دێرین حامید

ئەگەر سەیری دۆخی کۆمەڵگەی کوردی بکەین، دەبینین سەرجەم سێکتەرەکانی وەک ”پەروەردە، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، میدیا و زانستی” لە دۆخێکی خراپدایە و تا ئێستا لە دەرەوەی ئەو فۆرمگەراییەی کۆمەڵگەکەی گرتووەتەوە، وەک خێڵەکانی ناوچە دوورەدەستەکان دەژین، کە هێشتا شارستانییەتیان پێ نەگەیشتووە.
بەڵام سەیرەکە لەوەدایە، هەموو لە هەموو بوارێکدا، خۆی بە پاڵەوان دەزانێت و شوێنکەوتەکانی وەک بتێکی تاک و تەنیا وێنا و بانگەشەی بۆ دەکەن. هەر بۆیە دەبینین دنیایەک پاڵەوانی وەهمیمان هەیە، بەقەد هەموو حزبەکان، سەرۆک و سیاسیی گەورە و مێژووییمان هەیە.
دنیایەک باشترین و گەورەترین ئابووریناس و ئەدیب و مامۆستامان هەیە، بەڵام دەبینین دۆخەکە چەند لە وێرانە دەچێت.
لە شانۆشدا بە هەمان شێوەیە، دنیایەک شانۆکاری گەورە، نووسەری شانۆیی گەورە و ڕەخنەگری گەورە و ئەکتەر و دەرهێنەری گەورە و تەنانەت بینەری گەورەشمان هەیە!
کەچی هەموو ئەم ناسناوە گەورانە، کاتێک دەدوێن، گەورەترین ڕەخنەیان ئەوەیە کە شانۆمان نییە! کابرا خۆی ”دە” ساڵیش دەبێت نەیتوانیوە شانۆیەک درووست بکات، کەچی کێشەی لە نەبوونی شانۆ هەیە و پێی وایە لە دۆخێکی خراپدایە. هەر ئەوەندەش نا کەچی ئەوەی خۆی کردوویەتی خستوویەتییە نێو وەهمێکی گەورە و شەوان بە خەیاڵییەوە دەنوێت.
ئەمە لە دۆخی نەبوونی شانۆدا، بەڵام لە دۆخی بوونی نمایشی شانۆیدا، شتەکە پێچەوانە دەبێتەوە، کاتێک گرووپێکی شانۆیی لە ئەکتەر و دەرهێنەر، کارێکی شانۆیی درووست دەکەن، بە قودرەتی قادر، لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی کارەشانۆییەکەوە، تا ماوەیەکیش دوای نمایشی کارەکە، لەشکرێک لە ڕەخنەگری نەخوێندەوار، لە بینەری هیچلەباردانەبوو، پەیدا دەبن، سووکایەتی و ڕێگەی جۆرا و جۆر بەرامبەریان دەگرنەبەر، لە کۆمێنتەوە بۆ پۆستی نابەجێ، بە ئەکاونتی خۆیانەوە تا ئەکاونتی فەیک و نەناسراو، یانی بۆچونێک درووست بووە لەناو شانۆکاراندا، ئەویش بەم جۆرەیە: ئەگەر دەتەوێت سووکایەتیت پێ نەکرێت لە ماڵ دانیشە و هیچ مەکە، بۆ ئەوەی ڕێزت لێ بگرن، چونکە کە ئیشت کرد، ئەوکات ڕسوای زەمانەت دەکەن.
ئەما، شانۆکاریش دەستەوەستان نییە، کەم نین ئەو شانۆکارانەی بە ئەکاونتی فەیک، خەریکی ستایش و پیاهەڵدان بوون بە خۆیان و کارەکەیاندا.
هەر ئەکاونت نا، شانۆکار هەیە، چەندین لاپەڕەی بەناوێکی وەهمییەوە لەبارەی خۆی نووسیوە و ستایشی خۆی کردووە.
با بانگەشەی ئەوە بووەستێت کە هەر دەرهێنەرێک ئەوەی دەیکات پێی وایە بۆ یەکەم جارە کاری وا دەکرێت و لە مێژووی بەشەریەتدا کاری وا نەکراوە، تێناگەم شانۆکار و تاکی کورد بۆ هێندە شەیدای وشەی بۆ یەکەم جارن!
شانۆکاران، بوونەوەری سەیریان تێدایە، نەمبینیوە کەسێک دان بە شکستی خۆیدا بنێت و کاتێک کارەکەی ناتوانێت لە ئاستی پێوستدا بێت قبوڵی بکات. شانۆکارمان هەیە دوای نمایشەکەی بانگەشەی ئەوەی کردووە بۆیە بینەری نەبووە، چونکە شانۆکەی ئەو لە ئاستێکە سەد ساڵی ماوە بینەری کورد لێی تێبگات، بەبێ ئەوەی لەوە تێبگات، نمایشەکەی ئەو نە ڕیتم، نە دیالۆگسازی، نە وێنەسازی، نە لە ڕووی فۆرمەوە توانیویەتی دیمەنێکی شانۆیی درووست بکات.
ئێمە لە ئێستادا، هەر شانۆکاری نێو هۆڵەکانمان نییە، بەڵکو گرووپی شانۆکارانی نێو فێستیڤاڵ و خۆشگوزەرانیشمان هەیە.
ئەو جۆرە خۆستایشکارە، لە شانۆکار کە لە سەرەوە باسم کرد، هەرچۆنێک بێت جێگەی ڕێز و پێزانین، چونکە ئەوانە بە لایەنی کەمەوە چەند مانگێک پرۆڤە دەکەن و خۆیان ماندوو دەکەن و چەند ڕۆژێکیش لە هۆلەکانی شانۆ میوانداریی دەیان بینەر دەکەن.
بەڵام شانۆکارانی نێو فێستیڤاڵەکان، ئەو خۆش ژیاوانەن، کە بێوچان ئەم وڵات و ئەو وڵات، ئەمشارە و ئەوشار، وەک گەڕیدە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم شانۆکارانە، یان تەنها بە قودرەتی زمان و ماستاو ئەو پەیوەندییەی دروستکردووە، یان لەوپەڕی حاڵەتدا، لەگەڵ یەک دوو ئەکتەری برادەری بە چەند ڕۆژێک هەر بەدەم پیاسەوە کارێکی شانۆییان ئامادە کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ ئەو فێستیڤاڵەی کە ڕێکخەران و بەشدارانی لە هەمان دەستەی خۆیانن و تەنها ئامانج ڕێکخستنی گەشەتەکانیانە و لەوێدا ستایشی بێتوانایی خۆیان دەکەن و پاشان فێستیڤاڵ و گەشتی دواتری خۆیان دەستەبەر دەکەن.
من لەگەڵ ئەوەدام هەر کەس چۆن بیر دەکاتەوە و چۆن و بە چی ڕێگەیەک دەچێتە ئەو فێستیڤاڵانە مافی خۆیەتی، بەڵام کێشە لەوەدایە، ئەو کەسانە بۆ بینەر و شانۆکارە هاوشانەکانی خۆیان لەو شوێنانەی گەشتی بۆ دەکەن، دەبنە ڕووخسار و نوێنەری ئەو شوێنەی گەشتەکەی بۆ دەکەن، ئەوان وەک شانۆکاری گەورە و چالاکی شارەکەی خۆیان وێنا دەکرێن، شانۆکارانێک کە ڕوویان نییە و توانایان نییە بۆ پێنچ ڕۆژ لەگەڵ خەڵکی شارەکەی خۆیان ڕووبەڕووی ببنەوە و ئەو شاکارە هونەرییەی، کە وڵاتە و وڵاتی پێ دەکات پێشکەش بکات.
خوێنەری هێژا، ئەمەی دەیخوێنیتەوە بنەچەی نەخۆشییە کوشندەکەیە، کە زۆر زیاتر هەڵدەگرێت، دەزانم شتێکی نامۆیە و قبوڵنەکراوە، بەڵام ئەمە ڕاستییە و دەبێت تۆمار بکرێت.
ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.