەیە، شانۆ جارێکی تر دەبێتەوە بە بۆشاییەکی کراوە لەبەردەم هەمواندا، بەبێ گوێدانە ناسنامەی نەتەوەیی و چینایەتی، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتێک، بۆ نموونە پرسێک کە خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان بایەخی پێ دەدەن. ئەم تایبەتمەندییە وای لێ دەکات خۆی بچێت بۆ لای خەڵک و چیتر دیلی هۆڵەکان نەمێنێت. کاتێک شانۆ دەبێتە شوێنێک بۆ گفتوگۆکردنی بارودۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەیەک، دەبێتە جۆرێک لە کۆڕبەندی کراوە یان شوێنێکی کراوە بۆ خستنەڕووی بیرۆکەکان بەبێ کۆتوبەند یان چاودێرییەکی ئەوتۆ. لێرەوە شانۆی کۆڕبەند هەرگیز بەوە ڕازی نابێت لەناو بیناکاندا بمێنێتەوە، بەڵکو (دەبێت ئازاد بکرێت تا شوێنی خۆی لە شەقامەکان، گۆڕەپانەکان، پارکەکان، حەوشەی قوتابخانەکان، ناوەندەکانی گەنجان، یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکاندا بگرێت. چونکە بەم شێوەیە ئێمە بە کردەیی دەچینە ناو چوارچێوەی شانۆ بۆ گۆڕانکاری، کە تێیدا سەکۆی شانۆ شوێنی خۆی لە بواری گشتیدا دەگرێت و دەبێتە کۆڕبەندێک بۆ کردەی دیموکراسی و بەشداریکردن.) (ئەمین ،٢٠١٧).
ئەوەی لە شەقامدا پێشکەش دەکرێت، لە دەستی چاودێری دەردەچێت و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ڕێگری لە گەیاندنی پەیامەکە بە وەرگر بکات، چونکە هیچ بەربەستێک نییە و ناتوانرێت ئەو ئازادییەی لە بۆشایی دەرەکی یان شەقامدا هەیە، چوارچێوەدار بکرێت. چونکە ئەوەی لەوێ لە شانۆی شەقامدا پێشکەش دەکرێت، جۆرێکە لە دیمەنی ڕۆژانە کە ئەوەی خەڵک تێیدا دەژین، دووبارەی دەکاتەوە. (کاتێک بینەران تێکەڵی نمایشێک دەبن کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکان وێنا دەکات و نوێنەرایەتیی ئەزموونەکانی ژیان دەکات، خەڵک دەتوانن بە کردەیی ئەڵقەیەک لە ژیانی خۆیان بهێننە بەرچاو کە لە ڕۆحی هاوشێوەدا بەڵام لە جەستەی جیاوازدا نمایش دەکرێت) (Datoo & Chagani: 2011:22) ئەمەش وای کردووە سنووردارکردنی ببێتە شتێکی مەحاڵ و هێزی سانسۆر دەسەڵاتی بەسەریدا نەشکێت.
لێرەوە دەکرێت پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان شانۆی شەقام و فەزای گشتییدا بدۆزرێتەوە؛ ئەو فەزایەی لای قوتابخانەی فرانکفۆرت و لە بۆچوونەکانی یۆرگن هابرماسدا بووە چەمکێکی فەلسەفی؛ ئەو فەزایەی بۆ هەموان بەردەستە تا ئەو بۆچوونانەی لە ناخیاندایە، بیخەنە ڕوو. ئەمە وای لە هەندێک لە دەستەبژێری فەرەنسی کرد دەرفەت بدەنە کۆمەڵێک شانۆکار کە سەر بە چینەکانی خوارەوە بوون، بۆ ئەوەی نمایشەکانیان لە گۆڕەپان و شەقامەکانی پاریسدا پێشکەش بکەن، وەک پاتریس پاڤیس ئاماژەی پێ دەکات. ئەو هونەرە شانۆییەی دواتر پێشکەش کرا، زۆرێک لەو بابەتانەی لە ئەستۆ گرت کە پەیوەندییان بە ئازادییەکانەوە هەبوو، بەتایبەتی لە سەردەمی مۆدێرندا وەک مشتومڕێکی بەردەوام بوو لەسەر ئازادییەکان و مافە مەدەنییەکان، چونکە (لەگەڵ پێشکەوتنی ڕۆژنامەگەری و دەرکەوتنی گۆڤارەکان لە بەهێزکردنی ئەم بۆشاییەدا، لە هەمان کاتدا دەرکەوتنی شانۆ ڕۆڵێکی گرنگی لە گەڵاڵەکردنی بۆشایی گشتیی ڕەخنەییدا گێڕا، بەو پێیەی هەموان دەیانتوانی سەیری شانۆگەرییەکان بکەن، چونکە هۆڵە شاهانەییەکان بوونە شوێنی گشتی و بۆ هەموان بەردەست بوون) (Habermas:1992:16). ئەم تایبەتمەندییەی کە هابرماس بە شانۆی بەخشیوە، وای لێ دەکات بتوانێت بچێتە ناو ئەزموونی بێسنوورەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی و گەیشتن بەوەی دەیەوێت. بەڵام کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ و وەرگرتنی شانۆ وەک ئامرازێکی بەردەست لەم بۆشاییەدا، ناتوانرێت لە چوارچێوەی هۆڵەکاندا بەدی بهێنرێت کە خاوەنی نەریتی بۆرژوازیی خانەدانانەیە و ڕێگە بە شکاندنی وەهم و پرۆسەی وەرگرتنی باو نادات.
بۆیە شانۆی شەقام کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕ بونیاد نراوە، بە یەکێک لەو ئامرازە بەردەستانە دادەنرێت لەبەردەم هونەردا بۆ ڕاکێشانی وەرگر یان پیاوی شەقام کە دەیەوێت بەشدار بێت. شانۆ لێرەدا وەرگر دەوروژێنێت بە خستنەڕووی بابەتە ژیانییەکانی و دەرفەتی لەبەردەمدا دەرەخسێنێت بۆ داڕشتنەوەی ژیان وەک چۆن دەیەوێت. ئەمەش هەمان شتە کە بوال لە ئەزموونەکانیدا پشتی پێ بەستووە (بابەتە جوانیناسی و هونەرییەکانی دەرکەوتن بۆ ئەوەی جیاوازی لەنێوان هاووڵاتیانی بەرهەمهێنی کولتوور و خاوەن قسەی باڵا، لەنێوان ئەو مێگەلە وەرگرە پاسیڤ و بێدەنگەدا دروست بکەن. لەم چوارچێوەیەدا ‘بەشداریکردن’ بە شکاندنی نەریتە دێرینە بۆرژوازییەکان و دەرچوون لە یاسای ڕێککەوتنی گشتی و کۆمەڵایەتی دادەنرا) ( امین ،٢٠١٧).
بەم شێوەیە، دەبینین شانۆ وەک ئامرازێکی قەناعەتپێکەر چووەتە ناو فەزای گشتییەوە، واتە بووەتە چەکێکی نەرم بەدەست هونەرمەندەوە و لە فەزای گشتیدا دەیجوڵێنێت بۆ پاڵنانی”ئەوی تر” کە وەرگر/بەشداربووە بەرەو گۆڕانکاری یان لایەنگری لە بیرۆکەیەک، لە چوارچێوەی نمایشێکی شانۆیی بونیادنراو لەسەر گریمانەیەکی کاتی بۆ خستنەڕووی بابەتگەلێک کە پەیوەندییان بە شوێنی نمایشەکەوە هەیە. توێژەر حوسامەدین موسعەد ئاماژە بەوە دەکات کە لە بیرۆکەی شانۆی شەقامدا، پێویستە ڕەچاوی لێکۆڵینەوە لە پرس و پێداویستییەکانی شەقام بکرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی لێکۆڵینەوەی دیمۆگرافی بۆ ئەو جەماوەرەی کە وەرگری پەیامی نمایشە شانۆییەکەیە. ئەمەش واتە بیرۆکەی نمایشەکە دەبێت لەسەر گریمانەی ”ئێمە ئێستا لێرەین” بونیاد بنرێت؛ ئێمە باسی ئێوە دەکەین و گفتوگۆی پرسەکانی ئەم شوێنە دەکەین و ئەم بۆشاییەتان بۆ دەکەینەوە تا بتوانن ئەوەی شاردووتانەتەوە و لە ناختاندا کپتان کردووە، بەتاڵی بکەنەوە.
شانۆکار لێرەدا جەستەی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی دۆخەکان و هەوڵ دەدات بیرۆکەکە لە ڕێگەی وێنەوە بگەیەنێت، لەبری ئەو وشانەی کە ڕەنگە نەبیسترێن (قورسیی بیستنی دەق لە دەرەوەدا وا دەکات کە فۆکەس زیاتر بخرێتە سەر وێنەی بینراو و لێهاتوویی جەستەیی و ئیمپرۆ، نەک وشەی نووسراو) (Mason:1992:10) بۆیە توێژەر احمد مطاوع ئاماژە بەوە دەکات کە شانۆی شەقام (زیاتر پشت بە پەیوەندیی بینراو دەبەستێت نەک زارەکی، کە ئەمەش بەربەستی زمانەوانی دەشکێنێت و بەشدار دەبێت لە بوونی جۆرێک لە جیهانیبوون و گەردوونیبوون لە پەیامەکەیدا) (مطاوع ، ٢٠١٧) ئەمەش وامان لێ دەکات بڵێین ئێمە ئێستا لە سەردەمی وێنە و هەژموونی ئەوداین، وەک فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسی جان بۆدریار (١٩٢٩-٢٠٠٧) ئاماژەی پێ دەکات. کولتووری بینراو دەستی کردووە بە داگیرکردنی تەواوی بۆشایی پرۆسەی وەرگرتن. بۆیە دەبینین پرۆسەی پەیوەندیکردن لە ڕێگەی جووڵەوە دەبێت، چونکە زیاتر لە دیالۆگ دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ وەرگردا بکات، کۆتەکانی زمان تێکبشکێنێت و ساناتر مامەڵە لەگەڵ هزری وەرگردا بکات. جیهان وردە وردە بەرەو پشتبەستن بە لاساییکردنەوەی جەستەیی دەڕوات و گێڕانەوەی وێنەیی وەک بنەمای پەیوەندیکردن وەردەگرێت، لە کاتێکدا زۆرینەی کەلەپووری ڕۆژهەڵاتی و کولتوورەکەی هێشتا پشتیان بە پەیوەندیی زارەکی بەستووە. ئەمەش وای لێ دەکات لای ئەوانەی شارەزای زمانەکە نین، تێگەیشتن گران بێت، یان سانا نەبێت وشە لە ڕێگەی دیالۆگ یان وشەی گوتراوەوە وەک بنەمای پەیوەندیکردن، بگەیەنرێتە ئەوانەی لە شوێنە کراوەکاندان. بۆیە شانۆی شەقام ڕووبەڕووی کێشەیەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە ئەگەر ئەوە هەڵیبژێرێت لەناو ئەم شێوازە باوەی پەیوەندیکردندا بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت بەرەو هەڵبژاردنە قورسترەکە بڕوات و ڕووبەڕووی جەماوەر ببێتەوە بە نمایشێکی جیاواز کە پشت بە وێنە و جووڵە و کارکردن لە ڕێگەی زمانی جەستەوە دەبەستێت. ئەمەش ناچاری دەکات پشت بە وزەی ئەکتەر ببەستێت.
هەرچەندە شانۆی شەقام پێویستی بە بەکارهێنانی وشەیە بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێک دۆخ کە ناتوانرێت یان قورسە لە وێنەی گوزارشتکەردا کۆبکرێنەوە، بەڵام پێویستە زمانێکی نوێی کورتکراوە بۆ گوزارشتکردن بدۆزرێتەوە. ئەم گوزارشتانە یارمەتیی ئەو گوتارە دەدەن کە تاک یان گرووپی نمایشکار دەیەوێت وێنای بکات. بەم شێوەیە، ئامرازە بینراو و بیستراوەکان بە شێوەیەکی کەم بەکاردەهێنرێن بۆ بەدەستهێنانی کاریگەری لە گوزارشتکردندا. (بەکارهێنانی ستراتیجیی جەستە لە شانۆی شەقامدا یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی، چونکە هونەرمەندان جەستەیان بە هۆشیارییەوە بەکاردەهێنن بۆ پیشاندانی میزاج و بابەتی شانۆیی دیاریکراو کە کاریگەریی پێچەوانەیان لەسەر جەماوەر هەیە) (Datoo &Chagani 2011:24)
بەم شێوەیە، دەبینین ئەم جۆرە شانۆیە بە تەواوی پشت بە لێهاتووییەکانی ئەکتەر دەبەستێت لە ڕووی جەستەیی، گوزارشتی جووڵەیی و دەروونییەوە، وەک چۆن لە ئەزموونەکانی ”شانۆی هەژار”ی گروتۆفسکی پۆڵەندیدا هەبوو، کە کارەکانی وەک جۆرێک لە لێکۆڵینەوە دادەنرێن کە بەدوای پەیوەندیی نێوان ئەکتەر و جەماوەردا دەگەڕێن. گروتۆفسکی پێی وایە ئەکتەر و کەرەستەکانی، جەوهەری کاری شانۆیین و تەوەری سەرەکیی کارەکەن. بەم پێیە، دەکرێت دەست بە هەموو تەکنیکە شانۆییەکانەوە بگیرێت، وەک دیکۆر، جلوبەرگ، ئێکسسوارات، مۆسیقا و فێڵە تەکنەلۆجییەکان. ئەم شێوازە لە ئابووریکردن هەمان شتە کە شانۆی شەقامیش پشتی پێ بەستووە، بەهۆی نەبوونی ئەو کەرەستە و پێداویستیانە لە شەقامدا. بەو پێیەی ئەکتەر یان ”نمایشکار” (وەک هەندێک ناوی دەبەن) جەوهەری کارەکەیە لە شانۆی شەقامدا شانبەشانی بیرۆکەکە، واتە ئەو بزوێنەری سەرەکیی مشتومڕ و دروستکەری کەشی گشتییە، وەک ڕێکخەرێک لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا ئامادەیە و گفتوگۆکە بەڕێوە دەبات.
شانۆ وەک چەکێکی نەرم، دەتوانێت کەشێک دروست بکات کە تێیدا ڕای جیاواز گەڵاڵە دەبێت و دەتوانێت بەشداری لە پرۆسەکانی گۆڕانکاریدا بکات بە هەموو جۆرەکانییەوە. ئەمەش زیاتر پەرە دەستێنێت کاتێک دەبینین کە ئەو شێوازە شانۆییانەی لە هەر سەردەمێکدا دادەهێنرێن، وەک چالاکییەکی کولتووری دادەنرێن کە نوێنەرایەتیی کولتووری گەلان دەکەن و لە ویژدانیان جیا نابنەوە. ئەوانە لە بۆشاییدا دروست نەبوون، بەڵکو لە ڕێگەی کاری بەردەوامی کۆمەڵێکی هۆشیار لە هونەرمەندانی شانۆوە گەڵاڵە بوون. بۆیە (پێویستە لەسەرمان کاتێک ڕووبەڕووی دیاردەیەکی کولتووری دەبینەوە وەک سەرنجڕاکێشانی شێوازێکی دیاریکراوی شانۆیی بۆ داهێنەران لە قۆناغێکدا، هەوڵ بدەین دەست بۆ واتاکانی ببەین کە ڕەنگە لەسەری کۆک بین یان جیاواز بین( (صليحة،١٩٩٧:١٦٤).
دەرەنجامەکان:
ڕەنگە مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەم بابەتەدا بە شێوازە تەقلیدییەکەی توێژینەوە کارێکی گران و هاوکات بێبایەخ بێت، چونکە ئەم بابەتانە هێندەی مامەڵە لەگەڵ دەستەبژێرێکی هونەری دەکەن هێندە نابنە بەشێک لە ڕوانین و خواستی گشتی، بۆیە هەوڵ دەدەین بەم شێوەیە دایانبڕێژین:
١- شانۆی شەقام وەک ئاڵنگارییەکی نوێ دەرکەوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو نمایشە کز و لاوازانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەت و ئازار و پرسیارە هەنووکەییەکانی خەڵکەوە نییە. ئەزموونەکانی وەک حاڵەتێکی جووڵە و یاخیبوون و سەربەخۆییە لە هونەری فەرمی کە لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە پشتگیری دەکرێت. دیاردەیەکە نوێنەرایەتیی دەنگی پەراوێزخراوەکان دەکات لە شەقامدا؛ جۆرێکە لە هۆشیاریی داهێنراو کە دەتوانێت بزووتنەوەیەکی هۆشیاریی بەکۆمەڵ سەرپەرشتی بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرسە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەکانمان.
٢- ئەم شێوازە شانۆییە هێشتا لە سەرەتاکانیدایە و لە هەوڵی دۆزینەوەی شێوازی جۆراوجۆردایە پێش ئەوەی لە ڕووی تیۆرییەوە چوارچێوەی بۆ دابنرێت. لەبەرئەوەی توانای کردنەوەی پانتاییەکانی ئازادیی زیاترە لە هاوشێوەکانی، ڕەنگە بتوانێت خۆی بسەپێنێت دوور لە هەموو ئەو ناچارییانەی کە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی سنووردار دەکەن. بەڵام ئەم بڵاوبوونەوەیە پێویستی بە کات و ئارامگرتن و کاری بەردەوام هەیە لەلایەن شانۆکارانیی ئەم بوارەوە.
٣- پێگەیاندنی بەهرە گەنجەکان بە جۆرێک لە هۆشیاری کە یارمەتییان بدات بچنە قووڵاییەوە و لە گرنگیی ئەوە تێبگەن کە وەک ناوەندێکی نوێ مامەڵەی لەگەڵدا بکەن کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەبێت. بێگومان ئەمەش پێویستی بە پلانێکی کراوە هەیە کە هیچ کۆتوبەندێک لەبەردەم داهێناندا دانەنێت و پێداویستییەکانی ئەو ئەزموونانە دابین بکات و هانی شانۆکاران و خوێنەران بدات بۆ دۆزینەوەی شێواز و ستایلی جۆراوجۆر لە چوارچێوەیەکدا کە لە وەرگرەوە نزیک بێت.
٤- شانۆی شەقام، سەرەڕای فرەچەشنیی شێوازەکانی، نزیکترە لە جەماوەر و لە بۆشایی بینەرەوە، و زۆر نزیکترە لە ویژدانی و قسە لەگەڵ ناخ و هۆشیاریدا دەکات، بەهۆی ئەو کارلێکە ڕاستەوخۆیەی کە لە کاتی پێشکەشکردنی نمایشەکەدا ڕوو دەدات. ئەو کار لەسەر دروستکردنی کەشێکی گشتیی کارلێکەرانەتر دەکات، چونکە هێز و دەسەڵات بە وەرگر دەبەخشێت کە لە کاتی بینیندا کۆنترۆڵی ڕیتمی نمایشەکە بکات و دەستوەردان لە هەندێک وردەکاریدا بکات بەپێی ئەو بابەتەی لە کاتی نمایشەکەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
پایان:
لێرەوە و لە ڕێی دەرئەجامەکانی توێژینەوەکەوە دەگەینە تەواوکردنی گریمانەی توێژینەوەکە، کە مامەڵە لەگەڵ شانۆی شەقامدا دەکات وەک چەکێکی نەرم کە پشتگیریی بینەر دەکات و لەگەڵیدا دەوەستێت لە خستنەڕووی ئەوەی لە ناخیدایە، چونکە بە ئاوێنەی گوزارشتکەری ناخی خۆی دادەنێت. بۆیە، وەرگرتنی ئەوەی شانۆی چەوساوەکان و ئەزموونەکانی تری ڕۆژئاوا پێیدا تێپەڕیون و گۆڕینی بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمەدا بگونجێت، لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەی لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا پەیڕەو کراوە وەک (حیکایەتخوان و شانۆی ئاهەنگسازی)، کە دەکرێت لە دەستەواژەی (ئێمە ئێستا لێرەین)دا کورت بکرێتەوە. بەمەش کەلەپوور لەگەڵ مۆدێرنەدا تێکەڵ دەبێت بۆ دروستکردنی کەشێکی داهێنەرانە کە باوەڕی بە دۆزینەوەی شێوازێکی شانۆیی جیاواز هەیە بە ناوی شانۆی شەقام.
ئەم شێوازە نوێیەی کارکردن کە پشتی پێ دەبەستین بۆ گەیاندنی گوتارەکانی گەلەکەمان بە جیهان، وەک ناوەندێکی جوانی و مەعریفی کە بۆ ئاستی باڵای پەیوەندیکردن لەگەڵ ”ئەوی تر”دا بڵند دەبێت. ئەوەی پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، کارکردنە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی نمایشەکان بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو گوتارەدا بن کە لە ئەستۆیان گرتووە، بۆ ئەوەی بتوانن شوێنێک بدۆزنەوە کە پێش هەموو شتێک بەهۆی کوالێتییەکەیانەوە پێشوازییان لێ بکات، دوور لەو بوار و پانتاییانەی تر کە هیچ پەیوەندییەکیان بە هونەرەوە نییە.
سەرچاوەکان بە زمانی عەرەبی :
- أمين, نورا .مسرح المقهورين.. أفق متعدد ولا نهائي لمقترحات جديدة مجلة الفیصل. عدد مايو 2017. ماخوذ من .https://www.alfaisalmag.com
– حیدوری ، عبدالسلام ( ٢٠٠٠). الفضاءالعام و مطلب حقوق الانسان : هابرماس نموذجا . دار نهي ، صفاقس ،تونس.
- عبدالحمید ، سامي. مسرح الشارع و ماذا یقدم فیە.جریدة المدی عدد ٤١١٨ في ٢٢\١\٢٠١٨.
– مطاوع ، احمد .مسرح الشارع.. القوة «المنسية» في مواجهة الإرهاب ودعم الاقتصاد. مجلة الفنون المسرحیة. عدد ١٥ يوليه ٢٠١٧.
- ميفراني، عبدالحق. مسرح الشارع”: قريب من الناس وبعيد عن قضاياهم. العربي الجدید عدد 21 أكتوبر 2018.
– صلیحة، نهاد (١٩٩٧) . التیارات المسرحیة المعاصرة. الهیئة المصرية للكتاب.القاهرة
– هابرماس، يورغن. هابرماس ومفهوم الفضاء العمومي، ترجمة نور الدین علوش، مجلة الاختلاف الالكترونیة
http://membres.multimania.fr/tomate/pdf/habermas.pdf
سەرچاوەکان بە زمان ئینگلیزی
– Agarwal , S .Street Theatre: From Awakening to Activism. IIS Univ.J.A. Vol.10 (2), 204-11 (2021)
- Boal , Augusto. From The Theatre of the Oppressed in Europe: Forum Theatre in Drain, Richard, editor( 1996) Twentieth-Century Theatre: A sourcebook. Routledge .London and New York.
- Datoo , Al Karim &Chagani . Zainab( 2011 ) Street Theatre: Critical Pedagogy for Social Studies Education .Social Studies Research and Practice Volume 6 Number 2 . Retrieved from http://www.socstrp.org .
– Habermas, Jürgen .(1992). The Structural Transformation of the Public Sphere. Thomas Burger(Translator).Polity Press.UK.
-Keen، F. Colette (2017 ) Behind the Words: The Art of Documentary and Verbatim
Theatre . Thesis Submitted to Flinders University for the degree of PhD.
– Mason، Bim.( 1992) Street Theatre and Other Outdoor Performance. Routledge. London , New York.
– Nye, Joseph.(2002), Soft Power the Means to Success in World Politics، public affairs .New York.
- Pavis, Patrice & Shantz , Christine (1999). Dictionary of the Theatre_ Terms, Concepts, and Analysis. University of Toronto Press.
- Search for Common Ground. (n.d.). Participatory theatre for conflict transformation, Training Manual. Washington, DC: Author. Retrieved from http://www.sfcg.org/programmes/drcongo/pdf/Participatory-Theatre-Manual-EN.pdf
– Singhal, A. (2004). Empowering the oppressed through participatory theatre. Investigación & Desarrollo vol. 12, no., 1, p. 138- 163. Universidad del Norte, Barranquilla, Colombia. Retrieved from http://redalyc.uaemex.mx/pdf/268/26800106.pdf .
ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.