کایەی شانۆ وەک نموونە

شکۆ عومەر کاکەڕەش

ماستەر لە دەرھێنانی شانۆدا

  بنەمای دروستکردن و پێشخستنی ھەر کۆمەڵگەیەک بە فۆرمێکی تەندروست، بێگومان کارکردن و قووڵبوونەوەیە لەنێو کایەی کولتووردا بە ھەموو ژانر و لقەکانییەوە، کۆمەڵگەی ھۆشیار و خاوەن دید، بەو کۆمەڵە خەڵکە دەگوترێت، کە لە ڕابردوودا بە گرنگییەوە کاریان لەسەر دروستکردن و پەرەپێدانی کولتووری خۆیان کردووە و لەناو ڕەسانەیەتیی ڕابردووەوە ئێستایەکی تۆکمە و داھاتوویەکی ڕوونیان بونیاد ناوە و لەو سۆنگەیەشەوە خاوەنی ئامادەگییەکی تەواون لە نێوەندە جیھانییەکاندا. ئەمە بەو مانایە دێت ھیچ ستراکتۆرێک بۆ ئێستا و داھاتوو بەبێ کارکردنی قووڵ لەنێو ڕابردوودا نایاتە بوون. ناکرێت کۆمەڵگە ڕابردووی دەوڵەمەند و نەبڕاوەی خۆی فەرامۆش بکات و بیەوێت لە ئەمڕۆدا باس لە حزوری خۆی بکات.

  ئەزموونیش لە ڕابردوودا ئەوەی ڕوون کردووەتەوە ھیچ گەل و کۆمەڵگەیەک بەبێ بونیادنانی ژێرخانی کولتووریی خۆی نەیتوانیوە ھیچ سێکتەر و کایەیەکی ژیاریی خۆی پێش بخات، ئەمە بەو مانایەی، تۆ تا خاوەنی کولتوورێکی تۆکمە و بونیادنراو نەبیت، نابێت چاوەڕێی ئەوە بیت تاکی ھۆشیار، خێزانی تەندروست، نوخبەیەکی سیاسیی کارامە، سێکتەری پەروەردە و تەندروستیی پێشکەوتوو و تەنانەت حکومڕانییەکی ڕەشید بوونیان ھەبێت لە وڵاتەکەتدا. کولتوور بە ھەموو ژانرەکانییەوە (ڕۆشنبیریی گشتی، مەعریفە، پەیکەر، وێنە، سینەما، شانۆ، ھەڵپەڕکێ، کەلەپوور، مۆسیقا، گۆرانی، ئەفسانە، داستان و ھەموو پێکھێنەرەکانی تر) بنەمایە بۆ دروستبوونی سەرجەم ئەو سێکتەرانەی سەرەوە. کۆمەڵگەی کوردی وەک پاشخان و ماتریال خاوەنی زۆربەی زۆری ئەو ژانرانەیە کە لەژێر تایتڵی کولتووردا جێ کراونەتەوە! ئەوەی کە دەمێنێتەوە بریتییە لە چۆنییەتیی کارکردن لەسەریان و ڕێکخستنەوەیان و کردنیان بە بنەڕەت بۆ بونیادنانی کولتوور و دواجار دامەزراندن و تۆکمەکردنی ژێرخانی ئەو کولتوورە، کە ئەمەیان ستراتیژییەت و کاری درێژخایەن و دوورمەودای پێویستە و دەبوو لە ڕابردوودا ھەنگاوی زۆری بۆ بنرایە.

  ئێمە لێرەدا بۆ ئەوەی پانتایی نووسینەکەمان زۆر فراوان نەبێت، دێین تەنھا لەسەر یەکێک لە کایە کولتوورییەکان دەوەستین و قسەی لەبارەوە دەکەین، تا بزانین لە ڕابردوودا چیمان کردووە بۆ بەدامەزراوەکردن و دامەزراندنی ژیرخان، ئەویش کایەی شانۆیە.

  بە درێژایی سەد ساڵەی تەمەنی شانۆی کوردی، کە لە فۆرمە ھاوچەرخەکەیدا خۆی دەرخستووە، ئێمە چیمان لەو پێناوەدا کردووە؟ با واز لەوە بھێنین کە دیاردەی شانۆیی و لاساییکردنەوە لای کورد میژووەکەی زۆر لەو سەد ساڵە درێژترە و بەپێی سەرچاوە سۆسیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان، کە لەبارەی شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیاوە بەدەستمان گەیشتوون، بۆ سەدان و تەنانەت ھەزاران ساڵیش درێژ دەبێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە تەنھا ئەو ھونەرەمان وەک کردەیەکی خۆڕسک و ئاسایی ژیانی تاک و وەک بەشێک لە پیادەکردنی سروتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتووە و نەمانزانیوە چوارچێوەیەکی بۆ دابڕێژینەوە، وەکو گەلی گریکیی کۆن نەبووینەتە خاوەنی ھونەرەکە و مێژووەکەی، بۆیە لەدوای تێپەرینی چەندین سەدە و بە پێشکەوتنی جیھان و نزیکبوونەوەی سنوورەکان لە سەدەی بیستەمدا بە دەستی سێ و چوار ئەو ھونەرەمان وەرگرتەوە کە خۆمان بەر لە ھەزاران ساڵ لە ژیانی خۆماندا پیادەمان کردووە. زیندوترین بەڵگەش بوونی ھونەری شانۆیە لە شارستانییەتی ھورییەکان، بەدیاریکراویش لە ناوچەی عەفرینی ئەمڕۆ، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستانەوە، کاتێک ھونەری لاساییکردنەوە وەک ئامرازێکی سەرەکیی سەرکەوتنەکان لە جەنگ و گەرانەوە لە ڕاووشکار ھانای بۆ براوە و بەکارھێنراوە، ئەو کەسەشی کە ڕۆڵی حیکایەتخوانی گێڕاوە ھەر خۆی ڕۆڵەکانی تریشی بەرجەستە کردووە و دەستەواژەیەکیان بۆی بەکارھێناوە بە ناوی (قەشمەر) ھەڵبەتە بەپێی تێپەڕینی کات و زاڵبوونی بیروباوەری بێگانە و دەرەکی و بە ئامانجی ھەڵتەکاندنی بونیادەکانی شارستانییەتە کۆنەکانی کورد ئەم گەلە بە مێژووی خۆی کرایە بێگانە و تەنانەت بە جۆرێک ڕبردووی ناشرین کرا تا وای لێ ھات شەرم لەو ڕابردووەی بکات و حاشای لێ بکات، بۆیە دەبینین ئەمڕۆ دەستەواژەی (قەشمەر) وەک سووکایەتی و جنێو بەکار دەھێنرێت. ئەم لاپەڕەیە بۆ مێژووی جێدەھێڵین و کاری لێکۆڵەرانی مێژووە تا ئەو ڕێڕەوە ھەڵەیە ڕاست بکەنەوە و ئێمە دێینەوە سەر سەد ساڵەکەی تەمەنی شانۆی کوردی بەو پێیەی کە ئەمڕۆ بەپێی دۆکیۆمێنت و نووسراوی تەنھا ئەو سەد ساڵە بە مێژووی شانۆی ئێمە دیاری کراوە!

بەڵام با بزانین ئێمە لەو سەدەیەدا توانیومانە چی لەگەڵ ئەو ھونەردا بکەین و چلۆن وا بکەین کە ببێتە ئامرازێک بۆ بونیادنانی ژێرخانی کولتووریمان؟ یاخود بەمانایەکی دی ئەگەر ئێستا دوای تێپەڕینی ئەو ماوە زۆرە لە خۆمان بپرسین ئایا چۆن مامەڵەمان لەگەڵ ئەو میراتەدا کردووە؟ بە وردبوونەوە لە چۆنییەتی کارکردنمان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بێگومان دەگەینە ئەو باوەرەی کە ھەرگیز وەک ھونەرێکی ھەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگە لە شانۆمان نەڕوانیوە و ھەمیشە ئەو ھونەرە لە دەرەوەی بیرکردنەوە و نەخشەی بوونی تاکدا بووە و لە پەراوێزی ژیاندا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. تەنانەت لەوە زیاتریش بەردەوام ھەوڵی بچووککردنەوە و بێبایەخکردنی دراوە، ئەگەر سەیربکەین تاکو دەیەی پەنجاکان ھیچ ناو و ھاوناوێکی بۆ دانەنراوە و چەمکە لاتینیەکەی بە جۆرێک لە سووکایەتی بۆ بەکار ھێنراوە و تەنانەت ناوە لاتینیەکەی کە (تیاتر)ە بۆ دیاردەیەکی نامۆی وەک شوێنی ڕەقس و سەما و نادیی خواردنەوە بەکار ھێنراوە! ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی ئەو ھونەرە ھەبووە لە کۆمەڵگەی کوردیی بارگاوی بە ئایدۆلۆژیای فێندەمێنتاڵیزمی ئایینی ئیسلامی! ئەمەش درێژکراوەی ئەو ھەوڵە دێرینەیە، کە بۆ بێبایەخکردنی کولتووری نەتەوەیی کورد دراوە.

  لەو مێژووەش بەملاوە تاکوتەرا و وەکو ھەوڵ و حەزی زاتی، چەند ئارەزوومەندێک ڕوویان کردە خوێندنی ئەو ھونەرە بە شێوەیەکی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندن و دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لە ئاستی تاکدا ھەوڵی فراوانکردن و بڵاوکردنەوەی ھونەرەکەیان دا، تا ئەوەی کە ناوەندی خوێندنی تایبەتیش کرانەوە و ئەزموونی جیاواز و تاقینەکراوەیان ھاوردەی نێو کۆمەڵگە کرد. ئەمە بەردەوام بوو تا قۆناغی دروستبوون و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە ساڵی ١٩٩١دا. لە دوای ئەو مێژووەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە دەسەڵاتی خۆماڵیی کوردی بە ڕووکەش وەزارەت و دەستەی تایبەت بە کولتوور و ڕۆشنبیری دامەزراند، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەیرێکی تەمەن و مێژووی ھەموو ئەو ھەوڵەی ٣٥ ساڵی ڕابردوو بکەین ناتوانین بەوە دڵخۆش بین، کە بەرھەمێکی ئەوتۆمان لەو قۆناغەش دەستکەوتووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە زۆر وێستگەدا دەبینین ھەوڵەکان ھێندە خراپ و ڕووکەشانە بوون، زەرەری گەورەیان بە کایەکە گەیاندووە!

  سیوپێنج ساڵی حوکمڕانیی خۆماڵی و بوونی بودجەیەکی زەبەلاح و خەیاڵی، کەم نین بۆ ئەوەی مرۆڤ چاوەڕوانی بونیادنانی ژێرخانی کولتووری بکات تێیدا. لە کاتێکدا تۆ خاوەنی ماتریاڵ و کەرەستەیەکی لەبننەھاتووی بۆ ئەو ئەرکە، ئەوەی کە پێویستە و بوونی نییە تەنھا ئەقڵ و ئیرادەیەکی بەھێزە، کە پلانی درێژخایەن دابنێت بۆ نیو سەدەی داھاتوو، تا بەرھەمەکەی ببینێت. دەسەڵاتی کوردی دەبوو زوو درک بەوە بکات ژێرخانی کولتووری لە ئەنجامدان و بەرێوەبردنی چەند فێستیڤاڵ و گردبوونەوەیەک پێکنایەت و کاری زۆر لەوە زیاتری دەوێت! حیزبی کوردی دەبێ لەوە تێبگات، کە بەخشینەوەی پارە و بودجە بەبێ پلان و ستراتیژییەت، کولتوور دەکوژێت نەک بونیادی بنێت! دروستکردن و ھێنانەپێشەوەی کارکتەری فەیک و وەھمی بەناوی شانۆکار و ھونەرمەند و سەپاندنی بەسەر کەسانی جیدی و خەمخۆر لێدانە لەو ھەوڵە تاکەکەسییانەی کە پێشتر نراون!

دواجار کاتێک لەو مێژووەی دەسەڵاتی کوردی و مامەڵەکردنی لەگەڵ کولتوور ورد دەبیتەوە گومانی ئەوەت لا دروست دەبێت ئەسڵەن ھەموو ھەوڵەکان بە بەرنامەڕێژی بۆ نابووتکردنی کولتوور دراون نەک بۆ بونیادنانی! دەبێت دەسەڵاتی سیاسیی کوردی تێڕوانینەکەی بە تەواوی بگۆڕێت و وەک بازرگانییەک بۆ بابەتەکە بڕوانێت و بگاتە ئەو باوەڕەی کە پیشەسازیی کولتوور قازانج و داھاتەکەی لە دوورمەودادا ھیچ لە قازانجی بزنسی نەوت و گاز و کشتوکاڵ و بیناسازی کەمتر نییە و زۆر زۆر زیاتریشە.

  لە ئەنجامدا ئەو بۆچوونە ڕوون دەبێتەوە، کە ئێمە لە ئێستادا بەداخەوە خاوەنی ژێرخانی کولتووری کوردی نین و ئەگەر بمانەوێت وەکو کۆمەڵگەیەکی زیندوو گرەو بەسەر بەردەوامی و مانەوەی خۆمان بکەین، ھیچ ڕێگەیەکمان لەبەردەم نییە جگە لە دامەزراندنی ئەو ژێرخانەوە و ھیچ کاتێکیش درەنگ نییە بۆ دەسپێکردن بەو ھەنگاوە. بێگومان ئەویش بە دانانی ڕێبۆرتواری درێژخایەن و سوودوەرگرتن لە کەلەپوور و ماتریاڵە دەوڵەمەند و ڕەسەنەکەی ڕابردوو و ئاوێتەکردنی بە دید و ھزری مۆدێرن و کەسانی پسپۆڕ.

ئەم بابەتە لە ژمارە یەکی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاو کراوەتەوە.