شانۆنامەیەکی یەک پەردەی کۆمیدی

نوسینی: ئەلێکس بڕاون     

وەرگێڕان و ئامادەکردنەوەی لە ئینگلیزییەوە: گۆران محەمەد

کاراکتەرەکان/

١ – کچە ئاکتەرێک

٢ – دەرهێنەر

شوێن/ سەر تەختەی شانۆ (ستەیج)

کات: بەیانییە

(دەنگی دەرهێنەر لەناو بینەرەوە دێت)

دە رهێنەر: کەسێکی تر با بێت.

(کچێکی گەنجی سەرنجڕاکێش دێتە ژوورەوە، بە لارولەنجە و باوەڕبەخۆبوونەوە دێتە ناوەڕاستی شانۆکە)

کچ: بەیانی باش؟

دەرهێنەر: (خەریکی تەماشاکردنی فیلێکە لەبەردەستیدا) بەڕاست هێشتا هەر بەیانییە؟

کچ: (زەردەخەنەیەک دەکات) بەڵێ بەیانییە.

دەرهێنەر: یانی دەبێت تاوەکو هەشت کاژێری تر لێرە بمێنینەوە!

کچ: (بە ناسکییەوە) ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی زۆرت لەگەڵ خەڵكی کردووە، (وچانێک) لێرە؟

دەرهێنەر: بەڵێ کردوومە، بەڵام ناکرێت بە درێژایی ڕۆژ لێرە دانیشم و خەریکی گاڵتەوگەپ و قسەی خۆش بم لەگەڵ خەڵکی، وانییە؟

کچ: بەڵێ کات وەکو پارە بەنرخە.

دەرهێنەر: جا وایە؟

کچ: خەڵکی وا دەکەن.

دەرهێنەر: خەڵکی وا دەکەن! ڕاستترە بڵێیت خەڵکی وا دەڵێن!

کچ: (پێدەکەنێت) تۆ ڕاست دەکەیت… من ناوم ڕێبێکا زێنە، ئەمڕۆ، من دەمەوێت نواندنێکتان پیشکەش بکەم و…

دەرهێنەر: (بەدەستەکانی ئاماژەی بۆ دەکات تاوەکو بوەستێت لە قسەکردن) بمبوورە، گوتت ”زین”ێکت لەگەڵ خۆت هێناوە بۆ ئیڕە؟!

کچ: نا، من گوتم ناوم  ”ڕێبێکا زێن”ە.

دەرهێنەر: (تێڕادەمێنێت) ئۆو یانی ئەوە ناوی تۆیە!

کچ: من نازناوەکەم زێنە، نەک ”زین”

دەرهێنەر: ئەههه من خۆشحاڵم کە… باشە تەنها نازناوەکەت زینە، باشە باشە، گوتم باشە دەبێت بۆچی زینی ئەسپی لەگەڵ خۆی هێنابێت؟!

کچ: زێن، زێن، ز،ێ،ن… ڕێبێکا زێن.

دەرهێنەر: بەڵێ بەڵێ تێگەیشتم.

کچ: سەول.

دەرهێنەر: (تێڕادەمینێت) چۆن؟

کچ: گوتم ناوم ”ڕێبێکا زێن سەول”ە

دەرهێنەر: سەوڵ؟ زینی ئەسپ و سەوڵی بەلەم؟!

کچ: نا نەخێر سەوڵ نا سەول، یانی بە ”ل” نەک بە ”ڵ” (لە هەوادا ئاماژە بە نووسینی پیتی ”ڵ” دەکات بۆ دەرهێنەرەکە) من ناوم…  

دەرهێنەر: بەهەرحاڵ، سەوڵ و سەول و بەلەم و بەحر و ئەم جۆرە شتانە هیچ ڕۆڵێک و بەهایەکیان نییە لە ئێستادا، ئەوەی گرنگە ئەوەیە بزانین چیت بۆ ئامادە کردوین تاوەکو پێشکەشمان بکەیت.

کچ: بە دڵنیاییەوە، من تەنیا ویستم بڵیم…

دەرهێنەر: (پێی دەبڕێت) دەتەوێت بڵێیت چی ئازیزەکەم؟

کچ: پێشتر من وێنە و ژیاننامەی خۆمم بۆ ناردوون.

دەرهێنەر: ئەوە ڕاستە. (لەپر بیری دەکەوێتەوە) ئۆو بەڕاست (تەماشای بەردەمی خۆی دەکات)

کچ: ناوەکەم لەبەردەم، هێنەکەتە.

دەرهێنەر: (تەماشایەکی ناوەکەی دەکات) خراپ نییە، بیرکردنەوەیەکی باشە، قسەیەکی باشت وت، لەبەردەم هینەکەمە، (بزەیەکی بێشەرمانە دەکات) هینەکەی من.

(وچانێک)

(دەرهێنەر زۆر بە جیدیی خۆی خەریک دەکات و تەماشای ناوەکەی دەکات و لەبەرخۆیەوە هەندێک وشە لە دەمی دێتە دەرەوە، بەڵام ڕوون نییە چی دەڵێت)

کچ: (کچەکە تێیڕاماوە و تەماشای تەسەروفی دەکات) من ئیستا دەمەویت دەست پی بکەم ئەگەر ئێوە حەز بکەن.

دەرهێنەر: (لەپر دەوەستێت) چی؟ ئەها، ئەوە شتێکی باش دەبێت، منیش هەر چاوەڕێی ئەوەم دەکرد… باشە، تۆ لەمڕۆدا دەتەوێت چیمان پێشکەش بکەیت؟

کچ: ”بلانش دووبوا لەناو شەمەندەفەری سەر شەقامەکە”

دەرهێنەر: (سەری دەلەقێنێت) چەند نایابە! باشە بۆ لەم جیهانە گەورە و فراوانەدا ئەمەت هەڵبژارد؟

کچ: لەبەر ئەوەی لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا کارم لەسەر هەمان دەق کردووە.

دەرهێنەر: بەڵام تۆ زۆر گەنجیت بۆ…

کچ: (پێی دەبڕێت) زۆر سوپاست دەکەم.

دەرهێنەر: مەبەستم ئەوە نەبوو ئازیزەکەم، تۆ نەتهێشت قسەکەم تەواو بکەم، بەڵام…

کچ: (دووبارە پێی دەبڕێت) ئۆۆ (تەریق دەبێتەوە) ببورە نەمزانی.

دەرهێنەر: قەیناکە، هۆکاری لێکتێنەگەیشتنەکە پەیوەندیی بە لایەنی زمانەوانی و پەلەکردنەوە هەیە.

کچ: من داوای لێبوردن دەکەم.

دەرهێنەر: ئێمە ئامادەین، ئەگەر تۆ ئامادە بیت.

کچ: ببورە مەبەستت چییە لە ئێوە؟

دەرهێنەر: ئا، (بە دەست کاتژمێرێک لە هەوادا دروست دەکات و بە دەنگی خۆی و بە هۆی بەکارهێنانی پەنجەکانی دەستییەوە لە هەوادا تێپەربوونی کات و میللی کاتژمێرەکە دەژمیرێت) تکایە چاوەڕێی تۆین.

کچ: (ئینجا تێگەیشت مەبەستی چییە) ئەها زۆر باشە، باشە.

(ئاکتەرە کچەکە پشتی تێدەکات و خۆی ئامادە دەکات ڕووناکیی سەر کچەکە نامێنێت، لەپر دەنگی حیلەی ئەسپ دێت لە بەشی پشتەوەی سەر تەختەی شانۆکە)

دەرهێنەر: (لاسای دەنگی حیلەی ئەسپەکە دەکاتەوە) ئیهههههه! ئیهههههم! (ڕوو دەکاتە بینەر و بە دەستەکانی ئاماژە دەکات) بەڕاستی منیش نازانم ئەمە یانی چی!

(دەنگی حیلەی ئەسپەکە لە بەشی پشتەوەی شانۆکە نامێنیت و دەوەستێت، کچەکە ڕوو دەکاتە بینەر و وەک ئەوەی ئامادەباشیی خۆێ نیشان بدات بۆ ئەوەی نمایشەکەی دەست پێ بکات، هاوکات ڕووناکی لەسەر کچەکە دەردەکەوێت. دووبارە دەنگی حیلەی ئەسپەکە لە پشتەوەی شانۆکە دەست پێ دەکاتەوە)

دەرهێنەر: میاو… میاو… (دەستەکانی بەرز دەکاتەوە) ئەمە چییە!

کچ: (کەمێک دەشلەژێ و لە شوێنی خۆی دەجوڵێت و نازانێت چی بکات)

دەرهێنەر: ببورە، (سەیری ئەملاولای خۆی دەکات) هیچ کێشەیەک هەیە لەم ناوە، یان هیچ ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوویداوە، لێرە؟

کچ: (دەستەکانی دەخاتە ناو یەک و ڕێک دەوەستێت، دەشڵەژێت) ببوڕە، تەنها ویستم…

دەرهێنەر: پێویست ناکات داوای لێبوردن بکەیت ئازیزەکەم تەنها دەبێت ئێمە ئێستا…

کچ: تەنها چاوەڕێی ئەوە بووم کە…

دەرهێنەر: لەم ڕێگەیەوە بەهرەکانی خۆتم پیشان بدەیت؟

کچ: نا، حیلەی ئەسپەکە. چاوەڕێ بووم دەنگی حیلەی ئەسپەکە بوەستیت، بەڵێ بوەستێت و پاشان من…

دەرهینەر: (سەری دەسورمێت) پاشان… تۆ چی؟

کچ: مەبەستم پاش… دەنگی حیلەی ئەسپەکە.

(وچانێک)

دەرهێنەر: تۆ دەزانیت بۆچی هاتویت بۆ ئێرە، وابزانم دەتویست، نمایشێکمان پێشکەش بکەیت. وایە ڕێبێکا زین، سەوڵ، حیلەی ئەسپ؟

کچ: (تەریق دەبێتەوە) داوای لێبوردن دەکەم.

دەرهێنەر: تکایە پێویست ناکات، ئاساییە (چەند جارێک ئەم وشەیە بە تۆن و چینی دەنگی جیاواز دووبارە دەکاتەوە، وەک ئەوەی خەریکی ڕاهینانی دەنگی بێت) باشە، مەرج نییە هەمیشە بتوانیت لە کات و ساتی گونجاودا دەست پێ بکەیت، ئەوەش پەیوەندیی هەیە بە ترس و شڵەژانەوە، شێوازی وەستان و هەناسەدان، لەگەڵ بەکارهێنانی دەست و ئاماژە تەنانەت…

کچ: (پێی دەبڕێت) ببورە، ببورە. من تەنها تەنها…

دەرهێنەر: ئەها، بەڵێ، بەڵێ تێگەیشتم، مەبەستت لە دەنگی حیلەی سپەکەیە وانییە؟ دەزانم ڕەنگە ئەوە بیرۆکەیەکی باش بێت… (وچانێک، پاشان هەڵدەستێتە سەر پێ) باشە بۆچی سەرلەنوێ و لەسەرەتاوە دەست پێ ناکەیتەوە، من پێم باشە (بە دەست ئاماژەی بۆ دەکات) جارێکی تر بڕۆیتە پشتەوە و پاشان کە ئامادە بوویت وەرە سەر شانۆکە و دەست پێ بکە، (وەک ئەوەی ڕۆڵ ببینێت) خۆت بنوێنە.

کچ: (تەماشای ئاماژەکانی دەکات بە سەرسورمانەوە) باشە، سوپاست دەکەم.

دەرهێنەرە: (وەک ئەوەی هەر لە حاڵەتی ڕۆڵبینیندا بێت) ئاساییە، بە خۆشحاڵییەوە.

(کچە ئاکتەرەکە دووبارە دەچێتەوە پشت شانۆکە)

دەرهێنەر: (لەبەرخۆیەوە) حیلەی ئەسپ و زینی ئەسپ. ناویشی ڕێبێکایە، تۆ بڵێی دایکی ناوی چی بێت؟ هم! زۆر حەزدەکەم لە دوای ئەم چاوپێکەوتنە کە ڕۆیشتیتە دەرەوە نامەیەکی دڵداری بدەمێ خۆ ئەگەر وەرینەگرت لێم ئەوا هیوادارم کە چووە دەرەوە یەکسەر بەدەمدا بکەوێت و هەڵنەستێتەوە ڕێبێکا!.

(کچە ئاکتەرەکە هەر وەک جاری یەکەم بە لەنجە و باوەڕبەخۆبوونەوە دێتە ناوەڕاستی شانۆکە و دەوەستیت).

کچ: بەیانیت باش؟

دەرهێنەر: بەیانی باش.

کچ: من ناوم ڕێبێکا زینە، مەبەستم ڕێبێکا زێنە، هەروەها ئەمڕۆ من وەکو ئەسپ ئەحیلێنم، ببورە مەبەستم ئەوەیە ڕۆڵی ”بلانش دووبوا لەناو شەمەندەفەری سەر شەقامەکە” دەبینم. مەبەستم یانی مەبەستم ئەوەیە هەوڵ دەدەم ئەو ڕۆڵە ببینیم.

دەرهێنەر: سوپاس بلانش، تکایە ئەگەر ئامادە بوویت دەست پێ بکە.


(کچەکە بە خێرای پشت دەکاتە بینەر و خۆی ئامادە دەکات بۆ نمایشەکەی، ڕەنگی ڕووناکییەکەی لەسەر دەگۆڕێت، مۆسیقایەکی جیدی تێکەڵ بە ڕووناکی و ساتەوەختەکە دەبێت، وەک ئەوەی نمایشی کچەکە دەست پێ بکات، لەپر کچەکە ئاوڕ دەداتەوە و ڕووناکییەکە وەک یەکەم جاری لێ دێتەوە و مۆسیقاکەش دەوەستێت)

کچ: دەبێت بمبوریت!

دەرهێنەر: بۆ؟ بۆ وەستایت؟ چی ڕوویداوە؟!

کچ: گوێم لێ بوو تۆ گوتت…

دەرهێنەر: نا، من هیچم نەگوت، کوا مەبەستم ئەوەیە بڵێم کەی؟

کچ: ئەو ڕەفتارە بەڕاستی گونجاو و دروست نییە!

دەرهێنەر: (خۆی بێگەرد نیشان دەدات) ڕاوەستە، نەخێر لە ڕاستیدا ئەم کاردانەوەی تۆ فرۆفیشناڵ و هونەری نییە لەم سات و لەم شوێنەدا، تۆ ئەوە دەزانیت؟!

کچ: (کەمێک تووڕە دەبێت) نەخێر، من دەزانم چی گونجاو و هونەرییە.

دەرهێنەر: (کەمێک دەترسێت لە کاردانەوەکەی و کەمێک تۆنی دەنگی خۆی دەگۆڕێت) ئازیزەکەم وابزانم تۆ کەمێک زیاد لەپێویست هەڵچوونی دەروونیت پێوە دیارە و کەمێکیش توندوتیژ دێیتە بەرچاو.

کچ: نا من هەڵنەچووم و (دەست بۆ دەموچاوی دەبات) کوا تووند نایەمە بەرچاو.

دەرهێنەر: ئەی کەواتە چی ڕوویداوە؟

(وچانێک)

کچ: گوێم لێ بوو گوتت حەز دەکەیت من بخلیسکێم و بکەوم بەدەمدا کاتێک لێرە چوومە دەرەوە!

دەرهێنەر: (خۆی لە گێلی دەدات) حەز دەکەم چی؟

کچ: (بە دەنگێکی بەرزتر) حەز دەکەیت من بخلیسکێم، بکەوم، بکەوم ئاواهی.

پاشانیش گوتت: ئەگەر خۆی ناوی ڕێبێکا بێت دایکی ناوی چی بێت! نازانم بەتەواوی مەبەستت چییە لەوەی کە گوتت بەڵام وەک وتم ئەوە ڕەفتاری کەسێکی پرۆفیشناڵ نییە.

دەرهێنەر: ئای خوایە، نا شتی وا؟ نا، من مەبەستم ئەوە نەبوو، من دڵنیام زانیارییەکان بە هەڵە گەیشتوونەتە بەر گوێی تۆ.

کچ: من دڵنیام تۆ گوتت…

دەرهێنەر: ( پێی دەبڕێت، وەک ئەوەی کەمێک بترسێت) چی… وتم چی؟

کچ: (پاش کەمێک بێدەنگی) هیچ.

دەرهێنەر: هیچ!

کچ: (بەوپەری جیدییەوە) ئم، هیچ، هەی هیچ و… (توت)!

دەهێنەر: ئەها هیچ، هیچ تەواو هیچ نەبووە… (بە باوەڕبەخۆبوونەوە) باشە، با جارێکی تر دەست پێ بکەینەوە. بۆ دواجار بوارت دەدەمێ، کە ئامادە بوویت… تکایە دەست پێ بکە.

(کچە ئاکتەرەکە ئەم جارەش پشت دەکاتە بینەر و خۆی ئامادە دەکات بۆ نمایشەکەی)

دەرهێنەر: گوپی هینی زۆر جوانە.

(کچەکە لەپر ئاوڕ دەداتەوە، هەناسەیەکی پر لە توڕەیی هەڵدەمژێت)

کچ: ئەوە گوتت گوپی…

دەرهێنەر: (خۆی تەواو لە گیلی دەدات) گوپی چی!؟ گۆپ؟ نا، گوپ نا ئئ… گلاسێک ئاو، بەڵی گلاسێک ئاو… ئەمرۆ ئێرە زۆر گەرمە! ئەم شوێنە هەوای وەک پێویست پێدا تێپەر نابێت. بۆیە داوای گلاسێک ئاوم کرد… بۆچی تۆ؟ بەردەوام نەبوویت و ڕاوەستایت؟

کچ: زۆر بە ڕوونی گوێم لێ بوو تۆ گوتت…

دەرهێنەر: چی؟ چیت بە ڕوونی گوێ لێ بوو، من چیم پێگوتیت!؟

کچ: (تێرادەمێنێت) هیچ.

دەرهێنەر: باشە، دەبێت ببوریت، ئەمڕۆ دەبێت چاوپێکەوتن لەگەڵ بەهرەمەندێکی زۆردا بکەم ئەوان لە ڕاستیدا دەمێکە لە دەرەوە چاوەڕوانن… بۆیە داوات لێ دەکەم کە جارێکی تر بێیتەوە بۆ چاوپیکەوتن، یانیش دەتوانیت نەیەیتەوە بۆ ئیرە بۆ هەتا هەتایە!.

کچ: ئەگەر حەز بکەیت تەنها…

دەرهێنەر: تەنها چی؟

کچ: تەواو ئەم جارە دوا جار دەبێت تەواو… (دەستەکانی بەرز دەکاتەوە وەک ئەوەی داوای لێبوردن بکات، دیسان پشت دەکاتە بینەر تاوەکو کاتی خۆی وەربگرێت بۆ دەستپێکردنی نمایشەکەی.

(وچانێك)

دەرهێنەر: (لەبەر خۆیەوە) سۆزانیی گەمژە.

کچ: من نەهاتووم لێرەدا ڕابوەستم بۆ ئەوەی پێم بڵێن، سۆزانی!

دەرهێنەر: ئەوە چییە، ئەم جارەیان چی ڕووی دا؟

کچ: داوای لێبوردن دەکەم بەڵام من زۆر بە ئاشکرا گوێم لێ بوو تۆ گوتت ”سۆزانیی گەمژە!”

دەرهێنەر: (پێدەکەنێت) نا، خانمێکی چاک بە وا لەگەڵ من مەکە.

کچ: بەڵام تۆ وات بە من گوت.

دەرهێنەر: پاش ئەوەی ئەو هەموو هەلانەم پێت دا! من بەڕاستی تووشی شۆک بووم (بە گاڵتەجاڕییەوە) هه هه هههه ببورە کاتت تەواو بوو، دەبێت تۆ بڕۆیت لێرە چونکە من ناتوانم لەگەڵ کەسانی وەک تۆ بکەم.

کچ: (بەرەو ڕووی دێت) ناڕۆم لێرە دەبێت دانی پێدا بنێیت، چونکە من گوێم لێ بوو…

دەرهێنەر: بەڕاست، ههه هههه گوێی مەدەرێ ئەوە کێشەیەکی باوە. دەمەوێت بپرسم ئایا تۆ هەندێک جار بەشێک لە پێتەکانت بە باشی بەر گوێ ناکەوێت؟ یان با بڵێین هیچ گرفتێکی بایۆلۆجی، یاخود هیج کێشەیەکی تەندروستیت نییە؟ هەست ناکەیت لەو لایەنەدا هیچ گرفتێکت هەبێت!؟

کچ: نەخێر من ئەوەتا هەموو دەنگەکان بە باشی دەبیستم.

دەرهێنەر: ئەها، نەموت، من نەموت کوا دەنگ؟ هیچ دەنگێک نییە و کەچی دەڵێیت گۆیم لە هەموو دەنگەکانە ئێستا.

کچ: نا، نا، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر هەر دەنگێک هەبێت ئەوا ئەیبیستم.

کچ: بەڵام من دڵنیام… گوێم لێ بوو تۆ…

دەرهێنەر: من لەو باوەڕەدام ئەمە یەکێک بێت لە کێشە سەرەکییەکانی تۆ لە بوارەکەدا، یانی ڕەنگ نییە لە کاتی ڕۆڵبینیندا (کتێبیکی بچووک لە هەوادا بە دەستییەوە دەگرێت وەک ئەوەی دەقێک بخوێنێتەوە، بە دەستەکەی تری قەڵەمێکی گرتووە و ئاماژە بۆ گوێیەکانی دەکات) بتوانیت بەباشی گوێت لە سەرجەم ئەو پیت و وشە و دەستەواژانە بێت کە ئاکتەری بەرامبەر بەکاری دەهێنێت لەسەر تەختەی شانۆ و لە کاتی ڕۆڵبینیندا، لەبەر ئەوە زۆر کەسێکی بەبەخت دەبێت ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان داوات لێ بکەن بەشداری بکەیت و هەستیت بە بینینی  ڕۆڵی کەسایەتییەک. دەمەوێت بپرسم ئاخر جار کەی بوو کە سەردانی پزیشکت کرد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی سەبارەت بە ئاست و ڕادەی لایەنی بیستنی گوێیەکانت؟ دەبێت بمبەخشێت بەڵام دەبێت تۆ ڕاپۆرتی پشکنینی پزیشکیمان بۆ بهێنیت لەسەر لایەنی بیستنت.

کچ: باشە، باشە، تەواو من واز لە هەقی خۆم دەهێنم و پاشگەز دەبمەوە.

دەرهێنەر: نا تکا دەکەم، ئەگەر دەزانیت پێویست دەکات قسەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بکەین ئەوا با بەردەوام بین.

کچ: تەنها یەک چرکەم بدەرێ و دەست پێ ئەکەم.

دەرهێنەر: بە خۆشحاڵییەوە، بەڵام بیرت نەچێت (بە قەڵەمەکەی دەستی و دەنگی چرکەی کاتژمێرەکە لە هەوادا لێ دەدات) چرکەی کاتژمێرەکە بەردەوامە لە کاتبەڕێکردن، یانی با زۆریش نەخایەنێت و یەکسەر دەست پێ بکە.

(کچەکە ئەم جارەیان بە ناچاری ڕوو دەکاتە بینەر، بەر لەوەی دەست پێ بکات دەرهێنەر قسەیەکی تر لە دەمی دەردەپەڕێت)

دەرهێنەر: (لەژێر لێوەوە) چەند خۆشە دەستلەملانی بیت.

کچ: (تووڕە دەبێت و بەدەم دیالۆگوتنەوە دێتە لای مێزی دەرهێنەرەکە و ئەویش ناچار هەڵدەستێت و بە دەوری مێزەکە دەخولێنەوە) ئیتر تا ئێرە و با بەس بێت! چیتر بەلامەوە گرنگ نییە تۆ کێیت، ئیتر ناکرێت هەرچییەکت پێ خۆش بوو بیڵێیت و لە لای خۆت گلی نەدەیتەوە.

دەرهێنەر: من گوتم تۆ هەر لە گوڵی ناو گوڵزار دەچیت، من بەدوای ئاکتەرێکی شەنگ و شۆخی وەک تۆدا دەگەرێم بەڵام… ( وچانێک) ئا بیرم کەوتەوە تۆ کەمیک کێشەی بیستنت هەیە.

کچ: ( دەقیژێنێت) نەخێر، بەو شێوەیە نییە، من هیچ کیشەیەکی بیستنم نییە و گوێکانم دوورن لە هەر گرفتێکی تەندرەستی! گوێکانم بێکیشەن، یانی لایەنی بیستنم، لایەنی بیستنم باشە.

دەرهێنەر: (دەچێتە لایەوە) پێت خۆشە لێرە لە نزیکتەوە بم بۆ ئەوەی بە باشی گوێت لە من بێت؟

کچ: (کچەکە دەترسێت) نا، بگەڕێوە شوێنی خۆت من… تکایە بگەڕێوە.

(دەگەرێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی)

کچ: داوای لێبوردن دەکەم.

دەرهێنەر: نا تکا دەکەم وا مەڵێ، بەر لە هەموو شتێک زۆر گرنگە کە بەتەواوەتی لە حاڵەتی ئامادەباشی و مەزاجێکی لەباردا بێت. کەواتە ئەگەر پێت خۆش بێت پشوویەک وەردەگرین. تۆش دەتوانیت بڕۆیت و بەیانی یان هەفتەی داهاتوو یانیش سەدەیەکی تر بێیتەوە و ئەوکات بەهرەکانی خۆتمان پیشان بدەیت.

کچ: نا، من باشم، تەنها من دەمەوێت…

دەرهێنەر: (هەناسەیەکی درێژ هەڵدەمژێت… زۆر بە خێرایی) فەرموو ئیسراحەتی خۆت وەربگرە، هەناسەیەک هەڵمژە، دانەیەکی قوڵتر ڕیلاکس بە، دەمەوێت باشترین ئاستی بەهرەکانی خۆتم پیشان بدەیت.

کچ: (پشتی تێدەکات تاوەکو دەست بکات بە نمایشەکەی) (وچانێک) (ئاوڕی لێ دەداتەوە) یەک داواکاریم لێت هەیە. دەتوانم دوای نمایشەکە یەکسەر ئێرە بەجێبهێڵم و بڕۆمە دەرەوە؟

دەرهێنەر: بەدڵیناییەوە ئازیزەکەم… (وچانێک، کەمێك جیدیتر) نەخێر ناتوانیت، دەبێت سەرەتا لەگەڵ من بێیت بۆ ژوورەکەی سەرەوە و لەوی بە تەنها و لەگەڵ من دابنیشیت و کەمێک باسی خۆتم بۆ بکەیت، دەبێت بزانم هەستەکانت چەند بەجۆشن بۆ شانۆ و ڕۆڵبینین. (کچەکە ڕەنگی دەگۆڕێت و ترس لەسەر هێڵەکانی دەموچاوی دەردەکەوێت)

دەرهێنەر: (پێدەکەنێت) نا وابزانم مافی خۆتە هەر کاتێک کە تەواو بوویت ئێرە بەجێبهێڵیت و بۆ هەر شوێنێک بڕۆیت کە تۆ پێت خۆش بێت.

کچ: بەڕاست، زۆر زۆر سوپاسی بێپایانت دەکەم، زۆر سوپاس، بەڕاستی من خۆشحاڵ و دڵنیا بووم ئێستا.

دەرهێنەر: باشە.

کچ: ئەم جارە دوا جار دەبێت، ئیتر تەواو دەست بە نمایشەکە دەکەم و هەموو هەوڵەکانی خۆم چڕ دەکەمەوە بۆ ئەوەی بتوانم ڕەزامەندیی تۆ بەدەست بهێنم… باشە.

(زۆر بەپەلە خۆی ئامادە دەکات و خێرا ڕووناکیی سەری دەگۆڕێت و مۆسیقایەکی درامی تێکەڵ بە کەشی دیمەنەکە دەبێت، بۆ ماوەیەک ستەیجەکە تاریک دەبێت و لێرەدا کچەکە دێتە شوێنی دەرهێنەر و هەروەها ئەویش بە خۆی و کورسی و مێزە بچوکەکەی بەردەمییەوە دێتە شوێنی کچەکە)

کچ: (ڕووناکی لەسەر کچەکە دەردەکەوێت و مۆسیقا کز دەبێت، کچەکە دەست دەکات بە نواندن، ڕۆڵ دەگێڕێت) ئەو تەنها کوڕێک بوو، تەنها کوڕێکی گەنج. منیش، ئەوکات کەمێك گەنجتر بووم لە ئێستا، بۆ ماوەیەک هەموو شتێکی نێوانمان جوان و سەرنجراکێش بوو… بەڵام لەپڕ پەڵەهەورێکی زۆر چڵکن و پر لە تاریکی هات و ڕوویەکی تری جیهانی پیشانداین.

دەرهێنەر: (ئاماژەیەک دەکات بە وەستانی مۆسیقا و ئینجا ڕووناکییەکەش ئاسایی دەبێتەوە هەر وەک پێشتر، لە مێشکی خۆیدا دەرهێنەر لۆمەی ئاکتەرە کچە گەنجەکە دەکات) باشە ئەم گەمژەیە بە چ هۆکاریک و بۆچی ئەم شانۆنامەیەی دەستنیشان کردووە!؟ ههههه بەهرەمەند ڕێبێکا زێن سەول مەول کەوڵ هههه.

(لێرەدا دەرهێنەر چەند وشەیەکی تر بە دەمیدا دێت، بەڵام ڕوون نییە چی دەڵێت)

کچ: ئا.

دەرهێنەر: (دێتەوە سەر خۆی) ببورە دەکرێت بەردەوام بیت بەبێ مۆسیقا و بوونی ڕووناکیی تایبەت؟

کچ: (بە سەر ئاماژە دەکات و پێی دەڵێت بەڵێ) باشە، بەڵام… ئەها ئا ئینجا دەڵێت، لەپڕ پەڵەهەورێکی زۆر چڵکن هاتوو (بیری دەکەوێتەوە) بەڵێ ڕوویەکی تری ئەم جیهانەی پیشانداین ئەو وەکو پیاوێک…

دەرهێنەر: (دەرهێنەر قسەکەی پێ دەبڕێت) وەکو پیاوێک؟

کچ: (دادەبڕێت) چۆن؟

دەرهێنەر: سەرەتا گوتت ئەو تەنها کوڕێک بوو!

کچ: باشە، ئەو تەنها کوڕێک بوو کە…

دەرهێنەر: (دیسان پێی دەبڕێت) ببورە، تکایە دەتوانیت لە سەرەتاوە دەست پێ بکەیتەوە.

کچ: (کەمێك دێتە پێشەوە لێی) باشە.

دەرهێنەر: (بە دەست ئاماژەی بۆ دەکات) مەبەستم بەردەوام بە.

کچ: (دیالۆگەکان دەڵێت لەبەر خۆیەوە) ئەو تەنها…

دەرهێنەر: (بە دەست ئاماژەی بۆ دەکات و ڕایدەوەستێنێت) ببورە، ببورە هههه، تەنها ویستم بیرت بهێنمەوە بۆ ئەوەی ئەم جارەش نەڵێیت ”ئەو تەنها پێاوێک بوو”

کچ: باشە، (دووبارە دەست پێ دەکاتەوە) ئەو…

دەرهێنەر: (خێرا پێی دەبڕێت) ببورە، تکا دەکەم، ئەگەر دەتوانیت پێکەوە بیڵێ.

کچ: ئەو تەنها کوڕێک بوو کە…

دەر‌‌هێنەر: (دووبارە پێی دەبڕێت) تکایە بەیەکەوە بیڵێ، یانی ئەو تەنها… ئینجا بەردەوام بە… دەی.

کچ: ئەو تەنها کوڕێک بوو کە… ( دوودڵە لەوەی کە ئەم جارەش ڕایدەگرێت یان نا)

دەرهێنەر: (دیسان پێی دەبڕێت) نا، ناا نا وا نابێت، ئەو تەنها کوڕێک بوو کە (دان بە پیتی ”کە”دا دەنێت چەند جارێک) ئەو تەنها کوڕێک بوو کە! ئەگەر ئاوەها بیڵێی هیچ مانایەکی نییە… دەبێت بیچەسپێنی. دەزانی چەسپاندن چییە، بەڵێ بێگومان دەبێت بیزانیت. چەسپاندن زۆر گرنگە لە دەمودوودا. زۆر زۆر زۆر. کەواتە دەبێت لەدوای پیتی ”کە” خێرا وشە و دەستەواژەکانی تر بڵێیت. بەمەرجێک سەرەتا باش دان بە پیتی ”کە”دا بهێنیت…

(بێدەنگی)

کچ: (سەیری تەسەروفاتی دەکات و خەیاڵی ڕۆشتووە)

دەرهێنەر: بەردەوام بە.

کچ: (دان بە پیتی ”کە”دا دەنێت بەخێرایی) ئەو تەنها کورێک بوو کە، کە، کە، کە!

دەرهێنەر: وا نابێت، ئەوە چی ئەکەیت، وا نا، بڵێ…

کچ: (پێی دەبڕێت) ببوڕە… ناتوانم چیتر بەردەوام بم.

دەرهێنەر: بۆ ئەم جارەیان چی ڕووی دا!؟

کچ: تۆ هەرهەموویت لێ تێکدام!

دەرهێنەر: من؟ خۆ هیچ وشەیەکی ناشرین لە دەمم نەهاتەدەر!

کچ: ناتوانم بەم جۆرە بەردەوام بم!

دەرهێنەر: باشە دەبێت بزانم چ شتێکی خراپت بەسەر هاتووە.

کچ: (تووڕە دیارە) هیچ شتێکی خراپ بەسەر من نەهاتووە!

دەهێنەر: بە دڵنیاییەوە شتێکی خراپت بەسەر هاتووە، چونکە خەریکی گوزارشتکردن بوویت و لە ناوەڕاستی جوانترین بەشی چێرۆکەکەدا لەناکاو وەستایت، ڕەنگی دەموچاوت گۆڕا.

کچ: گوێم لە دەنگێک بوو.

دەرهێنەر: دەنگێک؟ بەڕاست، لەکوێوە؟ ماوەی چەند دەبێت گوێت لەو دەنگەیە؟

کچ: مەبەستم لە دەنگی… گوێم لە دەنگی تۆ بوو لەم ناوەدا.

دەرهێنەر: چی، نا.

کچ: بەڵێ.

دەرهێنەر: نەخێر

کچ: بەخێر.

دەرهێنەر: نا.

کچ: با.

دەرهێنەر: نا نەخێر.

کچ: با بەخێر.

دەرهێنەر: نا، گوتم من نا.

کچ: (لاسایی دەکاتەوە) با، بەخێر تۆ گوتت، با.

دەرهێنەر: نا.

کچ: نا؟

دەرهێنەر: با، با.

کچ: مەڵێ با، با، با چونکە لەڕاستیدا نا.

دەرهێنەر: (وچانێک) ئاخر…

کچ: (پێی دەبڕێت) گوێم لێ بوو گوتت خاتوونە گەمژە پەڕپووتەکە

دەرهێنەر: شتی وا هەرگیز ڕێی تێناچێت، چونکە تۆ کەسێکی ‌سەرنجڕاکێشیت.

کچ: گوێبکرە، ڕەنگە من ئاکتەرێکی باش نەبم هەر وەک هەموو ئەو ئاکتەرە کچانەی تر کە لەم شارەدان، بەڵام ئەوەندەش بێئومێد نیم لە تواناکانم. لەبەرئەوە ڕێگە بە هیچ دەرهێنەڕێک نادەم بە ناوی شانۆ و هەندێک مامەڵەکردنی نەشیاو و ناپرۆفیشناڵەوە خراپ بەکار بهێندرێم و مامەڵەی نەشیاوم لەگەڵ بکرێت. تێگەیشتی دەرهێنەری بەڕێز و قسەزان.

دەرهێنەر: (دەیەوێت قسە بکات بەڵام نازانێت بڵێت چی) ئئئئ.

کچ: پێت وایە من کێم، چۆن لە من تێگەیشتوویت!؟ دەتەوێت خۆت لەم ڕێگەیەوە بەتاڵ بکەیتەوە! هەستەکانت ببزوێنیت بە خەڵکی بەهرەمەند! بەسە ئیتر، بەسە!

دەرهێنەر: (خۆی بێگوناه پیشان دەدات) ئاخر وا نابێت، تۆ هەستی منت بریندار کرد، هەستم…

کچ: نا، پێم وا نییە هەرگیز تۆ بریندار و بێزار بیت بەم جۆرە قسانە!

دەرهێنەر: نا وا نییە تۆ منت بریندار کرد، ئەوە کێشەی خۆتە من بڵێم چی خەڵکی بەو جۆرە لە گوزارشت و هەستەکانی من تێدەگەن.

کچ: نەخێر من نازانم خەڵکی چۆن لە تۆ تێدەگەن، بەڵام من وا هەست دەکەم، من وا لە کاردانەوەکانت تێدەگەم.

دەرهێنەر: بەداخەوە.

کچ: من دەزانم کە تۆ دەرهێنەرێکی بەتوانا و لێهاتوویت، بێفیزیت، یانی هەموو ئاکتەرەکان وا دەڵێن، هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو بەبێ گوێپێدان ویستم کارت لەگەڵدا بکەم، من خۆم ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی هەموو شتێک بکەم، تەنها بۆ ئەوەی تۆ ڕازی بکەم.

دەرهێنەر: من تێناگەم ئەی بۆچی ئێستا وەستاویت، چاوەڕێی چی دەکەیت، کێشەت چییە ها؟

کچ: من کێشەم نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە تۆ نەتهێشت ئەوەی بۆم ئامادە کردوویت پیشانت بدەم، هەر جارەو بە هۆکارێک ناچارت کردم بەردەوام نەبم لە نواندن و نمایشەکەم!.

دەرهێنەر: بەڵام من مەبەستم ئەوە نەبوو تۆ…

کچ: تکایە بەسە، دەزانم و گوێم لە هەموو قسەکانت بوو.

دەرهێنەر: بەڵێ گوێت لە دەنگەکان بوو.

کچ: نەخێر، دەنگەکان نا، بەڵکو گوێم لە دەنگی تۆ بوو، شتی ناشرین و وشەی خراپت بەکار دەهێنا!

دەرهێنەر: بەڵام نازانم چۆن تێتبگەیەنم بەڵام من هەرگیز شتی خراپم نەگوتووە.

کچ: نا، باشتر وایە من ئێرە بەجێبهێڵم و بڕۆم.

دەرهێنەر: چاوپێکەوتنەکە ناکەیت؟

کچ: (بە گاڵتەپێکردنێکەوە) ههه، وا باشە لێر بڕۆم، هەموو شتەکان بە پێچەوانەی ئەوە بوو کە من پێشبینیم دەکرد.

( کچەکە کەلوپەلەکانی کۆدەکاتەوە و بەرەو دەرگای چوونەدەرەوە دەڕوات)

دەرهێنەر: بەڵام من هەر لە سەرتاوە پێم وا بوو کە تۆ وەکو ئاکتەر زۆر گونجاویت بۆ ئەو ڕۆڵەی کە من بەدوایدا دەگەرێم.

(کچەکە لە ڕۆیشتن دەوەستێت)

کچ: (بە دڵشکاوییەوە) بەڕاست؟ کام ڕۆڵ؟

دەرهێنەر: ڕۆڵی ئەو کچە ڕۆمانسییەی کە بە هۆی ڕاستگۆیی و وەفا و پێداگیرییە سەرسەختانەکەی خۆیەوە سەرئەنجام خۆشەویستەکەی لەدەست دەدا و جگە لە بوون بە شێت هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەست نامێنێت لە ژیاندا.

کچ: مەبەست لە کەسایەتیی ”ئۆفیلیا”یە، شاکارە مەزنەکەی شێکسپێر؟

دەرهێنەر: بەڵێ، بەس ئەم جارە بگەڕێوە، دەڵنیام کە سەرکەوتوو دەبیت.

کچ: ( سەری دەلەقێنێت) نا، من تازە دەبێت بڕۆم.

دەرهێنەر: دڵنیام کە تۆ زۆر گونجاویت بۆ ئەو ڕۆڵە، کەمێك بیری لێ بکەوە.

کچ: سوپاس بۆ ئەو کاتەی کە پێت بەخشیم.

دەرهێنەر: کیشە نییە ڕەنگە بتوانین لە پرۆژەی داهاتوو پێکەوە کار بکەین.

کچ: مەگەر ئەوە تەنها لە مێشکی خۆتدا ڕوو بدات!

دەرهێنەر: باشە، بە ئارەزووی خۆت بکە.

کچ: بێگومان وا دەکەم کە خۆم دەمەوێت، هەموو شتێک لەبیر بکە!

(کچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەستی بۆ درێژ بکات و بەر لەوەی بچێتە دەرەوە تەوقەیەکی لەگەڵ بکات)

کچ: کاتێکی خۆش.

دەهێنەر: (دەستی دەگوشێت) کاتێکی خۆش، ببورە، بەڕاستی تەنها دەمەوێت بڵێم کە دەستت زۆر نائاسایی و نەرموشلە.

(کچەکە وەک ئەوەی قێز لە ڕەفتار و قسەکانی بکاتەوە بە خێرای دەستی دەکشێنیتەوە و تووڕەییەکی بێئەندازە هێڵەکانی دەموچاوی داگیر دەکات، ئەو شوێنە بەجێدەهێڵێت و دەڕواتە دەرەوە)

(وچانێك)

دەرهێنەر: (لەبەر خۆیەوە) زۆر باشە (دەچێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی و دادەنیشیت، هەست دەکات کە بێڕەحمانە مامەڵەی لەگەڵ کچەکەدا کردووە، جگەرەیەک دائەگیرسێنێت، بەڵام زوو ئەو بابەتە لەبیر خۆی دەباتەوە، جەرەسەکەی سەر مێزەکە لێدەدات) تکایە با بەشداربووی دوای ئەو بێتە ژوورەوە. (ڕووناکیی سەر شانۆ بەهێواشی خامۆش دەبێت)

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.