لێکۆڵینەوەیەک لە ژن وەک قوربانیی جەنگ و هەستانەوەی لە شانۆدا

لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری

نووسینی: فرمێسک مستەفا

دەسپێک

لە سەرەتای درووستبوونی مرۆڤایەتییەوە، ژنان وەک کاڵا و خزمەتکار و خستنەوەی منداڵ و بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی پیاو بەکار هێنراون. گەرچی ژنان هاوتەریب هەمیشە لە ململانێیەکدا ژیاون لە نێوان کردنەوەی ئاگری شۆڕشگێڕی لە بەرگری لەخۆکردن، لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیاندا، وەک یەکسانی و سەربەستی و ئازادی بووە. لەگەڵ ئەو خزمەتانەی خراونەتە ئەستۆیەوە، وەکوو ڕەگەزی مێ، بۆ خزمەتکردنی خێزان و نەوەخستنەوە و پاراستنی خاک و کارکردن و هاوکاریی بژێویی ژیان بووە.

کارەساتە یەکلەدواییەکەکانی جیهان پێیدا تێپەڕیوە، لەو زنجیرە جەنگانەی، کە بەخۆیەوە بینیوویەتی، هەندێکیان جەنگی وێرانکاری و زانراو و بینراو بوون، هەندێکیشی لەناو چوارچێوەی سنووری وڵاتێکدا ئەنجام دراون، کە بە نهێنی ماوەتەوە و دنیا بە چاوێکی گرنگیپێدانەوە تێی نەڕوانیووە، بەڵام بۆ ژنان ماڵوێرانی بوون.

زۆربەی ئەو جەنگانەش لە مێژوودا نووسراونەتەوە، هەندێکی وەک چیرۆک و سەرگوزەشتە باسی لێ دەکرێت و هەندێکیشی وەک وانەکان لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرێن، یاخود بۆ فەیلەسوفان و داهێنەرانی بواری ئەدەبی، گرنگ بوون و کراونەتە داهێنانی فەلسەفی و ئەدەبی و هونەری، بەڵام لە هیچ کام لەم باسانەدا باس لە پێگە و ڕۆڵی ژن، وەک ئەوەی پێویستە نەکراوە.

لەناو گڕی شۆڕش و جەنگەکاندا، کەسێک دەبێتە سوکماکی سەرەکی، کەسێک ئاگاداری پیر و منداڵ و ماڵ و جبەخانەی سەربازی و خزمەتکردنە لەناو سەربازگەکاندا، پەیداکردنی خواردن و پاراستنی خاک و ماڵەکەیەتی، تا ئەوانی تر لە جەنگ دێنەوە. کەسێک وەک وزەیەک بۆ شەهوەتی سەربازەکان بەکار دێت، تا وەک نێر بتوانێت جەنگی بۆ بکرێت. هێز و وزە وەک داینەمۆیەک بۆ هێزی خۆی لە جەستەیەک بۆ توانای بەردەوامی لە جەنگدا وەربگرێت. جەنگ نەک هەر بۆ ڕەگەزی ژن کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە، بەڵکوو پیاویش بە زۆرەملە بێت یاخود بە ئارەزووی خۆی، کەسایەتیی وێران دەکات و پڕیشکی ئەو ئاگرەش بە جۆرێکی تر ڕەگەزی نێر، لە ناوەوە و لە دەرەوە، دەسوتێنێت و دەیچەوسێنێتەوە و دەبێتە کەسایەتییەکی تێکوپێکشکێنراو.

لە هەموو جەنگێکدا، کە هێرشە سەرەتاییەکانی بۆ سەر هەر ناوچەیەکی جوگرافیی خاکێک بکرێت، سەرەتاکەی بە هێرشبردنە سەر ژن و کچی ئەو جێگەیەیە، بۆ لەکەدارکردنی ناوچەکە، یاخود لە ڕێی بەپیتیی ژنەوە خوێنی شوناس دەگۆڕدرێت و مرۆڤی تر لە خوێنی دوژمن لەدایک دەبێت، کە پێی دەگوترێت پاکتاوی ڕەگەز و خوێنی نەتەوەیی.

لەکەدارکردنی میلەتێک بە بچووککردنەوە و گۆڕینی خوێنە، لە ڕێی دەستدرێژی و تووندوتیژیی سێکسوالیتییەوەیە بۆ سەر ژن، پێش بەکارهێنانی چەک و جبەخانە سەربازییەکان دژ بە یەکتر. لە دوای کۆتاییهێنان بە جەنگیش، ئەم دیاردە ترسناک و نامرۆڤانەیە زۆر دەگمەن باسی لێ کراوە، یان هەر باس ناکرێن و لەناو خێزانەکاندا بە شاراوەیی ماوەتەوە؛ هەر بۆیە باسکردن لێیان سنووردار کراوە و لە هەندێک ناوچەش تەواو تابووە.

چ لە دادگاکانی جەنگ و چ لە نووسینەوەی داستان و شاکارە ئەدەبییەکاندا، وروژاندنی ئەم باسە و بەجیهانکردنی، تا چارەسەرێکی بۆ دابنرێت و دووبارە نەبێتەوە، کەمترین باس و کاردانەوەی هەبووە، بە تایبەتیش بۆ سەر پرسی دادگاییکردنەکانی هەڵگیرساندنی جەنگەکان. ژنان، کە هەمیشە قوربانیی ئەم جەنگانە بوون، نەیانتوانیوە بە ئازادانە باس لەو ئەشکەنجەدان و دەسدرێژییانەی کراوەتە سەریان بکەن، تا ماوەیەکی زۆر و ساڵانێکی دوورودرێژ، بە چەندین هۆکار پەردەپۆش کراون. تەنانەت لە ڕێگەی تێکستە شانۆییەکانیشەوە بە گوێرەی ئەو هەموو دەقەی لە گریکیی درێنەوە بۆمان ماوەتەوە، تا دەقە هاوچەرخەکان، بە دەگمەن لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە نووسراوە و کاری ئەوەی بۆ کراوە، کە بخرێتە سەر شانۆ.

بەگوێرەی ئەو هەموو زنجیرە جەنگانەی لە چاخی بەردینەوە تا ئێستاکە بەردەوامیی هەیە، دەبوو لە ڕێگەی شانۆ و هونەرەوە، ساڵانە چەندین کاری لەسەر بەرهەم بهێنرایە. خۆشبەختانە لە ئێستادا لە سەر شانۆکانی ئەورووپا لەلایەن شەپۆلێک لە ژنە فێمینستییەکانەوە و دەرهێنەرانی یەکسانیخواز، کار بۆ ئەم دیاردەیە دەکرێت و بەچاوی بایەخ و گرینگیپێدانەوە سەیر دەکرێت، بە تایبەتی لەدوای جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیادا، ئەورووپا بەخەبەر هاتووەتەوە و ژن و جەنگی کردە پرسێکی گرنگ لەناو شانۆ و گوتار و کۆبوونەوە مەدەنییەکاندا. ئەم بەرهەمە شانۆییانە لە ڕێی چاوپێکەوتنی قوربانییەکان و شاهێدەکانی تری ئەم کارەساتە مرۆڤایەتییانەوە دەنووسرێنەوە، دەکرێنە دەقی دۆکیۆمێنتاریی زیندوو بۆ پێشکەشکردن و باسکردن لێیان، کە لەم باسەمدا باس لەسەر هەندێک نموونە دەکەم.

لە ئەنتیکەوە بۆ ئێستا

لە دەقەکانی گریکیی کۆندا، هەمیشە شەراب و ژن دوو چالاکیی بەهێزی سەربازی بوون، خواوەندەکانی جەنگ، کە پیاو بوون، دنیایان سەرەوژوور کردووە، بۆ نموونە ”مارس”، ئەو کاتەی زیندانی دەکرێت، زەوی جارێکی تر بەپیت دەبێتەوە و ژنان ئازاد دەبن، بەڵام کاتێک لە زیندان ڕزگار دەکرێت لەلایەن ”هەرقل”ی چەتەوە، جارێکی دیکە ژیان تەمی جەنگ بەخۆیەوە دەبینێت و یۆنانییەکان لەبری داهێنانە فەلسەفی و هونەرییەکانیاندا، خۆیان بە دروستکردنی جبەخانەی جەنگ و سەربازییەوە خەریک دەکەنەوە.

 لای یۆنانییەکان و لە شانۆکەیاندا، ژن ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ وەستانی جەنگەکانییان. کەسایەتیی ”لیستراس”ی شانۆنامەنووسی کۆمیدیای ئەو سەردەمە ”ئەرستۆفانیس”، کە کارەکتەرێکی ژن بووە، داوا دەکات ژنەکان فشار لەسەر پیاوەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێنن، ئەویش بەوەی نزیکبوونەوەی پیاوەکانیان لە خۆیان قەدە‌غە بکەن. بۆ ئەم مەبەستە ڕێگە لە پیاوەکانیان دەگرن تا کۆتایی بە جەنگ نەهێنن سێکسیان لەگەڵدا نەکەن. بەمەش کۆتایی بە جەنگ دێت. هەروەها جەنگی ”تەروادە” لە دەقی ”تەروادە”ی دوا سێکوچکەی تراجیدیای گرێکیی ”یورپیدس”دا، پێگە گرنگەکەی ژنانی لەو جەنگەدا بەرجەستە کردووە. ”ئەنتیگۆنە”ی ”سۆفۆکلیس” نموونەیەکی باڵای ڕۆڵی ژنە، کە چارەنووسی ئەنتیگونەی بەرەو چ تراجیدیایەک دەبات، پاش ئەو هەنگاوە سەرکێشییەی دژی ”کریۆن”ی پادشا دەینێت، بەوەی گوێ بە یاساکانی دەوڵەت و ڕێنماییە تووندەکانی ”کریۆن”ی پادشا نادات و هەوڵی ئەوە دەدات براکەی بنێژێت. ئەمانە و زۆری تریش لە دەقە دێرینەکانی گریکەوە، وەک شاکاری ئەنتیک بۆمان ماونەتەوە، ئەوەمان پێ دەڵێن، کە ژنان لەو سەردەمانەوە قوربانیی دەستی ڕم و شەهوەت و ژیانێکی سەخت بوون.

جەنگ لە دەقەکانی ”شەکسپیر و برێشت”دا

جەنگ بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە، لە بەشێک لە دەقە شانۆییەکانی شەکسپیردا ١٥٦٤-١٦١٦ ڕەنگی داوەتەوە. ململانێی دەسەڵات، شەڕی پادشاکان، مێژووە خوێناوییەکەی ئینگلیزەکان بۆ دەسەڵات و ڕۆڵی ژن وەک قوربانی، هەروەها وەک بزوێنەری ڕووداوەکانی جەنگەکان لە دەقەکانی شەکسپیردا زەق دەبنەوە. نموونەمان زۆرە؛ ”ڕیشاردی سێیەم و هێنریکی چوارەم و هێنریکی پێنجەم”، هاوکات لە ”ماکبێس”دا جەنگ فاکتەرێکی گرینگی ڕووداوەکانە.

 هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان هەردوو کڵێسای کاتۆلیک و پرۆستانتەکان لە ئەورووپادا، کە ئەویش سیوپێنج ساڵی خایاند. ئەم جەنگە خوێناوییە بە ڕوونی لە دەقی ”دایکە ئازاکەی” برێشت ١٨٩٨-١٩٥٦دا زادی ئیلهامی ئەو جەنگە ئایینییەیە. لە کاتێکدا دانیشتووی ناوچە ئەورووپاییەکان سەرقاڵی جەنگی ناوخۆی  ئەورووپان و ئاگر بەردراوەتە هەموو قوژبنێکی ئەورووپا، برسێتی و نەخۆشی و وێرانی هەموو شار و سنوورەکانی ئەورووپای گرتووەتەوە، ژنێک قوربانی بە کیژۆڵە کەڕولاڵەکەی دەدات، تا لەو ڕێیەوە بتوانێت بازرگانی بە کەلوپەلە سەربازییەکانییەوە بکات بۆ بژێویی ژیانی. ”ژنێک” بازرگانی جەنگە و سوودمەندێکی ئەو جەنگەیە، گەرچی زیانی تەنانەت بۆ کچە کەمئەندامەکەی خۆیشی هەبێت.

جەنگە جیهانییەکان

هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم، کاولکارییەکی گەورە لەدوای خۆیانەوە بەجێ دەهێڵن. گوزەرانی ژنان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، ئەم دوو جەنگە چەندین سەدە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ دواوە. ژنانی جیهان لەگەڵ ئەو هەنگاوە سەرەتاییانەی نابوویان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان، ئەم دوو جەنگە گەورە جیهانییە، ڕەگەزی ژن وێران دەکاتەوە و دەیکاتەوە قوربانی و کاڵای جەنگ.

لە داتاکانی دادگای گشتیی جەنگ لە یەکەمین جەنگی جیهانییەوە تا ئێستا، کە لەم ساتەدا جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و فەڵەستین و ئیسرائیل بەردەوامە، کچ و ژن بە هەمان میتۆدی جەنگەکانی چاخی بەردین دەچەوسێنرێنەوە، لاقە دەکرێن، دەفڕێنرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت. هەمان چیرۆک و کارەساتی دەستدرێژییە سێکسوالیتییەکە دووبارە و چەندبارە دەبێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و ئاماژەبۆکردنە، لەم جەنگە یەکلەدواییەکانەدا، تەنیا جۆری چەکەکان دەگۆڕدرێن و هێرشەکان بە پێی خواستی سەردەمیانەی چەک و جبەخانە و چەکەسەربازییە پێشکەوتووەکان، جەنگەکان بەرپا دەکەن، بەڵام لەو خاڵەی دێتە سەر چارەنووسی ژنان، لە کۆنەوە تاکوو ئەمڕۆ هەر هەمان شتە. ئەو ناوچانەی هێرشیان کراونەتە سەر، بە هزری دواکەوتووی یەکەمین جەنگەکەی چاخی بەردین، کە بە شێوەیەکی وەحشییانە پەلاماری ژنانیان دەدا، ئێستایش هەر هەمان شتە.

 چەکی دەستی سەربازەکان و سەردەمی ئەو جەنگەی تێیدا بەرپا دەبێت، هەمیشە لە گۆڕان و بەرەوپێشچووندایە، بەڵام ئارەزوو و نەزوە شەهوانییە دڕندانییەکەی پیاوەکانی چەرخی بەردین، کە بە شیر و تیروکەوان هێرشیان کردووە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژنانی ناوچەکە، هەر وا ماوەتەوە.

 لە دووەمین جەنگی جیهانیدا، ئەڵمانیا بەپێی هەرێم و ناوچە جیاوازەکان، سەربازی زلهێزی ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمەریکا و فەرنسای تێدا بووە. هەر ناوچەیەکیش ڕێژەیەکی زۆر لە ژنی ئەڵمان دووچاری لاقەکردنی سێکسی بوونەتەوە. بەپێی ئامارەکان نزیکەی دوو ملیۆن ژن و کچ بوونەتە قوربانیی تووندوتیژیی سێکسیی هێزە هاوپەیمانەکان. نزیکەی یەک ملیۆن و چوارسەد هەزاریان کاتێک هەڵاتن و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەرکران، هەروەها شەشسەد هەزار ژن لە بەرلین و ناوچە داگیرکراوەکان، کە لەلایەن سووپای سوورەوە داگیر کرابوو. بەمەرجێک ژنە گەنجەکان، بەتایبەتی ئەوانەی سینگڵ بوون و منداڵیان نەبووە، وەک یارمەتیدەرێک پشتگیرییان لە ئەڵمانیای سۆسیالیستیی ناسیۆنال دەکرد. ئەوان تەنیا لە سەربازگەکاندا بۆ چێشتلێنان و کارە خزمەتگوزارییەکان چالاک نەبوون، بەڵکوو لە خاچی سووری ئەڵمانیا و هێزی سەربازی کارییان کردووە. ڕێژەی ژنان لە سووپادا لە دەوروبەری دوو بۆ سێ لە سەد بووە.

 لەو کاتەدا شانۆ لاوازیی بەخۆیەوە بینیوە و چەندین ماڵی شانۆیی بەر بۆردوومان کەوتوون، بەڵام چالاکترین گروپی شانۆیی ئەو سەردەمە، شانۆی ئۆپەراسیۆنی ئەورووپا ((ETO بووە۱. ئەم شانۆیە هەموو کیشوەری  ئەورووپای گرتەوە و گەورەترین و گرنگترین ”شانۆی جەنگ” بووە. ئەم شانۆیە ڕۆڵێکی گرنگی لە سەردەمی شەڕەکاندا گێڕاوە، بەتایبەتیش شەڕی ستالینگراد و شەڕی نۆرماندی و شەڕی بەرلین.

 بەر لە دووەمین جەنگی جیهانی، هێشتا جینۆسایدی جووەکان لەلایەن هێزی سووپای نازییەکانەوە نەکرابوو، یاساوڕێسایان بۆ شانۆ و فیلم لەلایەن دەوڵەتەوە دانرابوو، وەک قەدەغەکردنی فیلمی ئەمەریکی، سنووردارکردنی ئەکتەرەکانی سینەمای ئەڵمانی، کە دەبوو ئەندامی ژووری ”فیلمی ڕەش” بن، لە بەرامبەردا ژێردەستەیی ژووری ڕۆشنبیریی دەوڵەت بوون و لەژێر سانسۆرێکی زۆردا بوون. لەم کاتەدا ”کریستیانە سوێدەرباوم”٢ ١٩١٢-٢٠٠١، وەک ژنە سینەماکارێک، نەک بووە ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی، بەڵکوو بووە ژنەخەونی ناسیۆنال سۆسیالیستەکان، ژنێکی شۆخوشەنگی چاوشین، یازدە فیلمی درێژی درووست کردووە، کە بە زۆری سیما و ڕۆڵی ژنێکی بەرجەستە دەکرد، کە خۆی دەکاتە قوربانی بۆ ئەوانی دیکە، بۆ هاوسەرەکەی، بۆ خاکەکەی و بۆ وڵاتەکەی.

زۆرترین ڕێژەی تووندوتیژیی سێکسی، کە کرابێتە سەر ژنانی ئەڵمانی، لە بەرلین لەلایەن سووپای سوورەوە بووە، دوای ئەو ناوچەکانی بایەرن، کە سووپای فەرنسی و بەریتانی و ئەمەریکی لێ بوون، شتوتگارت، کە لەژێر دەسەڵاتی سەربازانی فەرنسی بووە، بەشێکی ئەم قوربانی و دەستدرێژییانە بووە. هەمان چیرۆکی جەرگبڕانە لە ڤێتنام، ئەفریقا، گواندا، کوردستان، بۆرما، کراواتیا، فەڵەستین، ئیسرائیل و عێراق دووبارە بووەتەوە.

بەناوبانگترین تێکست و دەقە شانۆییەکانی بۆ ئەو کاتە نووسرابن، یان لەو سەردەمەدا لەدایک بووبن زۆرن، ئێمە لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنینەوە: ”جەنگ ڕوخساری ژنانەی نییە” لە نووسینی ”سویتلاند ئەلێکسوڤیچ”۳ کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لە ساڵی ٢٠١٥دا بەدەست هێناوە. کتێبەکە دۆکیۆمێنتارییە و کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و دیدار، لەگەڵ کۆمەلێک ژن و کچدا لەخۆ دەگرێت، کە لە کاتی ئابڵوقەدانی لینینگرادا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و وەک سەرباز و خزمەتگوزار و پەستار کاریان کردووە. ئەم ژنانە مێژوو بە شۆڕشی ژنان و سەرکەوتنی ژنانی جەنگ لەقەڵەمی داون. هاوکات شانۆنامەی ”گۆرانیی لینینگراد” لە نووسینی ”ئەلێکسی ئاربۆزۆڤە”.

دوابەداوی ئەمانە، دەقە بەناوبانگەکەی ”تابلۆکانی ماریا”، لە نووسینی ”لیدیا شۆیەرمان هۆداک”٤ دێت، کە خۆم لە ئەڵمانییەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم دەقە گوزارشتە لەو جەنگە خوێناوییەی سەرەتای ساڵی ١٩٩١ لە یوگۆسڵاڤیای کۆن بەرپا بوو، تا ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو. کە بە درێژترین و ترسناکترین جەنگی ئەوکاتەی ئەورووپا، دوای دووەم جەنگی جیهانی، لەقەڵەم دراوە. لەو جەنگەدا نەک هەر چەندین ئاسەواری دێرین لەناو چوون، نەک بە ناوی نەژادی نەتەوەیی هەڵگری شوناس و ناسنامەی جودا هەزاران کەس بێسەروشوێن بوون و بوونە قوربانی، بەڵکوو وەک هەموو جەنگەکان، ژن و منداڵ یەکەمین قوربانییەکان بوون. کۆمەڵکوژی، ئابڵوقەدان، جینۆساید، برسێتی، فەرهودکردن، سوتاندنی پەرلەمان، کلێسا و مزگەوت.

خەمبارترین و بەئازارترین ڕووداوەکان لەنێو ئەم جەنگەدا، بەکۆیلەبوونی ژنان بوو، کە بە کۆمەڵ خرابوونە کۆگاکانەوە و هەموو دوو هەفتە جارێک سەربازەکان دەگەڕانەوە و دەستدرێژیی بەکۆمەڵیان دەکردە سەریان. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەتککردنی جەسەتەیان، وەک بڕینەوەی مەمک، کونکردنی سکی ژنی دووگیان، جگەرەکوژاندنەوە لەسەر جەستەیان، یاری و سووکایەتیکردن بە ئەندامەکانی جەستەیان. ئەمە جگە لە دەستدرێژیکردنە سەر دایک بە بەرچاوی منداڵەکانییەوە، یاخود کچۆڵەکان بە بەرچاوی دایکیانەوە. ژمارەی ئەو ژن و کچانەی بوونە قوربانیی دەسدرێژی و تووندوتیژیی سێکسیی جەنگ، نزیکەی پەنجا هەزار ژن و کچ بوون. کاتێکیش دوای وەستانی ئەم جەنگە دادگای جەنگ دامەزرا، بە هیچ جۆرێک باس لەو ژنانە نەکرا و پەردەپۆش کرا، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بەهۆی دابونەریتەوە، لەناو خێزانەکانی خۆشیاندا جارێکی دیکە دەچەوسێنرانەوە، بۆ نموونە وەک ژن و کچی لەکەدار تەماشایان دەکران. تا سەرەتای ساڵەکانی دووهەزار، کە تاکوتەرا لێرەولەوێ ژنەکان کەوتنە باسی ئەزموونی تاڵی خۆیان لەو نەهامەتییانەی لەناو قەسابخانەی کۆگاکاندا بەسەریان هاتووە.

لێرەوە، ژنە قوربانییەکان کەوتنە باسکردن لە ڕووبەڕووبوونەی ئەو کارەساتە و تێپەڕاندنی و ژیانکردن و هەستانەوە لەدوای جەنگ. چۆن بتوانن وەک مرۆڤێکی ئاسایی بێنەوە ناو مەیدانی ژیانکردن و زاڵبوون بەسەر ئەو خەونە دێوەزمەیەی لە هەقیقەتدا ئەزموونیان کردبوو.

 لە کتێبی ”ئەو کاتەی سەربازەکان هاتن” لە نووسینی ”مریەم گێبەرهارد”٥ باس لە سەبازەکانی هاوپەیمانەکان دەکات، کە لە کۆتایی دووەمین جەنگی جیهانیدا، ئەڵمانیایان لە دەسەڵاتی ناسیۆنالسۆسیالیست و نازییەکان ڕزگار کرد، بەڵام ژنان باجێکی گەورەی ئەم سەرکەوتنەیان دا. ”گێبەرهارد” باسی ئەو ئازارە نوێیە دەکات، کە ژنان دووچاری بوون؛ کتێبەکە باس لە دەستدرێژیی ئەو سووپایانە دەکات، کە بۆ ڕزگارکردنی وڵاتی ئەڵمانیا هاتبوون لە دەستی هیتلەر و پارتەکەی. ”گێبەرهارد” بە پشتبەستن بە دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنانەی بوونە قوربانیی دەستی تووندتوتیژیی سێکسوالیتی لەلایەن ئەو سووپایانەوە، ئەم ڕاستییانەمان بۆ دەگێڕێتەوە. ”گێبەرهارد” لەو کتێبەیدا، کە شێوەیەکی مێژوویی بەخۆیەوە گرتووە، باس لەو ژنانە دەکات، دوای کۆتاییهێنان بە جەنگ چۆن دووبارە دەبنەوە قوربانیی دوای جەنگ.

 ئەم کتێبە دەرگاکردنەوەیەک بوو بۆ ژنانی سربیا و کرواتیا و سلۆڤینیا، بۆ باسکردن لە چیرۆکی خۆیان لەو جەنگە سێ لایەنەدا، کاتێک لە کۆگاکانی سربییەکاندا دەستبەسەر بوون و ئێستا چۆن ژیان دەگوزەرێنن! هەندێکیان تەنانەت لای هاوسەرەکانیشیانەوە سووکایەکتییان پێ دەکرێت. ئەو ژنانە نەک هەر دەستدرێژی کراوەتە سەر جەستەیان، بەڵکوو ڕۆحیان و ژنبوون و نیانی و کەرامتیشیان وێران کراوە. زۆربەیان لەژێر چاودێریی پزیشکیی دەروونیدان و لەژێر ڕەحمەتی دەرمانی هێورکەرەوەدا دەژین! چۆن هەندێکیشیان بە نائومێدییەوە ژیان بەڕێ دەکەن!

 لە ساڵی ١٩٩٥دا مۆنۆدرامای ”تابلۆکانی ماریا” لەلایەن نووسەر ”لیدیا شۆیەرمان هۆداک”ەوە نووسراوە، ئەم دەقە، نەک هەر وەک تێکستێکی شانۆیی سەیر دەکرێت، بەڵکوو زۆر کات بۆ ژنە قوربانییەکانی جەنگ خوێندراوەتەوە تا هاندەرێک بێت و بتوانن باس لە خۆیان بکەن. ئەم دەقە، نەک هەر ژنە قوربانییەکانی سیربیا و هرزۆگۆڤینیا و کرواتیان، بەڵکو لە بەرلین بۆ ژنە قوربانییەکانی دووەمین جەنگی جیهانیش خوێندراوەتەوە و لە ڕێی ئەم دەقەوە، وەک میتۆدی ”سایکۆدراما” کاریان لەگەڵ ئەم ژنە قوربانییانەدا کردووە. چیرۆکی مۆنۆدرامای ”تابلۆکانی ماریا” لەناو نەخۆشخانەیەکی دەروونیدا لە کرواتیا ڕوو دەدات. دایکێک قوربانی و پاشماوەی ئەو جەنگەیە، کچەکەی ”لوچیا” بە دەستی سەربازە یوگۆسڵاڤییەکان دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەری و دووگیان دەبێت، لە ڕێگا و لە کاتی هەڵاتندا ”ماریا”ش دووچاری هەمان دەستدرێژی دەبێتەوە، بە هۆی سەختیی ڕێگەکەیشەوە، هەر لە ڕێگە لەباری دەچێت، بەڵام ”لوچیا” دوای ئەوەی ژیان لە دەست دەدات، منداڵەکەی لە پاش بەجێ دەمێنێت و ”ماریا” هەوڵ دەدات، کچۆڵەکە هەڵبگرێتەوە. ”ماریا” لە ژووری نەخۆشخانەکەی، تابلۆی بیرەوەرییەکانی ژیانی پێش جەنگ و لە کاتی جەنگ و ئێستادا دەنەخشێنێت. باس لە پزیشکە دەروونییەکەی دەکات، کە چۆن ئەویش قوربانیی ئەو جەنگەیە. ئەم دوو کارەکتەرە، پێکەوە هیوا و بەردەوامی لە ژیان و وزە بۆ مانەوە بەیەکتر دەبەخشن، بەتایبەتی ”ماریا” لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە ژیانێکی نوێی پێ دەداتەوە.

 ئەم تێکستە لە دووبارەبوونەوەی یارییەکانی جەنگدا لەگەڵ خودی ژن و منداڵ، بۆ هێرشە ناڕەواکەی داعشیش لەبارە. لە سەدەی بیستویەکدا، پەلامارێکی دڕندانەی ڕەشپۆش بە ناوی دینەوە هێرش بۆ سەر ژن و کچە ئیزیدییەکانی باشووری کوردستان لە عێراقدا دەکەن، ژنان و کچانی ناوچەکە دەفڕێنن و دەیانکەن بە سەبایای جەنگ. هەروەها بۆ قوربانییەکانی ”ئەنفال” لە کوردستانی عێراق دەگونجێت، کە هەزارەها ژن و منداڵ ڕاگوێزران بۆ بیابانەکانی عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ کران و گوندەکانییان خاپوور کران. ئەمە جگە لە سووریا و هێرشی سووپای تورکیا، بۆ جەنگی ناوخۆی لوبنان، جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا. فەڵەستین و ئیسرائیلیش بەهەمان شێوە، کە بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژانە شەستوسێ ژن لە غەزەدا دەکوژرێن. دەتوانین بڵێین، ماریاکان و تابلۆکان لە بیرەوەریی ژنانی چەوساوەی جەنگدا وەک یەک ”تابلۆکانیان” دەنەخشێنن.

جەنگ و ڕۆڵی ژنەشانۆکار لە شانۆی ئەڵمانیدا وەک بەرگری و پێداگری.

ئەڵمانیا بەو پێیەی لایەنێکی گرینگی دووەمین جەنگی جیهانی بووە و بەشێکی زۆری وڵاتانی  ئەورووپای داگیر کردبوو، شانۆکەشی گرنگییەکی زۆری بە جەنگ و قوربانییەکان داوە. شانۆی سیاسیی ئەڵمانی مێژوویەکی درێژی هەیە. شانۆکارانی وەک ”ئێرڤین پیسکاتۆر”٦ ١٨٩٣-١٩٦٦ و ”بێرتۆڵد برێشت”٧ ١٨٩٨-١٩٥٦ ڕۆڵێکی گەورەیان لە شانۆی جیهانیدا گێڕاوە و ئەوەی ئەوان کردیان، ئەو شانۆ سیاسییە بوو، کە جەنگ و قوربانییەکان بە ڕوونی ڕەنگی تێدا داوەتەوە.

بەو پێیەی خۆم لە دوو ماڵی شانۆیی لە شاری شتوتگارت وەک ئەکتەر نواندن دەکەم، تا ڕادەیەک ئاگاداری کارە شانۆییەکانم، لەبەر ئەوە پێم باشە باس لە چەند نموونەیەک، لە ئێستادا بۆ ئەم پرسە بکەم، کە لەسەر شانۆی شانۆکانی ئەڵمانیادا، بەردەوام نمایش دەکرێن. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم، کە شانۆی ئەڵمانی جەخت لەسەر ئەم دیاردەیە دەکاتەوە و کاری تەواو جیدی بۆ دەکات و بە شێوازی جودا و میتۆدی جیاواز لە پاڵ تێمای تووندتوتیژیی فاشیزمیدا، کاری لەسەر دەکەن.

ژنە شانۆکارە فیمینستەکان، وەک پرۆتێستێک هەمیشە بە شێوازی پێرفۆرم و کاری شەقام و گوتار و سیمینار لەسەر ژن و جەنگ، بە چڕی کار دەکەن. بەتایبەتی دوای تەوژمی پەناهەندەیی ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش و ژن و منداڵە ڕاکردووەکانی ئۆکراینا بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بەو پێیەی شانۆ بەشێکی هەقیقەتی ژیان وێنا دەکات و ئاوێنەی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیەتی، نەک بۆ بەرگری لە ژن و منداڵ و دژەجەنگ، ئەم بابەتانە بۆ بینەری ئەڵمان و بێگانە بخەنە سەر شانۆکان، بەڵکوو وەک ستراتیژییەک و سیاسەتی خۆگونجاندنی دوولایەنەیە بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی لە ئێستادا و لەم فۆرمە تازەیەی وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی ئەو شەپۆلە فراوانەی پەناهەندە ڕووی تێ کردووە. بۆ نموونە، لە شانۆی شاری مانهایم، شانۆنامەی ”جەنگ بۆ ژن یاری نییە” لەلایەن ژنە دەرهێنەری ئەڵمانی ”ناتاشا یورینکۆ”وە٨ نمایش دەکرێت. تێکستی شانۆنامەکە لە نووسینی ”لیدیا گلۆڤانۆڤا”۹یە. ئەم دەقە بریتییە لەو دەقانەی لە خودی ژنە شایەتحاڵەکانی جەنگەوە وەرگیراوە و نووسراونەتەوە، دەرهێنەر لە ڕێگەی ئەو یاریانەی منداڵی کوڕ، هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی لێ دەکات، بۆ نموونە: کردنی لقی دار بە دەمانچە، یاخود یاریکردن بە تفەنگ، هەروەها دروستکردنی دەمانچە بە لێگۆ، یارییە جەنگییەکانی ناو پەیجە ئەلکترۆنییەکان و پلەیستەیشن، هەروەها کێشانی وێنەی تفەنگ و ڕووداوەکانی جەنگ لەلایەن کوڕانەوە لە باخچەی ساوایانەوە، دەخاتە ڕوو.

ئەم ئارەزووەی کوڕ لە منداڵییەوە، بۆ ئەم جۆرە یارییانە هەیەتی، ئاماژەیە بۆ ئەو غەریزەیەی، کە پیاو لە منداڵییەوە لە ڕێگەی یارییەوە ئارەزووی جەنگ و تفەنگ دەکات، لەم ڕێگەیەشەوە هەست بە دەسەڵاتی پیاوانەی خۆیان دەکەن. چونکە هەموو یارییەک شارەزایی لە لای مرۆڤ دروست دەکات، بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک لە کچان و ژنانی تەمەن جیاوازی هێناوە، لەسەر شانۆ ئەم بابەتە کراوەتە چیرۆک. دوای ئەوە، دەرهێنەر بە سەلیقەوە، میتۆد و یاسای یارییەکانی گۆڕیوە بۆ شێوازێکی تر. بەمەیش هاوکێشەی یاری بە کەرەستەکانی جەنگ دەگۆڕدرێت بۆ فۆرمێکی دیکە، لەم ڕێگەیەشەوە توانراوە یارییەکان بگۆڕدرێت بۆ دۆزینەوەی یارییەکی دیکە، کە ئاسایش و شادی لێ بکەوێتەوە، نەک جەنگ و ماڵوێرانی. ئەم نمایشە لە ڕۆژی هەشتی مارسی ساڵی ٢٠٢٣دا یەکەمین نمایشی بووە.

لە شانۆنامەی ”شەڕە زلهێزەکە و ژن”دا، کە ئەنستلاتسیۆنی شانۆییە، جۆرێکە لە هونەرێکی گشتگیر. ”باربارا ئینگارت”۱۰ و ”پۆلا سیل”١۱ نووسیویانە و ”ڕافائیل سۆتۆرمایۆ”١٢ کاری میوزیکی بۆ کردووە. ”باربارا و پۆلا”، بە کۆکردنەوەی ماددەی خام و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو ژنانەی ئەزموونی جەنگیان هەبووە، بە تایبەتی گەڕانەوە بۆ نەوەکانی پێشوو، لە ڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی دایک و نەنکەکانەوە، کە قوربانی یاخود زەرەرمەندی جەنگ بوون. ئەم نووسەرانە کەڵکییان لە چیرۆک یاخود نامە و دەفتەری ڕۆژژمێرەکانی ئەو ژنانە وەرگرتووە، کە ڕووداوەکانیان وەک ژیاننامەی ڕۆژانەی خۆیان تێیدا تۆمار کردووە.

 ”باربارا و پۆلا” گەڕاونەتەوە بۆ بەر لە سەد ساڵ لەمەوبەر، بە تایبەتی لە هەردوو جەنگی جیهانیدا، یاخود گەڕانەوە بۆ بەسەرهاتی ئەو ژنانەی ڕاستەوخۆ چیرۆکەکانیان بۆ منداڵەکانیان یان نەوەکانیان باس کردووە. ئەم چیرۆکانەیان گۆڕیوە بۆ سەر ڕوانگە و دیدی ژنان لە ئێستا و ئەمڕۆی ئێمەدا، کە بە ناسیۆنالیزم و پیاوسالاری سیاسیی لیبرالیزمی نوێ تایبەندمەندە.

 ”د. ئێلینا کۆروین”١۳ پرۆفیسۆری زانستی هونەر، لە زانکۆی فرایبۆرگ، لە سیمینارێکدا بۆ هونەرمەندان، ڕوانگەی لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لە ڕابردوودا، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کتێبی ”جەنگ ڕوخساری ژنانەی نییە” پێشکەش دەکات. ”کۆروین” لە لێکۆڵینەوەکەیدا باسی ئەوە دەکات، کە بۆ دوای جەنگ پەیکەری برۆنزی بۆ پیاوە ئازاکانی جەنگ دروست دەکرێت، وەک پاڵەوان لە قەڵەمیان دەدەن و لە مێژوودا ناویان دەهێنرێت! ئەی ئەو ژنانەی لە خزمەتی ئەم جەنگاوەرانەدا بوون و هاوشانیان جەنگیوون، بۆ پشتگوێ دەخرێن؟ وەک ئەو سەرباز و ژنانەی لە گۆشەنیگای دیدار و چاوپێکەوتنەکانیانەوە باس لە داستانە مەزنەکانی خۆیان دەکەن.

 ”د. ئێلینا کۆروین” داوا لە هونەرمەندان دەکات، کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە ڕێگەی هونەرەوە دیواری بێدەنگی بڕمێنن و بتوانێت باس لە قوربانییەکان، چەوساوەکان و بەکارهێنراوەکانی جەنگ بخرێتە ڕوو، بەتایبەتی لە ئێستادا، کە مێژوو خۆی لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دووبارە دەکاتەوە. هەمان ئەم کتێبە ”جەنگ ڕوخساری ژنانەی نییە” لە ساڵی ٢٠٢٣دا لە شانۆی ”فرایبورگ”،١٤ دوای ئەوەی کاری دراماتۆرگی بۆ دەکرێت، دەخرێتە سەر شانۆ و بە ناوی ”با ژنەکان قسەی خۆیان بکەن” نمایش دەکرێت.

 نمایشی ”ژنانی دژە شەڕ” لە شانۆی ”کامە تێئاتەر” لە شاری میونشن، لە بیرۆکە و دەرهێنانی ”مریەم ئیبراهیم”۱٥، کە بریتییە لە نمایشێکی میوزیکاڵی، باسی ساڵەکانی ١٩١٥ تا ئێستا دەکات، کە چۆن جەنگە زەبەلاحەکان ژنانیان کردووە بە بارمتەی جەنگ و دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان تا ئێستایش، ئەم میتۆدە دژەژنە بەردەوامە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم نمایشە بە شێوازێکی میوزیکاڵی ڕوونکردنەوە بۆ شوێنەوارە کردە سیاسییەکانی دژەژن کراوە.

لەسەر شانۆی ”مەکسیم گۆرکی” لە بەرلیندا، نمایشی ”دایکان گۆرانی بۆ جەنگ دەڵێن، جارێکی تر دووبارە نابێتەوە” لەلایەن ”مارتا جوریکا”وە١٦ خرایە سەر شانۆ، کە ئەکتەرەکانی پێکهاتبوون لە ژن و کچە ئۆکراینە هەڵاتووەکان بۆ وڵاتی ئەڵمانیا. ئەم ئافرەتانە لەم نمایشەدا، وەک کۆرسی شانۆی گریکی بەکاری هێناون، کە ئەوان باس لەو قەسابخانانە دەکەن منداڵەکانیان بە بەرچاوی خۆیانەوە دەکوژرێن و دەمرن و برسی دەبن، ئەورووپاش سەیریان دەکات. لە کۆتاییدا کۆرسێک لە ژنانی ئەورووپی دێن و ئەوانیش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئازارەکانی ئەو ژنە هەڵاتوانە دەردەبڕن و دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگیان.

گۆڕینی شوناس لە ڕێگەی پاکتاوی خوێنەوە

 

بۆ من کەسێک بە شێوازێکی نامۆ و ئەبستراکت باسی لە پاکتاوی نەتەوەیی و گۆڕینی شوناس کردبێت لە جەنگدا، دەقەکانی ”وەجدی معوەزە”یە. ”وەجدی معوەزە” لەژێر کاریگەریی منداڵێکی هەڵاتووی جەنگی ناوخۆی لوبنانی ساڵەکانی ١٩٧٠دا لەگەڵ دایک و باوکیدا بۆ فەرنسا و دوایی گەڕانەوەیان بۆ لوبنان و جارێکی دیکە کۆچکردن و هەڵاتنیان بۆ کەنەدا، نووسیویەتی. لە هەموو تێکستە شانۆییەکانیدا بەتەواوی ئەوە دەبینین، کە چ کاریگەرییەکی لەسەر ”وەجدی معوەزە”وە جهێشتووە. ”معوەزە” نووسەرە کەنەدی/لوبنانییەکە، پشکنینی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی خێزان لە ڕێگەی ڕەچەڵەکی کولتووری و بۆماوەییەوە بە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوەی دەبەستێتەوە. لەنێوان یۆتۆپیا و نائومێدیدا شوێنپێی خواست و ترسی ئەو کارەکتەرانە دەکەوێت، کە کۆچیان بۆ ڕۆژئاوا کردووە، لە ڕۆژئاوادا ڕووبەڕووی چ کێشەیەکی کولتووری دەبنەوە. لەو دەقیدا، بە ناوی ”ئاگرکەوتنەوەکان، دارستانەکان، ئاسمانەکان و باڵندەکان” هەموو شتێک، بە ڕوونی هەموو ئەو نائومێدی و پشکنینە جیناتە ئاڵۆزە درک پێ دەکەین و بە ئاشکرا هەستی پێ دەکەین.

دەقی ”ئاگرکەوتنەوەکان” بەتەواوی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە جەنگ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە خوێن و شوناس بگۆڕێت. ئەم دەقە لەوەوە دەست پێ دەکات، کە دایکەکە دوای مردنی دوو وەسێتنامە بۆ کوڕ و کچە دوانەکەی جێدەهێڵت، یەکێکیان تێیدا نووسراوە بەدوای باوکیدا بگەرێت، ئەوەی دیکەیان بەدوای براکەیدا بگەڕێت. ئەم خوشک و برایە، لە کەنەداوە دەگەڕێنەوە بۆ لوبنان و گوندەکەی دایکیان، کاتێک دەچنە گوندەکە و دوای ئەو چیرۆکە دەکەون، هەردوو کارەکتەرەکە، کە کوڕەکە و کچەکەن، بۆیان دەردەکەوێت باوکیان، لە هەمانکاتدا برایانە. دوای دۆزینەوەی ئەم ڕاستییە پێکەوە دەڵێن: ”یەک و یەک دەکاتەوە یەک!”

کارەساتی ”مریەم” لە گوندەکەیاندا، وەک چالاکوانێک دووچاری گرتن و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیی سێسکی دەبێتەوە، لەلایەن کەسێکەوە کە کوڕی خۆی بووە. ئەم کوڕە ناشەرعییە لە خۆشەویستەکەیەتی، کە بەهۆی کاری سیاسییەوە لە گوندەکە هەڵدێت، دوای لەدایکبوونی هەر بە ساوایی نەنکی دەیخاتە سەتڵێکەوە و مامانەکەی دەیخاتە ناو ڕووبارێکەوە، شوانی گوندێک کۆرپەکە دەدۆزێتەوە و بەخێوی دەکات. ئەم دەقە گەڕانەوەیەکە بۆ شانۆی گریکی و ”ئۆدیبی پادشا” لە دید و چارەسەرێکی هاوچەرخ و سەردەمییانەوە.

لە باڵندەکاندا، ”واحیدە و ئیتان” لە ژووری کتێبخانەی زانکۆیەک لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا یەکتر دەناسن، ئەو گەنجە بایۆلۆجیستیکییەی، کە ڕەگوڕیشەی جووە، بەڵام ”واحیدە” عەرەبە، باوکی ”ئیتان” بەم پەیوەندییە ڕازی نییە، بەڵام ”ئیتان” دژی ئەم میراتییە سەختەی باوباپیرانی دەبێتەوە. لە حیوارێکیدا هاتووە: ”جینەکانمان گرنگیی بە بوونی ئێمە نادەن، زەبروزەنگەکانی باوکت لە کرۆمۆسۆمەکانتدا نەنووسراونەتەوە.” لە گەشتێکی لێکۆڵنەوە و پشکنیندا، ”ئیتان” لە هێرشێکی بۆمبدا لەسەر سنووری وڵاتی ئوردن بە سەختی بریندار دەبێت، لە کاتێکدا لە نەخۆشخانەیە، ”واحیدە” شوێنی دەکەوێت.

 کاتێک ”وەجدی معوەزە” لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە فرانکفۆرت داوەت دەکرێت، نامەیەک دەنووسێت بۆ باوکی دەیخوێنێتەوە. لەم نامەیەدا، بە جۆرێکی دیکە باس لە خۆی و دەقە شانۆییەکانی دەکات. هەر ئەو نامەیە شانۆکاری ئەڵمانی ”ئێدیت کۆربەت” لە کارێکی پێرفۆرمانسدا بە ناوی ”خۆشەویستی” لەو شەوەی ”وەجدی معوەزە” خەڵاتی باشترین درامانووسی شانۆیی لە ئەورووپا وەرگرت، نمایش کرا، کە خۆم ڕۆڵم تێدا بینیوە. نامەکەیش باس لەو قەسابخانەیە دەکات، کە گوندێکی کریستیاننشین بەرامبەر خێزانە موسڵمانەکانی دەکەن و منداڵەکانیان سەردەبڕن و فڕێیان دەدەنە بەر قاچیان. هەروەها دەیبەستێتەوە بە ژنانی تەروادە و ئەو جەنگەی ”هێلینا و “ئفجینیا”ی تێدا بوونە قوربانی. ”وەجدی معوەزە” بە باوکی دەڵێت: ”تەنانەت ناتوانیت دەقەکانم بخوێنیتەوە، چونکە بە زمانێکی تر نووسیومن، کە عەرەبی نین.” ئەمە جگە لەوەی ئاماژە بە خۆی دەدات، کە پەناهەندە بووە و نەیتوانییەوە وەک فەڕنسییەکان ناوی خۆی بەتەواوی بڵێت و ئەکسێنتی هەبووە.

 

ئەزموونی کچۆڵەیەک، کە لە ئاوارەییدا لەدایک دەبێت و شاهێدی جەنگە یەکلەدواییەکەکانی ناوچەکەی خۆیەتی.

لەم بەشەدا بە گرنگی دەزانم بۆ باسکردنی ئەم بابەتە، باشترین نموونە، کە لێی بدوێم، ئەزموونەکانی خودی خۆمە، چ وەک کچێک لە ڕووبەری وڵاتێکدا ژیاوم هەمیشە جەنگی بەخۆیەوە بینیوە، چ وەک شانۆکارێک لەسەر شانۆ، کە وەک شایەتحاڵێک، لە لایەنی هونەری و ئینسانیمەوە چیرۆکی خۆم لە جەنگ و داهێناندا، بە زمانی کوردی و ئەڵمانی، لەسەر شانۆکان باس کردووە.

سەرەتا وەک کچێک لە باوکێکی سیاسی، کە دوای زیندانیکردنی و شەهیدبوونی دوو برای لە باخچەکەی ماڵی خۆیاندا و مانەوایان بۆ دوو ڕۆژ بە شەهیدی لە باوەشی دایکیاندا و ناشتنیان لە باخچەکەی خۆیاندا، چیرۆکێکی تراجیدی دەبێت بۆ خانەوادەکەمان و بۆ سەرتاپای شاری سلێمانی. لەگەڵ ئەو تراومایەدا ژیاوم. بێ لەوەی گەشەسەندنی تەمەنم لەگەڵ زنجیرەیەک لە جەنگی ناوخۆ و دەرەوەدا گەشە دەکات. جەنگی بوونم وەک ئافرەت لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا، جەنگی من لە تێکۆشان و ئیسپاتی وجودم لە چوارچێوەی داهێنان و شانۆدا، هاونیشتمانی پارچە خاکێکی زەوتکراو و بێوڵاتی. تاکێکی نامۆ شەڕکردن لەگەڵ ژیانکردن و خۆدۆزینەوە لە دیاسپۆرادا. بە ئێستاشمەوە لە کۆڵمم ناوە، لەهەر هەنگاوێکدا ژنبوون و جەنگ بۆ مانەوە بیرۆکەی دەسپێکی کارەکانمە، چ لە نووسین و چ لە کارکردنم لە شانۆدا، هەروەها لە پیشە خۆبەخشەکەشمدا وەک ڕاوێژکاری خێزانی. لە کۆتاییشدا جەنگی دایکایەتی.

ئەزموونی من وەک ژنەشانۆکارێک لە تێمای جەنگ و جینۆسایددا لەسەر سەکۆی شانۆی ئەڵمانی

لە ساڵی ١٩٩٣دا ئەڵمانیا، ژیانی هونەری و مرۆڤایەتیم گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هات و چووە قۆناغێکی دیکەوە. دوای ئەم پڕۆژانە، بەتایبەتی دوای نووسین، کەوتمە ناو پرۆسەی شانۆییەوە، لە ئاستێکی تر و لە دید و تێڕوانینێکی ترەوە، هاوکات بە ئاڕاستەیەکی تریشدا. ئەم قۆناغە نوێیەم بە یەکەمین بەشداریم لە نمایشێکدا بە ناوی ”سەرگوزشتەی دەفێک” لە نووسین و دەرهێنانی ”هاوڕێ زەنگەنە”، دەستی پێ کرد. ئەم پڕۆژەیە، ساڵی ٢٠٠٢ لە چەندین شاری ئەڵمانیا نمایش کرا، دواتریش لە کوردستان وەک کاری مۆنۆدراما نمایشمان کردەوە. چیرۆکی ئەم شانۆنامەیە، باس لە پرۆسەی جینۆسایدی کورد بەناوی ”ئەنفالەوە” دەکات. لە شانۆنامەکەدا سێ فیگوری ژن هەن، ڕۆڵی سەرەکین، کە پاشماوەی دوای پرۆسەی ئەنفالن: دایکێکی بەتەمەن، کە هەموو شەوێک چاوەڕوانی منداڵەکانی و هاوسەرەکەیەتی بگەرێنەوە و لە دەرگاکەی بدەن، دایکێکی دیکە، مینا هاوسەرەکەی پێشمەرگە بووە و لە پڕۆسەی ئەنفالدا بێسەروشوێن کراوە، دوو منداڵی بچکۆلەی هەیە، کە زۆر جار برسێتی تەنگیان پێ هەڵدەچنێت. ئەم ژنەیان دەڵێت: ”لەنێوان خۆکوشتن و داواکەی هاوڕێی مێردەکەم، ناچار بووم منداڵەکانم لە برسێتی ڕزگار بکەم، لەشی خۆم بۆ چەند کیلۆ ئاردێک بفرۆشم.” مینا لەدوای ئەوەی چەندین کاری سەخت دەکات، دوا جار کەس کاری پێ نادات، دەچێتە لای هاوڕێی هاوسەرەکەی تا کەمێک ئاردی بداتێ بیکاتە نان و بیداتە منداڵەکانی، بەڵام هاوڕێی هاوسەرەکەی، مەرجێکی پیاوانەی دەبێت. کارەکتەری سێیەم، دوای ئەوەی بۆی دەردەکەوێت هاوسەرەکەی دەستی لە پرۆسەی ئەنفالدا هەبووە، لەگەڵ ژنی گوندەکە پێکەوە کۆدەبنەوە، هاوسەرەکەی بەرەو ڕووی دادگاییکردن دەکاتەوە. ئەم نمایشە نمایشێکی نیمچە میوزکاڵی بوو، کە گۆرانیبێژی ئۆپێراڵی ”مستەفا دادار” هەروەها دوو میوزیکژەن، یەکێکیان دەفژەنی دیار ”هەژار زەهاویى” و ئەوەی دیکەیان فلوتژەنێکی ئەڵمان کە ناوی ”میشائێلا” بوو.

لە ساڵی ٢٠١٦دا، کە بۆ یەکەم جار چوومە سەر شانۆی ئەڵمانی، لە چەندین کاری شانۆیی و پێرفۆرمانسی فیمیسنتی و بەرگریخوازانەی ژناندا بەشداریم کردووە، هەر بۆ نموونە: ”تەنانەت لەم تەمەنەشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم” نووسینی ”ڕەیحانە” و دەرهێنانی ”ئێدیت کۆربەر”١٧.ە ئەم نمایشە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ڕێپۆرتواری ”ماڵی شانۆیی تری بونە”۱٨ مایەوە و بەردەوام نمایش کرا. ”تەنانەت لەم تەمەنەشمدا بە نهێنی جگەرە دەکێشم” لەسەر ئاستێکی بەرز باس لە شۆڕشی ژنانی جەزائیری، دژی پیاوسالاری و ئیسلامی سیاسی و جیهادیزم، دەکات. ئەوەی جێگەی باسە، ئەوەیە، کە ڕووداوەکانی ئەم نمایشە لە حەمامی ژنانی یەکێک لە کۆڵانە سوونەتییەکانی جەزائیردا ڕوو دەدات.١٨

پێرفۆرمانسی ”تینا” لە نووسین و دەرهێنانی ”ئێدیت کۆربەر” بەرهەمی شانۆی ”تری بونە” لە ساڵی ٢٠١٨دا، کە باس لە بەرهەمهێنانی چەک لە وڵاتی ئەڵمانیا دژی مرۆڤایەتی دەکات، ئەو بازرگانییەی بەرهەمهێنانی چەک دەیکەن. ئەم پێرفۆرمانسە دەیوست ئەوەمان بۆ دووپات بکاتەوە، کە ئەو پارە زۆرەی بە بازرگانیی چەکەوە دەکرێت، دەتوانرێت بخرێتە خزمەتی ژینەگە و مرۆڤایەتییەوە. من لەم نمایشەدا، باسی بەرکەوتن و ئەزموونی خۆمم دەکرد لەگەڵ چەکدا، لە کوردستانی عێراق. ئەکتەرێکی دیکە باسی ئەزموونی خۆی دەکرد لەگەڵ چەکدا لە وڵاتی کۆلۆمبیا. ئەم ئەزموونانە تێکەڵاوی چەندین کورتەڕووداوی تری جیهان بەگشتی و ژن بەتایبەتی کرابوون.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بە بۆنەی خەڵاتی ”وەجدی مەعوەزە”وە بە باشترین درامانووسی ئەورووپا، وەک لەوەوبەر ئاماژەم بۆ کردووە، هەمان شانۆ و هەمان دەرهێنەر کاری لەسەر دەقی ”باڵندەکان”ی وەجدی کرد، کە من ڕۆڵێکم دەبینی بەناوی ”خۆشەویستی”یەوە. ”وەجدی مەعوەزە” دەڵێت: ”هەموو ڕێگەکان ڕاستن، ئەگەر ئەو ڕێگەیە پەیڕەو بکەیت، کە دڵت ڕازی دەکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تازە ئەزموونمان کردووە، دەبێت بزانیت، کە ڕێگەیەکی دیکە هەیە، هێشتا لە چاوەکانتدا شاردراونەتەوە، کە وابەستەی ئارەزوو نییە، نەک بە شەهوەت، بەڵکوو بەندە بە خۆشەویستییەوە.” چوار کارەکتەری ژن بە شێوەی پێرفۆرمانسی میوزیکاڵی نواندنیان تێدا کرد، کە من یەکێک بووم لەو چوار ژنە.

”فرمێسک لە چاوی ڕۆژگاردا”

دەقێکی مۆنۆدرامایە، باس لە شەڕ و ئاشتی دەکات. باس لە دووڕوویی و پرەنسیپە دژبەیەکەکان دەکات، هەر لە هەڵبژاردنی ناوەکانمانەوە، کە ئەوانی تر بۆمانیان هەڵبژاردووە، ئەو ماسکانەی خۆمان، یان ئەوانی تر بۆیان درووین. ئەوەی بەرەو ڕووی ژیان و مردن دەبێتەوە، جەنگ و بەرگریکردن لە ئاشتی… فرمێسکە.

فرمێسک، ژنە کوردێکە، هەڵاتوو، قوربانیی جەنگە، لە چەندین ژیانەکانی پێشوویدا هەر ژن بووە و ژیانی بۆ ئەوانی تر تەرخان کردووە و لە ئاکامیشدا جەنگ یەخەی گرتووە، ئەو ئێستا لە یەکێک لە هۆتێلەکانی وڵاتێکە لە ئەورووپا، دەیەوێت باس لە جینۆسایدی گەلەکەی بکات، کە خۆی دەربازبووی ئەو جەنگەیە. شاهێدی جەنگەکانی جیهان و کوردستانە.

فرمێسک ژنێکە لە کیمیابارانی هەڵەبجە ڕزگاری بووە، لە ژیانەکانی دیکەیشدا بەرەو ڕووی جەنگ دەبێتەوە و بە جینۆساید کراوە، وەک نەرمینی ئەرمەنی، هێدڤیگی حەوت سالانی جوو، تەنانەت کاتێک وەک ئاژەڵیش دێتەوە ژیان، ئاژەڵێکی مێینەیە و دووبارە بەر هێرشی جەنگ دەکەوێت.

ئەم مۆنۆدرامایە، لە نووسینی ”مەهاباد قەرەداخی”یە و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی ئەڵمانی ”د. نیگار حەسیب”ە، دراماتۆرگی و دەرهێنان ”دەهەب پاولۆس”ە پێرفۆرمەر ”ماگدە ئۆدیلۆ”یە و نواندنی ”فرمێسک مستەفا”یە.

لەناو دەقەکەدا بە زمانێکی شانۆیی چەندین حیواری خودگەرایی و فەلسەفی لەسەر بوون و نەبوون و دۆنایدۆن باس دەکرێت، هاوکات کارەساتەکانی جەنگ و مردن و ژیان، بەڵام لەناو ئەم هەموو کارەساتانەدا نووسەر ژنێک دەکاتە کارەکتەرە سەرەکییەکە، ئەوەی لە جەنگدا زنجیرەیەکە لە قوربانی. لە هەمانکاتدا چالاکەوانێکی ئاشتیخوازە و لە هەر کوێیەک سیمینار لەسەر ئاشتەوایی جیهانی بکرێت و دژی چەک و بەرهەمهێنانی جبەخانە سەربازییەکان بێت، ئەو ژنە لەوێیە. ئەم کارەکتەرە ژنە لە ناوچەی شارەزوور لەدایک دەبێت، لە شاری هەڵەبجەوە، مەخابن لەوێ دووچاری جەنگی بۆردومانی کیمیایی دەبێتەوە. هەڵەبجە ئەو شارەی کیمیاباران کرا و لە یەک چرکەدا پێنج هەزار کەس، بە ژن و منداڵ و پیاو و لاوەوە سووتان. ڕزگاربووەکانیش یان بێکەس و بە تەنیا و لە ئۆردوگاکانی ئێراندا ژیانیان بەسەر برد، یاخود ژیانێکی پر لە ئازار بە دەست کاریگەرییەکانی چەکی کیمیاییەوە بەسەر دەبەن.

ئەو ژنە لە هەڵەبجە دوای نەمانی منداڵەکانی و هاوسەرەکەی، دێتە هاندەران و دەبێتە پەناهەندە، بەڵام لەوێ دەبێتە بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ. ئەو لە هۆتێلێک سیمیناری هەیە، لەگەڵ بازرگانەکانی جەنگ، کە لە هەمانکاتدا ئەوانیش هاتوون بۆ هەمان سیمینار. ئەمە ئەو دووفاقییەیە، کە جیهان پێیدا تێدەپەڕێت. لە ژوورەکەیەوە بۆنی سێو دەکات. ئەو بۆنەی پێنج هەزار کەسی خنکاند، پێمخۆشە باسەکەم بەو ڕستەیە کۆتایی پێ بهێنم، کە لە تێکستە مۆنۆدرامییەکەمدا هاتووە، دەڵێت: ”ئەگەر جارێکی تر هاتمەوە نێو ژیان، دەمەوێت ببمە هەورێکی بێگەردی ڕەنگ سپی، تا هەموو جیهان لە ئاسەواری جەنگەکان بشۆمەوە و خۆشەویستی دابارێنم”.

تابلۆکانی ماریا

کارکردنم لەسەر دەقی تابلۆکانی ماریا، وەک پرۆژیەکی درێژخایەن دەست پێ کرد، یەکەم نمایشمان لەگەڵ شێوەکار بڵێسە مستەفا بوو، کە ماریا وێنەکانی خۆی لە ڕێگەی خوێندنەوەی تێکستەوە بەرجەستە دەکات، بە یاوەری شێوەکارێک، کە وێنای تابلۆکان دەکات، لە ڕێگەی تێگەیشتنی خۆیەوە بۆ جەنگ، بەرکەوتە و ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی، هەروەها تێگەیشتنی بۆ خودی تێکستەکە و پرۆسەکە بەردەوامیی هەیە لەگەڵ شێوەکاری نەتەوەی جیاوازدا، دووەم پێرفۆرمانسیشم لەگەڵ ژنەشێوەکارێکی مەغریبی بوو، هەردوو کارە شێوەکارییەکە لە لام پارێزراون، هەروەها لە پێرفۆرمانسەکەدا کاری ڤیدیۆئارتیش تێیدا بەشدارە، نیگار حەسیب کاری بۆ کردووە.

سەرچاوەکان:

بە عەرەبی

١- درینی خشبە، اساطیر الحب و الجمال عند الیونان. دراسە ونصوص، دار التنویر، سنە٢٠١٩

بە ئەڵمانی

Ales die soldaten kamen, Miriam Geberhard,bpcher.de.

Marijas Bilder, Monodrama. Lydia Scheurman Hodak Poesis ethnica Gerhard Hess Verlag Ulm 2000. Crasten Eichenberg, Rudolf Grulich,Ortfried Ktzinan auf Kordisch von Fermesk mustafa.Sardam.org

  1. Die große Krieg und die Fruen,Barbara Englert. Pola Sell.، Eine Collage. Frankfurt kunstorojekte.
  2. Anti War Women,Miriam Ibrahim – theater program

Ales die soldaten kamen, Miriam Gebehardt, Spiegel bühne.de

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.