وێنەی زەمەنێکی جیوەیی لە سەردەمێکی جه‌نجاڵدا

نمایشێکی بێدەنگ

دانا ڕەئووف

شەقامێکی سەرەکی شارێکی قەرەباڵخ و جه‌نجاڵه‌، لە پشتەوە خانووبەرە و ڕێستۆرانت و قاوەخانە دەبینرێت. باران بە خوڕ دەبارێت، پیاوێک بە ڕاکردن کورسییەکانی سەر شۆستەی شەقامەکە کۆدەکاتەوە و له‌به‌ر چاو ون دەبێت.

لە هەموو لایەکی شانۆکەوە، کۆمەڵێک ژن و پیاو بە چەترەوە بەسەر شەقامەدا دەڕۆن. پیاوێك یەخەی پاڵتۆکەی تا بنگوێکانی بەرز کردووەتەوە و لەمسەری شانۆکەوە، بۆ ئەوسەر ڕادەکات و له‌به‌ر چاو ون دەبێت. ژنێك بە منداڵێکەوە، بەخێرایی ڕێ دەکات، منداڵەکەی بووکەڵەیەکی بەدەستەوەیە و لە دەستی ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ بۆ ناو بارانه‌که‌، ژنەکە دەگەڕێتەوە، بووکەڵەکە هەڵدەگرێتەوە. ئینجا منداڵه‌که‌ ده‌کاته‌ باوەشییەوە و بە خێرایی لە پشت قاوەخانەکانەوە دیار نامێنێت. کوڕێکی گەنج جانتایەکی سەفەری پێیە و لەبری چەتر به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه‌ ڕایگرتووه‌، زۆر بەخێرایی تێدەپەڕێت. پیاوێکی گەنج بە کەمانچەیەکەوە، لە یەکێك لە دەرگای ڕێستۆرانت و قاوەخانەکانەوە دێتە دەرەوە و سەیری ئاسمان دەکات، لە پەنایەکدا دەوەستێت و چاوەڕوانی ئەوەیە بارانەکە خۆش بکاتەوە.

پیره‌مێردێك، پاڵ بە عەرەبانەیەکەوە، کە پڕە لە پرتەقاڵ، دەنێت و دەیەوێت بە زووترین کات لەمسەری شانۆکەوە بڕوات بۆ ئەوسەری شانۆکە، هاوکات کوڕێکی گەنج له‌ولای شانۆکەوە، بە ڕاکردن بە لای پیره‌مێرده‌که‌دا تێدەپەڕێت و لە لاکەی ترەوە دەڕواتە دەرەوە. دوو کوڕی گەنجی تر بە ئاراستەی پێچەوانەوە دێنە سەر شانۆکە و ڕادەکەن، یەکێکیان خۆی دەکێشێت بە عەرەبانەی پیره‌مێرده‌که‌دا و پرتەقاڵەکانی په‌رشوبڵاو دەکاتەوە. یەکێک لە کوڕە گەنجەکان هەوڵ دەدات یارمەتی پیاوە پیرەکە بدات و پرتەقاڵەکانی لەگەڵ کۆبکاتەوە، ئەوی تریان هیچ ناوەستێت و ڕادەکات، پاش تۆزێك هەر بە ڕاکردن دەگەڕێتەوە و پەلی کوڕەکەی تر دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە دەرەوە. پیره‌مێرده‌که‌ سەیری ئاسمان دەکات و هەناسە هەڵدەکێشێت. دوای ئەوەی پرتەقاڵەکانی کۆدەکاتەوە، پاڵ بە عەرەبانەکەیەوە دەنێت و ده‌چێته‌ دەرەوە.

(وچانێکی کورت.)

(ڕووناکی گوڕانکاریی بەسەردا دێت و سەر شانۆکە زیاتر ڕووناك دەبێتەوە.)

پیاوێکی نابینا بە گۆچانێکەوە دەڕوات و منداڵێك دەستی گرتووە، پیاوێکی که‌مانچه‌ژه‌ن، سەیریان دەکات، دەڕواتە ژوورەوە و بە چەترێکەوە دێتەوە دەرەوە، دەڕوات بۆ لای نابیناکە و چەترەکەی بۆ ڕادەگرێت، بۆ ئەوەی زیاتر تەڕ نەبێت و لەگەڵ نابینا و منداڵەکە ده‌چێته‌ دەرەوە. پیاوە کەمانچەژەنەکە دێتەوە ژوورەوە و دەچێتەوە جێگەکەی خۆی، لەسەر کورسییەکە دادەنیشێتەوە.

دوو ژن و پیاوێك، بە جانتای سەفەرەوە، زۆر بەخێرایی بەسەر شانۆکەدا دەڕۆن و له‌به‌ر چاو ون دەبن، لە هەمان کاتدا، کۆمەڵە خه‌ڵکێك بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە بە چەترەوە دێنە ژوورەوە، کەسێك ڕێنوێییان دەکات و دەیەوێت ڕێگەی چوونەدەرەوەیان پیشان بدات. لەگەڵ چوونەدەرەوەیاندا، یەکێك لەو چەتربەدەستانە ناڕواتە دەرەوە، سەرەتا سەیری ئاسمان دەکات، دواتر لە پیاوە کەمانچەژەنەکە دەچێتە پێشەوە، وەك ئەوەی بیەوێت پرسیاری شتێكی لێ بکات، بەڵام دەگەڕێتەوە و سەیری ئاسمان دەکاتەوە. دواتر سەیری سەعاتەکەی دەستی دەکات. لەپڕ ئەو کەسەی ڕێنمایی کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ چەتربەدەستەکەی دەکرد، دەگەڕێتەوە سەر شانۆکە، ئەو کەسەی تریش پێش خۆی دەدات و دەچنە دەرەوە. پیاوە کەمانچەژەنەکەیش خۆی دەکات بە یەکێك لە دەرگاکاندا و بۆ ماوەیەکی کورت سەر شانۆ تەواو چۆڵ دەبێت.

(وچان)

کەمانچەژەنەکە دێتەوە دەرەوە، کورسییەکی پلاستیکی بە دەستەوەیە، لە پەنایەکدا دایدەنێت و لەسەری دادەنیشێت. کچێك لە لایەکی شانۆکەوە دێتە ژوورەوە، ڕۆژنامەیەکی به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه‌ ڕاگرتووه‌ بۆ ئەوەی تەڕ نەبێت، سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات، ترسی پێوە دیارە و لە کابرای کەمانچەژەن دەچێتە پێشەوە، بەڵام کەمانچەژەنەکە، بەر لەوەی ئەو بگاتە لای‌، هەڵدەستێت و دەچێتە ژوورەوە و دیار نامێنێت. کچەکە دەگەڕێتەوە ناوەڕاستی شانۆکە و هەر سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات، تەواو شپرزە دیارە. جگەرەیەك لە جانتاکەی دەردەهێنێت و دەیەوێت بیکێشێت، بەڵام چەرخی پێ نییە، هەرچەندە ناو جانتاکەی دەگەڕێت، هیچ چەرخ یان شقارتە نادۆزێتەوە و بارانەکەیش جگەرەکەی تەواو تەڕ دەکات، ناچار فڕێی دەدات و بە پێی پانی دەکاتەوە. لەولاوە دوو کەس دێنە ژوورەوە، گسک و ئامڕازەکانی پاکردنەوەیان بە دەستەوەیە، قنەجگەرەی ژنەکە هەڵدەگرنەوە و سەیری دەکەن و دەیخەنە ناو تەنەکەی خۆڵوخاشاکەکەیانەوە، کە لەسەر عەرەبانەیەکی بچووکە و دواتر دەچنە دەرەوە. بارانه‌که‌ کچەکەی تەواو تەڕ کردووه‌ و هەر دێت و دەچێت، تا لەپڕ تەلەفۆنێك دەردەهێنێت و بە دەم ژمارەوەرگرتنێکەوە دەچێتە دەرەوە.

(بارانەکە خۆش دەکاتەوە.)

(ڕووناکی بەهێز دەبێت و وەك تیشکی بەتینی خۆر سەر شانۆکە بەتەواوی ڕووناك دەکاتەوە.)

(وچانێکی کورت.)

کەناسەکان دێنەوە سەر شانۆکە و تا له‌به‌ر چاو ون دەبن، شوێنەکە پاک دەکەنەوە. لەگەڵ چوونەدەرەوەی ئەوان کوڕێکی گەنج دێتە سەر شانۆ، سەرەتا قه‌یتانی پێڵاوەکانی تووند دەکاتەوە، دواتر شانەیەك دەردەهێنێت و قژی دادەهێنێت و بەدەم فیکەلێدانەوە، لەوسەری شانۆکەوە دەچێتە دەرەوە.

 پیاوەکەمانچەژەنەکە دێتە ناوەڕاستی شانۆکەوە و سەیری ئاسمان دەکات، هەناسەیەکی خۆشی هەڵدەکێشێت. بەپەلە دەچێت کەمانچەکەی دەهێنێت و لە ناوەڕاستی شانۆکەدا دەوەستێت. ئینجا دەست دەکات بە ژەنینی ئاواز و میلۆدییەکی پڕ لە جۆشوخرۆش. کچێکی گەنج دێتە سەر شانۆکە و سەیری کەمانچەژەنەکە دەکات، دەچێتە ناوەڕاستی شانۆکەوە و پێڵاوەکانی دادەکەنێت و سەما دەکات، دوایی پێڵاوکانی هەڵدەگرێت و بە ڕاکردن دەچێتە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە دوای چوونەدەرەوەی کچەکە، لە ژەنینی کەمانچەکەی دەوەستێت و سەیری ئەو ئاڕاستەیە دەکات، کە کچەکەی لێوە دەچێتە دەرەوە. وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت، دەست دەکاتەوە بە ژەنینی کەمانچەکەی. لەپر کوڕێكی گەنج بە جلی سەبازییەوە دێتە سەر شانۆ، ماندوو دیارە، جلە سەربازییەکانی چڵکنە و خۆیشی هەندێك پیس و پۆخڵ دەنوێنێ، به‌تانییه‌کی گەورەی پڕ لە سەمونی بە کۆڵیدا داوە و سەمونێکیشی بەدەستەوەیە و وەك هار دەیخوات. بە ڕێگەوە چەند سەمۆنێك لە بەتانییەکەوە ده‌که‌ونه‌ خوارەوە، سەربازەکە هیچ گوێ بە کەوتنی سەمونەکان نادات و دەیەوێت بڕواتە دەرەوە، کوڕێکی گەنج بەرەوڕووی دێت، سەربازەکە وەك ئەوەی کەسێكی نزیکی خۆی دوای چەندین ساڵ بینیبێتەوە، لە شوێنی خۆی دەوەستێت و چاو دەبڕێتە کوڕە گەنجەکە، بەتانییەکەی لە کۆڵ دەکەوێتە خوارەوە و هەموو سەمونەکان بڵاو دەبنەوە. کوڕە گەنجەکە بە سەرسوڕمانەوە لە سەربازەکە دەڕوانێت و دەڕوات. چەند کەسێك سەمونەکانی بۆ کۆدەکەنەوە و دەیخەنەوە ناو بەتانییەکەی. سەربازەکە، بە شێوەیەکی میکانیکی و ڕۆبۆتئاسا، بەتانییە پڕ سەمونەکە دەداتەوە بە کۆڵیدا و دەڕواتە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە بە هاتنەژوورەوەی ئەم سەربازە لە ژەنینی ئاوازەکەی دەوەستێت و سەیری سەربازەکە دەکات تا بە تەواوی دەچێتە دەرەوە، ئینجا یه‌کسه‌ر دەست دەکاتەوە بە ژەنینی ئاوازە پڕ لە جۆشوخرۆشەکەی. ڕێك له‌و کاته‌دا، کچێك بە شپرزەییەوە دەردەکەوێت و کوڕێک دوای کەوتووە. بەر لەوەی لە چاو ون بن، کچەکە نامەیەک فڕێ دەداتە سەر زەوییەکە و بەخێرایی دەڕواتە دەرەوە. کوڕە گەنجەکە نامەکە هەڵدەگرێتەوە و بە قاقای پێکەنین و خۆشییەوە ڕادەکاتە دەرەوە. هاوکات ژن و پیاوێکی پیر دێن و نه‌ختێك گوێ لە ئاوازی مۆسیقای کەمانچەژەنەکە دەگرن، قۆڵ لەناو قۆڵدا، بە دڵێکی خۆشەوە دەچنە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە دەوەستێت و لە یەکێک لە دەرگاکانەوە دەچێتە ژوورەوە و لە چاو ون دەبێت.

(وچان.)

ژن و مێردێك، لەگەڵ کچەکەیان دێنە ژوورەوە، هاوکات پیاوێك دەردەکەوێت، ژمارەیەکی زۆر مەسینەی ڕەنگاوڕەنگی هەڵگرتووە، بەشێکی بە جەستەیدا هەڵواسیوە، بە شێوەیەك تەنیا هەر سەری بەدەرەوەیە. بەهێواشی ڕێ دەکات و وێنەگرێکیش بەدوایەوەیەتی بە هەموو شێوەیەك و لە هەموو سوچێکەوە وێنەی دەگرێت. کابرای مەسینەهەڵگر هیچ ئاگای لە وێنەگرەکە نییە و هەر دەڕوات تا لە چاو ون دەبێت. وێنەگرەکە دەگەڕێتەوە و وێنە دەگرێت، بێ هیچ پلانێك بە هەر چوار لای خۆیدا وێنە دەگرێت. ژن و مێردەکەیش، لەگەڵ کچەکەیان بێجووڵە سەیری مەسینەهەڵگرەکە و کابرای وێنەگر دەکەن و بە پێکەنینەوە دەچنە دەرەوە.

ئافرەتێکی ڕه‌شپۆش، لەگەڵ ئافرەتێکی دووگیاندا پێکەوە دەڕۆن، لە شوێنەکە ورد دەبنەوە و سەیری هەر چوار لای خۆیان دەکەن، وەك ئەوەی نامۆ بن بە شوێنەکە و ئەو شوێنە نەدۆزنەوە، کە دەیانەوێت بۆی بڕۆن. کچێکی گەنجی جوان بەرەو ڕوویان دێت، لە ژنە ڕەشپۆشەکە دەڕوانێت، دەیەوێت شتێك بە ژنە دووگیانەکە بڵێت، بەڵام لەپڕ دەقیژێنێت و ڕادەکاتە دەرەوە. ژنە ڕەشپۆشەکە و ژنە دووگیانەکە شێتانە پێدەکەنن و دەڕۆنە دەرەوە. تا لە چاویش ون دەبن، گوێمان لە پێکەنینە ناشرین و بەرزەکەیان دەبێت. کوڕ و کچێك، دێنە ژوورەوە و دەستی یەکتریان گرتووە، بە وردی سەیری دەوروبەرەکەیان دەکەن، وەك ئەوەی بترسن و نەیانەوێت کەس بییانبینێت؛ بەخێرایی بەسەر شانۆکەدا تێدەپەڕن و دەچنە دەرەوە. کەسێك بە پەیژەیەکی گەورەوە دێتە ژوورەوە، بە هەر لایەکدا ئاوڕ دەداتەوە، ئەوەی لەسەر شانۆیە، ڕادەکات و خۆی لە پیاوەکە لا دەدات. هەر لەم کاتەدا ژن و پیاوێک هه‌ر یه‌که ‌و بە بەرماڵێکەوە دێنە سەر شانۆکە و لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا بەرماڵەکانیان ڕاده‌خه‌ن و دەست دەکەن بە نوێژکردن. پیاوێکی پیر بە گۆچانەوە دەڕوات، سەیرێکی ژن و پیاوەکە دەکات، کە نوێژ دەکەن، سەرێکی پڕ لە گومان بادەدات و دەڕوات. هاوکات کۆمەڵێك کوڕ و کچی قوتابی بە کتێبەکانی دەستیان و جانتاکانی شانیانەوە، بە شەقامەکەدا دەڕۆن، هەندێکیان پێدەکەنن و هەندێکیان قسە دەکەن، کە لە چاو ون دەبن، ژن و پیاوەکە نوێژەکەیان تەواو دەکەن، بەرماڵەکانیان هەڵدەگرن و دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکی کەمێك گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئەو تیشکە بەتینەی سه‌ره‌تای نامێنێت.)

شێتێك چاکەتوپانتۆڵێکی زۆر لە قیاسی خۆی گەورەتری لەبەردایە، چڵکن و ڕیشن، دەردەکەوێت، جگەرە دەکێشیت و بێباکانە هەنگاو دەنێت، کەمانچەژەنەکە دێتەوە دەرەوە، ئاوازێکی غەمگین دەژەنێت، شێتەکە سەمای بۆ دەکات. سەرخۆشێک دێت و بەدیاریانەوە دەوەستێت، دواتر دەست دەکات بە گریان، شێتەکە سەیری دەکات و پێدەکەنێت. سەرخۆشەکەیش هەر دەگری تا ئەویش دەست دەکات بە سەما. شێتەکە و سەرخۆشەکە قۆڵ دەکەن بە قۆڵی یەکتریدا و پێکەوە دەچنە دەرەوە. کەمانچەژەنەکە سەیریان دەکات و پێدەکەنێت. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێك خەڵکی بە چاویلکەی ڕەشەوە دێنە سەر شانۆ، لە کوڕە کەمانچەژەنەکە نزیک دەبنەوە و سەیری دەکەن، چواردەوری دەگرن و کەمانچەژەنەکەیش بە کەمانچەکەی دەستییەوە بە هەر چوار لای خۆیدا دەسوڕێتەوە و سەیریان دەکات. یەکەیەکە چاویلکەلەچاوەکان دەڕۆنە دەرەوە و کەمانچەژەنەکەیش بە دەم قاقای پێکەنینەوە دەچێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی و لە پەناکەدا لێی دادەنیشیت.

یەك دوو سەرباز سەیری شوێنەکە دەکەن، وەك ئەوەی بۆ تاوانبارێك بگەڕێن، لە هەموو شتێك ورد دەبنەوە، کەسێكیش، که‌ لە ڕۆژنامەنووس دەچێت، دەفتەرێکی بچووکی بە دەستەوەیە، دوور و نزیك لە دوای سەربازەکانەوە دەڕوات و جارجارە شتێك لە دەفتەرەکەیدا دەنووسێت. بەر لە سەربازەکان ئەو دەڕوات و لە چاو ون دەبێت. پیاوێکی شەل بە سەگێکەوە لەم سەری شانۆکەوە دەڕوات بۆ ئەو سەر، تا لە چاو ون دەبێت، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم پیاوە شەلەدا، هیچ جووڵەیەك لەسەر شانۆکە نامێنێت، هەر پیاوە شەلەکە لەگەڵ سەگەکەی دەچنە دەرەوە، هەموو شتێك دەکەوێتەوە جووڵە و سەربازەکانیش دەڕۆنە دەرەوە.

(تیشکی ڕووناکییەکە کزتر دەبێت.)

چەند لێبوکێك دەردەکەون، گەمە دەکەن، تۆپ بە ئاسماندا هەڵدەدەن، مۆسیقا لێ دەدەن، هەموو جۆرە جووڵەیەك، کە دەبێتە هۆی پێکەنینی خەڵکی، ئەوان دەیکەن. دەکەون و هەڵدەستنەوە، باز دەدەن و یەکتری ڕادەکێشن و سەرمەوقولتان دەدەن. لەم کاتەدا، وەك دیمەنی فیلمێك، کۆمەڵێك گەنج و بە تەمەن، کە هەموویان ئامێری تەلەفۆنی گەورەیان بە دەستەوەیە، دێنە سەر شانۆ، بە تووڕەیی و بەپەلە ژمارە وەردەگرن و بە خۆشی قسە دەکەن، پێدەکەنن، هەندێك جاریش خەمبار دەبن، بێئەوەی کەس تێیان بگات. تێکەڵاوی لێبوکەکان دەبن و پێکەوە دەچنە دەرەوە.

(وچان.)

(ڕووناکی کزتر دەبێت.)

بۆ ساتێك شه‌قامه‌که‌ چۆڵ دەبێت، تا شێتێك ڕادەکات، کۆمەڵێك پەرستاری ژن و پیاو، بە سەدرییە سپییەکانیانەوە دوای کەوتوون، شێتەکە ڕادەکات و ئەوان بەدوایدا، چەند جارێك بە شێوەی بازنە، وه‌ك ئابڵۆقه‌ی بده‌ن، ڕادەکەن و دەسوڕێنەوە، بۆیان ناگیرێت، هەر چۆنێك بیانەوێت بیگرن ئەو لە دەستیان دەرباز دەبێت. منداڵێك لە یەکێك لە دەرگاکانەوە دێتە دەرەوە، زەرفێکی کاغەزی بە دەستەوەیە و وەك میزەڵدان فوی تێ دەکات تا وەك تۆپێکی لێ دێت، هەر کە پڕ بوو لە هەوا، بە هەموو هێزی خۆی پێیدا دەکێشێت و دەیتەقێنیت. لەگەڵ زرمە و دەنگی تەقینی زەرفەکە، سەر شانۆ لە جووڵە دەکەوێت، شێتەکە لە جێگەی خۆیدا و پەرستارەکانیش لە جێگەی خۆیاندا بێجووڵە دەوەستن. منداڵەکە لە هەمان دەرگاوە دەچێتەوە ژوورەوە. پەرستارەکان قۆڵی شێتەکە دەگرن و بەبێ هیچ کێشە و دەنگێك دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکی گۆڕانکاریی بەسەردا دێ و ڕەنگێکی شینی کاڵ دەردەکەوێت و ڕووناکییە بەهێزەکە کزتر دەبێت.)

کۆمەڵێك کەس وەك ئەوەی لە پرسەدابن، بە گریان و خەمبارییەوە دەردەکەون، پیاوە کەمانچەژەنەکە، لەگەڵ ئەو منداڵەی کە زەرفەکەی تەقاند دێنە دەرەوە، هه‌ر یه‌که ‌و گوڵێکی گەورەی سپییان بە دەستەوەیە و دەیدەن بە ئەو خەڵکەی بە گریان و خەمبارییەوە هاتوونەتە سەر شەقامەکە. لە کاتێکدا دەڕۆنە دەرەوە، کۆمەڵە کەسێکی کورتەباڵا، بە جلی جوانەوە بە دوای ئەو کۆمەڵە کەسە خەمبارەدا دەڕۆن و لەگەڵ ئەوان لە چاو ون دەبن. پاش ساتێکی کورت، کورتەباڵاکان دەگەڕێنەوە، گوڵە سپییەکانیان بە دەستەوەیە و دەیدەنەوە دەست پیاوە کەمانچەژەنەکە و منداڵەکە. لە کوێوە هاتبوونە ژوورەوە، هەر لەوێشەوە دەچنەوە دەرەوە.

کۆمەڵێك منداڵ و گەنج، کە لە شێوەی دوو تیپدا ده‌رده‌که‌ون، فتبۆڵێن دەکەن. هەموو سەر شانۆکە داگیر دەکەن، پاس ده‌ده‌ن بە یەكتر و هێرش دەبەن و گۆڵ لە یەك دەکەن، پیاوە کەمانچەژەنەکە و منداڵەکە سەیریان دەکەن و دەبن بە هەواداریان، بە ئاشکرا دیارە منداڵەکە هانی چ تیپێك و پیاوەکەمانچەژەنەکە هانی چ تیپێك دەدەن. یارییەکە بێ هیچ براوەیەك تەواو دەبێت و یەکێك لە تیپەکان لە لای ڕاست و ئەوی تریان لە لای چەپەوە دەچنە دەرەوە.

(ڕووناکییە شینەکە بەرەو ڕەشبوون و تاریکی دەڕوات.)

بووك و زاوایەك به‌ڕێ دەکرێن، خەڵکێکی زۆر بە دوایانەوەیە، هەندێك چەپڵە لێ دەدەن و هەندێك گۆرانی دەڵێن و چەند کەسێکیش مۆسیقا دەژەنن. کورتەباڵاکەن، بە سەماکردن بە ئاڕاستەی پێچەوانەی ڕەوتی ئەوانەوە دێنەوە ژوورەوە. شاییەکە خۆشتر دەبێت. کەسێك لە شوێنێکەوە دێتە ژوورەوە و لەپڕ جانتای دەستی ئافرەتێك دەفڕێنێت و ڕادەکات. کورتەباڵاکان بەدوای دزەکەدا ڕاده‌که‌ن. شاییەکە بەردەوام دەبێت و بە چەپڵە و گۆرانی و مۆسیقاوە دەچنە دەرەوە.

بۆ ساتێك سەر شەقامەکە چۆڵ دەبێت، تا لەپڕ چەند کەسێکی شه‌پقه‌به‌سه‌ر، کە لە تەمەنی جیاوازدان دەردەکەون. هەندێکیان چاویلکەی ڕەشیان لە چاودایە و هەندێکیشیان کامێرایان بە دەستەوەیە. دێن و دەچن. وێنە دەگرن و سەرنجی یەکتری بۆ شوێنی جیاوازی سەر شەقامەکە ڕادەکێشن. لە هەمان کاتدا ده‌نگی فرۆکه‌یه‌کی هێلێکۆپته‌ر دێ. دەنگی چەند تەقینەوەیەك. کامێرابەدەستەکان دەیانەوێت وێنەی چەند شوێنێکی نادیار بگرن، سەربازەکان دەردەکەونەوە و ڕێگەیان لێ دەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەنە دەرەوە.

(بێدەنگی.)

(سەر شانۆ تاریکتر دەبێت.)

(باران دادەکاتەوە.)

(کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێك بە چەترەوە لە هەموو شوێنێکی سەر شانۆکەوە دەردەکەون، هەندێکیان بەرەوڕووی پێشەوەی شانۆکەوە دێن.)

(ڕووناکی بەرەو شینێکی ڕەشباو دەڕوات و تەواو تاریك دەبێت.)

(دەنگی هەورەگرمەیەکی زۆر بەهێز دێت، دواتر تیشکی بروسکەیەك شانۆکە بۆ ساتێکی کورت، بە شێوەیەکی ترسناك ڕووناك دەکاتەوە.)

(دەنگی خوڕەی باران لە تاریکییەدا دێت.)

٢٢/٦/٢٠٢٢

ستۆکهۆڵم

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.