نوسینى: كاروان عەبدوڵا سۆفى و ڕۆژە حەسەن ساڵح

لەنێو ژوورێكى پەرشوبڵاو لەسەر مێزێك مەكینەیەكى دروومانى لێیە و ڕاست و چەپ لە بەشى پشتەوە تەنافێك هەڵواسراوە و لە چەند جێیەك كۆمەڵێك جلى پێوەیە، گەشاو، كە عەزییەكى ڕەشى ناڕێكى لەبەردایە و عەینەكێكى گەورەى توبیی لە چاودایە و قژێكى بژى هەیە و ماندوویی بە ڕووخسارییەوە دیارە، لەپشت مەكینەكەوە دانیشتووە و خەریكى پێوەكردنى دەزوى دروومانەكەیە و چەند جارێك هەوڵ دەدات

گەشاو: (بەدەم خۆیەوە) باران ئەبارى، من چووم بۆ ئەوەى دەرگاى حەوشەكە دابخەم… ئەو ڕۆژە ڕەشەبایەكى بەهێزى هەبوو، شەقە شەق  ڕەشەبا دەرگاكەى ئەدا بەیەكدا… چووم بۆ ئەوەى دەرگاكە دابخەم، گەیشتمە دەرگاكە و مێردەكەم بە سەرخۆشى هاتەوە… (بە تۆنێكى تر) خۆزگە ملى بشكایە و نەگەڕایەتەوە… (بە تۆنێكى تر و تووڕە) نازانم بۆ ئەم بەكرەیە پێوەناكرێت، ئاخێر من بەو دەردەسەرییە پارەم پەیا ئەكرد و ئەویش شەوانە ئەچوو ئەى یا بەو زەهرى مارە… (تەواو جیاواز بە بێزارییەوە هەڵدەستێت) نا نا جەنابى حاكم… من تا ئێرە لە قسەكانم پەشیمان ئەبمەوە، ڕێگەم بە تا جارێكى تر بیگێڕمەوە، چونكە زۆر شتم بیر چووە، زۆر، خۆ من باسى ئەوەم نەكرد شەوى پێشوو چۆن وەكو سەگ پەلامارى یام و دەستێكى شكاندم… بیرم نەبوو باسى هەموو ئەو كاتانە بكەم، كە هەر بۆ خۆشى و سەرمەستیی خۆى سووكایەتىی پێ ئەكردم، هاوارى ئەكرد بەسەرما، جگەرەى لەسەر سنگم ئەكوژاندەوە، جوێنى ناشرینى پێ‌ ئەدام، سووكایەتیی پێ‌ ئەكردم، ڕێگەى چوونەدەرەوەى لێ‌ قەدەغە كردبووم، جا من چیم باس كردووە، زۆر زۆرم بیر چووە زۆر زۆر… (لەپڕ ئەوەستێت و قاقا پێئەكەنێت، لەناكاو لە پێكەنین ئەوەستێت) من زۆر ساویلكەم ئاخێر جەنابى حاكم كوا تاقەتى هەیە ئاوا بە وردى گوێ‌ لە درێژدادڕییەكەى من بگرێت، ئەبێت قسەكانم كورت بكەمەوە، كورت و كاریگەر… (دادەنیشێتەوە و خەریكى دروومان دەبێت و پاش بێدەنگییەك بە گریانەوە) دەى من ئێستا چۆن فریا بكەوم ئەم هەموو جلە بدوورم بۆ ئەوەى بتوانم كرێى خانووەكە بەم؟ خاوەن خانووەكە بە ملى شكاوى هاكا جارێكى تر بێتەوە و بە دەنگێكى گڕەوە بڵێت: (لاسایی پیاوەكە دەكاتەوە) خانم من لەبەر خوا ئەم خانووەم یاویتەتێ‌ بەكرێ‌، بەڵام وەڵا غەڵەتم كرد، بیلا غەڵەتم كرد، ئیتر من ناتوانم زیاتر ڕاوەستم شڕوشیتاڵت كۆكەرەوە و لێرە بڕۆ… خۆ من بەلاشخانەم دانەناوە…

(زۆر تووڕەیە و تف دەكات) هەى نامەرد… گەر یەك تۆز بزەیەكت بۆ بكەم ئەزانم چۆن دەنگى زبرت نەرم ئەكەیت و چاوت حیز ئەكەیت… بەقوربانى خوا بم، كە سەروەت و سامان ئەیات بە كەسێكى نامەردى وەك تۆ… (پاش بێدەنگییەك، بە هەست و سۆزەوە دەچێتە لاى جلێكەوە كە لە سوچێكدا بە تەنافەكەوە هەڵیواسیوە) بە قوربانتبم، خۆزگە ئەمتوانى ئەو جلانەت ببینم كە لەبەرى ئەكەیت، من ئەزانم چەن جوان ئەبیت كوڕە جوانەكەم.

(بەجۆرێكى تر) ئەوەش بە جەنابى حاكم ئەڵێم، پێی ئەڵێم كە چۆن ڕێ‌ نادات كوڕە هەشت ساڵە جوانەكەم ببینم… ئا… ئا، پێی ئەڵێم من نامەوێت پەروەردەى پیاوێكى دەمپیسى تووندوتیژ بێت، پێی ئەڵێم نامەوێت وەك چۆن باوكى ژیانى منى ڕەش كرد، ئەویش گەورە بێت و ژیانى یەكێكى تر تاڵ بكات… من ئیتر نابێت بێدەنگ و شەرمن بم لە ئاست ئەو ئازار و زوڵمانەى بەرامبەرم ئەكرێن، بە دەنگى بەرز لە هۆڵى دادگا هاوار ئەكەم و ئەڵێم: جەنابى حاكم، تكایە ئیتر بەسە… كاتیەتى ئیتر ئەم هەموو ئازارانەى ئافرەتان بە كۆتا بێن… من بەرگدرووم ئەزانم كچان و ژنانى شارەكەم چى ئازارێك ئەچێژن، ها… ؟ چى…؟ بەڵگەت ئەوێت… بەسەرچاو جەنابى حاكم بەسەرچاو… ئەم جلە ئەبینیت؟ (ئەچێتە لاى جلێكى هەڵاسراوەوە) ئەمە جلى ڕۆژانى دەستگیرانیی كیژۆڵەیەكە، هەر لە گەڕەكى خۆمان بوو، هات بۆ ئەوەى جلێكى بۆ بدوورم، تا لە ماوەى دەستگیرانى لەگەڵ هاوسەرەكەى بۆ چوونەدەرەوە لەبەرى بكات، بەڵام نەهاتەوە، ئەزانى بۆ جەنابى حاكم؟ چونكە هاوسەرەكەى ئەوەندەى دڵپیسى لێ‌ كرد، تا وەك شێتى لێ‌ كرد، دواییش بە بوختانى خیانەت كوشتى… ئێستاش وەك ئەوەى هیچ ڕووى نەدابێت لە دەرەوەیە و بە سەربەستى ئەسوڕێتەوە.

(ئاماژە بۆ جلێكى تر دەكات) ئەمەش هیی ژنێكى چارەڕەشى تر، كە مێردەكەى تا پێی كرا خیانەتى لێ‌ كرد، كاتێك ژنەكە تەنها وتى بۆ خیانەتم لێ‌ ئەكەیت؟ لووتى بڕى.

ئەمەش ژنێكى تر، كە باوكى تەنها لەبەر ئەوەى هاوڕێیەتیی كوڕێكى ئەكرد بەبێ‌ ئاگا و لە شیرینیی خەودا خنكاندى، ئەمەش هیی ژنێكە كە بە ڕۆژى ڕووناك لە باخچەیەكا لەبەرچاوى خەڵكەوە بە ناحەق كوژرا… ئەمەشیان جلى ئەو ژنەیە كە براكانیان خستیانە دەریایەكەوە و خنكاندیان تەنها لەبەر ئەوەى ویستى بە ویستى خۆى شوو بكات.

نا… نا… جەنابى دادوەر… من هێشتا هیچم باس نەكردووە، قسەم زۆر ماوە… ( دەكێشێت بە ناوچاوانیدا، بە تۆنێكى تر) ببورە گەورەم، جەنابى دادوەر ئەمەوێت لەسەرەتاوە قسەكانم دووبارە بكەمەوە، ئاخێر من هێشتا زۆر شت ماوە باسى بكەم… تكایە قسەكانم با لەم مەحزەرە بسڕنەوە (بە شەرمەوە) ببورە جەنابى دادوەر ئەكرێت لەگەڵ دادوەرێكى ئافرەت قسە بكەم… چونكە زۆر شت هەیە لێرە باس ناكرێت… ڕاستى گەر باسیشى بكەم تۆ ناتوانیت لێی تێبگەیت… چونكە بابەتەكە ژنانەیە .

(دەچێتە سەر ئەژنۆ و بە گاڵتەجاڕییەوە) جەنابى دادوەریش ئەڵێت بەسەرچاو خانم تۆ چى ئەڵێیت وا ئەكەین، ئەبێت یاسا سەروەر بێت (قاقا پێئەكەنێت) یاسا… بەڵێ،‌ یاسا ئەبێت سەروەر بێت… (بەپرتاو هەڵدەستێت و وەرەقە و قەڵەمێك لەسەر مێزى درومانەكەى دەهێنێت) ئەبێت هەموو شتێك تۆمار بكەم… جنێو و سووكایەتییە بێهۆكارەكانى، بیانو و شەڕفرۆشتن و لێدانەكانى، ئا… ئەبێت ئەوەش تۆماربكەم، كە چۆن بۆ ماوەی هەفتەیەك لە ژوورێك بەندى كردم و بێنان و ئاو بەجێیهێشتم… هەمووى بە وردى باس ئەكەم، ئازار بە كورتى باس ناكرێت لە هۆڵى دادگا بێترس و سڵەمینەوە تەماشاى ناوچاوانى ئەكەم و بە دەنگى بەرز ئەڵێم: جەنابى حاكم ئەم پیاوە بووە مایەى هەرچى بەدبەختیمە، چارەڕەشى كردم، ئەم زاڵمە بوو بە زۆر منداڵێكى هەشت ساڵانى لێ‌ زەوت كردم و بە زۆر پەلكێشى لاى خۆى كرد… من و كوڕەكەم پاڕاینەوە، لاڵاینەوە، كڕنووشمان برد، گریاین، پڕ بەو گەڕەكە هاوارمان كرد، بەڵام ئەو هیچ گوێى لێ‌ نەگرتین… (بە تووڕەییەوە ئاماژە دەكات) جەنابى حاكم… ئا ئەمە، چەند جارێك هەوڵى دا بمكوژێت… (ئەترسێت) شەوێك واى زانى خەوتووم، سەرینەكەى خستە سەر سەرم، منیش بە هەر چوار لا پەلم ئەكوتى، هەناسەم لێ‌ بڕا، بەڵێ‌ خەریك بوو بمخنكێنێت…

(دواى هەناسەتووندییەك و وچانێك) من گۆرانیم ئەوت… گۆرانى بۆ كەساسى و تەنهایی خۆم، بۆ ئازارەكانم، بۆ یادگارییەكانى منداڵیم، ڕەشەبا و بارانێكى بەهێز بوو، دەستم لە دروومانەكە هەڵگرت و چووم ئەو دەرگا نەفرەتییە دابخەم كە ڕەشەباكە ئەیدا بەیەكدا… خۆزگە نەچوومایە… كە چووم لەو كاتەدا ئەو بە سەرخۆشى و سەرمەستى گەڕایەوە… بە چاوێكى پڕ نەفرەت و قینەوە تەماشاى ئەكردم… بۆنێكى ناخۆش لە گەرووى ئەهاتە دەرەوە، خۆى لێ‌ نزیك كردمەوە… گوێم لە خیزەى هەناسەدانى بوو، دانەكانى جیڕ كردەوە… پێم وت: (بەترسەوە) من هاتم تا دەرگاكە دابخەم… ڕەشەباكە زۆر بەهێزە… بەخوا من هەر بۆ ئەوە هاتم… گوێی لێ‌ نەگرتم… (دەست دەگرێت بە سەرییەوە) شەوێكى شووم و ناخۆش بوو… نامەوێت هیچم بیر بكەوێتەوە… نامەوێت. (لەناكاو دەچێتە بارێكى ترەوە و بە خۆشییەوە دەچێتەوە دواوە و كورسییەك دادەنێت) دایكە گیان بەخێربێیت… ئاى من چەند بیرم كردبووى، چەند تامەزرۆى قسەكردنم لەگەڵ تۆ… نا، نا، تخوا وازم لێبێنە… من یەك دنیا قسەم هەیە بۆ تۆ، ڕێگەم بدە هەموو شتێكت بۆ بگێڕمەوە. (بە دڵخۆشییەكى دەستكردەوە) ئا، ئا، مێردەكەم باشە لەگەڵم… تا ئێستا قسەیەكى ساردى پێ‌ نەوتووم، بێدڵیم ناكات… تۆ بیر لەوە مەكەرەوە و دڵنیابە لە ژیانى من… پێم بڵێ‌ چۆن بوو باوكم ڕێی یا بێیت بۆ دیدەنیم؟ (دواى تۆزێك وەك ئەوەى دایكى قسەى كردبێت دڵتەنگ دەبێت) نا، تخوا وا مەڵێ‌… لە ماڵ دەریكردیت؟ دایكە گیان پێت ناخۆش نەبێت ئەگەر باوكم نەبوایە نزاى شەڕم لێ‌ ئەكرد، ئەگەر باوكم نەبوایە پێم ئەوت دەستى بشكێ‌ (بەگریانەوە) باشە بۆ واى لێ‌ كردوویت، لێشى یاویت، چۆن دڵى هات؟ (پاش گریانێك و دێتە پێشى شانۆ و بە بێزارییەوە) هاتبوو بۆ ماڵى كچەكەى تا لەوێ‌ بمێنێتەوە، هاتبوو تا لاى كچەكەى ئارام بگرێت، (لەچكێك دەبەستێت لە سەرى) مێردەكەم كە هاتەوە زۆر بێشەرمانە و بە قسەى ناشرین دەرى كرد… جەنابى حاكم… من دوازدە ساڵ لەگەڵ ئاژەڵێكى دڕندەیا ژیانم كردووە، دوازدە ساڵ لە جەهەنەما ژیاوم… دوازدە ساڵ بە زیندوویی نێژرابووم.

بەپەلە ڕادەكات بۆ لاى جلەكان، ماڵەكە پاك دەكاتەوە، خەریكى دروومانە، بەپەلە جلەكان لێ‌ دەكاتەوە و دەیخاتە سەبەتەیەكەوە)

(بە هەناسەبڕكێوە) دوازدە ساڵ ڕاكەڕاك و چەرمەسەرى… لەگەڵ پیاوێكا كە هیچ هەست و ویژدانێكى نەبوو، وەك ڕۆبۆتێكى بێگیان تەماشاى ئەكردم، دڵڕەق و بێهەست… دەمپیس و چڵێس. (ئێڵنج دەدات) وەك ئاژەڵێكى برسى شەوانە تەنها شتێكى ئەویست و بەس.

(بە تۆنێكى تر وەك ئەوەى لە دادگا وەستا بێت) من گەشاو محەمەد فەرەج، نانكەرى گەڕەكى خۆمان، ڕەنجبەرى پیاوێكى برسى و چاوچنۆك، خەیاتە غەمگینەكەى شار، كۆڵبەرە بێساباتە دەربەدەرەكە، گۆڕە بێناونیشانەكە. بەڵێ‌ من گەشاوى كچى محەمەد، شكاتم لەم پیاوە هەیە… ئەمەوێت لەسەر ئەو تاوانانەى چەند ساڵە بەرامبەرم ئەنجامى داوە سزا بدرێت… تكایە جەنابى حاكم… كاتم بەرێ‌، من پێویستە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ قسە بكەم و ئێوە گوێ‌ بگرن، بەڵێ‌ ئیتر كاتى منە قسە بكەم. كاتى ئەوەیە چیرۆكى ژنێكى غەمگین بگێڕمەوە. (لەپڕ قاقا پێدەكەنێت) جەنابى حاكمیش ئەڵێت: بەچاوان كچى خۆم، بەچاوان، ئێمە گوێمان گرتووە. (تووڕە دەبێت) جەنابى حاكم، تۆ ئەگەر كچەكەت لەژێر دەستى پیاوێكى هیچوپوچا بچەوسێنرێتەوە قبوڵى ئەكەیت؟ ها، خوشكەكەت گەر لەلایەن پیاوێكەوە لاقە بكرێت تۆڵەى ناسەنیت؟ یان ئەگەر خزمێكى مێینەت (ناتوانێت تەواوى بكات) جەنابى حاكم ئەكرێت حاكمێكى مێینە لەبرى تۆ ئەم دادگاییە بەڕێوەبەرێت؟ ئاخێر ناكرێت و شەرم ئەكەم هەندێك شت لەگەڵ تۆ باس بكەم، ئەسڵەن گەر باسیشى بكەم لێى تێناگەیت. (لەناكاو) ئەوە من باسى چى ئەكەم، هاكا خاوەن ماڵەكە هاتەوە بۆ كرێ‌ خانووەكەى، ئەبێت هەتا زووە یەك دوو جل بدوورم. (دەچێتەوە بۆ لاى مەكینەكەى) (بە بێزارییەوە) ئۆهۆ دیسان دەزووەكە پچڕایەوە (عەینەكەكەى ئەكاتەوە چاوى و خەریكى گوتنى گۆرانییەكە، پاش گۆرانییەكە) من گۆرانیم ئەوت، گۆرانیم بۆ تەنهایی و بێنازیی خۆم و دایكم ئەوت، بۆ غەمەكانم، بۆ بێكەسیم… بۆ زۆر شت، بۆ سەردەمى منداڵیم، گۆرانیم بۆ ماڵەباجێنە و خەونە بەدینەهاتووەكانم ئەوت… لەناكاو هاتەوە ماڵەوە، وەك شێت ناو سەرین و تاك و  ڕەفەكان ئەگەڕا، ماڵەكەى هەمووى یا بەیەكا، من هەر تەماشام ئەكرد، ئەترسام، زۆر ئەترسام، ئەمزانى ئێستا گەر پارەى نەدۆزییەوە ئەكەوێتە وێزەى من، ئەوەى خوا پێى ناخۆشە ئەیكات. (بەترسەوە) لە سوچێكى ماڵەكە خۆم گرمۆڵە كرد، لە خوا ئەپاڕامەوە ئەمجارەش لەژێر چنگى دەربازم بێت، (ترسێكى زۆر) هاتە لام و بە بزەیەكى دەستكردى پڕقینەوە وتى: (لاسایى مێردەكەى دەكاتەوە) پارەت لە كوێ‌ شاردۆتەوە؟ پێم بڵێ‌ بەقوربان… دەى كاتت زۆر لەبەردەستا نییە… (بە جۆرێكى تر) ویستم پێى بڵێم گیانەكەم دوو عانەیەكم كۆكردۆتەوە بۆ كاتى منداڵبوونەكە، خۆت ئەزانى من دووگیانم… (بەترسەوە) نەیهێشت قسەكەم تەواو كەم و چاوەكانى سوور هەڵگەڕان، وەك شێت هاوارى كرد (لاسایی دەكاتەوە) وتم پارەم ئەوێت یەعنى پارەم ئەوێت، وابزانم تۆ لە قسەى خۆش تێناگەیت. (بە گریانەوە) دەستى كرد بە لێیانم، من خەیاڵم لاى ئازارى خۆم نەبوو، تەنها خەمى ئەوەم بوو منداڵەكەم زیانى پێ‌ نەگات، تا هێزى تیا بوو لێى یام، تا قورگى نوسا سوكایەتیی پێكردم، دوایی پڕى یایە تەلەفزیۆنەكە و بردى بۆ فرۆشتن، منیش بە دەم و لووتى خوێناوییەوە ، تەنها تەماشام ئەكرد، تەماشام ئەكرد و هیچم پێ‌ نەئەكرا ….

جەنابى حاكم… ئیتر كاتى ئەوەیە هەموو شتێك بڵێم… ئیتر ئازارەكانم لە دڵما نانێژم… ئەبێت هەموو دنیا بزانێت ئەم بەناو پیاوە چى بەسەر هێنام… هەموو شتێك ئەڵێم ئیتر چى ئەبێت با ببێت. (بە تۆنێكى تر) جەنابى حاكم تۆ ئەزانیت هەموو ڕۆژێك هەڕەشەى ئەوەى لێ‌ ئەكردم گەر منداڵەكە كچ بێت هەردووكمان ئەكوژێت؟ ئەم پیاوە تاوانبارە… منى لە هەموو شتێك دابڕى… دوازدە ساڵ ئازارى یام، سوكایەتیی پێ كردم، جەهەنەمێكى لەم دنیا پێشان دام. (بەپەلە دەچێتە لایەكى شانۆكەوە) جەنابى حاكم بێئەدەبى نەبێت لە حزوورى جەنابتا، (بە چرپە) ئەزانى مێردەكەم (ناتوانێت قسەكەى تەواو بكات و دەكێشێت بە سەرى خۆیدا) تكایە جەنابى حاكم با خاتوونێكى حاكم بێت تا بتوانم هەندێك شتى لەگەڵ باس بكەم، تكایە هەندێك ئازار هەیە ژنانەیە تەنها ژنەكان هەستى پێ‌ ئەكەن و لەیەك تێئەگەن. (دەست دەكات بە چەپڵەلێدان وەك دەستخۆشى) سوپاس جەنابى حاكم… سوپاس بۆ پشتگیریتان، سوپاس. زۆر سوپاس، من ئێستا ئەوەندە دڵخۆشم دڵم پڕە، تۆ خەریكیت حەق سەرئەخەیت… ئیتر كەس لەم شارەیا ناتوانێت بە ڕۆژى ڕووناك ئافرەتێك بە بیانووى شەرەفەوە بكوژێت، چونكە تۆ هەیت… ئیتر ژنەكان لەناو چوار دیواردا بەند ناكرێن، گۆڕە بێناونیشانەكان زیاد ناكەن، لاقەكردن و سووكایەتیكردنى ژنان تەواو، سوپاس جەنابى حاكم (لەپڕ قاقا پێدەكەنێت) بەزەییم بە خۆما یەتەوە، من خەریكى چ خۆشپڵاوییەكم… خەریكم چ خەونێك ئەبینم؟ (حەبێك لە قوتویەك دەردەهێنێت و دەیخوات و دەچێتە لاى جلێكى بوكێنییەوە، كە هەڵواسراوە، پاش لێوردبوونەوەى بە هەمووى تینى تفێكى تێدەكات) من ڕقم لە تۆیە، زۆر ڕقم لێتە، تۆ یەكەم جلى دیلیی من بوویت، یەكەمین و دواهەمین ئازارى هەمیشەیی منیت، كە خۆم بە دەستى خۆم دووریم.

ئاى چ ڕۆژێكى شووم بوو. (دەچێتە لاى بووكەڵەیەك و دەیكاتە باوەشى) ئاخر من هێشتا منداڵ بووم، یاریم لەگەڵ بووكەڵەكەم ئەكرد، هێشتا لە شانەكردنى قژى بووكەڵەكەم نەبووبوومەوە، (لاساییكردنەوەى باوكى) ئەو بووكەڵەیە لابە تۆ چیتر منداڵ نیت، تۆ ئیتر ژنێكیت، ژنى پیاوێكى مەرد ، وەرە داواكارت هاتووە. (بە تۆنێكى تر) ئاى خوایە من لە هیچ تێنەگەیشتم، وام ئەزانى خەوە و لە نهۆمى باڵەخانەیەكى بەرز بەربوومەتەوە، ئیتر منداڵیم تەواو، خۆشیم تەواو، ماڵەباجێنە و چاوشاركێ و خەونە ڕەنگاڵەییەكانم چوونە ژێر گڵ، (بە دڵتەنگییەوە) باوكە بۆ؟ بۆ واتكرد؟ زۆر پاڕامەوە وتم من نامەوێت لە دایكم دوور كەومەوە، نامەوێت یارییەكانم جێبێڵم، كچە هاوڕێكانم بۆ فیكڵانكۆ ڕۆژانە چاوەڕێم ئەكەن… باوكە من ناڕۆم… من ئەم ماڵە جێناهێڵم، نامەوێت لە ئامێزى دایكم دوور كەومەوە (دەكەوێتە سەر ئەژنۆ و دەگرى) باوكە تۆ گوێت لێ‌ نەگرتم… نەتبیستم.

(لەپڕ و بە شڵەژاوى دەچێتە دواوەى شانۆ و تەماشاى دواوەى شانۆ دەكات) پۆلیسە؟ چواردەورى ماڵەكە بە پۆلیس گیراوە، (تەماشایەكى تر دەكات و دەست دەگرێت بە دەمییەوە) خەریكن بە حەسارى ماڵەكەیا یەنە ئەودیوى حەوشەكە، دەرگاكە ئەشكێنن، (بە ترسەوە) ئاى خوایە من ئێستا چى بكەم، (تەلەفۆن دەكات) وەڵام نایاتەوە، من ئێستا چى بكەم؟

(بە تۆنێكى تر) جەنابى حاكم، ئەم پیاوە پێشینەى تاوانكاریی هەیە، چەند جار پۆلیس بەدوایا گەڕاون، چەند جارێك فەرمانى دەستگیركردنى هەبووە و پۆلیس هاتوونەتە ماڵمان بۆ دەستگیركردنى، پێش من ژنێكى ترى هەبووە، ئەو بەدبەختەى لەناوبرد، شەوێك لە شیرینیی خەودا تێزابى كرد بە ڕووخساریا، ڕووخسارى جوانى شێواند .

(ئەكێشێت بە سەریدا) ئاى خوایە من زۆر سەرقاڵم، لە لایەك ئەبێت كرێی خانووەكە پەیدا بكەم، لە لایەكى تر بەیانى یەكەم دادگاییكردنە، من چى بكەم ئێستا؟ (بەپەلە دەڕوات بۆ لاى مەكینەى خەیاتییەكە) ڕەشەبا و بارانێكى بەهێز بوو، دەنگى دەرگەى حەوشەكە ئەهات، ڕەشەباكە ئەیهێنا و ئەیبرد، من چووم بۆ ئەوەى دەرگاكە دابخەم، خۆزگە نەچوومایە، خۆزگە قاچێكم بشكایە و نەچوومایە، بە سەرخۆشى گەڕایەوە، من لەو كاتەیا ئەمویست دەرگاى حەوشەكە داخەم، چووزانم ئەو بەڵایە بەم كاتە ئەگەڕێتەوە… هەموو گیانم كەوتە لەرزە، نازانم سەرمام بوو یان ترسا بووم، بیرم نییە، هاتە پێشەوە، چاوەكانى سوور هەڵگەڕابوون، لێوەكانى كرۆشت و لێم نزیك بۆوە، (ئەوەستێت، بە جۆرێكى تر) بۆنێكى ناخۆش لە گەرووى ئەهات، گوێم لە خیزەى سەر سنگى بوو، هیچ كاتێك ئاوا شەرمەزار نەمبینیبوو، شەرمەزار و چاوشۆڕ، تا ئەهات زیاتر لێم نزیك ئەبۆوە، دەستى خستە سەر شانم، بە دەنگێكى شەرمنەوە پێى وتم : (لاسایی دەكاتەوە) كوڕەكە ئەبەم و ئەڕۆم، ئەمشەو من لەلاتان نابم… ئەمشەو تۆ میوانێكت هەیە .

(زۆر تووڕەیە) تفى تێئەكات، بێشەرەف، بێنامووس، ناپیاو، هیچوپووچ. (بەزۆر خۆى ئارام دەكاتەوە) ببورە جەنابى حاكم، ئەزانم نەئەبوایە ئاوا دەنگم بەرز بكەمەوە، بەڵام تۆ ئەزانى ئەو بێڕەوشتە چى بەسەر هێنام، ئەزانى ئەو شەوە چى ڕووى یا. (بە دڵتەنگى و تووڕەییەوە) ئەو منى لە قومارا دۆڕاندبوو، ئەو شەوە منى بەجێئەهێشت بۆ یەكێكى تر، ناپیاوێكى تر، بێویژدانێكى تر… من ماندووم جەنابى حاكم، ماندووم، تكایە با حاكمێكى خاتوون ببینم، زۆر شت ماوە لێرە لەبەردەم تۆ ناوترێت… تكایە (شل دەبێت و دەكەوێتە سەر زەوى، پاش كەمێك هەڵدەستێت و دەچێتەوە لاى مەكینەى دروومانەكە) من گۆرانیم ئەوت، گۆرانیم بۆ چارەڕەشیی خۆم، بۆ تەنهاییم، بۆ منداڵی و باوەشى دایكم، (بە جۆرێكى تر) ئەبێت دایكم ئێستا لە كوێ‌ بێت؟ زۆر بیرى ئەكەم، ڕەشەبایەكى بەهێزى هەیە، بارانیش هیچ كات خۆش ناكاتەوە، دەرگاى حەوشەكە با ئەیهێنێت و ئەیبات، نا، نا، نا، جارێكى تر ناچم بۆ ئەوەى دەرگاكە دابخەم… من خەریكى چیم؟ ئیشم زۆرە نابێت بۆستم، هاكا خاوەنخانووەكە هاتەوە و داواى كرێكەى كرد، ئاى خوایە من ئیشم زۆرە بەیانى یەكەم دانیشتنى دادگایە… ئەبێت قسەكانم كۆبكەمەوە بە پوختى هەموو شتێك باس بكەم، (بە تۆنێكى جیاواز) من گەشاو محەمەد فەرەج، نانكەرى گەڕەكى خۆمان، ڕەنجبەرى پیاوێكى برسى و چاوچنۆك، خەیاتە غەمگینەكەى شار، كۆڵبەرە بێساباتە دەربەدەرەكە، گۆڕە بێناونیشانەكە، بەڵێ‌ من گەشاوى كچى محەمەد شكاتم لەم پیاوە هەیە…

كۆتایی.

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.