شانۆ و خەمەکانی شانۆکاران

ئامادەکردنی: مەتین هێژا و چنوور کەمەندی

داکۆ و شانۆکاران، تەوەرێکی تایبەتی گۆڤاری (داکۆ بۆ شانۆ)یە و هەر ژمارەیەک پرسێکی گرنگی ناوەندی شانۆیی دەخاتە بەرباس. لەم ژمارەیەدا گرفتی هۆڵی شانۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی باس دەکەین، کە یەکێکە لەو گرفتانەی بەردەوام لەلایەن شانۆکاران و هونەرمەندانەوە باس دەکرێت. گۆڤاری (داکۆ بۆ شانۆ) لەم ژمارەیەدا تەوەرێکی تایبەت بەم باسە دەکاتەوە، کە تێیدا هەریەک لە شانۆکاران ”ڕێژەن جەمال، دیدار عومەر، کەنار سەرچڵ و وەرزێر مەنسور” بەشدارن و بیر و بۆچوونی خۆیان لە ڕێگەی وەڵامی چەند پرسیارێکی ئێمەوە دەخەنە ڕوو.

پرسیار: پێتان وایە هۆڵی شانۆی گونجاو لە ئێستای باشووری کوردستاندا هەبێت؟

ڕێژەن جەمال: من پێموایە هەڵەیەک لە دەستەواژەی ”هۆڵی شانۆ” هەیە، ئێمە لە باشووری کوردستان هیچ هۆڵێکی تایبەتمان بە شانۆ نییە، مەبەستم لە هەمان ئەو ستانداردانەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو هۆڵی شانۆی لەسەر بونیادنراوە. ئەوەی لە باشووری کوردستان هەیە هۆڵێکە بۆ کۆنگرە و پلینیۆمی حزبی، هۆڵی کۆنسێرت و گۆرانی، هۆڵی پێشبڕکێی لەبەرکردنی قورئان، هۆڵی چالاکیی لەشجوانی و دەیان جۆر چالاکیی جۆراوجۆرە، لە کۆتاییشدا هۆڵێکە بۆ نمایشی شانۆیی، واتا ئەو هۆڵەی دەرهێنەرێکی شانۆ کارەکەی تێدا دروست دەکات، بەر لەو ڕەنگە چلەیەکی ماتەمینی تێدا ئەنجام درابێت. هەر بۆیە لێرە لە باشوور، لە هەر هۆڵێک نمایشە شانۆییەکەت پێشکەش بکەیت، سەرەتا و بەر لە هەر شتێک ئەوەی نائامادەیە ”کەشی ڕاستەقینەی نێو هۆڵی شانۆ”یە. ئێمە لەبەردەم دوو جۆر گرفتداین، یەکەم نەبوونی هۆڵێکی گونجاو بۆ پڕۆڤەی کارە شانۆییەکانمان، دووەم نەبوونی هۆڵێکی گونجاو بۆ نمایشکردن. هۆڵەکان سەرەتاییترین خزمەتگوزاری، کە دەستشۆر و تەوالێتە تێیدا نییە، جیاوازییەک لەنێوان هۆڵێکی شانۆ لە سلێمانی و هۆڵێک لە سۆماڵ زۆر کەمە.

دیدار عومەر:  کاتیك باس لە هونەری شانۆ لە شاری سلێمانی دەکەین، بەتایبەتی لە شارێکدا، کە نازناوێکی هەیە بە پایتەختی کولتووری و ڕۆشنبیری، ئەوا کێشەیەکی بنەڕەتی و سیستماتیک لەبەردەم هونەری شانۆ ڕاوەستاوە، دیارترین کێشە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا شانۆکاران نەیانتوانیوە هونەری شانۆ بەبازاڕ بکەن و خۆبەخۆ داهات پەیدا بکات، بۆیە بەردەوام کێشەی پشتیوانیی دارایی ڕووبەڕووی شانۆکاران دەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەکانی شانۆ هیلاک و ماندوو بوون، ناتوانرێت بە هۆڵێکی شایستە و مۆدێرن وەسف بکرێن، لە کاتێکدا هۆڵی شانۆ پێوسیتی بە لایەنی تەکنیکیی بەهێز و مۆدێرن هەیە.

پاشان بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی کولتوورییەوە نەتوانراوە پلانێکی درێژخایەن بۆ شانۆ و پەروەردەی شانۆ لە ناوچەکە بەدەست بێت، کە ئەمەش ناسناوی پایتەختی ڕۆشنبیری بە سلێمانییەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە!

کەنار سەرچڵ: کە باس لە گرفتەکانی هۆڵی شانۆ دەکرێت، دەبێت بڵێین چ شتێك گرفت نییە؟ چونکە لەوانەیە ئەوە ئاسانتربێت بەهۆی زۆریی گرفتەکانەوە، هەر لە نەگونجاویی هۆڵ و هەموو سیستەمەکانی، کە پێویستە بۆ هۆڵێکی شانۆیی تا لۆکەیشنی هۆڵەکان، هەموویان گرفتن چ بۆ شانۆکاران ئینجا بۆ بینەرانی شانۆکانیش. سەرباری ئەمانەش هۆڵەکان تەنیا بۆ شانۆ نەماون، بوون بە هۆڵی بۆنە و ئاهەنگە سیاسی و ئایینی و… هتد. واتا بوون بە شوێنی پارەپەیداکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانیان، ئەمەش ئاساییە بەڵام بە مەرجێك نەخرێتە پێش خوودی پڕۆژە شانۆییەکەوە و کارە شانۆییەکان نەکرێن بە قوربانیی ئەو بۆنانە.

وەرزێر مەنسور: گرفتەکانی هۆڵی شانۆ لە سلێمانی، جگە لەوەی هۆڵەکان لەم نیمچە وڵاتەدا ڕا و سەرنجی هونەرمەندان بەتایبەتتر شانۆکاران بە هەند وەرنەگیراون، ئەوەیە لە ڕووی بونیادنانەوە هێندە قورسایی خراوەتە سەر کۆڕ و کۆبوونەوەکان و پانێڵ و سیمینار و کۆبوونەوە حیزبییەکان هێندە جەوهەری کولتووری لە بونیادنانی ئەندازیاریی هۆڵەکان ڕەچاونەکراون، ئەمەش پەیوەندیی بە تێڕوانینی دەسەڵاتەوە هەبووە، کە هونەری شانۆ گرنگییەکی کولتووری و ڕۆشنبیری نەبووە لەنێو بیرکردنەوەی سیاسیدا، چونکە سیاسەت و دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دوور بووە لە بونیادی شارستانی، لەناویدا هونەر و شار و شانۆ و شار وەک چەمک و جەوهەری پیشەیی تەماشا نەکراوە و ناکرێت.

خاڵێکی تر، کە مەترسیدار بووە و شانۆکاری ئێمە قوربانیی مەعنەوی و ماددی بووە تێیدا، بابەتی میکانیزمی ئیدارەدانی هۆڵەکانی شانۆ بووە، لەم ساڵانەی دوایی لەم پانتاییەدا، کە شانۆ بەراورد بە پانتایی ناوچەکانی تر ڕێژەکەی هەم وەک بەرهەمهێنان و هەم وەک بینەر بەرز بووە، بۆیە کاتێک ستافێکی هونەری لە ڕووی ئیدارییەوە کۆمەڵێک گرفتی لەگەڵ ئیدارەی هۆڵەکاندا بۆ دێتە پێش لەسەر چەند ئاستێک خۆی دەبینێتەوە.

داکۆ بۆ شانۆ: پێتان وایە بەڕێوبەرانی هۆڵەکان باشبن لە کارەکانیاندا؟

ڕێژەن جەمال: بڕوام وا نییە خراپئیدارەدانی هۆڵەکانی شانۆ گرفتێکی گەورە بێت، چونکە هەر لە بنەڕەتدا ئیدارەدانی شانۆ لە سلێمانی بەدەست دەردێکی گەورەوە دەناڵێنێت، لەم دۆخەشدا ئاساییە ئەگەر هۆڵەکانی شانۆ لە ئیدارەداندا داوەشاو بن، لایەنی فەرمی، کە دەوڵەتە، وەك هەر سەرچاوەیەکی دیکەی پارەپەیداکردن، بە نموونە کامێراکانی تیژڕەویی شۆفێران تەماشای هۆڵەکانی شانۆش دەکات، کۆمەڵێک بارگرانیی دارایی دەخرێنەسەر ئەو ستافە شانۆییانەی دەیانەوێت نمایشێک بەرهەم بهێنن، کە بارگرانییەکە یەک پێناسەی هەیە: کار مەکە! من ڕەنگە لە جۆری ئەو دەرهێنەرانە بم، کە سێ بۆ چوار ساڵ جارێک کار دەکەم، بۆیە ئێستا نازانم دەردی ئیدارەدانی هۆڵەکانی شانۆ بە کوێ گەیشتوون، بەڵام لە دوایین نمایشی خۆمەوە چیرۆکێک دەگێڕمەوە: 

کاتێک کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ لە یەکێک لە هۆڵەکانی سلێمانی خۆمان بۆ نمایشکردن ئامادە دەکرد، بە ڕوونی هەستمان بە جۆرێك مامەڵە لەلایەن ئیدارەی هۆڵەکەوە کرد، کە من ناوم نا ”سەرانەسێنەکانی شانۆ” یان ”ڕێگرەکانی هۆڵی نمایش” لەوێ بە ڕوونی لە چاوی کارمەندەکانی ئیدارەی هۆڵەکەوە یەک داواکاریت دەبینی: پارەمان بدەرێ، ئینجا کارت مسۆگەرە… لە کاتێکدا ئەوانە کارمەندی دەوڵەتن و پارەیان لای من و هیچ دەرهێنەرێکی دیکە نییە.

قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە دۆخێکی دروست کردبوو، ئەوان پەنا بۆ سەرانەوەرگرتن ببەن، هەر بەڕاستی ئەوە سەرانەوەرگرتن و دەستکردن بە گیرفانی شانۆکاراندا بوو.

کێشەیەکی دیکە هەر لەو کاتەدا کە بۆمان دروست بوو، دەبوایە خۆمان پارەی دابینکردنی گازی موەلیدەی هۆڵەکە بدەین. ئەوە جگە لە لیستێک لە داواکاریی دارایی دیکە وەک: کرێی هۆڵ، کرێی خزمەتگوزاری، دانانی پارەیەک وەك بارمتە و هتد… 

دیدار عومەر: گرفتە ئیدارەییەکانی هۆڵەکان یەکێکن لە سەرچاوە گەورە و گرنگەکان لەبەردەم هونەری شانۆ بە شێوەیەکی گشتی، گرفتە ئیدارەییەکان لە هۆڵەکانی شانۆی سلێمانی دەتوانم بە کورتی بڵێم: لەبەر ئەوەی هۆڵەکانی سلێمانی ناوەندێکن زۆرینەیان سەر بە ڕێکخراو یان حکومەتن، ئەوانیش بەدەر نین لەو لێبڕینە داراییەی، کە حکومەت ڕووبەڕووی دامودەزگا حکومییەکانی کردووەتەوە، هۆڵەکانیش وەک باڵەخانەیەکی بەتەمەن ماونەتەوە و پێویستیی بەوە هەیە بەردەوام بەو دەستکەوتە داراییەی کە دەستی دەکەوێت لە خۆیدا خەرج بکرێتەوە، پاشان لایەنی بەرێوەبردنی هۆڵ پێویستی بە ئەزموون و کەسی شارەزا هەیە، تا بە شارەزایی و ئەزموونی خۆی هۆڵەکان لە گرفتەکان بپارێزێت.

کەنار سەرچڵ: بەڕێوەبردنی هۆڵەکان بەشێوەیەك نەگونجاوە، کە نازانم دەبێت دەست بخەمە سەر کام برینە، دنیایەك قەلەقی کە بۆ ستافێکی شانۆیی دروست دەبێت بە شێوەیەك پێش خوێندنەوەی دەق، وامان لێ هاتووە ئەپرسین، کە لەکوێ نمایش دەکرێت؟ ئینجا دڵنیایت ئەتوانین وەریگرین؟ ئەی کێشەمان بۆ دروست ناکەن؟ سەرەڕای ئەمانەش بەکارهێنانی پەیوەندی و کێشەی شەخسی لەم بابەتەدا زۆر بە زەقی دەبینرێت.

وەرزێر مەنسور: یەکەم ئەوەی ئیدارەی هۆڵەکان دەکات شارەزاییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر گرنگیی هونەری شانۆ و بە میزاجی کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەیەکی حیزبیش هەمان ئەدای ئیداری بەرامبەر ستافێکی شانۆی دەکات، هەڵبەت ڕەنگە ئەم شەخسە، کە بەرپرسیارە هێندەی سەرووی خۆی بەرپرسیار نەبێت، کاتێک سەرووی خۆیشی هەمان نەبوونی مەعریفەی هونەری و شانۆ و گرنگیی هونەرەکە وای لێ دەکات زۆر جار لە مامەڵەیەکی ئیداری و کارگێڕییەوە دەچێتە قۆناغێکی هەستیار و تەنانەت دروستبوونی گرژی، چونکە دوو ئاڕاستەی بیرکردنەوە بەر یەک دەکەون، ئاڕاستەیەک شانۆکارە و ستافێکە لەوپەڕی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی هونەرییەوە شانۆ لەم نیشتیمانەدا دەکات و خۆبەخشانە قوربانیی بۆ دەدات، بیرکردنەوەکەی تر بەخەیاڵێکی ئیداری و کارگێڕییەوە بەراوردی هیچ ستافێکی هونەری و غەیرە هونەری ناکات، هەر بۆیە دەچێتە دۆخێکی هەستیارەوە و دەرئەنجامەکەی گلەیی و ڕەخنە و تەنانەت ناڕەزایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

ئەمە پێمان دەڵێت دەسەڵات کاری لەپێشینەی لەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری پێشخستی هونەر نییە بەڵکوو بێزارکردنی هونەرمەندان و کەمکردنەوەی چالاکییە کولتووری و نمایشە شانۆییەکانە، ئەمە پێویستە بە گرنگییەوە لێی بڕوانرێت و هۆکارەکان و دەرئەنجام و چارەسەرەکانیشی بەهەند وەربگیرێت.

لەڕاستیدا تاوانی ئەم گرفتانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتە، چونکە دڵنیاییەک هەیە لەوەی شانۆکاران، کە ئەگەر دەسەڵات خواستی ئەوەی هەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە بەدڵنیاییەوە شانۆکاران دەتوانن چەندین پڕۆژەی چارەسەر بخەنە ڕوو، کە ڕەنگە پێشتریش پڕۆژە و گفتوگۆ هەبووبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مەبەستێکی دڵسۆزانە نەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتەکەدا ڕاستەوخۆ پشتگوێ خراوە. ئەمە پێمان دەڵێت دەسەڵات کاری لەپێشینەی لەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری پێشخستی هونەر نییە بەڵکو بێزارکردنی هونەرمەندان و کەمکردنەوەی چالاکییە کولتووری و نمایشە شانۆییەکانە.

داکۆ بۆ شانۆ: کەواتە کە گرفت هەیە ئەم گرفتە ئاڕاستەی کێ دەکەن؟

ڕێژەن جەمال: من پێم وا نییە ئەمە تەنیا گرفت بێت، ئەمە کارەساتە، ئەمە جۆرێکە لە ئابڕوچوون و ئەو کەسانەی لە دامەزراوە دەوڵەتییەکانی وەك وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەو وەزارەتەن، بەرپرسیاری ڕاستەوخۆن. ئەوان تەنیا بەرپرس نین لە خەرجکردنی بوودجەی نمایشە شانۆییەکان (ئەگەر پارە هەبێت) ئەوان بەرپرسن لە ئیدارەدانی کولتوور و هونەری شار و وڵاتێک. بەدڵنیاییەوە شانۆکارانیش بەرپرسیارن، من دەزانم هەندێک لە شانۆکاران لە خۆشەویستییان بۆ کارەکانیان، بێدەنگییان هەڵبژاردووە و لەنێوان شەڕێکی قێزەونی کارگێڕی و قبوڵکردنی هەموو جۆرە ئازار و خراپمامەڵەکردنێک تەنیا لەپێناو نمایشکردنی کارەکەیان، ئەوەی دووەمیان هەڵبژاردووە


دیدار عومەر: گرفتەکان زۆرن، زۆریشمان گوت، زۆریشیان گوت، هەر گوتمان و هەر گوتیان و هەر چارەسەریش نەکرا!

وەرزێر مەنسور: لەڕاستیدا تاوانی ئەم گرفتانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەسەڵاتە، چونکە دڵنیاییەک هەیە لەوەی شانۆکاران، کە ئەگەر دەسەڵات خواستی ئەوەی هەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەم گرفتە بدۆزێتەوە بەدڵنیاییەوە شانۆکاران ئەتوانن چەندین پڕۆژەی چارەسەر بخەنە ڕوو، کە ڕەنگە پێشتریش پڕۆژە و گفتوگۆ هەبووبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی مەبەستێکی دڵسۆزانە نەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتەکەدا ڕاستەوخۆ پشتگوێ خراوە.

کەنار سەرچڵ: بە دڵنیایی گرفت هەیە، بەس خەتای کێیە؟ نازانم ئەبێ لەکوێوە دەست پێ بکەم؟!

داکۆ بۆ شانۆ: پێشنیاری چارەسەر لای ئێوە چییە؟


وەرزێر مەنسور: پێشنیار و چارەسەر پەیوەندیی بە یەکبوونێکی شانۆکارانەوە هەیە و لە پاڵیشیاندا پێویستە ناوەندی شانۆکارانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەڕەسمی و بێپێچوپەنا بێتە سەر خەت و هەمووی پێکەوە وەک لۆبییەکی بەهێز بەرامبەر ئەو ئیدارە و ڕێنماییە محەلییانە بووەستنەوە، کە چی بێ ئاگاداریی هونەرمەندان و شانۆکاران کراوەتە یاسا و مەرج و شێواز و میکانیزمی ئیدارەدانی هۆڵەکان.

ڕێژەن جەمال: من تەنیا دەتوانم باس لە دەردەکان بکەم، من چارەسەرم پێ نییە بۆی، بڕواشم وایە ئەوەی بەڕاستی ڕەخنە دەگرێت نابێت ئەو مافە بداتە خۆی پێشنیازی چارەسەر بخاتە ڕوو. ڕەنگە جێگەی پێکەنین بێت پێشنیازی من ئەوە بێت کەسێکی شیاو بۆ بەڕێوەبردنی شانۆ لە شارێکدا دابنرێت، لەکاتێکدا ڕێگە ڕاستەکە دانانی کەسی شیاوە، جێگەی پێکەنینە داوا بکەین ڕێگری بۆ نمایشە شانۆییەکان لە ڕووی کارگێڕییەوە دروست نەکرێت، چونکە نابێت ڕێگری هەبێت.

دیدار عومەر: پێشنیاز بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندن لەبەردەم هەر بەربەست و قەیرانێک پێویستی بە ماندوێتی و دەستگیرۆیی هەیە، هۆڵەکانی شانۆ موڵکی دەوڵەت و حکومەتە، لەسەر حکومەتە کە ماڵ و موڵکی خۆی خۆشبوێت و ئاگای لە داڕمان و داتەپینی هۆڵێک بێت، کە وەک ماڵی خۆی وایە. لەبەرامبەریشدا دەبێت ئەو کەسانەی کە وەک بەرێوبەر و ستاف لە هۆڵی شانۆیی کار دەکەن و فەرمانبەرن، دەبێت کەسانی شارەزا و بەئەزموون بن لە بەرێوەبردن و ئیدارەدانی هۆڵێک یان هەر ناوەندێکی تری کولتووری.

کەنار سەرچڵ: پێش هەموو شتێك گێڕانەوەی شکۆ بۆ شانۆ و بەکولتوورکردنی، ئەمەش سەرەتا لە وەزارەتی پەروەردەوە دەست پێ دەکات، ئینجا خێزانەکان و پاشان خوودی شانۆکاران خۆمان. هێنانەناوەوەی کەرتی تایبەت و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان بۆ پشتگیریکردن و بەرهەمهێنانی شانۆ بەشێوەیەکی دروست.

دوای وەڵامدانەوەی هونەرمەندان و شانۆکاران سەبارەت بە گرفتەکانیان، مامۆستا فەرهاد عەبدولڵا سەرۆکی بەشی شانۆ لە پەیمانگەی هونەرجوانەکان سەبارەت بە هۆڵەکانیان لە بەشی شانۆ و پێویستیی هۆڵی دیکە، گوتی: “ئێمە لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی چەند هۆڵێکمان هەیە بۆ وانەوتنەوەمان. وەک: (هۆڵی ئەزموون، هۆڵی وەرزش و هۆڵی بەدیعە دارتاش) راستە هۆڵی سەرەکیی چالاکییەکانمان بچووکە. بەڵام سحرێکی جوانی هەیە و بەردەوام چالاکی و نمایشەکانمان لەوێ ئەنجام دەدەین هەر بۆیە بەردەوام پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. هەموو ساڵێک کێشەی کەمیی کورسیی بینەرانمان هەیە لە هۆڵەکەی ئێستاماندا بەتایبەت کاتی کارنامەی دەرچوونی فێرخوازان بۆیە پێویستمان بە هۆڵێکی گەورە هەیە کە، (٥٠٠-٦٠٠) کورسی تێدا جێبکرێتەوە. بۆئەوەی ئەو بینەرانەی دەیانەوێت بێن و بەرهەمەکانی پەیمانگە ببینن، بێبەش نەبن لێی.

لەلایەکی دیکەوە ئاماژەی بۆ کارنامەی خوێندکاران کردوو و گوتی: خوێندکار کاتێک لە قۆناغی پێنجی دەرهێنان یان نواندن دەردەچێت و پەیمانگە تەواو دەکات. پێویستە کارنامەی خۆی پێشکەش بکات بە دەرهێنان یان نواندن لە شانۆیەکدا، ئەمش ڕەنگدانەوەی ئەو زانین و زانیاریانەیە کە لە ماوەی پێنج ساڵ لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی فێری بووە. ئامادەکردنی کارنامەی دەرچونیش بە جۆرێکە کە خوێنکار پێویستە هەستێت بە ئامادەکردنی یەکێک لە دەقە جیهانییەکان بۆ مامۆستای سەرپەرشتیاری گشتی خۆی. دواتر ئەگەر لە ڕووی پەروەردەییەوە لە ڕووی دەرهێنانەوە دڵنیابووینەوە کە دەتواندرێت کاری تێدا بکرێت و لەڕووی دراماتیکییەوە تەواو بێت، قبووڵدەکرێت و ئامادە دەکرێت و خوێندکارانی بەسەردا دابەش دەکرێت و کارەکە جێبەجێ دەکرێت لەلایەن خوێندکارانەوە و بەسەرپەرشتی مامۆستایان. ئەمەش دەبێتە کارنامەی دەرچوونی خوێندکارەکە.

لەم دۆخەدا گرفت ڕووبەڕووی فێرخوازان دەبێتەوە، سەرۆکی بەشی شانۆ دەڵێت : “یەکەم گرفت کە رووبەرووی خوێندکاران دەبێتەوە، بودجەی تەواو لەبەردەستدا نییە، ئەگەر لە دەرەوەی پەیمانگە ئەم شانۆییانە بکرێت برێک پارەی پێویستە و ڕەنگە بە بلیت چارەسەر کرێت یان سپۆنسەر، بەڵام لە پەیمانگە و بۆ کارنامەی دەرچوون خوێندکار دەبێت لەسەر گیرفانی خۆی ئەم کارە بکات. چونکە بودجەی پەیمانگە بەشیان ناکات. بۆیە مامۆستاکان هاوکاری خوێندکارەکان دەکەن و سپۆنسەریان بۆ دابین دەکەین. بەڵام ئەم ساڵ کاک سەرکەوت لە مەڵبەندی یەکی ڕیکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، توانی ئەم گرفتەمان بۆ چارەسەربکات و ببنە سپۆنسەری کارەکان. لەلایەکی دیکەوە نابێت ماندوبوونی مامۆستاکانیانمان لەیاد بچێت کە زۆر جار تا درەنگ لەگەڵیاندا دەمێننەوە. تەنانەت تا ١١ و ١٢ ی شەو. رینمایی و هاوکاری و تەنانەت پەروەردەشیان دەکەن. بۆیە زۆر سوپاسی مامۆستاکانیان دەکەم.

دەربارەی داواکارییەکانیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار، مامۆستا فەرهاد عەبدوڵلا دەڵێت: “داواکاریمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانە چاو بە میزانیەی پەیمانگەدا بخشێنێتەوە. بۆئەوەی بتوانین بەو میزانیەیە خویندکارەکانمان سودمەندبن و کارەکانیان بەرێوەببەن. ئەوکاتە پێویستناکات بچینە بەردەرگای هیچ کەسێک. داوای سپۆنسەر بکەین. داواکارین نمایشی کارەکانمان بە بلیت بێت بۆئەوەی بتوانین پەرە بە کارەکانیان بدەین، چونکە بەراستی کارەکانی ئەم ساڵمان زۆر لەو کارانە جوانترە کە لە دەرەوەی پەیمانگە دەکرێت. پەیمانگە ساڵانە ١٠ بۆ ١٢ نماییش ئەنجام دەدات بەو بودجە کەمە، کارەکانیشمان زۆر جوان و پوخت و کامڵە هەڵبەت بەپێی جیاوازی ئاستی فێرخوازەکان. لە کۆتاییدا زۆر سپاس بۆ ئێوە و هیوای بەردەوامی بۆ گۆڤارەکەتان برەودانی زیاتر بە شانۆ.

هەر لە درێژەی تەوەری ئەم ژمارەیەی (گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری

و هونەری شاری سلێمانی (موحسین ئەدیب) وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە.

داکۆ بۆ شانۆ: چالاکییە شانۆییەکان لە شاری سلێمانی چۆن بەڕێوەدەچێت؟

موحسین ئەدیب: سلێمانی، هەم بە فەرمی و هەم نافەرمی، پایتەختی ڕۆشنبیرییە. ئەمە شتێکی نوێ نییە فەزڵێکیش نییە بە سلێمانی بەخشرابێت، چونکە سلێمانی لە مێژە، لە سەردەمی نالییەوە، توانای ڕۆشنبیریی بەهێزی لەکایە جۆراوجۆرەکاندا بەرهەمهێناوە. ئەگەرچی سلێمانی خۆی بە بێ منەت و بەنافەرمی پایتەختی ڕۆشنبیرییە، دواجار پەرلەمانی کوردستان ئەم ناونیشانەی بە شێوەی فەرمی پێداوە. لە ئێستاشدا، چالاکیی ڕۆشنبیری و هونەری جۆراوجۆر لە شاری سلێمانی بەردەوامە و خوشبەختانە شارێکی زیندووە لەم ڕووەوە.

بەڵام ئەگەر لێمبپرسی ئایا لە ئاستی تموح و چاوەڕوانییەکانمدایە؟ بێگومان دەڵێم نەخێر. چونکە توانا کولتورییەکانی  سلێمانی و دەڤەری سلێمانی زۆر لەوە زیاترە کە دەیبینین، وەک پێویست وەبەرهێنان لەکایەی کلتووری لە سلێمانی نەکراوە. ئەگەر وەبەرهێنانێکی ڕاستەقینە بکرێت،  ئەوا ئەم دەڤەرە دەتوانێت خزمەتی زیاتری خۆی و خزمەتی زیاتری کوردبوون بکات. لەمڕوەشەوە چەندە حکومەت و کەرتی گشتی کەمتەرخەمە، ئەوەندەش کەرتی تایبەت.

کوردبوون و نیشتیمانسازیی و ژیانسازی پێویستیان بە ئەدەبیات و هونەرە جوانەکانە، سلێمانی زیاتر لە هەر دەڤەرێکی تر زەوییەکی بەپیتی ئەم دوو کایەیە، بۆیە کاتێک ئێمە خزمەت بە سلێمانی دەکەین، تەنها خزمەت بە شارێک ناکەین، بەڵکو خزمەت بە تەواوی کوردبوون دەکەین.

داکۆ بۆ شانۆ: ئەگەر بەراورد بکەین، ئایا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکیی هونەری زیاتر بووە یان کەمتر؟

موحسین ئەدیب: لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە  پێویستی بە توێژینەوەیەکی زانستی هەیە. بەڵام دەتوانم بڵێم لە دوای ساڵانی ٢٠٠٦–٢٠٠٧ تا ٢٠١٩، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان زۆر باشبوو و بودجەی وەزارەتی ڕۆشنبیریش زۆر بوو. لەو کاتانەدا چالاکیی زۆر و جۆراوجۆر ئەنجام دەدرا، ئەگەرچی رەنگە کوالێتیان زۆر باش نەبووبێت. ئێستا و بەراورد بەوکاتە، هاوکێشەکان تەواو گۆڕاون، بودجە نزیکە لەسفرەوە، بەجیاوازی یەک بەسەد. لەگەڵ ئەم بارودۆخەشدا، ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە هۆی پەیوەندیی باشمان لەگەڵ نووسەران، هونەرمەندان، سەنتەرە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکان و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و قونسوڵخانەکان، توانیومانە بە هاوکاریی کەمی حکومەت و کەرتی تایبەت چالاکیی باش ئەنجام بدەین. ئێستا زۆرتر پشت بە کەرتی تایبەت و سپۆنسەرەکان دەبەستین و کۆنفرانس و فێستیڤاڵی جۆراوجۆر ڕێکدەخەین.

داکۆ بۆ شانۆ: ئایا ئێستا زۆربەی چالاکییەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێن؟

موحسین ئەدیب: بەڵێ، بە نزیکەیی.

داکۆ بۆ شانۆ: بارودۆخی شانۆ چۆن دەبینیت؟

موحسین ئەدیب: لە ڕاستیدا شانۆ ئێستا لە قەیراندایە. کاری شانۆ خۆی لە خۆیدا قورسە و پێویستی بە بودجە و شەوق و خۆبەخشییەکی زۆر هەیە. بەداخەوە، ئەم شتانە لە ئێستادا کەم بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ڕاستگۆ بین و ڕەخنە لە شانۆکاران و دەرھێنەرانیش بگرین، چونکە شانۆ کارێکە پێویستە بە دڵسۆزی و ماندوونەناسی هەیە.

پرسیار: بارودۆخی هۆڵی شانۆ لە سلێمانی چۆنە؟

موحسین ئەدیب: سلێمانی بە فەرمی پایتەختی ڕۆشنبیرییە، بەڵام لە ڕاستیدا ژێرخانی کلتووریی باشمان نییە. هۆڵەکان کەم و زۆر سادەن، زۆربەیان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەداخەوە ئەم بابەتەی بە گرنگ وەرنەگرتووەی نایەت بەدەم داواکانمانەوە.

 کەرتی تایبەتیش لەبەر ئەوەی قازانجی دارایی تێدا نییە، زۆر ئارەزووی وەبەرهێنان ناکات لەبواری کولتوویدا.

داکۆ بۆ شانۆ: پەیامێکت بۆ خوێنەران چییە؟

موحسین ئەدیب: گرنگیدان بە کلتوور و هونەر تەنها ئەرکی حکومەت نییە؛ ئەرکی کەرتی گشتی، کەرتی تایبەت و تەواوی کۆمەڵگایە. هونەر، بە تایبەتی شانۆ، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بونیاتنانی کەسایەتیەکی بەهێزدا. شانۆ هونەرێکی زیندووەو مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دووبارە لەدایک دەبێتەوە و کاراکتەر و بیرکردنەوەی پێگەیشتوو دروست دەکات. بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم هونەرە ئەرکی هەموومانە.

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.