سەرکێشییەکانی پیتەرهاندکە لە شانۆی ئەڵمانیدا
ڕێبین خدر

شەڕی کوڕیژگەیەک لەگەڵ دێوەکان
ساڵی ١٩٦٦، ”گرووپی ٤٧” کۆڕی ئەدەبیی خۆی لە زانکۆی پرینستۆنی ئەمەریکا دەبەستێت. گرووپەکە دیارترین نووسەرانی ئەڵمانیزمانی دوای جەنگی جیهانیی دووەمی لە خۆیدا کۆکردبوونەوە؛ لەوانە: گوینتەر گراس، هاینریش بۆل، ئینگەبۆرگ باخمان و مارتین ڤالسەر. کاری هەرە لەپێشیان هەڵسانگاندنی ڕەخنەیی تێکستی نووسەران بوو. هەروەها مشتومڕ و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەبارەی ئەدەبی ئەڵمانی دوای جەنگ، دیمۆکراسی، زمانی ئەدەبی و گەلێک باسی دیکە. لەم کۆڕەدا لاوێکی لەڕولاوازی قژدرێژ بۆ یەکەم جار مایکەکە بەدەستەوە دەگرێت. لە سیمادا زیاتر لە ئەستێرەیەکی ڕۆک دەچێت، تا نووسەر. لاوەکە، لەباتی ئەوەی سەرنجی خۆی لەسەر تێکستی بەرباسدراو بڵێت، بە تەوس و توانجەوە ڕەخنەی تووند لە زمانی ئەدەبی ئەڵمانی ئەوکات دەگرێت. بەمەش نووسەران توڕە دەکات و ئاژاوەیەک لە هۆڵەکەدا بەرپا دەکات.
ئەمە یەکەمین دەرکەوتنی پیتەر هاندکەی لاو بوو. تا ئەو دەمە تەنیا ڕۆمانێکی بە ناونیشانی ”زەنگەسوورە” بڵاو کردبووەوە. هەر لەو ساڵەدا، کاتێک یەکەمین شانۆنامەی بە ناونیشانی ”جنێودان بە بینەران” لە فرانکفۆرت بە دەرهێنانی ”کلاوس پەیمان” دەچێتە سەر تەختە، دیسان ئاژاوەیەکی دیکە دەخوڵقێنێت؛ بەڵام ئەم جارەیان ئاژاوەیەکی هونەری و شانۆیی، کە شانۆی ئەڵمانی تا ئەوکات شتی لەم چەشنەی بە خۆیەوە نەبینیبوو.
ژینگەی ئەوسای شانۆی ئەڵمانی هێشتا لەژێر کاریگەریی جەنگدا بوو. هێشتا هۆڵی شانۆی داڕووخاو نۆژەن دەکرانەوە و هیی نوێ بینا دەکران. شانۆنامەنووسان بەردەوام لە هەوڵدا بوون زمان و ئاڕاستەی دیکە بۆ شانۆ بدۆزنەوە. ئاڕاستە و ڕەوتی جودا و دوور لە یەک هاتبوونە کایەوە. هەر لەو ساڵانەشدا شانۆی ئەڵمانی وەرچەرخانێک لە ڕووی دەرهێنانەوە بە خۆیەوە دەبینێت. بۆ یەکەم جار دەرهێنەرانێک دێنە پێشەوە، ڕادیکاڵانە دەستکاری دەقەکان دەکەن و لەگەڵ تەختەی شانۆدا دەیانگونجێنن. چیدی دەق دەستەڵاتی ڕەهای پێشووی نامێنێت. وێڕای ڕێچکە و ڕەوتی دیکە، دەکرێت دیارترین و کاریگەرترین ئاڕاستەکانی شانۆی ئەو دەمە بەم جۆرە پۆڵێن بکەین:
١. شانۆی داستانی (شانۆی برێشت): گەرچی بێرتۆڵت برێشت مردبوو، بەڵام شانۆ داستانییەکەی هێشتا لە کاردا بوو و سێبەرێکی زاڵ بوو بەسەر شانۆی ئەڵمانییەوە.
٢. شانۆی دێکۆمێنتاری و سیاسی: شانۆی دێکۆمێنتاری (بەڵگەنامەیی) پشتی بە ماتریاڵی ڕاستەقینەی وەک نامە، پرۆتۆکۆلی دادگاکان، چاوپێکەوتن و ڕاپۆرتە فەرمییەکان دەبەست، بۆ ئەوەی سەردەمێکی مێژوویی لەسەر تەختە پیشان بدات. دەرهێنەری دیاری ئەودەمی ئەڵمانیا ”ئیرڤین پیسکاتۆر” ڕۆڵێکی پێشڕەوانەی دەگێڕا لە نمایشکردنی ئەم جۆرە شانۆیە. دیارترین شانۆنامەنووسانی شانۆی دێکۆمێنتاری و سیاسی بریتی بوون لە ڕۆلف هۆخهوت، پیتەر ڤایس، هاینەر کیپهارد. لێپرسینەوە لە سەردەمی تاریکی نازییەکان، مەترسیی جەنگی ئەتۆمی و بەرپرسیارکردنی زانست، پەیوەندیی نێوان تاک و سیستم، سەرمایەداری و فاشیزم لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەم شانۆیە بوون.
٣. شانۆی پارابڵ و گرۆتێسک: ئەم ئاراستەیە بەزۆری لەلایەن هەردوو نووسەری دیاری سویسری، ”فریدریش دورینمات و ماکس فریش”ەوە پەرەی پێ درا. دورینمات، بە شێوازێکی تەنزئامێز، تراژیدیا و کۆمێدیای ئاوێزانی یەکتر دەکرد و دیدێکی ڕەخنەیی ئاراستەی کۆمەڵگە دەکرد. هەرچی ماکس فرێش بوو لە کێشەکانی ناسنامە و تاک قووڵ دەبووەوە و لە شێوازیشدا لە چەند ڕووەوە لەژێر کاریگەری برێشتدا بوو.
پیتەر هاندکەی لاو لە دەیەی شەستی سەتەی بیستەمدا ڕووبەڕوو بوو لەگەڵ ئەم ئاراستانە و کۆمەڵێک نووسەری دیار و پڕتوانا. لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە سەرەتاوە بە سەرکێشییەکی گەورە دەستی پێ کرد؛ بڕیاریدا تێکستی شانۆیی خۆی و شانۆکەی، لە هیچ لەوانەی پێش خۆی نەچێت. کاری یەکەمی هاندکە، ڕووتکردنەوەی شانۆنامە بوو لە هەرچی خەسڵەت و تایبەتمەندییەک پێشووتر هەیبوو.
لە شانۆنامەوە و بۆ ئاخاوتننامە
هەر لە یەکەم شانۆنامەیدا ”جنێودان بە بینەران”، پیتەر هاندکە ناوێکی دیکە بۆ شانۆنامە دادەهێنێت؛ لەباتی شانۆنامە (Theaterstück)، ئاخاوتننامە (Sprechstück) هەڵدەبژێرێت و چەند شانۆنامەیەک لەژێر ئەم ناوە دەنووسێت. دووبارەناونانەوەی ژانرەکە بێ هۆ نییە. لە ڕێیەوە دەتوانین لە پایەکانی شانۆی هاندکە تێبگەین. ئاخاوتننامە هێز و دەستەڵات دەدات بە ئاخاوتن (زمان)، دەستەڵات لە نمایش (نمایش بەو جۆرەی لە شانۆی پێش خۆی هەبوو)، کارەکتەر، چیڕۆک و ململانێی درامی دەستێنێتەوە. ئاخاوتننامەی ”جنێودان بە بینەران” لەباتی کارەکتەر، چوار قسەکەری هەیە. قسەکەرەکان چیڕۆکیان نییە و ناتوانین هیچ لەبارەی ڕابردوویانەوە بزانین. کەسانێک نین بە چەشنی هاملێت یا گالیلێ ڕۆڵ بگێڕن. لەڕاستیدا هیچ ڕۆڵگێڕانێک لە ئارادا نییە. هەر لە دەستپێکی ئاخاوتننامەکەدا قسەکەران ڕوو لە بینەران دەکەن و دەبێژن:
ئێوە هیچ نواندنێک نابینن.
لێرانە نواندن ناکرێت.
ئێوە نمایشێکی بێ وێنە دەبینن.
هاندکە لە ڕێسا باوەکانی شانۆنامە لادەدات. نە وەسفی شوێنەکە دەکات و نە ناو بۆ کەسایەتییەکان دادەنێت. لە تێکستەکەدا ڕوون نییە کێ کەسی یەکەمە و کێ دووەم و تا چوارەم. ئێمە لەباتی ئەوەی وەک لە شانۆنامە چاوەڕێ دەکەین، ڕووداوێک، کێشەیەک ببینین، یا چیڕۆکێکمان بۆ بگێڕدرێتەوە، بەر قسەی تێکچڕژاوی قسەکەران ڕووەو بینەران دەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا خودی شانۆ و بینەران دەبنە بابەتی قسەلەسەرکردن:
ڕەنگە چاوەڕێی شتێکی ترتان کردبێت.
چاوەڕێی کەرەستەیەک بووبن.
چاوەڕێی هیچ کەرەستەیەک نەبووبن.
چاوەڕێی ئەتمۆسفێرێک بووبن.
دژی شانۆی درامی و دژی شانۆی داستانی
کودەتا گەورەکەی بێرتۆڵت برێشت بەسەر شانۆی ئاریستۆتێلیس کاریگەرییەکی درێژخایەنی بەسەر شانۆی ئەڵمانی و ئەورووپی بەجێهێشت. پشتکردنە شانۆیەک بناغەکەی لەسەر ”لاساییکردنەوە” (Mimesis) دامەزرا بوو، زیاتر لە کودەتاش، شۆڕشێکی هونەری و هزری بوو. (شانۆی داستانی)ی برێشت وەهمی نمایشی تێکشکاند و ڕاشکاوانە بە بینەرانی گوت ”ئەوەی لەسەر تەختە دەیبینن نمایشە و واقیع نییە، بۆیە پێویست ناکات هێندە هاوهەستی پاڵەوانان بن و خۆتان بخەنە شوێنیان”. بەم جۆرە ”پاکبوونەوە” (Katharsis)ی ”ئاریستۆتێلیس”ی وەلا نا و مەودایەکی لەنێوان بینەران و کارەکتەران دروست کرد. ڕۆڵی بینەری لە کەسێک کە لە ڕێی هەستوسۆزەوە پەیوەندیی لەگەڵ کارەکتەران و ڕووداوەکان دەبەستێت، گۆڕی بە ڕۆڵێکی چاودێرانە و هزردۆستانە.
بۆ برێشت گرنگ بوو بینەر لە کاتی نمایشدا چالاکانە بیر لە ڕووداوەکان بکاتەوە و پرسیار لەبارەی هۆکارەکانەوە بکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەستکاری بیناسازیی شانۆی پێش خۆی کرد و درزێکی گەورەی خستە ”دیواری چوارەم”ەوە (ئەو دیوارە ئەندێشەییەی کە بینەر و ئەکتەر لە یەک جیا دەکاتەوە). لێرەوە چەمکە هەرە گرنگەکەی خۆی، واتە ”کاریگەریی نامۆبوون” (Verfremdungseffekt)ی خستە ڕوو، بانگی دا نابێت چیدی بینەر بە دیار نمایشەوە بگریت، بەڵکوو پێویستە بیری لێ بکاتەوە و بەشدار بێت لە گۆڕینی جیهان.
بۆ پیتەر هاندکە چەندە شانۆی درامی بێزارکەر بوو، دوو ئەوەندەش شانۆی داستانیی برێشت. برێشت شانۆی دەکردە سەکۆ و مەڵبەندی گۆڕینی جیهان، دەیکردە قوتابخانەیەکی پەروەردەیی و ئایدۆلۆژی، تا لە ڕێیەوە دەستکاریی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بکات و لەدەست چەوساندنەوە و نادادپەروەری ڕزگاری بکات. بۆ هاندکە، ئەمە جۆرێک بوو لە بەئامرازکردنی شانۆ؛ کردنی شانۆ بوو بە چەکێکی ئەخلاقی و سیاسی. بۆ ئاوەژووکردنەوەی ئەم فێرگە ئەخلاقییە، هاندکەی لاو دەست دەکات بە ڕووتکردنەوەی شانۆنامە و دەرچوون لە ڕێساکان. هەر وەک خۆی لەمبارەوە لە کتێبی ”من دانیشتووی بورجی عاجم”دا دەڵێت: ”مێتۆدی شانۆنامەی یەکەمم، ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری میتۆدەکان بوو.[…] لانی کەم ئەوەم بۆ دەرکەوت ئەگەرەکان لە شانۆدا سنووردار نین، بەڵکوو هەمیشە ئەگەرێکی زیاتر لەوە هەیە، کە بە خەیاڵدا دێت”.
بۆ ئەوەی لادان لە شانۆی درامی و داستانی لای هاندکە ڕوون بکەینەوە، بە چەند خاڵێک ئاماژە بە خەسڵەتی کارەکانی دەکەین:
١. دەرچوون لە چیڕۆک و ڕووداو: لە هەردوو شانۆی درامی و داستانیدا چیرۆک پایەیەکی سەرەکیی شانۆنامەیە. هاندکە چیڕۆک هەڵدەگرێت. لە ئاخاوتننامەکانی ئەودا هیچ شتێکی ئەوتۆ ڕوو نادات و گرێچن نییە. شانۆنامە نە دەبێتە مانیفێستێکی فیکری، نە دەشیەوێت کێشەیەکی دیاریکراو چارەسەر بکات. تاکە ڕووداو خودی ئاخاوتنەکەیە. شانۆ دەچێتەوە ناو خۆی و خۆی ڕزگار دەکات لە کارتێکەرە دەرەکییەکان.
٢. گۆڕینی کارەکتەر (پاڵەوان) بە قسەکەر: چیدی کارەکتەر پاڵەوانێک نییە دەرگیر لەگەڵ کێشە گەورە و ڕووداوە ئاڵۆزەکان. کەسێک نییە گرفتاری برینێکی دەروونی. زۆربەی کارەکتەران قسەکەرن، جا چ دیالۆگ لەگەڵ یەکدا بکەن، چ تاکدەنگانە بە مەنەلۆگی درێژ دەنگی خۆیان بگەیەنن. بەمەش ئەکتەر لەباتی نواندن بکات، دەبێژێت و وشەکانی پەرشوبڵاو دەکاتەوە. لەباتی جلی تایبەت بە کەسایەتییەکە و دیکۆر و ئەتمۆسفێرێکی شانۆیی، دەنگ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
٣. لابردنی تەواوەتیی دیواری چوارەم: ئاماژە بەوە درا برێشت درزێکی خستە سەر دیواری چوارەم. ئەم درزەی لەڕێی لێدەرچوونێک ئەنجام دەدا. بۆ نموونە ئەکتەران بەینابەین ڕوویان لە بینەران دەکرد و قسەیان لەگەڵ دەکردن. هەرچی هاندکەیە دیوارەکەی بەتەواوی ڕووخاند. لە شانۆی هاندکەدا ئەکتەرەکان دەردەکەون و خۆیان دەڵێن ئەکتەرن و ئەوانەیشی دانیشتوون بینەرن. هیچ فریو و وەهمێک لە ئارادا نییە.
٤. تێکشکاندنی سیستمی کات و شوێن: وەک چۆن برێشت سیستمی کات و شوێنی شانۆی پێش خۆی تێکدەشکێنێت و چیدی پابەندی نابێت، هاندکەش دەستکاریی کات و شوێن دەکات. لە شانۆی باودا دەکرێت دوو کاتژمێری نمایشەکە بیست ساڵی چیڕۆکێک بگێڕێتەوە. لای هاندکە کاتی ئەکتەران و بینەران هەمان کات و هەمان شوێنە. نە ڕابردووە و نە داهاتوو، بەڵکو نمایشەکە (لێرە)یە و کاتەکەش (ئێستا)یە. هۆڵەکەش بۆ بینەران وەک ئەکتەران بە ڕووناکی دەمێنێتەوە و گڵۆپەکان ناکوژێنەوە.
هاندکەی لاو بەم تایبەتمەندییە ڕادیکاڵانە هەر لە یەکەم شانۆنامەیدا هۆڵی شانۆکە دەهەژێنێت و بینەران تووشی سەرلێشێوان دەکات. بە جۆرێک هەندێک لە بینەران بەپڕتاو هەڵدێنە سەر تەختەی شانۆ و لەگەڵ ئەکتەران دەست دەکەن بە قسەکردن. زمانی شانۆنامەکە هێندە ڕاستەوخۆ و بێپەردە بووە، بینەران بۆیان ڕوون نەبووە، ئاخۆ هەر بەڕاست ئەکتەران دەیانەوێت قسەیان لەگەڵ بکەن یان ئەوەی دەیکەن بەشێکە لە تەکنیکی شانۆکە. ئەم یەکانگیربوونەی بینەران و ئەکتەران بۆ شانۆی ئەوکاتی ئەڵمانیا زۆر تازە بووە و پێشینەی نەبووە.
زمان وەک ئەکتەر
لە شانۆنامەی ”کاسپار”دا، هاندکە ئەزموونێکی دیکەی زمانی لە شانۆ تاقی دەکاتەوە. کارەکتەری سەرەکی منداڵێکە بە ناوی ”کاسپار”، کە لە کارەکتەری ڕاستەقینەی ”کاسپار هاوزەر”ەوە وەرگیراوە. کاسپار هاوزەر منداڵێکی تەمەن شانزە ساڵ بوو، لە ساڵی ١٨٢٨دا لە شاری نۆریمبێرگی ئەڵمانیا دۆزرایەوە. دەگوترێت هەموو ساڵانی ژیانی لە ژێرزەمینێکی تاریکدا بەڕێ کردووە؛ نەیدەتوانی بە ڕێدا بڕوات و قسە بکات. هاندکە ئەم کارەکتەرەی وەرگرتووە بۆ شانۆنامەکەی، بەڵام بێ ئەوەی بیکاتە چیرۆکێک، یاخود هەوڵ بدات شتێکی نەگوتراو لەسەر کاسپار ئاشکرا بکات.
کاسپار بە ماسکێکەوە لەسەر شانۆ دەردەکەوێت و بەردەوام یەک ڕستە دووبارە دەکاتەوە ”دەمەوێت ببمە کەسێکی وا، وەک ئەوەی جارێکیان کەسێکی دیکە بووە”. منداڵەکە لەم ڕستەیە زیاتر نازانێت و لە هەموو هەڵومەرجێکدا دووبارەی دەکاتەوە. وەک کەس خۆی تەنیایە لەسەر شانۆ، بەڵام وەک دەنگ نا. کۆمەڵێک دەنگی دیکە دێنە بەر گوێی، بەردەوام ئاڕاستەی دەکەن. ئەو کۆمەڵە تەڵقینی دەدەن و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بە زمانی بێنن و فێری قسەکردنی بکەن. دەنگەکان دژ بەو بوونەوەرە ناڕێکخراو و بێشووناسەن، لە کاردان شێوەیەکی پێ بدەن و لە ڕێی زمانەوە بیکەنە خاوەنی ناسنامەیەک. سەرەنجام فێری ڕستەی دیکەی دەکەن. کاسپار دەتوانێت شتی دیکە بڵێت، بەڵام تاکایەتی و کەسێتی لەدەست دەدات. لەبری ئەوەی ببێتە خاوەنی شووناسێک وەک ئەوەی تەڵقیندەرەکان دەیانەوێت، شووناسی لەدەست دەدات.
هاندکە لە ”کاسپار”دا دەکۆشێت زمان لەو شتانە بەتاڵ بکاتەوە لێی بارکراون. تیرێکە دەیگرێتە ئەو زمانەی بە ئاڕاستە و هێڵی ئایدۆلۆژی قەڵەو دەکرێت و خەڵکی تەفرە دەدات. لاتاوێکە لە زمانی بە پڕووپاگەندە-خۆشکراوی نازییەکان و کۆمۆنیستەکان. تەنانەت دەکرێت توانجێکیش بێت لە شانۆی داستانیی برێشت، کە تەختەی شانۆ دەکاتە فێرگەیەک بۆ پەروەردەیەک لەسەر پایەکانی فەلسەفەی مارکسیزم.
کاسپاری منداڵ کاتێک زمان نازانێت، جیهانێکی نییە. کاتێک دەنگەکان دەیکەنە خاوەنی زمانێک، دەبێتە خاوەنی جیهانێک، بەڵام جیهانێکی وێران. جیهانێک خۆی تێیدا دەتوێتەوە و لەبەین دەچێت. هەندێک ڕەخنەگران دیدی هاندکە و ڤیتگنشتاین بۆ زمان لە یەک نزیک دەبینن. ئەگەر ڤیتگنشتاین گوتبێتی (سنووری زمانم سنووری جیهانمە)، ئەوا هاندکە لە ”کاسپار”دا ئەم ڕستەیەی بەرجەستە کرد؛ نیشانی دا چۆن مرۆڤێک بەبێ زمان هیچ جیهانێکی نییە، کاتێکیش زمانێکی سەپێنراو فێر دەبێت، دەبێتە ئەسیری ئەو زمانە و جیهانەکەی بەپێی یاساکانی ئەو زمانە بەرتەسک دەبێتەوە. لێرەدایە هاندکە دژ بە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک و گوتاری ئایدۆلۆژی، ڕێساکانی تێکستی شانۆیی تێکدەشکێنێت و هەوڵ دەدات زمان ڕزگار بکات. لای ئەو گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان دوو پاڵەواندا ڕوو نادات، بەڵکوو لەنێوان خودی وشە و ڕستەکان خۆیان. ئەوەی دەردەکەوێت زمان خۆیەتی لەسەر تەختەی شانۆ. چیدی کارەکتەران زمان وەک ئامرازێک بۆ پیشاندانی بیری خۆیان و دیوی دەروونیی خۆیان بەکارناهێنن، بەجێی ئەوە، زمان دەبێت بە بکەر و لە ڕێی کارەکتەرانەوە خۆی بەیان دەکات. زۆر ڕوونتر دەتوانین بڵێین: لە شانۆی هاندکە خودی زمان خۆی دەبێت بە ئەکتەر.
کاریگەریی مۆسیقای ڕۆک
کلاوس پەیمانی دەرهێنەری بەشێک لە کارە شانۆییەکانی هاندکە، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ”لەو سەردەمەدا مۆسیقای پۆپ باڵادەستییەکی بێوێنە و کاریگەریی بەسەر هەموانەوە هەبوو. وێڕای دیوە بازرگانییەکەی، هاوکات هاوار و ناڕەزایەتییش بوو [دژی کولتووری داخراوی باوکەکان]. ئێمەش دەمانەویست شتێکی ئاوا لە شانۆدا بکەین”.
پیتەر هاندکە خۆیشی لە چەند جێیەک ئاماژەی بە مۆسیقای پۆپ و کاریگەرییەکانی بەسەرییەوە کردووە؛ بە تایبەت گرووپەکانی وەک ”بیتڵز، ڕۆڵینگ ستۆنز و کینکس” بۆ ئەو سرووشبەخش بوون. لە زووەوە خاوەنی سەلیقەیەکی وردی مۆسیقی بووە و سوودی لە هێزی مۆسیقای ڕۆک و ڕیتمەکەی وەرگرتووە. لە لای باڵکێش بووە شانۆش بتوانێت بە چەشنی ڕۆک تووند و ڕوون، هاوکات بەرجەستە و نزیک بەر هەستی بینەران بکەوێت.
لە ئاخاوتننامەی ”غەیبگۆیی” (Weissagung)دا، ئەم کاریگەرییەی مۆسیقای ڕۆک بە ئاشکرایی دەردەکەوێت. چوار قسەکەر (A, B, C, D) لەسەر تەختەی شانۆن، کە لە چوار ئامێری مۆسیقی دەچن؛ تەواوی دەقەکە لەسەر بنەمای دووبارەبوونەوەیەکی مۆسیقی داڕێژراوە:
– Aمێشەکان وەک مێشەکان دەمرن.
-Bسەگە ئاڵۆشدارەکان وەک سەگە ئاڵۆشدارەکان بۆن دەکەن.
-Cبەرازی سەر شیشەکە وەک هیی سەر شیش دەقیژێنێت.
-Dگاکە وەک گا دەبۆڕێنێت.
دەبینین هیچ دیالۆگێک لەنێوان ئەکتەران درووست نابێت. ئامانج دیالۆگێکی باو و نەریتی نییە. ئامانجەکە خوڵقاندنی کەشێکی مۆسیقی و هونەرییە. لە ئاستی زماندا ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ زمانی هەڵئاوساو بە میتافۆر و سیمبۆڵ، کە زمانی شانۆی پێشووتر دەقی پێوە گرتبوو. لای هاندکە زمان بە شێوە سادە (بەتاڵکراو)ەکە دەبینین. بەتاڵ کراوەتەوە لە زمانێکی شیعریی سواو و وێناندنی بەسەرچوو. دژی زمانێکی زەخرەفەکراو و ساختە دەوەستێتەوە. زمانێک لە پشت وشەی جوان و قەبەدا بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە قووڵە. هاندکە لە ڕێی سەراوژێرکردنی فۆرم، چەکووش لە ناوەڕۆکی شانۆنامەکانی پێش خۆی دەدات. ئەو لەباتی ئەوەی ڕاستەوخۆ بابەتی زەق و باوی وەک (جەنگ، برسییەتی و نادادی) بێنێتە سەر شانۆ، گەرەکییەتی زەین و ڕوانینی بینەران لە ڕێی زمانێکی بێگەردەوە بورووژێنێت. بۆ ئەو زمان چەندە هاریکارە، ئەوەندەش دەکرێت ترسناک بێت، بۆیە بەو زمانە ڕوون و پڕ لە دووپاتکردنەوەیەی هەوڵ دەدات نیگای بینەر پاک بکاتەوە. هەر وا تۆز و خۆڵی مێژوو و ئایدۆلۆژیا لەسەر وشەکان لاببات، تا ئەو کاتەی وشەکان چەشنی مۆسیقایەک دەگەنە بینەر.
شانۆی بێدەنگ و ستایشی ڕوانینێکی نوێ
دوای ئەزموونی ”ئاخاوتننامە” و شانۆیەک کە دەنگ و قسەکردن تێیدا زاڵە، ساڵی ١٩٩٢، پیتەر هاندکە ئەزموونێکی دیکە لە نووسینی شانۆنامە و کاری شانۆییدا تاقی دەکاتەوە: ئەزموونی شانۆی بێدەنگ. لە شانۆنامەی ”ئەو ساتەی هیچمان لەبارەی یەکدییەوە نەدەزانی”دا، دەنگ و هەرای ئەکتەران نامێنێت و دەسەڵات دەکەوێتەوە دەست ”بینین”. شانۆنامەکە پیشاندانی ژیانی ڕۆژێکی خەڵکە لە مەیدانی شارێکدا. لەسەر تەختەی شانۆ، نزیکەی ٤٥٠ کارەکتەر دەردەکەون؛ کارەکتەران هیچ ناڵێن، هیچ وشەیەک ناهێننە سەر زمان، تەنیا دەجووڵێنەوە و دێن و دەچن. لێرەدا دیالۆگ ون دەبێت و ژیان بە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆی دێتە سەر شانۆ. ڕێبواران بەلای یەکدا تێدەپەڕن، ڕادەکەن، دەوەستن، خۆیان بەیەکدا دەکێشن، بەڵام هیچ ناڵێن. دەبنە زنجیرەیەک وێنەی جووڵاو و چاوی بینەریش لە دۆخێکدایە، نازانێت کام دیمەنە ڕاو بکات.
بەپێچەوانەی ”ئاخاوتننامە” و شانۆنامەکانی پێشووی خۆی، لێرە وێنە سەنتەرە نەک وشە. هاندکە لەپێشدا زمان بەتاڵ دەکاتەوە و دەیگەیەنێتە دۆخێکی ڕوون و بێگەرد؛ سەرەنجام تەنیا ناوکێکی مۆسیقی و شیعریی لێ دەمێنێتەوە. لە شانۆنامەی ”ئەو ساتەی هیچمان لەبارەی یەکدی نەدەزانی”دا، ئەم ناوکەش دەتوێتەوە و ون دەبێت. زمان خامۆش دەبێت و وێنە دەگەڕێتەوە. هاندکە ئەم دۆخی بێدەنگییە، دواتر دەگوازێتەوە ناو چیڕۆک و ڕۆمانەکانیشی. گەر وشەکان بشمێننەوە، کاری هەرە گەورەیان بەرهەمهێنانی هەڵچوون و داچوون، یان دیمەنی درامی و تراژیک نییە، بەڵکوو دەبنە ”چاو” و هەوڵ دەدەن دیمەنی نەبینراو بە خوێنەر ئاشنا بکەن.
هاندکە، بەم لادانانەی لە ڕێساکانی نووسینی شانۆنامە، بوو بە ڕێگەخۆشکەرێک بۆ سەرهەڵدانی ”شانۆی پۆست-دراماتیک”، کە لە هەشتاکانی سەتەی بیستدا بەتەواوی دەرکەوت. لەم شانۆیەدا، چیتر گێڕانەوەی ڕووداوێک یان دیوی دەروونیی کارەکتەران ڕۆڵیان نییە، بەڵکوو شانۆ دەبێتە مەیدانێک بۆ تاقیکردنەوەکانی زمان، جەستە و وێنە. جگە لەمە، شانۆ لە دەسەڵاتی ڕەهای دەق و چیڕۆک یاخی دەبێت. هاندکە بەوەی زمان و بینینی کردن بە چەقی شانۆ، دەرگای بۆ ئەم ڕەوتە کردەوە؛ ڕەوتێک کە دواتر لەلایەن شانۆنامەنووسانی وەک هاینەر مولەر، ئێلفریدە یێلینێک و سارا کەین پەرەی پێ درا.
بەم جۆرە؛ ئەو کوڕیژگە لاواز و قژدرێژەی ساڵی ١٩٦٦ لە کۆڕی ”گرووپی ٤٧”دا دەنگی هەڵبڕی و بە تووندی ڕەخنەی لە زمانی ئەدەبیی ئەڵمانی گرت، تەنیا سەرکێشییەکی گەنجانەی ئەنجام نەدا. دەنگهەڵبڕینەکە سەرەتای پڕۆژەیەکی گەورەی ئەدەبی و هونەری بوو. لەم پڕۆژە درێژخایەنەدا، شانۆنامەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگیان بینی؛ ئەوەی هاندکە لە شانۆدا دەستی پێ کرد، دواتر بە هەمان نەفەس لە ڕۆمان و چیرۆک و شیعریشدا درێژەی پێ دا. دوای زیاتر لە نیو سەدە، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەکادیمیای سویدی لە ڕاگەیاندنی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ، ئاوها ستایشی ئەم سەرکێشییانەی هاندکەی کرد:
”لە پای بەرهەمێکی کاریگەر، کە بە هۆشمەندییەکی زمانی، پەراوێزەکان و تایبەتمەندی ئەزموونی مرۆیی پشکنیوە”.
پەراوێز و سەرچاوە:
- ئاخاوتننامە: ئەم وشەیەم لەسەر شێوەی وشەی (شانۆنامە) لە زمانی کوردیدا داڕشتووە. مەبەست لێی شانۆنامەیەکە ئاخاوتن و دیالۆگ شوێن بە چیڕۆک و نواندن چۆڵ دەکەن.
- کاتێک نووسیومە (شانۆی ئەڵمانی) و (شانۆنامەی ئەڵمانی) ئەو شانۆنامە و شانۆیانەش دەگرێتەوە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسراون و نمایش کراون. مەبەست هەر ئەڵمانیا نییە، وڵاتانی دیکەی ئەڵمانیزمانیشە.
Kastberger, Klaus & Pektor, Katharina (Hrsg.). (2012). Die Arbeit des Zuschauers. Peter Handke und das Theater. Salzburg / Wien: Jung & Jung / Österreichisches Theatermuseum.
Handke, Peter. (1972). Stücke 1. Frankfurt a. M.: Suhrkamp –
Szondi, Peter. (1963). Theorie des modernen Dramas. Frankfurt a. M.: Suhrkamp.
ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاو کراوەتەوە.