موحسین مستەفاپوور

”ژنی سەر جۆلانەکە” دەقێکی شانۆیی دژەدرامایە!
شانۆنامەی ژنی سەر جۆلانەکە، بەشی دووهەمە لە سێینەی کتێبی بێ ئەوەی هەستی پێبکەین، تاریک داهات. دەقێکی شانۆییە لە نۆ دیمەندا. خوێندنەوەی ئەم دەقە، وەک ڕووبەڕووبەنەوەی پارچە خەیاڵ، یاخود خەونێک، یان یادەوەرییەکی لێڵه.
لەم دەقە شانۆییەدا، هیچ گێڕانەوەیەکی بەردەوام، هیچ کردارێکی درامایی و هیچ لۆژیکێکی ئاسایی هۆکار و ئەنجامیش لە درامادا نییە. ”دانا ڕەئووف” لەجیاتی گێڕانەوە، پێکهاتەیەکی هاوشێوەی پازڵ (puzzle) دروست دەکات، کە کات و شوێن بە ئاسانی ناناسرێتەوە و گفتوگۆکان زۆر جار لەسەر هێڵی نێوان تێگەیشتن و نەزانی دەسوڕێنەوە.
ئەو ئازایانە لەنێو وێرانەکانی گێڕانەوە، بەدوای جیهانێکی نوێدا دەگەڕێت. جیهانێک کە لۆژیکەکەی هەنگاونان و بەرەوپێشەوەچوون نییە، بەڵکو وەستانە. ئەو پێکهاتەکە پارچەپارچە دەکات و لەم پارچەپارچەییە، جیهانێک دروست دەکات، کە لە پازڵێکی نیوەتەواو دەچێت.
لەم دەقەدا ”سەرەتا و کۆتایی”، هیچ مانایەکی نییە، ئەوەی گرنگە ئەزموونی ”بێ کات”ی و ”بێ شوێن”یی مرۆڤی هاوچەرخە. مرۆڤێک، کە لە بازنەیەکی بێکۆتای، بێمانایی و دووبارەبوونەوە و چاوەڕوانی و سەرلێشێواویدا گیری خواردووە.
نووسەر باس لە جیهانی بێئارامیی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات، جیهانێک کە تێیدا سنوورەکانی ”ئێستا” و ”لێرە” و ”بوون” لەناوچوون و ژیان بووە بە جۆرێک لە چاوەڕوانیی بێکۆتایی.
١- کات لە دژەدرامادا
لە ژنی سەر جۆلانەکەدا، کات هێڵی و لۆژیکی نییە. ”داناڕەئووف” بە لابردنی پەیوەندیی لۆژیکیی نێوان ڕووداوەکان، دەمانباتە نێو جیهانێک، کە تێیدا ڕابردوو و داهاتووی لە جیاتی ئێستا دادەبەزێنێت.
کارەکتەرەکان تەنها دوو ”کات” دەناسن؛ یەکەمیان کاتی منداڵییە کە لە یادەوەرییاندا هەر وا زیندووە، دووهەمیشیان داهاتوویەکی خەیاڵی و یۆتۆپیایە، کە هەرگیز نایەت. کات لەم دەقەدا وەستاوە و دووبارەکراوییە. شتێکە زیاتر لەوەی تێکەڵاوی تێگەیشتن بێت، تێکەڵاوی هەستە.
کاراکتەری پیاو چەندین ساڵە چاوەڕێی سبەینێ دەکات، تا بتوانێت بەدوای ژنەکەیدا بگەڕێت، بەڵام ”سبەینێ” هەرگیز ناگات، وەک ئەوەی لە بازنەی دووبارەبوونەوەی بێکۆتاییدا گیری خواردبێت. هەمان تایبەتمەندی لە دیالۆگی گیتارژەنەکەدا زۆر بەرچاوترە: ”بیست ساڵە چاوەڕوانی ساڵی داهاتوو دەکەم. ئەمساڵ دووبارەبوونەوەی ساڵی پارە! هەروەها پێرار! [پێدەکەنێت] هەروەها سێ ساڵ لەمەوبەر! هەروەها چوار ساڵ لەمەوبەر!”.
لەم بازنەی چاوەڕوانییەدا، ئەو ساتەی ”ئێستا” کە ژیان دەبێت تێیدا ڕوو بدات، بۆ هەمیشە لەدەست دەچێت. ئەم سڕینەوە و لابردنەی ”ئێستا”یە دڵی دژەدرامای ”دانا ڕەئووف”ە لەم دەقەدا.
٢- شوێن لە دژەدرامادا
شوێن لە ژنی سەر جۆلانەکەدا هەرگیز پێناسە ناکرێت، دەشێت هەر شوێنێک بێت یان هیچ شوێنێک بێت. بێشوێنی وەک مێتافۆرێکە کە تێیدا سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ لێڵ بووە.
”دانا ڕەئووف” بە لابردنی هێماکانی جوگرافی، دەمانخاتە دۆخێکی هەڵپەسێردراوەوە، کە هیچ نیشانەیەکی سەقامگیریی تێدا نییە. لە کەشوهەوایەکی وەهادا خوێنەر و بینەر هەمیشە لە دوودڵیدایە و نازانێت شوێن کوێیە و بۆچی ئەو کەسانە پێکەوەن. شوێن، سازکراوی زەین و هۆش و خەیاڵی خوێنەر و بینەرە، لەنێوان خەو و بەئاگابوون، لەنێوان یادەوەری و خەیاڵ. ئەم بێشوێنییە، لە ڕاستیدا، هەمان جیهانی مرۆڤی هاوچەرخە.
٣- کردار و کارەکتەر لە دژەدرامادا
لە دژەدرامادا، کەسایەتی چیتر بوونەوەرێکی بەهێز لە ڕووی دەروونناسییەوە نییە، بەڵکو تەنها بوونێکی بێڕوحە. لە ژنی سەر جۆلانەکەدا، پیاو، ژن، کچ و گیتارژەن هیچ کردارێکی دیاریکراویان نییە و بەرەو هیچ ئامانجێک ناڕۆن و تووشی هیچ گۆڕانکارییەک نابن. تەنها ”هەن” و هەریەکەیان هێمای ”نەبوون” لە کاتی ”ئێستا”دان، هەروەها لە گفتوگۆکانیاندا، زۆر جار بەلای یەکدا تێدەپەڕن، بەبێ ئەوەی بەڕاستی پەیوەندی لەگەڵ یەکتر بکەن.
پیاو: هەست دەکەم سبەینێ ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانم دەکرد!
ژن: سبەینێ؟
پیاو: سبەینێ.
ژن: بۆچی؟
پیاو: چی بۆ چی؟
ژن: سبەینێ؟ [بێدەنگی] بۆچی سبەینێ؟
پیاو: سبەینێ ئەو ڕۆژەیە، دەمێکە چاوەڕوانی دەکەم.
ژن: بەڵام بۆچی؟ بۆچی سبەینێ؟
پیاو: سبەینێ ئەو ڕۆژەیە من دەمەوێت. دەمێکە چاوەڕوانیم.
ژن: تێناگەم! بۆ؟ بۆ سبەینێ؟
نووسەر بە سڕینەوە و لابردنی کردار و هاندان، کارەکتەرەکان لە ناوەوە بەتاڵ دەکاتەوە بۆ ئەوەی تەنها شوێنەوارێک لە ”بوون” بمێنێتەوە. ئەم بەتاڵییە نیشانەی داڕمانی چەمکی کەسایەتی لە جیهانی مۆدێرندایە. لە جیهانێکی وەهادا، هەموو کردارێک پێش ئەوەی ڕوو بدات خۆی هەڵدەوەشێت. هیچ بزووتنەوەیەک ناتوانێت لە هێزی وەستان دەرباز بێت. جیهانێک کە تێیدا مرۆڤەکان زیاتر لە هەموو کاتێک پەرتەوازەن. کەواتە، ”بوون” بۆ کارەکتەرەکانی ”دانارئووف” هەمیشە لە دەرەوەی ”ئێستا”یە. ئەوان یان خەون بە گەڕانەوە بۆ ڕابردووەوە دەبینن، یان خەون بە داهاتوویەک دەبینن، کە هەرگیز نایەت. بە واتایەکی تر، کارەکتەرەکانی ئەم دەقە شانۆییە، لە ئێستادا ناژین، بەڵکوو لە بۆشاییەکی نێوان بێشوێنی و بێکاتیدا دەژین.
٤- زمان و گفتوگۆکان
زمان لە دەقی ژنی سەر جۆلانەکەدا، هێندەی پێکهاتەی دەقەکە، تووشی داڕمان بووە. گفتوگۆکان لەجیاتی سازکردنی پەیوەندیی نێوان کارەکتەرەکان، جۆرێک لە پچڕان درووست دەکەن و هەموو وشەیەک لەم جیهانە شانۆییەدا برینێکە بۆ مانا.
ئەم بۆچوونە جیهانی ”سارا کەین”مان بیر دەخاتەوە، کە تێیدا زمان، لەجیاتی گواستنەوەی هەست و مانا، دەبێتە سەرچاوەی ئازار. لە شانۆنامەکەی ”دانا ڕەئووف”یشدا زمان وەک دیواری نێوان مرۆڤەکانە و نیشانەی نەتوانینی سازکردنی پەیوەندی و نیشانەی تەنیاییە.
پیاو: لە چی دەترسیت؟
ژن: لە ژیانی خۆم و مەرگی تۆ. [ڕووی خۆی وەردەگێڕێت و گوژمێکی بەهێز لە جۆلانەکە دەدات.] ژیانی من بێ تۆ بەردەوام دەبێت. مەرگی تۆش، لە شوێنێکی تر بەردەوام دەبێت. من دەمێکە لەمە تێگەیشتووم، کە تەنیایی تاکە وچانی ڕاستەقینەی ژیانی منە.
٥- داڕمانی شێوازی گێڕانەوە
”هاینەر مۆلەر” لە کارەکانی وەک ”ئامێری هەملێت”دا پێکهاتەی دراماکە پارچەپارچە دەکات، ”دانا ڕەئووف”یش بە هەمان شێوە گێڕانەوەکەی لە بەردەوامی ڕزگار دەکات و دوای پارچەپارچەکردنی، پارچەکان بە شێوازێکی جیاواز لەوەی پێشوو، سەرلەنوێ درووست دەکاتەوە.
لە ژنی سەر جۆلانەکەدا هیچ شتێک لە سەرەتاوە تا کۆتایی درێژ نابێتەوە، هەر دیمەنێک جیهانێکی سەربەخۆیە، کە هیچ پەیوەندییەکی ڕوونی بە دیمەنی پێش و پاش خۆیەوە نییە، بەڵام ئەم پچڕانانە تۆڕێک لە مانا دروست دەکەن: وێنەی ئەو مرۆڤانەی، کە لە کات، شوێن و زمانی خۆیاندا تێکشکاون.
شانۆنامەی ژنی سەر جۆلانەکە-ی ”دانا ڕەئووف” هەوڵێکە بۆ شکاندنی لۆژیکی درامای کلاسیک و گەیشتن بە ئەزموونێکی ”نەبوون”. نەبوونی گێڕانەوە، نەبوونی کردار و نەبوونی مانا. ئەو بۆشاییەک دروست دەکات، کە تێیدا توخمە بنچینەییەکانی ئەزموون-کات، شوێن و بوون-لە کارکردن دەوەستن و دەبنە بابەتی سەرەکیی دەق.
لەم دەقەدا، کات وەستاوە و دەخولێتەوە، ڕابردوو و داهاتوو جێگەی ئێستایان گرتووە و کارەکتەرەکان لە هەڵواسراوێکی بێکۆتاییدا لەنێوان یادەوەری و چاوەڕوانیدا گیریان خواردووە.
شوێن پێناسەنەکراوە و هەڵواسراوە، بۆشاییەکی بێئاڕاستەیە، کە نە ڕاستەقینەیە و نە خەیاڵییە، بەڵکو چینێکە لەنێوان ئەو دوانەدا. لەم حاڵەتەدا، کارەکتەرەکان نە دەروونیان هەیە و نە ئیرادە، تەنها بوونێکن، بوونێکی لێکهەڵپچڕاو و ناپەیوەست.
”داناڕەئووف”، وەکوو ”هاینەر مۆلەر”، گێڕانەوەکەی لە ناوەڕاستەوە بۆ پەراوێز دەگوێزێتەوە و لە سەرئەنجامدا پێکهاتەیەکی نوێ لە ڕووخانەکەی بنیات دەنێت، کە ئەو پێکهاتە نوێیە زۆر لە پارچەکانی ”پازڵێک” دەچێت. پازڵێک کە لە پارچەپارچەبوونی وێنەی هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخ ساز کراوە. هەروەها هەر وەک چۆن لە کارەکانی ”سارا کەین”دا، زمان لە ئامرازێکی پەیوەندییەوە بۆ ئامرازی ئەشکەنجەدان دەگۆڕێت، لێرەیشدا دیالۆگەکان ئازاربەخش و بێمانان، دەنگدانەوەی ئازارن، نەک دەنگدانەوەی تێگەیشتن.
لە کۆتاییدا، ژنی سەر جۆلانەکە دژەدرامایە، کە لە دووبارەبوونەوە و بێدەنگییەوە لەدایک دەبێت. جۆلانەیەکە، کە هەرگیز لە جووڵەکردن ناوەستێت، نەوەستانێکی وەستاو لەنێوان هاتوچۆکردنێکی دووبارە و بێمانا، کە تێیدا گفتوگۆکان ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی گێڕانەوە و چیرۆک نین، بەڵکو خۆیان دەبن بە گێڕانەوە و چیرۆک. وشەکان نەک لەنێوان دوو کارەکتەر، بەڵکوو لەنێوان هەبوون و نەبوونی ماناوە دێن و دەچن. لە جیهانی ئەم دەقە دژەدرامایەدا کات و شوێن دادەڕمێن و کارەکتەرەکان لەنێو دووبارەبوونەوەی کوتن و نەگەیشتندا دەتوێنەوە. لەم دەقەیشدا ڕێک لە کاتی توانەوەی کارەکتەرەکاندایە، کە دراما دەمرێت و دژەدراما لەنێو بێدەنگی و بێکۆتایی دووبارەبوونەوە، بە شێوەی جۆلانەیەک لەدایک دەبێت.
٢
کاتێک ناهۆشیاری پارێزەرە
تێبینییەک لەسەر دەقی ”ئەم خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات”ی دانا ڕەئووف
”مارتن ئیسلین” لە لۆژیکی نمایشی ئەبسۆرددا باسی ئەو مرۆڤانە دەکات، گرفتار و سەرقاڵی جیهانێکن، کە تێیدا سیستەمی هۆکار و ئەنجامەکەی داڕماوە. جیهان چیتر وەڵامی عەقڵ و چاوەڕوانی ناداتەوە. کارەکتەرەکان بە کەڵکوەرگرتن لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی و گفتوگۆی بێبەرهەم، بەدوای مانایەکدا دەگەڕێن کە چیتر بوونی نییە. ئەمە جۆرێکە لە هۆشیاریی پاش کارەسات، کە تێیدا زمان، یادەوەری و جووڵەکردن، هەرسێکیان تووشی پەشێوی دەبن.
لە شانۆنامەی ”ئەم خۆشەویستییە، هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات” دەقێکی شانۆیی لە سێ دیمەندا، هیی بەڕێز ”دانا ڕەئووف”، جیهانێکی ئاوا دووبارە لەدایک دەبێتەوە، جیهانێک لەنێوان ”پاش-کارەسات”ی بێکێتی و ”پێش ڕووخان”ی یونسکۆیی، لەگەڵ بێدەنگییەکانی ڕەگەزی پینتەر، پێکەنینی میشێل ڕیبی، لە قووڵاییدا، دەنگدانەوەی بەتاڵی کۆمەڵایەتیی ئادەمۆڤ، کە تێیدا کارەساتی دەرەکی بووەتە یادەوەرییەکی ناوەکی.
لەم جیهانەدا، دووبارەبوونەوە نیشانەی لاوازیی شێوەی گێڕانەوە نییە، بەڵکو تاکە ڕێگایە بۆ زیندوومانەوە. کارەکتەرەکان لەنێو بازنەی پرسیار و وەڵامی بێکەڵک و بێبەرهەمدا سەرقاڵ و گرفتارن.
ژن: نەڕۆین؟
پیاو: بۆ کوێ؟
ژن: ئەی نەمانگوت دەڕۆین؟!
پیاو: با، وامان گوت. [وچانێکی کورت] با بڕۆین
بەڵام هیچیان ناجووڵێن.
ئەوان بەردەوام لەنێوان ویستن و نەویستن و بوون و نەبووندا هاتوچۆ دەکەن.
هەمیشە، ڕێک لە کاتی بڕیارداندا، یادەوەرییان دەوەستێت و هیچ یاریدەیان ناکات. لەڕاستیدا ئەو دووبارەبوونەوەیە بە جۆرێک میکانیزمێکی بەرگریکردنی دوای کارەساتە. ڕێگایەکە بۆ مانەوە لە بارودۆخێکدا، کە هیچ مانایەکی نییە. لێرەدا، تەنانەت زمانیش تووشی ڕزین دەبێت و دیالۆگ وەک گەمەی شێتەکانی بەسەردێت.
”دانا ڕەئووف” بە ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵی کارەکتەرەکان، هەروەها دووپاتکرنەوەی دیالۆگەکانی پێشوو، هێڵی نێوان کردار و دووبارەبوونەوە لێڵ دەکات، وەک بڵێی ستراکچێری درامەکە، لە هەر ساتێکدا کە سەیری بکەی، هاوکات دەتوانێت کاتی دەستپێکی درام و ساتی ڕووخانیشی بێت. لە ناخی ئەم دووبارەکردنەوەیەدا، تایبەتمەندییەکی بەهێز هەیە، ئەوەیش ”گومانە”. گومان لە یادەوەری، گومان لە خۆشەویستی و تەنانەت گومان لە بوون.
کارەکتەرەکان نازانن لە کوێوە هاتوون، بۆچی ماونەتەوە و بۆ کوێ دەڕۆن. پرسیارگەلێک وەک ”بیرم نایەت چۆن هاتینە ئێرە” یان ”ئایا کتێبەکەت دۆزیەوە؟” ”بەڵێ، بەڵام بەڵێنم بەخۆم داوە هەرگیز نەیخوێنمەوە” ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە ڕەتکردنەوەی زانین، زانینێک کە ئەگەر ڕوو بدات، هەموو جیهانەکەیان لەوانەیە تووشی داڕمان بێت. لێرەدا هۆشیاری و زانین، دەتخاتە مەترسییەوە و نەزانین و ناهۆشیاری دەتپارێزێت.
ئەوان دەترسن زیاتر بخرێنە پەراوێزەوە، زیاتر تەنیا بمێننەوە، بەڵام لەڕاستیدا گەیشتوونەتە ئەوپەڕی دوورخراوەیی و ئەوپەڕی پەراوێزەوە.
”دانا ڕەئووف” بەم گومانانەوە بارودۆخی مرۆڤی پاش کارەساتمان پێ نیشان دەدات: مرۆڤێک کە لەنێوان مەیل و خواستی بۆ زانین و ترسی لە زانین، خەوتووە و خەریکی خەوندیتنە، لەم دوودڵییەدا، ئەوەی بۆی ماوەتەوە دووبارەبوونەوە و بوونێکی بێمانایە.
پێکهاتەی دەقەشانۆییەکەی ”دانا ڕەئووف” پەیڕەوی لۆژیکی گێڕانەوەی هێڵی ئەرەستوو ناکات. هیچ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییەکی ڕوونی نییە؛ هەر ساتێک دەتوانێت ساتێکی سەرەتا یان دووبارەبوونەوە بێت.
نادیاربوونی شوێن و کات، کە لەم دەقەدا تەنیا لە ڕێگەی ئاماژەی زمانەوانیی بچووک و یادەوەرییەکانی مناڵییەوە تۆزێک خۆی دەردەخات، بەشێکە لە بنەمای زۆربەی دەقە ئەبسۆردەکان.
پیاو: ئێمە هەمیشە لێرە، لەم شوێنەدا وەستاوین.
ژن: لێرە؟
پیاو: بەڵێ
ژن: ئێرە کوێیە؟…
پیاو: بۆ لەوێ وەستاویت؟
ژن: لە کوێ؟
پیاو: لەوێ، ئەوەتەی هاتوویت لەوێ وەستاویت!
ژن: نازانم، دەبێت لە شوێنێک بوەستم.
هەروەها دیالۆگە لێکهەڵپچڕاوەکان لە بازنەیەکی داخراودا دووبارە دەبنەوە، نەک بۆ گەیاندنی مانا، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی نەبوونی مانا. کارەکتەرەکانی ئەو دەقەش هیچ زانستێکیان سەبارەت بە کات و سات نییە، لای یەکترن و هاوکات لێک دوورن. هێزی بێدەنگیشیان یەکسانیی هێزی وشەکانە و هەندێک جار لە دیالۆگەکانیش ڕوونتر و ئاشکراترە.
دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە جیهانێکە کە تێیدا فۆرم خۆی دەبێتە ناوەڕۆک: پێکهاتەی تێکشکاو و داڕماو، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی مێشکی تێکشکاو و داڕماوی کارەکتەرەکانە.
کاتێک لەگەڵ ئەو دەقە شانۆییە ڕووبەڕوو دەبینەوە، وا هەست دەکەین ڕووبەڕووی جیهانێک وەستاوین کە تێیدا، کرداری سەیرکردنی کارەساتیش، وەستاوە. هیچ شتێک کۆتایی نایەت و هیچ شتێکی نوێیش دەست پێ ناکات. لە هەمان کاتدا هەموو شتێکیش جێی گومانە. ژن و پیاو لە ئاکامی گفتوگۆی بێئامانجیاندا ، پارچەپارچە لە یەکتر و هەروەها لە چەمکی بوونی خۆیان جیا دەبنەوە.
بە بڕوای من ئەو دەقە شانۆییە دەربارەی هەموو ئەو نەوانەدایە کە لەنێوان یادەوەری و لەبیرچوونەوە، لەنێوان ئاوات، ئارەزوو و بێکرداری، لەنێوان خۆشەویستی و ڕووخانی عەقڵ، لەنێوان دابونەریت و پۆست مدێڕنیتە، لەنێوان پوڵ و هونەر و بوون و نەبووندا، هەڵپەسێردراون. ئەم دەقە لەبارەی ئێمەدایە.
ئێمە کە نازانین لە کوێوە هاتووین، نازانین چی بکەین و چۆن خۆمان دەرببڕین، هەندێک جاریش گومان لە پێگەی خۆمان لە دونیادا دەکەین و سەرەڕای هەموو ئەمانەش دڵنیاین، کە ئێمە سەنتەری جیهانین! ”دانا ڕەئووف” لە کتێبی ”ئەم خۆشەویستییە، هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات”دا، جیهانێک دروست دەکات، کە لە دەرەوەڕا سارد و بێدەنگە، بەڵام لە قوڵایی ناخیدا بە تینی زانیاری دەسووتێت. لەوانەیە ئەو تینەی کە هێشتا بە زیندوویی دەمانهێڵێتەوە، ئەو دووبارەبوونەوەیە بێت کە لە داڕمان دەمانپارێزێت، تەنانەت کاتێک دەزانین هیچ دەربازبوونێکمان نییە. تەنانەت کاتێک بێکێت لە دەستپێکی دەقی چاوەڕوانی گۆدۆدا هاوار دەکات nothing to be done…. هەر لەو بارودۆخەیشدا کارەکتەرەکانی ”داناڕەئووف” هەست بە تەنهاییەکی کوشندە دەکات و پێی وایە هیچ کەسێک شایەنی ئەم تەنیاییە نییە، لە هەمان کاتدا لە خۆیدا بۆ ئەوی تر دەگەڕێت، لە ئەوی تردا بۆ خۆی دەگەڕێت، لە خۆییشیدا بۆ خۆی دەگەڕێت. ئەگەر دەیەوێت بژیت، نابێت بزانێت لە کوێیە، هەروەها نابێت هیچ کات خۆی بدۆزێتەوە. دۆزینەوە و زانین هاوسانە بە مەرگ، بە نەبوون.
ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.