مەولان ‌حەمەدئەمین

بەرگکردنەوەی نمایشێکی شانۆییە بە سەرنج و ئاگای دەرەوەی هۆڵ، لەژێر ناونیشانی خلیسکانێکی هزری بەسەر وشەکاندا

من چێژ لە نمایشی شانۆیی دەبینم…

نمایشی شانۆیی (وشەی نا) بە نموونە، چێژ بەشێکی گرنگی هونەرە، دەبێت بەدەستەوە بدرێت بۆ بینەر، تا وەرگرەکەی بە پڕۆسەیەکی ئاگاییدا ببرێت بەرەو کۆتا، بێ بوونی هیچ بێزاری و دابڕانێک ڕەنگە ئەم چەمکە ڕەگی مەبەست بێت، دابڕانی بینەر بۆ چرکەیەک، هێنانەوەی کارێکی قورس بێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢١/١٠/٢٠٢٥

کاتژمێر: ٥ی ئێوارە

لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چالاکی قوتابخانەکان – هەولێر، لە گەرەکی ڕووناکی شانۆیی (وشەی نا) نمایش کرا، بە پۆلێک لە ئەکتەری لێهاتوو ئەم نمایشە پێشکەشکرا، چاودێر و رێکخەری ئەم پرۆژە هونەرییە (سدیق حسێن)ە ئەکتەرانی بەرێز بریتین لە هونەرمەندان،

١- زیاد کەریم پیرداود

٢- ڕەشوان ئەحمەد

٣- ئاواز ئەحمەد

٤- کارمەند خدر

٥- بڵند کاوە

سەرەتا دەستخۆشی لە یەکەبەیەکەی ئەم کاستە بەتوانایەی نمایشی شانۆیی (وشەی نا) دەکەم لە هەموو چرکەساتەکانی ئەم نمایشەدا هەست بە ماندووبوون و ئارەقی ئەو ماوە دوورودرێژە دەکرا کەوا بەم نمایشە جوان و سەرکەوتووە هیلاک و ماندوو بوون.

ئەو نمایشە لە چەند ڕوویەکەوە سەرنجی بردم، کە دەبێت قسەی لەبارەوە بکەم. هەڵبەتە تەوەر و چەمکی زیاتر هەن و قسە هەڵبگرن، بەڵام من بۆ ئەم تەوەرانە خۆم تەرخان دەکەم کەوا گۆشەنیگایەکی نوێ بێت بۆ بیرکردنەوە، تا دووبارە بیانخەینەوە بەرباس.

١- ناونیشان

٢- چێژ

٣- نواندن

٤- کارەکتەر

٥- شێوازی کارکردن، گووتار و پەیام

١- ناونيشان:

ناونیشان قورسترین تەوەرە لە هونەردا، من زۆر لەسەری دەوەستم، زۆر جاری وا هەبووە نووسینم لە بڵاو کردنەوە دواخستووە ناونیشانەکەی لایەقی نووسینەکە نەبووە. ناونیشان سەرنجبەرترین بەشی هونەرە. تەنها بۆ ڕاستکردنەوە (نا) وشە نییە، نەوەک لەبەر ئەوەی (نا) لە دوو پیت پێک دێت و وشەیەکی بچووک بێت، بەڵکو چەندین تاکە پیتمان هەن نوێنەرایەتیی وشەیەک دەکەن وەک (چ) بۆ پرسیار بەکار دێت (چ دەخۆی؟ چ دەکەی؟) یان وشەمان هەن تەنها لە دوو پیت پێک دێن وەک (زگ – مل) هەندێ ئامرازی (ضمير) دەربرینی واتامان هەن وەک (ئا – با – نا)

بەتایبەت (نا) واتایەکە وەرامی نەبوونی شتێکی بە نەخێری پێ دەدرێتەوە بۆ نموونە

 دەخوێنێت؟ ناخوێنێت.

(نا) بۆ یەکخستنە بە تەنها یان لەگەل وشە بەکاردەبرێت وەک (ناڕاست – ناچم) خۆی لە بنەڕەتدا وشە نییە.[1]

٢- چێژ

چێژم لەو نمایشە بینی، بەڵام چێژیش بەو مانایە نییە، بە پەسەندی دەزانم یان تەواو هاوڕابم. چیژ و هاوڕابوون، دوو شتی جیاوازن. خەڵکی بەگشتی چێژ لە فیلمە بیانییەکان دەبینن، بەڵام هاوڕای ئاین و کولتووریان نین. هاوڕایی لە بەرهەمێکی کوردی گرنگە، دەربخەین بۆ؟ هاوڕاین بۆ هاوڕا نین! چونکە هاوزمان و کولتووری خۆمانە دەبێت خاڵ بخەینە سەر پیت.

من چاوەڕێی چێژی زیاتر بووم لەو بەرهەمە، چونکە من شێوازە نوێیەکەی (شانۆی سات)ی دەرهێنەر (سدیق حسێن) بە پێداویستییەکی ڕۆحی و هەنووکەی هەر تاکێکی کوردی ئێستام دەزانی، لەبەرچی؟

لەبەر ئەوەی ئێمە خاوەن ساتی زیندووی خۆمان نین، هەمیشە مردووی ژیانەوەی ساتە مردووەکانمانین یان لە ڕابردوویەکی ڕەشدا دەژین یان لە داهاتوویەکی نادیار و ترسێنەرداین خاوەنی چرکەیەکی زیندووی ئێستامان نین، چاوەڕوان بووم ئەم چرکانەم بۆ زیندوو بکرێنەوە و بدرێنەوە دەست خۆم، فێرم بکەن چۆن لە ئێستادا بژیم؟ ساتەکانی ئێستام بخەنەوە بەردەستم بە هونەری نواندن لەسەر تەختەی شانۆدا، لە ڕابردووم دامببڕن و لە داهاتووی ترسێنەرم دوورم بخەنەوە و بمخەنەوە ئێستام، بەڵام سات بۆ ئەو مانا قووڵەی بیرکرنەوە هەوڵینەدابوو، بەڵکو هەموو شێوازە نوێیەکە لەوەدا کۆبووبووەوە مانای سات لای دەرهێنەر ئەو ساتەیە کەوا دەستنیشانی بەرواری کارکردن دەکات و لەوێوە دەقبەرهەمهێنان دەست پێ دەکات وابەستەی هەردوو دونیای دوور لە ئێستامان دەکاتەوە بە سەربردەکانیان.

وەک بەرهەم چێژ لە هەموو کارێکی شانۆیی دەبینم و ئامادەی دەبم بەتایبەت کارێک، بە تروسکاییەکی بچووکیش بەرەو ڕابردووم نەباتەوە. تەواوی پێکهاتەکانی نوێکاری بێت و خۆی بە لاسایی و دووبارەکردنەوەی کەسانی پێش خۆی بە هیلاک نەبات، چێژبەخشە ئەم کارە بە تەواوی پێکهاتەکانی سنووربەزاندنی پێش خۆی بوو، ڕووی دەرهێنەر لەپێشەوەیە. ئەمە بەشێکی گەورەی چێژە.

هەرچەندە وەک (جۆر) جۆرێکی نوێیە

بەمەش دەرکەوتنی شێوازێکی جیاواز دید و بۆچوونمان فراوانتر دەکات هەست و سۆزمان ئارامتر دەبێت بە ئاشنابوونمان بە ڕەهەندی تازەی بیرکردنەوە، دووبارەکردنەوە و بەخشینەوەی بەرهەمە دووبارەکان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی هونەر، لێرە  ئێمە لە ساتێکی نوێی هونەریدا بەر ڕۆحی هونەرمەندێک کەوتین لە تەواوی هەست و سۆزیدا بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، ڕووی لە جیهانێکە هێشتا بەتەواوی دەستی بە هەموو بنجوبنەوانەکانی نەگەیشتووە، کەلێنە تاریکەکانی ئاشکرا نەکردووە بەتەواوی هەر لە گەرانێکدایە وەک ئەو تاقیگەیەی (کرۆتۆفسکی) بۆ گەران بەدوای نوێکاریدا دایمەزراند، (یۆژین یۆباربا)ش پەرەی پێ دا و گەران تێیدا بەردەوامە.

٣- نواندن: لەم نمایشەدا نواندن بەشێکی گرنگی چێژ بوو، توانای لەڕادەبەدەری ئەکتەران بەدی کرا بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک بەسەر ستەیجدا بەبێ دابڕان بەردەوام دیالۆگ و هەست و هاوار بەیەکەوە بینەری جۆش دابوو، هەرچەندە ئەو دیمەنە درامیانەی کارەکتەر تێیدا لەدایک دەبوو دیمەنی یەکجار بچووک بوون، وەک کوڕ و باوک ژن و مێرد یان وەستا و کرێکار، یەکجار دڵبەر بوو تەواوی دڵ و هەستی دادەپۆشین.

ئەگەر وردتر بچینە سەر ئەو چرکەساتانەی تەواو ئەکتەر تێیدا دەبوو بە خۆی و تێیدا هەست و سۆز جێگەی هاواری پڕ دەکردەوە و ئارامیی دەبەخشییە نماشەکە، ئەو ساتانە بوو کاتێک ئەکتەران دەگەیشتن بە ناوەوەی خۆیان، لە چرکەیەکی درامیی گێرانەوەیەکی سادەی دەکرد.

ئەکتەری لێهاتوو (ئاواز ئەحمەد) لە گێرانەوەی سەربردەی خۆی و باوکیدا بەتەواوی هەستی خۆی بردینییە ئەو شوێنەی مرۆڤ تێیدا خاڵی دەبێتەوە لە هەموو بەرژەوەندییە ماددییەکان و لەوێدا یادەوەرییەک تەواو ئارامیت دەشێوێنێت بۆ بینینی کەسێک تەنها دڵ پێی ئاسوودە بێت، ئەمە لەو نواندنە سەرنجڕاکێشەدا بەدی کرا لە ساتە تایبەتەکانی ئەکتەر تێیدا دەبوون بە خۆیان و دوور دەکەوتنەوە لە هوتافکێشان.

یان ئەو ساتە جوانەی کەوا (کارمەند ئەحمەد) تێیدا دەشکێ و بێهیوا دەبێت، وەک خۆی دیالۆگ دەڵێت، دڵ دەکات بە ئاو ئەوەندە پڕی دەکات لە سۆز، ئەگەرچی ساتی دەروونیی کورت بوون بەڵام چێژی تەواویان بەخشی.

لەم نمایشەدا لە غیابی کارەکتەر، بینەر بە حەسرەتی دۆزینەوەی چەند دیالۆگێکی دەم و دوو بوو، چەند چرکەیەکی نێوان کارەکتەرەکان بوو بۆیە ئەو چرکەساتە بچووکانە لەبیر نەکراون پڕچێژن. تاکە نرکەیەکی ئەکتەری دواتر (زیاد کەریم) کەوا باسی برسیبوونی پێشمەرگەیەکی دێرین دەکرێت، نرکەی گریانی هات بۆی، پشانی داین مرۆڤ بەرامبەر بەوێژدان چەندە بێدەسەڵاتە دەستمانی ڕاکێشا بەرەو مەرگەساتی ئەو دیمەنە.

هەروەها (ڕەشوان ئەحمەد) کاتێک کارەکتەرە جیاوازەکان وەک پۆلیسی هاتوچۆ بەرجەستە دەکات ئەگەر چی ساتی کورت بوون، بەڵام لەوێدا بە ڕووی نواندندا کرانەوە، تێیدا خۆیان ون کرد و تەواو دەبوون بەو کارەکتەرە نوێیە و دەهاتەوە بەرچاوان.

(بڵند کاوە) ئەکتەرێکی تازەپێگەیشتوو توانی زۆر بەلێهاتوویی پێشبڕکێیەکی سەخت بکات لەگەڵ چەندین ئەکتەری خاوەن پیشە و هەناسەی درێژ لەم کارەدا، وەک ئەوان لەنواندندا بێجیاوازی بەردەوام بێت.

٤- کارەکتەر

ئەکتەر ئەوکاتە دوا هەنگاوی بەجێهێشتنی کەسایەتیی خۆی هەڵدەگرێت و بەرەو سنووری کارەکتەر هەنگاو دەنێت و دەڕوات. ئەو کاتەی لە پەیوەندیی نێوان خۆی و کارەکتەر تێگەیشت گرنگترین ئامرازی تێگەیشتن زانینی پەیوەندییەکانە کاتێک ئێمە لەسەر کورسیی نمایشین پەیوەندیمان بە هۆڵ و ئەکتەر بە دەرهێنەر، دواتر دەبێت ئێمە لە نمایشدا هۆکاری بەیەکگەیشتنی کارەکتەرەکان لەسەر ستەیج ببینین، تاوەکو هۆکاری بونیادیان بزانین و لەم پەیوەندییەوە کارەکتەران لەیەکتر جیا بکەینەوە و هۆکاری بونیادیان بزانین، لەو ڕوانگەوە کاریگەریی تووند لەسەر هەست و سۆزی بینەر دروست دەبێت، کە کارەکتەر پەیوەندی بە بەرامبەرەکەی لۆژیک بوو بیر و پەیام لۆژیک دەبیت بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر بینەر.  ئەوە دروست نەبێت کە هەموان هەمان کێشە و هەمان هەست و هەمان سۆز و هەمان بابەتیان هەبێت وەک ئەوەیە کێشەیەکت هەبێت بە چەند کەسێک بیگێڕیەوە بە نۆرە بێنە قسەکردن، لە بنەرەتدا یەک کەس بن و لەبری یەک کەس قسە بکەن. ئەمە درێژکراوەی مۆنۆدرامایەکە بۆ چەند کەسێک کەوا لە توانایاندا نەبێت ببن بە کارەکتەری تۆکمە. یەکێک لە کێشە گەورەکانی مۆنۆدراما نەبوونی گوێگرە بە چارەسەکردنی ئەم دیاردەیە مۆنۆدراما پەسەند دەبێت، ئەگەر بەهانەیەکی درامی دۆزرایەوە بۆ قسەکردن ئایا بۆ کێ قسە دەکات؟ لەگەڵ خۆی بۆ بەردێک یان هەر هۆکارێک.

ڕووکردنە بینەر بۆ دیالۆگکردن و نەبوونی گوێگر بۆ ئەکتەر لەناو چوارچێوەی نمایشدا، دەبینین ئەکتەر جوگرافیای شانۆ لەدەست دەدات گیانی نە لەسەر ستەیج دەمێنێیت نە دەتوانێت بێتە خوارەوە لە بێخودییەکی سەیردا دەبێت، خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە ئەکتەرە یان یەکێکە لە بینەران؟ ئەگەر بینەرە بۆ قسە دەکات؟ ئەگەر قسە دەکات بۆ هیچ پەیوەندییەک لەئارادا نییە؟ هەموان بەیەکەوە دروشم فڕێدەدەن.

٥- شێوازی کارکردن، گوتار و پەیام:

وەک کارکردن بۆ خوودی پڕۆژەکە یان دەرهێنان من ڕەنگە لەگەڵ شێوازی کارکردنی کاری شانۆی (سات) ناکۆک بم، چونکە شێوازەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی (دەق) دەرهاویشتەی هزرگوشین و کاری ڕژدی پێشوەختەی دەرهێنەر نین، بەڵکو دەرئەنجامی دواخستنی ئەرکێکە لە ئەرکەکانی دەرهێنەر کەوا بەر لە بڕیادان بۆ پرۆژەفیکرییەکەی تا بیخاتە ڕوو کاری داڕشتن و دراماتۆرگی بۆ بکات. یەکەم شت دەست بکەیت بە پرۆڤە هێشتا پرۆژەی فیکریت نائامادەیە

دەرهێنەران دوای ئەوەی پرۆژەیەکی فیکری پەرێشانی کارکردنیان دەکات بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن وەک دراماتۆرگ بەدوای وشەبەوشەی پێویستی پرۆژەکەیاندا دەگەڕێن و دەق بونیاد دەنێن، پاشان ئەرکەکانی تر زۆر ئاسایی و ئاسانن یەکبەدواییەک لە هەڵبژراردن و دەستکردن بە پرۆڤە چەند مانگێگ زیاتری پێویست نابێت، چونکە ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام داوە.

 بەڵام لەناو خودی ئەکتەردا بەدوای خۆت و خودی ئەکتەردا بگەڕێت و لە ئەنجامی بەرکەوتن  و هزردا شتێک هەڵکرێت تا دەگەی بە دەق. حەتمەن وزەیەکی زۆری هەموان بەفیرۆ دەڕوات و دەیان مانگ پرۆڤە ئەنجام دەدرێت، دەرەنجامی بەفیڕۆدانی کات بە پڕۆڤە لە مانگی یەکەوە دەستکراوە بە پڕۆڤە و لە کۆتایی مانگی دەدا نمایش هاتە بەرهەم، هەر وەک دەرهێنەر لە ڕیکلامێک بۆ نمایشەکەی ئاماژەی بەوەدا ئەم بەرهەمە کۆی دە مانگ کارکردنە. دەبینین لەم ماوە زۆرەدا چەندین ڕووداوی گەورە لەو وڵاتەدا ڕوویان داوە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەر ژیانی خەڵکدا هاتوون، ئەوان لێی بێخەبەرن. هەر لەو کاتەی ئەم (فیگەرانە)ەی دەستنیشان کرابوون بۆ خستنەڕووی پرسە ناڕەزایەتییەکان هیچیان نەماون، حەیف باس لە کێشەیەکی چارەسەربوو دەکەن وەک دووکەڵی ئیگزۆسی مۆلیدەکان، داخ ئەوەیە بۆ ئەم نمایشە نەماون، ئەم دووکەڵە بە مۆلیدەوە هەڵگیراون و نەماون، یان پچرانی کارەبا و هەڵدانەوەی جۆزەی کارەبا شەش مانگ دەبێت کارەبا چارەسەر بووە و نەپچڕاوە بووەتە بیستوچوار کاتژمێری. هەر وەک چۆن مرۆڤ هەندێک جار لە جەنجاڵی و نائاگایی خۆیدا لە ڕێگەیەکی ڕاستدا تووشی خلیسکانێک دەبێت ئەمە هەمان شتە بۆ هزر.

خلیسکانێکی هزرییە بەسەر وشە و دەستەواژەکاندا. ئیدی لێرە کێشەیەکی گەورەتر لەو باسانە  سەرهەڵدەدەن ئەویش گوتاری نمایشێک بە هەموو توانای دەنگهەڵبڕێت باس لە کێشەکان وەک کارەسات بکات بۆ خەڵک، بەڵام کارەساتە گەورەکە ئەوەبێت لە بابەتێکی نەماو و بەسەرچوو بدوێت کەوا لای خەڵک بووەتە یادەوەری.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دە مانگە بە فەزڵ لەسەر بینەر هەژمار نابێت، چونکە ئەگەر هەر کارێکی هونەری بە نموونە وەربگریت پەیکەرێک سێ مانگ بۆ بەرهەمهێنانی پێویست بێت کەسێک بە ساڵێک بیکات، کێشەی دواکەوتنی هەیە فەزل نییە بیکات.

کێشەی دواکەوتن کێشەی بینەر نییە، ئەگەر چی کات و وزەی زۆر دەبات.

ئەمە وەک دۆزینەوەی گەردیلەی کانزایەک لە شاخەکاندا هەبێت، تۆ  لە قووڵایی زەویدا بۆی بگەڕێیت بە ڕای من لە ئەکتەردا تەنیا هەستی هاوتەریبیی دەق دەستدەکەوێت، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجی بەرجەستەکردنی ڕۆحی نووسراو، بە بەرجەستەی دەقدا لەڕێی ئەکتەرەوە. بەڵام کاتێک دەقت لە ناخی ئەکتەردا بووێت بیهێنیتە دەرەوە هەر ئەوەیە کاتێکی زۆر وزەیەکی زۆرت دەڕوات، تا دەگات بە بەرهەم. هەر ئەوش نا بەڵکو ئەمە ڕێگە بۆ کێشەیەکی گەورە خۆش دەکات، ئەویش چونکە لەپێناو بیری سەرەکیدا بەدوای وشەی لایەقدا نەگەڕاویت، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەدوای دروشمی سەرنجڕاکێش تا بیرێکی سەرەکی پێ بونیاد بنێت. بۆ نمایش   گەڕاویت چەندین وشە و دێڕ و ڕستەت بەهەرم هێناوە بێ ئەوەی پێداویستیی بەرهەمەکە بن، ئاڵودەیان دەبیت و دەستبەرداریان نابیت، بۆیە هەست دەکەین چەندین ڕستە و وشەی بریسکەدار بێ ئەوەی پەیوەندییان، یان گرنگبوونیان لە ئێستادا مابێت یان سوودیان بزانین دەیانبیستین، بەمەش دەرهێنەر هەنگاوی گەورە دەنێت بەرەو بەرهەمهێنانی نمایشێکی  (شیعاراتی) یان دروشمبازی. ئەمە چەند ڕێبازێکی شانۆییمان بیر دەخاتەوە ئاخۆ لەم ڕەهەندەوە لە چ کونجێکی دونیادا کار کراوە و بە چ مەبەستێک دروشم بۆ سەر تەختەی نمایش هێنراوە و کاری بە دەقکردنی لەسەر کراوە؟ دەبینین لە بەڕازیل ڕێبازی فۆڕمی شانۆنامەی ستەملێکراوان لە نووسینی شانۆنامەنووسی بەڕازیلی (ئۆگستۆ بۆال)[2] بابەتەکانی ڕۆژنامە وەک کەرەستەی خاو بەکار دەهێنێت. ئەم تەکنیکە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی وەک خوێندنەوەی دەقەکانی ڕۆژنامە لە چوارچێوەی ڕەسەنی خۆیانەوە (دەقلیزەکردنی دەقی)، خوێندنەوەی هەواڵەکان بەیەکەوە (خوێندنەوەی یەکتر) یان دراماتیزەکردنی ناوەڕۆکی هەواڵە ئەبستراکتەکان لەسەر شانۆ بۆ دروستکردنی دیمەنێکی دراماتیک و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

شانۆی ستەملێکراوان: شانۆی ڕۆژنامەوانی بەشێکە لە تیۆری شانۆی ستەملێکراوان، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازە نادراماتیکییەکانی وەک دەقی ڕۆژنامەوانییەوە هەوڵ دەدات بینەر بەهێز بکات.

گۆڕانکاری بۆ دیمەنە شانۆییەکان: بابەتەکانی هەواڵ دەگۆڕدرێن بۆ دیمەنی شانۆیی، کە لە ڕێگەیەوە بینەر دەتوانێت شیکاری و ڕەخنە لەو بابەتانە بکات، کە وروژێنراون.

تەکنیکە پێشکەوتووەکان: بۆوال چەندین تەکنیکی بۆ ئەم شێوازە پەرەپێدا، لەوانە خوێندنەوەی بابەتەکان لە دەرەوەی چوارچێوە، خوێندنەوەی بە شێوەیەکی ڕیتمی، ئیمپرۆڤیزەکردن، بەرجەستەکردنی ناوەڕۆکی ئەبستراکت و بەستنەوەی بە ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەوە.[3]

ئەمەش جۆرێکە لە هێنانی دروشم بۆ سەر شانۆ و شیکاریکردن بۆی، تا خەڵکی خۆیان لەپشت هەموو دروشم و ڕووداوەکان بگەن، بە ئاسانی توانای خوێندنەوەی پشت دێر و دروشمەکانیان هەبێت.

بۆ دروستبوونی پڕۆژەیەکی هونەری بە پێکهاتەی تەواو لە ڕووە ئەدەبییەکەی دەقێکی ڕاوەستاو لەسەر بنەمای دروستبوونی کارەکتەر بۆ گێڕانەوەی ڕووداو و باسێک.

جگە لەمە گێڕانەوە فۆرمێکی تر وەرگرێت ڕەنگە ببێت بە لەبەرگرتنەوەی فیگەرێکی ژیان و   نەبێت بە درامایەکی کاریگەر بەسەر هەست سۆزدا، بەڵام هێنان و هاوردەی دروشم بۆ سەر تەختەی شانۆ جگە لە گەورەکردن و زەقنیشاندانی نمایشێک هیچ ئەرکێکی تر وەرناگرن. بەم جۆرەی پەیوەندییان لەنێواندا نەبێت هۆکاری دەرپەڕاندنی وشەکان نەزانراو بێت.

لە ڕووی پەیامیشەوە، دوو (نا)ی جیاواز لە گوتاری دەرهێنەردا بەدی دەکرێت، ئەمەش لەنگییە لە کاتێکدا نا بۆ دواکەوتوویی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەکەی دەکات، لەبەرامبەریشدا تەکنەلۆجیا کەوا ئامرازی ڕۆشنبیری و ئاسانڕاگەیشتنە بە زانیاری ‘نا’ی لێ بکەیت و وەک دواکەوتوو سەیری بکەیت. ‘نا’ لە هەموو ‘نا’کانی ڕابردوو بکەیت کەوا خەڵک لە ڕابردوودا ناڕازیی ژیان و گوزەران بوون، تۆ ‘نا’ لە ئێستا بکەیت ئیشتیاق بۆ ڕابردوو پەیدا بکەیت ئەم بەرکەوتنانە خلیسکانێکی هزرییە بەسەر وشە و دەستەواژەکاندا کەوا دروشمبازیی ئەم هەڵزنینە دروست دەکات.

ئەم دروشمە زۆر زبرانە کەمهێنانێکی گەورەی گەیاندنی هونەرمەندە لە لاتەریبکی بەرتەسکی ڕێگە وەستابێت دژ بە هەموو گەشەسەندنێکی ژیار و دونیا، وەک ئەوەی بە تەواوی لەشەڕدا بێت لەگەڵ جوانی. هەموو جوانییەک نەبینراو بێت، بیگومان ڕەشبینی بەرهەم دێت کەوا هیچ دەرنجامی نییە. دەبینین مرۆڤ خاوەنی هیچ شتێکی کامل و باش نییە کەچی ژیان فێری ئەو مرونەتەمان دەکات، بە ئاستێک نەرمی بنوێنین لەگەڵ شتەکاندا ڕێ بکەین، ئەگەر بە خراپیشیان ڕانەیەین، بەڵام خۆمان بخەیەنە ئەو شوێنەی گلییەکان بۆ ئەو کاتە دوابخەین، توانای گۆڕانکاریمان هەبێت لە ناخی خۆماندا وەک ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەمان لە هەرە باشەکان نییە کەچی لەگەڵیدا ڕێدەکەین، ناو ماڵ، جلوبەرگ، هەرچی هەیە لێی بەگلەیین، بەڵام لەگەڵیشیاندا رێ دەکەین، تا ئەو جێگەیەی توانای باشتر لە خۆماندا دروست دەبێت، ئەوکات گلەییەکان خۆیان خۆیان بەیان دەکەن، کاتێک مرۆڤ چیتر خۆی بە کڕیاری شتە بێکەڵکەکان نابینێتەوە. ژیان بەگشتی لەسەر ئەم بنەمایانە ڕێ دەکەن، کەوا هەر تاکێک لە ئێمە بە جۆری خۆی پێی دەژیێت نەوەک هەموو شت لە بابەتێکدا کۆبکەینەوە لە بەرامبەردا سەرنجێکمان هەمووی ڕەت بکەینەوە. یان ڕەتکردنەوەی سەراپای شتێک لە بەرامبەر تەنها توانجێکدا، وەک ئەوەی شەڕت لەگەڵ جوانی و پێشکەوتن هەبێت و بریارت دابێت سەد ئەوەندەش ببینیت هەر ئەو ڕایەت دەبوو. ئەم بیروڕایە بۆ تاک ئازادە پێی بژیێت، بەڵام وەک هونەرمەند، تا لە هونەردا دووبارە ڕەنگ بداتەوە جێی پرسیارە، کەس سوود لە هیچ جوانی و پێشکەوتنێک وەرنەگرێت و ڕەتی بکەیەوە بۆ ڕابردوومان بگێریەوە، چونکە هیچ کەس خۆی بە شایەنی ڕابردوو نازانیت، جا ڕابردوویەکی تاڵ نەوەک بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمەی جگە لە شەڕ و وێرانکاری و نەهامەتی  هیچی بۆ نەمابوویەوە تا بیری ئەو ڕۆژە ڕەشانە بکات و ئارەزووی گەڕانەوەمان بۆ پەیدا بکات بە نیشاندانی هەموو شتێک بە شووشەی بەتاڵ، ئەمە دیالۆگە هەرە سەرەکییەکەی ئەم نمایشە بوو دەیان جار بەسەر هەموو دەستەیەکی وڵاتدا دووپات کرایەوە، مامۆستا بەتاڵ، ژیان بەتاڵ و هەموو شت بەتاڵ.

پڕیی نمایشێک بە بەتاڵکردنەوەی کۆمەڵگە دروست نابێت لە ئەنجامدا ئەم نمایشەش بەرهەمی ئەم کۆمەڵگەیەیە.

هەولێر ٢٠٢٥/١٠/٢١

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.