نوسینی: گۆران محەمەد

لەناو دنیای هونەرەکانی شانۆ و فیلمی سینەماییدا، ئەکتەر پێکهاتەیەکی ناوازەیە، زۆر جار لەپێناو سەرکەوتن و داهێناندا لە بواری هونەری نواندندا سوود لە سیفاتە کەسێتییەکانی خۆی و ئەو بارودۆخە پێدراوانە دەبینێت، کە کاراکتەرێک لەنێو شانۆنامەیەك یاخود سیناریۆی فیلمێكدا بۆی دیاری کردوە. ئەکتەر بۆ بەدەستهێنانی متمانەی بینەر و پیشاندانی تالێنت و توانا هونەرییەکانی خۆی و هاوکات بۆ وێناکردنێکی هونەرییانەی سیفاتە سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییەکانی کاراکتەرە پێدراوەکەی، هاوکاتیش بۆ ڕۆڵگێڕانێکی سەرکەوتوو، دوو جۆر لە تەکنیکی نواندن بەکاردەهێنێت، کە ئەوانیش بریتین لە یەکەم، نواندنی کاراکتەر: مەبەست لەو جۆرە نواندنەیە، کە ئەکتەر لە کاتی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەیدا زۆرترین وزە و توانای مرۆیی و خەیاڵییەکانی خۆی بۆ پیشاندانی سیفەتەکانی کاراکتەرەکەی بەکاردەهێنێت، نەوەک پیشاندانی خۆی، ئەمەش لە ڕێگەری دروستکردنی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە تۆنی دەنگ و شێوازی ئەنجامدانی جوڵە فیزیکییەکانی وەکو، دەربڕینی جوڵەی دەست، پێ، ڕاوەستان، هەستان و دانیشتن، شێوازی قسەکردن و هەڵچوونە دەروونییەکانی، تەنانەت هەندێک جار بەکارهێنانی جلوبەرگی تایبەت و ماکیاجی زۆر تا ئاستی زیادەڕۆیی بەکاردەهێنێت. هەڵبەت هەموو ئەم گۆڕانکارییانەش لەپێناو ئەوەیە بینەر کەمتر ناسنامەی تایبەتی کەسێتیی ئەکتەر و زیاتر کاراکتەرێکی جیاواز و تەواو دراماتیکی ببینێت.

لە ڕووی ڕەهەندی زانستییەوە چەمکی ”نواندنی کاراکتەر” یاخود ”ئەکتەری کاراکتەر” لە سەرەتاوە دەگەڕێتەوە بۆ مانای فەلسەفەی نواندن و ڕۆڵگێران لە تێڕوانینی دەرهێنەر و پێداگۆگیی بەناوبانگی ڕووسی ”کۆستانتین ستانیسلاڤیسکی”، چونکە لە سیستمی نواندندا لە لای ستانیسلاڤیسکی ئەکتەر پێویستە بتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە لەناوەوە و دەرەوەی خۆیدا ژیان بە بەر ڕۆڵەکەیدا بکات. واتە زمانی دەربڕین، سیستمی ئەنجامدانی جوڵە و هەستەکانی بە شێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو بن و پێویستە ڕۆبچێتە ناو کاراکتەرەکەی و سوود لە ئەزموونە ڕاستەقینەکانی ژیانی خۆی وەربگرێت، بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت بە شێوازێکی هونەریانە تواناکانی خۆی لەمیانی ژیانکردنی لەناو ڕۆڵەکەی بەرجەستە و پیشان بدات.

هەر بۆیە لە سەردەمی ستانسلاڤسکیدا چەندین ئەکتەری وەکو ئۆلگا کینپەر و ئیڤان مۆسکڤین کە لە ئەکتەرە دیار و بەناوبانگەکانی شانۆی مۆسکۆ بوون، بە ئەکتەری کاراکتەر ناسرا بوون. واتە لە ڕووی ڕەهەندی دەروونی و ژیانی ناوەکیی کاراکتەر، تا ئاستێکی بەرچاو ڕۆدەچوونە ناو ژیانکردن لەگەڵ کاراکتەردا. واتە لە چەشنی ئەو ئەکتەرانە بوون کە لە کاتی ئەداکردن و ڕۆڵگێراندا تەواو خەریک و سەرقاڵی هەست و هۆشی کاراکتەرەکانیان بوون.

بێگومان ماوەی سەدەیەکە تەنانەت لە هونەری سینەمادا ئەکتەر و ئاکتین لە بەهێزترین کەرەستەکانی بونیادی فیلم و دروستکردنی کاریگەریی قووڵە لەسەر دەروون و هەست و هۆشی بینەر. هەر بۆیە لەم هونەرەشدا بەو هونەرمەندانە دەگوترێن ئەکتەری کاراکتەر کە لە کاتی ڕۆڵگێڕان و نواندندا لەبەردەم کامێرادا، توانایەکی گەورە و ناوازەی گۆڕینی شێوە، هەست، تۆنی دەنگ، ڕەفتار و سروشتی خۆیان بەتەواوی هەیە. ئەکتەری ئەم فۆڕمە لە نواندن کاتێکی زۆر بۆ گەڕان بەدوای سیفاتەکانی کاراکتەردا تەرخان دەکەن. زۆر جار بۆ ڕۆچوونە ناو ژیانی کاراکتەر و پیشاندانی وردەکاریی فیگەر و باری دەروونیی کاراکتەر، ناچارن بەشێکی زۆر لە کێشی خۆیان زیاد یاخود لەدەست بدەن. چونکە ئامانجیانە بە فۆڕم و سیما و بەرجەستەکردنێکی تەواو جیاواز لەپێش چاوی بینەرانیاندا دەربکەون و هەوادارانیان تووشی سەرسوڕمان و تێڕامانیان بکەن. لە دیارترین ئەکتەرانی ئەم فۆڕمە لە نواندن و ڕۆڵگێران لە بواری سینەمادا بریتین لە مێرڵ ستریپ، داستین هۆفمان، دانیال دەی لویس، جۆنی دیپ و چەندانی تر… کە هەمیشە بەوە ناسراون جیاواز و نوێ لە فۆڕمی کاراکتەردا دەردەکەون. ئەگەرچی کاری ئەم جۆرە لە ئەکتەر ئاستەنگی و ماندوبوونی زۆری هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بواری داهێنان و تاقیکردنەوە بۆ ئەکتەر زیاتر دەرەخسێنێت و هەمیشە بینەران بە ستایل و فۆڕمی جیاواز و نوێگەرانەوە تووشی سوپرایز دەکەن. ئەکتەری کاراکتەر لەو باوەڕەدایە نواندن تەنها هونەر و ڕۆڵگێڕان نییە، بەڵکو پیشاندانی وردەکارییەکانی ژیانی ناوەکی و دەرەکیی کاراکتەرە تا ئاستێکی زۆر. هەر بۆیە ئەکتەری کاراکتەر بە هۆی جیاوازیی دەرکەوتنیان لەو ڕۆڵانەی دەیگێڕن، زیاتر لە خەیاڵ و یادەوەری بینەراندا دەمێننەوە. لەبەر ئەم هۆکارانەیە زۆر جار ئەم جۆرە لە ئەکتەر وا دەکەن بینەر و ڕەخنەگران زیاتر لە هەر پێکهاتەیەکی تری وەکو سیناریۆ، میوزیک، وێنەگرتن، دەرهێنان و بەرهەمهێنان سەرنج بخەنە سەر چۆنێتیی نواندن و پرۆسەی ڕۆڵگێڕانی ئەکتەرەکان.

 لەبەرامبەردا جۆری دووەمی ئەکتەر پێی دەگوترێت (ئەکتەری پێرسوناڵێتی یاخود کەسێتی). ئەم مۆدێلە لە ئەکتەر زیاتر بەو کەسانە یاخود بەو ئەکتەرانە دەگوترێت، کە زۆرتر بەهۆی کەسێتی و سیما و ڕوخساری خۆیانەوە ناسراون و دەرکەوتوون، ئەوان زیاتر ئەو ڕۆڵ و کاراکتەرانە دەگێڕن، کە زیاتر نزیکە لە شێوازی بیرکردنەوە و کەسێتیی خۆیانەوە. هەر بۆیە ئەم شێوازە لە ئەکتەر زۆربەی جار بە کاراکتەری دووبارە، یان نزیک لە سروشتی خۆیان دەردەکەون هەر بۆیە زۆر جار ئەکتەری پێرسوناڵێتی لە خودی ئەو کاراکتەرەی ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت کاریگەرتر و گرنگترە بۆ بینەرانیان، چونکە هەمیشە دەزانن بینەران چییان لێ چاوەڕێ دەکەن. ئەگەرچی ئەم جۆرە ئەکتەرە لە هونەری شانۆ و سینەمادا بەهۆی دووبارەبوونەوەی شێوازی کارکردن و دەرکەوتنیان زۆر جار لە بەرهەمە هونەرییەکانیاندا دووبارە دەبنەوە و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەزموونە یەکلەدواییەکەکانیان لە بواری شانۆ و سینەمادا بەدی ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک لە ئەکتەرانی پێرسوناڵێتی توانایەکی زۆری کەسێتیی خۆیان هەیە، دەتوانن هەندێک سیفات و ڕەفتاری تایبەت بە خۆیان بۆ نموونە: شێوازی قسەکردن، ڕۆیشتن، ڕووخۆشی، سەرنجڕاکێشی، جوانیی سیما، ڕەفتار و سروشتی تایبەتیی کەسێتیی خۆیان بۆ ڕازیکردنی بینەر و بەدەستهێنانی سۆز و چێژی بینەران بەدەست بهێنن، چونکە ”ئەکتەری پێرسونالێتی” ئەو جۆریە لە ڕۆڵگێڕ، کە زیاتر سوود لە سیفاتە تایبەتەکانی خۆی بۆ هونەری نواندن وەردەگرێت و لە توانایدایە بینەرێکی زۆر بۆ بواری سینەما یان هونەری شانۆ ڕابکێشێت. لە دیارترین ئەکتەرەکانی ئەم جۆرە لە نواندن بریتین لە ساندرا بۆلۆک، جۆرج کلونی و وێڵ سمس.

 ئەم تایپە لە ئەکتەر زۆر جار لە چوارچێوەی ئەو کاراکتەرانەدا دەبینرێن، کە گونجاوە لەگەڵ سروشت و سیما و جۆری کەسێتیی خۆیان. ئەگەرچی ئەکتەری پێرسوناڵێتی لە توانایاندایە وەکو ”ئەکتەرانی کاراکتەر” نواندن بکەن و ڕۆڵ بگێڕن، بەڵام زۆر جار ئەم جۆرە لە نواندن لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان و بینەران دەبێتە هۆکاری بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورە بۆ ئەکتەری پێرسوناڵیتی.

هەڵبەت بەبێ قبوڵکردن یاخود ڕەتکردنەوەی ئەم دوو جۆرە لە ئەکتەر، هەردوو شێوازەکە لە هونەری شانۆ و سینەمادا بە دوو فۆڕم و بنەمای گەورەی پەروەردەیی ئەکتەر و تێگەیشتن لە گرنگیی هونەری نواندن بە شێوەیەکی پیشەگەرانە دادەنرێن. بەڵام ڕەنگە جیاوازییەکە لەوەدابێت ”ئەکتەری کاراکتەر” دەیەوێت لە کاتی ڕۆڵگێراندا ببێت بە کەسێکی تر لەپێش چاوی بینەراندا. بەڵام ئەکتەری (پێرسوناڵێتی – کەسێتی) دەیەوێت خۆی بێت، بەڵام لەناو چوارچێوەی کاراکتەرێکدا.

”ئەکتەری کاراکتەر” لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووی دەرەوە و ناوەوەی کاراکتەردا توانایەکی داهێنەرانەی لە گۆڕانکاریدا هەیە، بە جۆرێکن، کە خۆیان لەپێناو کاراکتەردا دەگۆڕن. بەڵام ”ئەکتەری پێرسونالێتی” زیاتر ناسنامەی تایبەتیی خۆی دەپارێزێت. بەڵام هەردوو جۆری ئەکتەر گرنگن، چونکە ئەکتەری پێرسونالێتی بەهۆی ناوبانگی خۆیەوە بینەرێکی زۆر بۆ فیلم و شانۆ دەهێنێت، هاوکات ئەکتەری کاراکتەر بەهرەکانی ڕاستەقینەن و داهێنان لە ڕۆڵگێراندا دەکات.

لە کۆتاییدا ئەگەرچی هەردوو جۆری ”ئەکتەری کاراکتەر” و ”ئەکتەری پێرسونالێتی” ستایل و شێوازی نواندنی جیاوازیان هەیە، بەڵام بۆ ئەکتەری پیشەگەر هەردوو جۆرەکە سەرەکین بۆ دروستکردنی پیشەسازیی شانۆ و فیلم.

٩/١١/٢٠٢٥ سلێمانی

سەرچاوەکان بەزمانی ئینگلیزی

Carnicke, S. M. (2009). Stanislavsky in Focus: An Acting Master for the Twenty-First Century. Routledge.

Stanislavski, K. (1936). An Actor Prepares. Translated by Elizabeth Reynolds Hapgood. Theatre Arts Books

Benedetti, J. (1998). Stanislavski and the Actor. Methuen Drama

Moore, Sonia. The Stanislavski System: The Professional Training of an Actor. (1965)

Acting for the Camera: Techniques for Television, Movies, and Commercials” by Tony Barr

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاو کراوەتەوە.