ئامادەکردنی: فریاد حەسەن

پێشەکی

ئەو مێژووەی کە لە بەردەستماندایە سەبارەت بە شانۆ پەیوەستە بە بوون و سەرهەڵدانی (دراماتیک)ەوە لە شانۆدا. بەو واتایەی مێژووی شانۆ بە شێوە ئەکادیمی و زاراوەییەکەی لەو کاتەوە نووسراوەتەوە کە دراماتیک لە شانۆدا دەستی پێکرد، ئەمەش دەمانبات بەرەو تێڕوانینێکی جیاوازتر، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە سەروکارمان لەگەڵ دراماتیک لەناو شانۆدا هەبووە نەک لەگەڵ خودی شانۆدا. زیاتر لە ٢٤٠٠ ساڵ شانۆ خۆی پەیوەست کردبوو بە دراماتیکەوە، بە جۆرێک وای لێ هاتبوو، هەر دیمەنێک دراماتیکی نەبوایە، ئەوە شانۆیش نەبوو. بەم پێیەش شانۆی پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیک لە هەوڵی گەڕانەوەی شانۆدان بۆ ئەو شوێن و جەوهەری کە لێیەوە سەری هەڵداوە، ئەویش ڕیتواڵە. هەڵبەت ئەم گەڕانەوەیەش تەنیا گەڕانەوەیەکی مێژوویی نییە، بەڵکو گەڕانەوەیەکی تەواو ڕادیکاڵانەیە. یەکێک لە هەنگاوە گەورەکانی شانۆی پۆستمۆدێرن دوورکەوتنەوەیەتی لە دراماتیکی، هەڵبەت ئەم هەنگاوەش بە شێوەیەکی جیددیی لەلایەن برێختەوە نراوە و کاری لەسەر کراوە، کە ئێمە لەم زنجیرە وەرگێڕانەدا دوو بەشی تەواومان بۆ شانۆی داستانیی برێخت تەرخان کرد.

         لەگەڵ دابڕینی شانۆ لە درامادا، تەواوی لایەن و پێکهاتەکانی دیکە لە شانۆدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، مەبەست لەم گۆڕانکارییەش گۆڕانکاریی خودی پێکهاتەکان نییە، بەڵکو گۆڕانکارییە لەناو جەوهەری پێکهاتەکاندا، کە پراکتیزەکاران کاری تێدا دەکەن. لەگەڵ دوورخستنەوەی دراما لە شانۆ، ”تێکست، ئەکتەر، جەستە، دەنگ، دونیابینیی دەرهێنەر، گوتاری نمایش، سینۆگرافیا و تەواوی پێکهاتە وردەکانی دیکەی شانۆ” گۆڕانکاری بەخۆیانەوە دەبینن.

         لە لایەکی دیکەشەوە شانۆی پۆستمۆدێرن نەک هەر وەکو کردەی پراکتیکی، بەڵکو وەکو بابەتێکیش بۆ تێگەیشتن هەرگیز ئاسان نەبووە، هەتاوەکو ئەمڕۆش بینەری نمایشە پۆستمۆدێرنەکان و خوێنەری بابەتە پۆستمۆدێرنەکان ناگەنە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە چەمکە کولتووری و شانۆیی و زانستییەکان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە ئەگەر بمانەوێت لە شانۆی پۆستمۆدێرن تێبگەین پێویستە تەواوی ئەو بنەما و ڕێسایانەی پێشتر هەمانبووە سەبارەت بە شانۆ و پێکهاتەکانی هەڵبوەشێنین و سەرلەنوێ پێناسەیان بکەینەوە. هەر ئەمەشە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە گرفتی زۆری بۆ بینەری نمایشە پۆستمۆدێرنەکان دروست کردووە. هەر بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لەو خاڵانە وەربگرین چ لە ڕووی زاراوە و چ لە ڕووی مانا و ئەرک و مافیشەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، ئەویش (ئەکتەر)ە، ئێمە لە شانۆی پۆستمۆدێرندا چیتر ئەکتەرمان نامێنێت وەک ئەوەی پێشتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و ئەرکەکانی خۆی بەجێ دەگەیاندا، بەڵکو ئیتر ”پێرفۆرمەر”مان، جیاوازیی ئەکتەر و پێرفۆرمەریش ئێجگار زۆرە، بەتایبەتی لە ڕووی گوتار و پەیامەکەیانەوە. هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە شانۆی پۆستمۆدێرن پێویستمان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ورد هەیە، هەتا بتوانین بناغەیەکی ڕوون و پتەو بۆ ئەو شانۆ نوێیە بونیاد بنێین.

داستانسازیی پیتەر سیزۆندی و ڕۆڵان پارت

شانۆی مۆدێرن بە شێوەیەکی جەوهەری یەکێکە لە مۆدێلە بەسەرچووەکانی دراما لەناو لایەنە گرنگەکانی شانۆدا، هەر وەک چۆن پیتەر سیزۆندیش تێبینیی ئەمەی کردبوو، بەڵام ئەمە پرسیارێک دروست دەکات، ئەویش ئەوەی، کە چ شتێک جێگەی دراما دەگرێتەوە؟ وەڵامە کلاسیکییەکەی سیزۆندی بریتی بوو لە ”تیۆریزەکردنی فۆڕمی نوێی دەقەکان”، کە ئەمەش لە شتێکەوە سەری هەڵدابوو کە ئەو بە ”قەیرانی دراما” وەسفی کردبوو، یەکێک بوو لە جۆرەکانی (داستانسازی)، بەم شێوەیە شانۆی داستانی کردە کلیلێکی گشتگیر بۆ تێگەیشتن، بەڵام ئەم وەڵامە بە تەنیا بەس نییە. سیزۆندی هەر لە سەرەتاوە گوتبووی: (بەو پێیەی بەرهەمە شانۆییە مۆدێرنەکان لەناو خودی دراما و دوور لە دراماوە گەشە دەکەن، ئەوا دەبێت ئەم گەشەکردنەش بە یارمەتیی چەمکێکی جیاواز ڕەچاو بکرێت، ئەو چەمکەش کە لێرەدا یارمەتیمان دەدات (داستان)ە،  (داستان) تایبەتمەندیی پێکهاتەی هاوبەشی ئەڵقەکان، چیرۆک و ڕۆمان و ژانرەکانی دیکە دیاری دەکات، واتە بوونی ئەو شتەی کە وەک (سوژەی فۆڕمی داستانی) یاخود (داستانی من)ە ئاماژەی پێ کراوە).

         هەڵبەت ئەم جیاوازییە لە ساڵانی شەستەکانەوە دیدگای زۆر ڕەهەندی پێشکەوتنە شانۆییەکانی بەرتەسک کردووەتەوە. یەکێکیش لە هۆکارە خراپەکانی ئەم کێبڕکێیە، کێبڕکێی ئەوەی کە داستان جێنشینی دراماتیکە، دەسەڵاتی زاڵی برێخت بووە، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر کارەکانی برێخت خاڵی سەرەکی بوون بۆ ڕەچاوکردنی ئیستاتیکای شانۆی نوێ، ئەم بارودۆخەش، سەرەڕای ئەو هەموو بەرهەمەی کە هەیبوو لە دەرئەنجامدا، بەڵام بووە هۆی بلۆکێکی ڕاستەوخۆ بۆ تێگەیشتن سەبارەت بەوەی کە لە شانۆی مۆدێرندا دەگوزەرا.

         دۆسیەکانی ڕۆلان پارت دۆسیەیەکی ئاشکران، ئەو لە ساڵانی ١٩٥٣ بۆ ١٩٦٠دا بە جیددیی خەمی شانۆی بووە، نووسینە تیۆرییەکانی بە قووڵی لەلایەن مۆدێلە شانۆییەکانەوە شوێنی خۆیان گرتووە، هەندێک جار پارت ئاماژەی بە فۆڕمە شانۆییەکانی وەک دیمەن و ستەیج و مایم و… هتد دەکرد. ئەو بابەتانەی کە سەبارەت بە برێخت نووسیویەتی هەتاوەکو ئێستاش شایەنی خوێندنەوەی وردن. ڕۆلان پارت بەم ئەزموونەی سەبارەت بە برێخت هێندە کاریگەر بوو، کە لە دواتردا بەرامبەر هەر نووسینێکی دیکە بۆ جۆرەکانی دیکەی شانۆ دوودڵ بوو.

         هەرچەندە ئەو نەیتوانی تەواوی هێڵی شانۆی نوێ، کە لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکییەوە بەرەو شانۆی زیندوو و ڕۆبێرت ویڵسۆن ڕۆیشت ببینێت، سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنگدانەوە نوێیەکانی شانۆی هاوچەرخ، بۆ نموونە کارکردن لەسەر وێنە، چەپاندن، دەنگ و… هتد، بەهایەکی زۆریان هەیە بۆ شیکردنەوەی شانۆی پۆستمۆدێرن. برێخت بوو بە جۆرێک لە سڕکردن بۆ ڕۆڵان پارت، ئیستاتیکای برێختیی وەک تاکە مۆدێلێکی نوێ بە تەواوی نوێنەرایەتیی تیۆرییەکەی ڕۆڵان پارتی دەکرد. لە کاتێکدا دوای برێخت شانۆی ئەبسۆرد و شانۆی سینۆگرافی و دراماتۆرگی بینراو و شانۆی بارودۆخەکان و شانۆی کۆنکرێتی و فۆڕمەکانی دیکەمان بینی، کە سەریانهەڵدا، هەر بۆیە شیکردنەوەی ئەم شانۆ نوێیە بە تەنیا وشەی داستانی بۆی بەس نییە.

دوورکەوتنەوەی شانۆ و دراما

         لەناو تیۆری درامای مۆدێرن و ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لە دواتردا لەسەر درامای لیریکی کران، سیزۆندی لێکدانەوە یەکلاکەرەوەکەی خۆی لە گۆڕینی (دراما) بۆ (داستانسازی – بە داستانیکردن) هەموار کرد و چەسپاند، بەڵام هێشتا هەندێک بڕیاری پێشوەختە هەن کە ڕێگری لە تێگەیشتن لەم پڕۆسەی گۆڕانکارییە دەکەن کە ئەویش دیاردەی بەداستانیکردن (داستانسازی) و شانۆی لیریکییە. ئەم پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەیەی ”دراما” کە سیزۆندی باسی کردووە، لەگەڵ شانۆیەکدا دەگونجێت، کە لەسەر بنەمای (دراما) نەماوە. جا چ ئەگەر بۆ بەکارهێنانی پۆلێنبەندییەکانی تیۆری دراما؛ کراوە بێت یاخود داخراو، هەرەمی بێت یان بازنەیی، داستانی بێت یاخود لیریکی، لەسەر کارەکتەر بێت یاخود پڵۆت. شانۆی بێ دراما بەڕاستی بوونی هەیە. ئەوەی لە شانۆی نوێدا لە مەترسیدایە ئەو جیهانە خەیاڵییەیە کە دەپچڕێت و بە تەواوی دەستبەرداری دەبێت. شانۆی نوێ ئەو جیهانە دادەخات کە پشت بە (دراما) دەبەست. بە درێژایی سەردەمی مۆدێرنە، شانۆی مۆدێرن یەک هەنگاوی دووپات دەکردەوە، ئەویش ئەوەی کە تێیدا دەقی دراماتیک یەک ڕۆڵی هەبێت لەو ئەزموونانەی کە بەدوایدا دەگەڕێت. لە شانۆی مۆدێرنەدا چیرۆکی ڕووداوەکان بە زۆری لە دیالۆگەکاندا دەگێڕدرایەوە، کە ئەمەش هەر خۆی بەشێک بوو لە پێکهاتەسازیی شانۆی مۆدێرن. هەر بۆیە ئەوان پەیوەست بوون بە وشەی سەرەکیی (دراما)وە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی زۆرینەی بینەرانی شانۆ تەقلیدییەکان تووشی کێشە و گرفت دەبن لەگەڵ شانۆی پۆستمۆدێرن و پۆستدراماتیکییدا، چونکە شانۆی پۆستمۆدێرن خۆی وەک خاڵی کۆبوونەوەی هونەرەکان دەخاتە ڕوو، داوا دەکات کە پارادایمی دراماتیک لە ئەدەب جیا ببێتەوە. هەر بۆیە سەیر نییە کە بینەرانی نمایشەکانی دیکە وەک (هونەری بینراو، سەما و مۆسیقا) بەشداری ئەم جۆرە شانۆیە نەکەن و بڕۆنەوە ماڵەوە.

گوتاری دراماتیک

         لەبەر هۆکارە تێرمینۆلۆجیکاڵییەکەی (زاراوەناسییەکەی) بە شێوەیەکی سەرەکی باس لە ”گوتاری دراماتیک” ناکەم وەکو ئەوەی کە ئەندرێ ویرس بەکاریهێناوە، هەرچەندە لە زۆر شوێندا لەگەڵ تێڕوانینەکانی ویرسدا هاوڕام. ئەو جەختی لەوە دەکردەوە کە شانۆ ببێتە ئامڕازێک تا لە ڕێگەیەوە نووسەر یاخود دەرهێنەر گوتارەکەی خۆی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی بینەر بکات. خاڵی سەرەکیی باسەکەی ”وریس”یش ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە دەبێتە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دراما و جێگەی دیالۆگی گفتوگۆیی لە شانۆدا دەگرێتەوە، چونکە چیتر ئەوە تەنیا ستەیجێک نییە، بەڵکو شانۆ بەگشتی دەبێتە فەزا و کەشی قسەکردن. ئەمەش بەڕاستی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و پێکهاتەیەک دەگرێتەوە کە تایبەتە بە هەندێک، وەک شانۆی ڕۆبێرت ویڵسۆن و ڕیچارد فۆرمان و لایەنەکانی دیکەی شانۆی ئاڤانگاردی ئەمەریکی. کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەم گەشەسەندنەش بە گوتەی ویرس، بریتین لە داستانسازیی برێخت؛ نایەکسانیی دیالۆگ لە شانۆی ئەبسۆرددا؛ ڕەهەندە ئەفسانەییەکان و دیدگاکانی ئارتۆ بۆ شانۆ. بۆ ویرس، هەڵوەشاندنەوەی دیالۆگ لە دەقەکاندا لەلایەن هاینەر مۆلەر و پیتەر هانکە؛ مۆدێلێکی نوێی شانۆی داستانی پێکدەهێنن. ئەو ڕەوتی برێخت و ئارتۆ و شانۆی ئەبسۆرد و ویڵسن وەک سەرهەڵدانی درامای هاوچەرخ وەک ”گوتاری دراماتیک” دەبینێت، کە دەبێتە هۆی پێناسەکردنەوەی ئەکتەر؛ کاتێک لەلایەن دەرهێنەرەوە وەک ئامڕازێکی پەیوەندی لە شانۆدا تیشکی دەخرێتە سەر.

         ئەم کارەکتەرەش سەرهەڵدانی شانۆیەکە کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی داستانییە، لەم شانۆیەدا پێدەچێت فیگەرەکان بەبێ دیالۆگ قسە بکەن، یاخود دەتوانین بڵێین لەلایەن نووسەری سیناریۆکەوە قسەیان لەسەر دەکرێت، یاخود بینەر دەرفەتی ئەو قسەیەیان پێ دەدات کە لەسەر شانۆکە دەیکەن.

ئەمانە ئەو پاڵنەرە گرنگانە بوون کە بۆ تێگەیشتن لە شانۆی هەشتاکان پێویستبوون و پەیوەندییەکانیان پاراستووە. بەڵام لە هەمان کاتدا ناکرێت تەنیا لێرەدا بووەستین، چونکە ویرس زۆر بە کورتی تێزەکانی خۆی خستووەتە ڕوو.

         دەرهێنەری کلاسیک ڕێگە بە ئەکتەرەکان دەدات کە ئەو گوتارە دووبارە بکەنەوە، کە نووسەرەکە دایناوە، بەم شێوەیە پەیوەندیی لەگەڵ بینەرەکاندا دروست دەکات. ڕەخنەی ئارتۆ لە شانۆ ڕێک لەسەر ئەم بابەتە بوو؛ کە ئەکتەر تێیدا جێبەجێکارێکی دەرهێنەرەکەیە و تەنیا ئەو وشانە دووبارە دەکاتەوە کە لەلایەن نووسەرەکەوە بۆی دیاریکراوە، ئەم شانۆیە ڕێک ئەوەیە کە ئارتۆ دژی وەستاوەتەوە. ئەم بارودۆخەش ئەوەیە کە شانۆی پۆستدراماتیک بەدوایدا دەڕوات، ئەو دەیەوێت شانۆ سەرەتا و خاڵی دەستپێک بێت، نەک شوێنی نووسینەوە و کۆپیکردن.

         دەبێت بە شێوەیەکی زۆر وردتر لەو دوورکەوتنەوە ڕادیکاڵەی شانۆ لە چەمکی دراماتیک و دیالۆگ تێبگەین.

شانۆ دوای برێخت

         ئەندرێ ویرس دەڵێت: (برێخت خۆی بە ئەنیشتاینی فۆڕمی نوێی دراماتیک ناو دەبرد، ئەم هەڵسەنگاندنەش زیادەڕەویی نییە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت لە تیۆری شانۆی داستانی وەکو داهێنانێکی زۆر کاریگەر و کارا تێبگات، چونکە تیۆرەکەی ئەو پاڵنەرێک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیالۆگی شانۆیی لە قۆناغی تەقلیدیدا بە تایبەتیش لە فۆرمی گوتار و سۆلیلۆگدا. تیۆرەکەی برێخت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک پەیامێک لە ڕێگەی جەستە و دەنگەوە بە شێوەیەکی یەکسان دەخرێتە ڕوو ئەوە لە سروشتە ئەدەبییەکەی (ئەدەبیاتییەکەی) دادەبڕێت).

         بەڵام ئایا ئەو پاڵنەرانەی لێرەدا ئاماژەیان پێ کراوە، بەڕاستی لە شانۆی برێختەوە سەرچاوەیان گرتووە؟ ئایە دەربڕین بە جەستە و دەنگ لە دڵی هەموو شانۆیەکدا نییە؟ بەم پرسیارانە تیۆری شانۆی پۆستدراماتیک دەتوانێت پەیوەندی بە ڕەنگدانەوە ڕوونەکەی ویرسەوە ببەسێت کە پێی وایە شانۆی نوێ میراتی برێختە.

         ئەوەی برێخت بەدەستی هێنا ناکرێت وەکو شانۆی نەریتی سەیری بکەین، هەرچەندە تیۆرەکانی برێخت تێزێکی زۆر نەریتخوازانەی لەخۆ گرتبوو، چونکە (ئەفسانە) چیرۆک بۆ ئەو وەکو شتێکی بنەڕەتی مابووەوە، کە بەبێ ئەمە ناتواندرێت لە توخمە چارەنووسسازەکانی شانۆی نوێی شەستەکان تا نەوەدەکان تێبگەین، تەنانەت ناتوانین لە فۆڕمەکانی (بیکێت و هاندکە و شتراوس و مۆلەر و کەین و… هتد)یش تێبگەین.

         شانۆ و دراما پەیوەندییەکی ئەوەندە نزیکیان هەیە، کە زۆرێک لە توێژەرانی شانۆ وەک ژن و مێردێک وێنای دەکەن کە تووند باوەشیان بەیەکدا کردووە. هەر لە هەمان کاتیشدا، شانۆ و دراما هەمیشە لە پەیوەندییەکی دژبەیەک و گرژدا بوونیان هەبووە و هەتا ئێستاش بوونیان هەیە. جەختکردنەوە لەسەر ئەم بارودۆخە و ڕەچاوکردنی تەواوی کاریگەرییەکانی، یەکەم مەرجی پێشوەختە بۆ تێگەیشتنێکی گونجاو لە شانۆی نوێ و ئەوەش کە دێت. ناسینی شانۆی پۆستمۆدێرنیش لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە بوونی تا چەند پەیوەستە بە ڕزگاربوون و دابەشبوونی لە نێوان دراما و شانۆدا. هەر بۆیە مێژووی ژانری دراما خۆی لە خۆیدا تەنیا بابەتێکی سنووردارە بۆ توێژینەوەکانی شانۆ. بەڵام بەو پێیەی کە شانۆ لە ئەورووپادا بە شێوەیەکی کردەیی و تیۆری دراما تێیدا زاڵ بووە، ئەوە باشترە کە دەستەواژەی پۆستدراماتیک بۆ پێشکەوتنە نوێیەکان بەکاربهێنرێت تا بە ڕابردووی شانۆی دراماتیکییەوە ببەسترێتەوە. ئەمەش نەک تەنیا بۆ ئەو گۆڕانکارییەی کە تێکستە شانۆییەکاندا ڕووی داوە، بەڵکو بۆ ئەو گۆڕانکارییەی لە شێوازەکانی دەربڕینی شانۆییدا ڕووی دا. لە فۆڕمی شانۆی پۆستدراماتیکیدا، تێکستی شانۆیی (هەڵبەت ئەگەر تێکست شانۆسازی بۆ بکرێت) ئەوە بە شێوەیەکی یەکسان یەکێکە لە پێکهاتەکان لە کۆی پێکهاتەکانی جەستە و مۆسیقا و لایەنی بینراو و… هتددا. ئەو درزەی کە لەنێوان گوتاری تێکست و شانۆدا هەیە دەتوانێت هەموو ڕێگە ناتەبا و ناپەیوەندیدارەکان بکاتەوە. هەڵبەت جیابوونەوەی مێژوویی لە نێوان تێکست و شانۆدا، داوای پێناسەکردنەوەی بێلایەنانەی پەیوەندییەکانیان دەکات. ئەمەش لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە شانۆ تێیدا بوونی هەبووە: سەرهەڵدانی لەناو تەقسەکان (ڕیتواڵ و ڕێوڕەسمەکان)دا، وەرگرتنی فۆڕمی مایمی لە ڕێگەی سەما و پەرستش و پێش هاتنی نووسین. لە کاتێکدا شانۆی سەرەتایی و درامای سەرەتایی (شانۆی ئور و درامای ئور) تەنیا بابەتی هەوڵە چاکسازی و بونیادییەکان بوون، پێدەچێت فۆڕمی تەقسە سەرەتاییەکانی شانۆ نوێنەرایەتیی پڕۆسە سۆزدارییەکانیان کردبێت بە یارمەتیی دەمامک و جلوبەرگ، بە شێوەیەک کە تێیدا سەما و مۆسیقا و ڕۆڵگێڕان تێکەڵ بوون. تەنانەت ئەگەر ئەم پراکتیزەکردنە لە ڕووی فیزیکی و جووڵەییەوە پێش هاتنی نووسین نوێنەرایەتیی جۆرێک لە (تێکست)ی کردبێت، ئەوە هێشتا جیاوازییەکە سەبارەت بە پێکهاتنی شانۆی ئەدەبیی مۆدێرن دیارە. چونکە لەوێدا، تێکستی نووسراو، ئەدەب، ڕۆڵی پێشەنگی پلەبەندییەکە وەردەگرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی تێکست وای لێ هاتبوو کە لەلایەن هەموو ئامڕازە شانۆییەکانی دیکەوە دەبوو خزمەت بکرێت.

هەوڵ هەبووە بۆ پێناسەکردنی ”دراما” بە شێوەیەکی زۆر فراوان، جۆرج فۆکس لە کتێبی شۆڕشی شانۆدا دەڵێت: ”دراما لە سادەترین شێوەی خۆیدا جووڵەی ڕیتمیی جەستەیە لە ڕێگەی فەزاو و پانتاییەوە” لێرەدا ”دراما” بە واتای کرداری دیمەنێک دێت، بەم پێیەیش هەموو مەبەستێکی لەم شێوەیە شانۆیە. تەنانەت جۆرج فۆکس هەموو ئەو شتانەی وەک سەما و ئەکرۆباتیک و ڕۆیشتن بەسەر پەتی باریک و جادووکردن و زۆرانبازی و بۆکسێن و جلوبەرگ و نمایشکردن لەگەڵ ئاژەڵان و مۆسیقی و ماسکی و هەر شتێکی دیکە بە فۆرمێکی سادەی درامای دەزانی. بەڵام ناساندنێکی لەم جۆرە بۆ دراما، جیاوازییە مێژوویی و تایپۆلۆژییە بەرهەمدارەکانی نێوان شانۆ و ئەدەبی دراماتیک هەڵدەوەشێنێتەوە. هەر بۆیە پێناسەکردنی دراما لە لای فۆکس تێکەڵ دەبێت. هەروەها هەمان شت بۆ هەندێک تێبینی هاینەر مۆلەر دەگونجێت کە توخمە بنەڕەتییەکەی شانۆ و دراما لای ئەو ”گۆڕانکاری” بووە، مردن دوا گۆڕانکارییە و شانۆ هەمیشە پەیوەندیی بە مردنی ڕەمزییەوە هەیە، (شتە جەوهەرییەکەی شانۆ گۆڕانکارییە، مرۆڤ دەتوانیت پشت بەم دوایین گۆڕانکارییە ببەستێت).

واڵتەر بێنیامین دەڵێت: ”نهێنییەکە، لە ئاستی دراماتیکییدا، ئەو ساتەوەختەیە، کە تێیدا لە دۆمەینی زمانی تایبەت بە خۆیەوە دەردەچێت و دەبێتە دۆمەینێکی باڵاتر، کە بەدەستی نەهێناوە، بۆیە ئەم ساتەوەختە هەرگیز ناتوانێت بە وشە دەرببڕدرێت، بەڵکو تەنیا لە ئامادەگییدا دەردەکەوێت، ئەمەش بە تووندترین مانا دراماتیکییە).

         ئەوەی کە بێنیامین بە دراماتیک وەسفی دەکات پەیوەستە بە بێدەنگییەوە (ئاگۆنی)، بێگومان پاساوێک لە ناسینەوەی شانۆ و درامادا هەیە و ئەمەش لەو شوێنانەدا دیارە کە چەمکی دراماتیک لای بێنیامین تیشک دەخاتە سەر گەورەترین نزیکایەتیی خۆی لە پانتۆمایم و بێدەنگی، ئەمە ئەگەر لە چوارچێوەی زماندا سەیری بکەین. بەڵام هەر لەبەر هەمان هۆکارە کە سوودی بۆمان دەبێت، ئەگەر دراماتیکەکەی بێنیامین وەک بەشێک لە شانۆ سەیر بکەین؛ ئەوە دەبێتە تەقس و شیعری شانۆ. ئەوەی لێرەدا جێگەی مشتومڕە، زاڵبوونە بەسەر مردندا لە ڕێگەی شانۆوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.