عەلیڕەزا شا حسێینی
له فارسییەوە: سەلیم جەمال

هەستەكان وەك بوون و بنەچەیەكی گرنگی ئەزموونی مرۆڤەكان، ڕۆڵێكی سەرەكییان هەیه له هونەری نواندندا. ئەمە بەتەواوی ڕوونە، كە كاری نواندن، چ لەناو شانۆ یاخود كایەی سینەما و تەلەڤزیۆن، بە شێوەیەكی مكوڕ بەستراوەتەوە بە تواناكانی ئەكتەر له درككردن، هەلسوڕاندن و گواستنەوەی هەستەكان. سایكۆلۆژیای هەستەكان بریتییه له بنكۆڵكاری له چۆنییەتیی دروستبوون و دەربڕینی هەستەكان، كاریگەرییان لەسەر ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ. لەم ڕاپۆرتەدا، بەدواداچوون دەكەین بۆ دەروونناسیی هەستەكان، ڕۆلی ئەو لە نواندن و جیاوازیی بەكارهێنانی هەست لەناو شانۆ و فیلمدا. هەروەها تەكنیكەكانی بەكارهێنانی هەستیش لەم دوو بوارەدا دەخەینە ڕوو.
واتا و چەمكە بنچینەییەكانی دەروونناسیی هەستەكان
هەستەكان كردەگەلێكی ئاڵۆزن كە پێكدێن له چەند بەشێكی فیزیۆلۆژی وەكو؛ ترپەترپی دڵ، مەعریفی (وەكو لێكدانەوەی دەروونی) و ڕەفتاری (وەكو دەربڕینی دەرەكی). پۆڵ ئێكمان دەروونناسی ئەمەریكی هەستەكانی بەسەر شەش جۆر خەمڵاندووە لەوانەش: كەیفخۆشی، خەم، تووڕەیی، ترس، واقوڕمان و وەڕزی. كە ئەمەش لەناو هەموو فەرهەنگ و لە لای هەموو مرۆڤێك پرسێكی هاوبەشه. سەرەڕای ئەمەش، هەسته ئاڵۆزەكانی وەكو ئیرەیی، شەرم و نۆستالژی دەور و ڕۆلێكی گرنگیان هەیه لەنێو بواری نواندندا. ئەكتەرەكان بۆ خوڵقاندنی كارەكتەرێك سوود لەم زانسته وەردەگرن، كە بڕواپێكراو بێت و نزیكتربێت لە واقیع. ئەوان نەك تەنیا پێویسته هەستەكان بونیادبنێنەوە، بەڵكو پێویستە بە شێوەیەك بیگوێزنەوە كە بینەر بخاتە ژێر هەژموون و كاریگەریی خۆی. ئەم ڕەوته پێویستیی به دركێكی قووڵه بۆ میكانیزمەكانی هەستەوەری، هاوڕایی و خودئاگایی. هەر بە هۆی ئەم هۆكارەشە، لە هەموو فێستیڤاڵه جیهانییەكان و لە بەشی خەڵاتی فیلمی نێودەوڵەتیدا، كاتێك بەهۆی جیاوازیی زمانەوە تێنەگەیشتن لە مانا و هەستی وشە و لەهجەی ئەكتەر دروست دەبێت، دادوەرەكان بە شێوەیەكی سەرەكی بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی گەیاندنی هەستەكان دەردەبڕن سەبارەت بە نمایشی ئەكتەرەكان. واتا ئەكتەر چەند بتوانێت هەستێكی هاوبەش بخوڵقێنێت، ڕۆڵەكەی دوو ئەوەندە قبوڵكراو و شایەنی دركپێكردنە.
پرسی هەستەكان لە نواندنی شانۆییدا
شانۆ وەكو هونەرێكی زیندوو و بزۆك، پێویستی به دەربڕینی هەستێكی خێرا و بەهێز هەیه، بۆیه ئەكتەر بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەری خۆی لەناو فەزایەكی هاوبەشدا مامەڵه دەكات. لە كاری شانۆییدا، پێویسته هەست و سۆزەكان بە جۆرێك خۆیان گەورە بنوێنن كە بۆ ئەو بینەرانەی له ڕیزی دواوەی هۆڵەكەشن، بتوانرێت به سانایی دركی پێ بكرێت. ئەم پرسەش پێویستیی بە بەكارهێنانی جوڵەی جەسته، تۆنی دەنگ، تەقلید و میمیكی درێژەپێدەرە. یەكێك لە شێوازە هەرە سەرەكییەكانی شانۆ، تەكنیكی ستانیسلاڤسکییە (ئەكتەر و دەرهێنەری شانۆیی ڕووس)، كە جەخت له یادگەی سۆزداری دەكاتەوە. ستانیسلاڤسكی ئەكتەرەكانی هاندەدا تاوەكو سوود لە ئەزموونی تاكەكەسیی خۆیان وەربگرن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەستەكانیان. بۆ نموونه، ئەكتەرێك بۆ وێناكردنی خەم و خەفەت، بۆی هەیه بیر له ئەزمونێكی تاڵی تاكەكەسیی خۆی بكاتەوە وەكو لەدەستدانی ئازیزێك. تاوەكو هەست و دەمارگەی خەم بەتەواوی بۆ لایەنی بەرانبەر بگوازێتەوە. ئەم جۆرە تەكنیكە ڕێگە بە ئەكتەر دەدات تاوەكو هەستێكی پڕبایەخ و قووڵ بەرجەسته بكات، كە لەگەڵ بینەران یەك بگرێتەوە. بە پێچەوانەشەوە، ئەكتەر بۆ ئاوەژووكردنی ئەو هەستانەی كە پێشتر خۆی هیچ ئەزمونێكی لەسەریان نەبووە، وەكو؛ هەژاری یاخود ئاڵودەبوون. باشتر وایه بۆ ماوەیەك لەناو ژینگە و ئاتمۆسفێری هاوشێوەدا بژیێت، تاوەكو بۆ دەربڕینی ئەو هەستە بیرۆكە لەم دۆخە وەربگرێت.
سەرەڕای ئەمەش، له كاری شانۆدا، بەردەوامی له نواندن گرنگییەكی زۆری هەیه. پێویسته ئەكتەر بە درێژایی نمایشێكی دوو كاتژمێری، هەستەكان بە شێوەیەكی لێكدراو و بەبێ پچڕان كۆنترۆڵ بكات. ئەم پرسەش پێویستی به بەرگەی سۆزداری و توانای كۆنترۆڵكردنی دڵەڕاوكێ و سترێسەوە هەیه، بە پێچەوانەوە هەر جۆرە لادانێك دەشێت ببێته هۆی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ بینەردا.
پرسی هەستەكان له نواندنی فیلم و وێنەدا
لە كاری نواندن لەناو فیلمدا، سەرنج خستنە سەر هەستەكان ڕژد و وردتره. دیمەنه نزیكەكانی وەك (كڵەوس-ئەپ) ئەم دەرفەته دەدەنه ئەكتەر، كە بە كەمترین جووڵەی ڕووخسار و تەماشا، هەستگەلێكی قووڵ بۆ بینەر بگوازنەوە. بە پێچەوانەی شانۆوە، كە زیاتر پێویستی بە زیادەگۆیی هەیه. له نواندنی فیلمیشدا زیاتر تیشك دەخرێته سەر سروشتی بوون و وردەكاریی زیاتر.
یەكێك له تەكنیكە هەرە باوەكانی نواندن له فیلمدا، تەكنیك و مێتۆدی مایسنەره كە تەركیز دەخاتە سەر ژیان له چركەساتـدا. لەم مێتۆدەدا، ئەكتەر لەبری ئەوەی كە پشت بە یادگەی سۆزداری ببەستێت، خۆی دەخاتە نێو دۆخی هەڵسوكەوتێكی واقیعییانەوە لەگەڵ ئەكتەرانی دیكەدا. ئەم ڕەوته یارمەتیدەر دەبێت له خوڵقانی کاردانەوەیەكی سۆزداری خۆبەخۆ و بڕواپێکراو کە زۆر گونجاوە بۆ کامێرا. ئەكتەر بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی بەردەوام لەگەڵ ئەكتەرەكانی دیكە، پێویسته سەرەتا ئەو هەسته لەناو ئەودا بخوڵقێنێت، بۆ ئەوەی لە كاتی كارلێككردنی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت. كاتێك ئەكتەر بگاته ئەو بڕوایەی كە پێی وا بێت ئەو كەسەی له بەرانبەریدا ڕۆل دەگێڕێت، بۆ نموونه دایكی بێت یاخود هاوسەرەكەی، ئەوا ئەم هەسته لە دەرەوە هەستپێكراو و بڕواپێكراوتر دەبێت.
یەكێكی تر له جیاوازییه هەرە سەرەكییەكانی نواندن له فیلمدا، چەند لێكدانەوەیەكی گریمانەییه. بۆ نموونه ئەكتەر دەتوانێت دیمەنێك چەندین جار دووبارە بكاتەوە تا دەگاته باشترین ئەنجام، لە كاتێكدا لەناو شانۆدا ئەم جۆرە له دەرفەت بوونی نییه. ئەم تایبەتمەندییەش بوار دەداته ئەكتەر تاوەكو هەستەكان بە شێوەیەكی وردتر ئیدارە بكات و هەڵیانسوڕێنێت، بەڵام له هەمان كاتیشدا پێویسته شیاوی خواستەكانی دەرهێنەر بێت.
جیاوازییه هەرە سەرەكییەكان له بەكارهێنانی هەستەكاندا
١. پێوەرەكانی دەربڕین: له بواری شانۆدا، پێویسته هەستەكان گەورەتر و بەرچاوتر بن بەهۆی مەودای جەستەیی (فیزیك)ی لەگەڵ بینەر، لە كاتێكدا لەناو بواری فیلمدا هەمەجۆری و وردەكارییەكان گرنگیی زیاتریان هەیه.
٢. كارلێك و پەیوەندی لەگەڵ بینەراندا: له شانۆدا، ئەكتەر بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندی و كارلێكدایه لەگەڵ وزەی بینەردا، كاردانەوەكانیان دەشێت كاریگەریی بخەنە سەر كاری نواندنەكە. بەڵام له فیلمدا، بە بەكارهێنانی كامێرا، ئەم كارلێك و پەیوەندییه تەواو ناڕاستەوخۆیه.
٣. قۆناغبەندی یاخود خشتەی كار: شانۆ پێویستی بە كۆنترۆڵكردنی بەردەوامی هەستەكان هەیه بە درێژایی نواندنەكە، كەچی لە فیلمدا، ئەكتەر دەتوانێت هەستەكان له بیروبۆچوونی جیادا هەڵسووڕێنێت.
٤. تەكنەلۆژیا: له نواندنی فیلمدا، ئامراز و كەرەستەكانی وەكو ڕووناكی، گۆشەی كامێرا و مۆنتاژكردنی فیلم لەدوای بەرهەمهێنانی، دەشێن پەرە به هەستەكان بدەن. بە پێچەوانەوە له شانۆدا، خودی ئەكتەر خۆی بە تەنیا ئامرازە سەرەكییەكەیه، تایبەتمەندیی دیكەیش تەنیا كارئاسانی بۆ فەزا و هەڵومەرجەكە دەكەن.
تەكنیكەكانی بەڕێوەبردن و هەڵسووڕاندنی هەستەكان لە نواندندا
ئەكتەرەكان تەكنیكگەلێكی دەروونناسیی جیاواز بەكاردەهێنن بۆ هەڵسووڕاندن و گواستنەوەی هەستەكان:
ڕاهێنانی تەركیز و وردبینی
ئەم جۆرە ڕاهێنانانە یارمەتیی ئەكتەر دەدەن تاوەكو لەو ساتەی كە تێیدایه دەرنەچێت و خەیاڵی پەرتەوازە نەبێت.
بنكۆڵكاریی كەسایەتی
ئەكتەر بە شیكاریی دەروونیی كەسێتی، درك به پاڵنەر و هەستەكان دەكات تاوەكو بتوانێت بە شێوەیەكی سروشتییانەتر سەرلەنوێ دایانبڕێژێتەوە.
ڕاهێنانه جەستەییەكان
جوڵەی جەستە و هەناسەدان، یارمەتی بزاڤ و ورووژاندنی هەستەكان دەدات. بۆ نموونه، هەناسەدانی خێرا و لەسەریەكیش دەتوانێت هەستی دڵەڕاوكێ زیاد بكات.
هاودڵی و هاودەنگی لەگەڵ كاراكتەردا
ئەكتەر كە خۆی لە جێگەی كارەكتەری سەرەكی دابنێت، دەتوانێت هەستەكانی ئەو بە شێوەیەكی واقیعیانەتر بگوازێتەوە.
ئاستەنگی و تێبینییه دەروونییەكان
له كایەی نواندندا هەڵسوكەوت لەگەڵ هەستەكاندا دەشێ زۆر مشتومڕئامێز بێت. لەوانەیه ئەكتەرەكان ڕووبەڕووی شەكەتیی سۆزداری ببنەوە، بە تایبەتی ئەو كاتەی كە ڕۆڵی قورس و هەستیار دەگێڕن. بۆ نموونە، ئەو ئەكتەرانەی كە ڕۆڵی تراژیدی یانیش ڕۆڵی كارەكتەرانی دەرووننەخۆش دەگێڕن، بۆی هەیه كاریگەرییەكانی سۆزداریی ماوەدرێژ بەسەریاندا زاڵ بێت. هەر بەهۆی ئەمەشەوە، زۆرێك لە ئەكتەران سوود له تەكنیكەكانی چارەسەری دەروونی وەردەگرن، وەكو؛ هۆشیاری یاخود ڕاوێژی دەروونی، بە ئامانجی گەیشتن بە تەندروستیی دەروونی.
ئەنجامگیری
سایكۆلۆژیای هەستەكان له شانۆ و فیلمدا، ئامرازی هەرە سەرەكین بۆ خوڵقاندنی بەرهەمی كاریگەر و باوەڕپێكراو. له شانۆدا ئەكتەر سوود له گوفتار و یادگەی سۆزداری وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ بینەراندا. له كاتێكدا له بواری فیلم، وردی و ڕژدی كلیكی سەرەكین بۆ گەیاندنی هەستەكان لە ڕێگەی كامێراوە. تەكنیكە دەروونشیكارییەكانی (ستانیسلاڤسكی و مایسنەر)یش یارمەتی ئەكتەرەكان دەدەن له دووبارە بونیادنانەوەی هەستەكان بە شێوەیەكی بڕواپێكراو. كەواته كۆنترۆڵكردن و هەڵسووڕاندنی هەستەكان پێویستی به كارامەیی، ڕاهێنان و ئاگاداربوون و ئاگاییه له تەندروستیی دەروونی. له كۆتاییدا، توانای ئەكتەر لە بەكارهێنانی سایكۆلۆژیای هەستەكاندا، دەشێت ئەو بكاته گێڕەرەوەیەكی بەهێز، كە له توانایدا بێت چیرۆكەكانی مرۆڤایەتی بە شێوەیەكی قووڵ و نەمر بۆ بینەر بگوازێتەوە.
سەرچاوە : مقدمات احساسات و کاربرد آن در بازیگری – پلاتو هنر
ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.