سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی

گۆڤاری داكۆ بۆ شانۆ، هەنگاوی یەكەمی داكۆیە بۆ خزمەتكردن بە بواری هونەر و شانۆ، هەنگاوی داهاتووی داكۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵی شانۆ و سازكردنی دیبەیتی شانۆكاران و هونەرمەندانە، پاشان بەرهەمهێنان و هاوكاریكردنی نوسەر و دەرهێنەرەكان بۆ بەرهەمهێنانی كارەكانیان و نمایشكردنیان.

داكۆ بۆ شانۆ هەوڵێكە تا لە ڕێگەی شانۆوە هونەرمەندان، نوسەران و دەرهێنەرەكان بتوانن بە وشە، جوڵە و ڕەخنە وێنەی ئەو دۆخەی ئێستای كوردستان و دونیا بكەن. داكۆ پێی وایە تەنها شانۆیە دەتوانێت ئەو هەموو ئازار و كێشانەی كە ئێستا لەم نیشتیمانەدا بوونیان هەیە باسیان بكات و بیانكات بە وشە، جووڵە و بیانخاتە سەر تەختەی شانۆ و بە هەموان بڵێت ئەوەی دەگوزەرێت، ئەوەی ئێستا هەیە، تەنها هونەرە دەتوانێت وێنایان بكات، ڕۆحیان بكاتە بەر لەسەر تەختەی شانۆ و سارێژیان بكات.

هەمیشە ئەم نیشتیمانە نیشتیمانی شانۆ بووە لە هەموو دۆخە سەختەكاندا هۆڵەكانی شانۆ جمەیان هاتووە، گۆڤار و پەرتووكی شانۆی هەبوون، شانۆكاران و نوسەران و هونەرمەندانی كورد پێشەنگ بوون، دەستیان خستووەتە سەر برینەكان و خەم و ئازار و كێشەكانیان كردووەتە تابلۆ و داویانە بە گوێی خوێنەر و بینەردا.

ئەوەی داكۆ بۆ شانۆ ئێستا دەیەوێت بیكات كردنەوەی دەرگای داخراوە لەسەر شانۆكاران و هونەرمەندان و ڕەخنەگرانی شانۆ، لێرە هەموان ئازادانە دەنووسن و بەرهەمە نوێكانیان بڵاو دەكەنەوە. گەنجە خوێنگەرمەكان دەناسێنرێن و دەق و ڕەخنە و وتارەكانیان لە چوارچێوەی ئەم گۆڤارەدا چاپ دەكرێت و دەخرێتە بەردەم خوێنەران و عاشقانی شانۆ. هەموو وەرزێك گوڵدانێك لە جوانییەكانی شانۆ بە هەموو ژانرەكانییەوە دەخرێتە بەر دیدەی خوێنەران لە دووتوێی گۆڤارێكی ٢٠٠ لاپەڕەییدا.

ئەوەی داكۆ بۆ شانۆ دەیەوێت بیكات لە ئایندەدا ئەوەیە دەرگای هۆڵی نمایشەكان بكرێنەوە، تەختەی شانۆكان گەرم و ڕووناك بكرێنەوە و جارێكی دیكە بە جووڵەی ئەو هەموو ئەكتەرە جوانە ژیانی پێ ببەخشینەوە و جارێكی دیكە بینەر بێنەوە بۆ سەیری نمایشەكان و ئەكتەر و دەرهێنەرە بەتواناكانی ئەم نیشتیمانە لەبری ئەوەی سەرقاڵی كاری تر بن یان لەجیاتی تەختەی شانۆ كە ئێستا بەشێكی زۆریان ڕوویان لە فیلم و سینەما و تەلەفزیۆنەكان كردووە، دووبارە بگەڕێنەوە باوەشی شانۆ و دووبارە ئازار و خەم و كێشە و ئاریشەكان لەنێو هۆڵی نمایشدا باس بكرێت و شانۆیش وەك هەمیشە و بەدرێژای مێژوو قسەی خۆیان لەسەر بكات و بیانكاتە دەقی نمایشەكان.

خوا یاربێت داکۆ، ئێوە، بینەر و خوێنەر پێکەوە، بۆ لەمەودوا جگە لەم گۆڤارەی لەبەر دیدەتانە، ئاشنا دەبن بە کتێبی شانۆیی و چەندین دەق، سیناریۆ، ڕەخنە و وتار و دواجاریش جووڵە و ڕووناکیی ناو هۆڵەکانی شانۆ لە سلێمانی و کوردستان. سەركۆ ئازاد گەڵاڵی

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.