ئامادەکردنی: بابان عومەر

ژێ‌: حەزناكەم تێتبگەم، چونكە گەر تێتبگەم ئەوا ئەو قسانەت دەمترسێنن، خۆت بۆچی مەڵاس داوە؟

پێ‌: نا… پێویست بە ترس ناكات، هیچ شتێك لە خودی گەشتەكەمان مەترسیدارتر نییە، هیچ وشەیەك لەو قاچاختر نییە، هەرچی بكەین، هەرچی بڵێین هەر خۆخواردنەوە و خۆدزینەوە و یەكتر خەڵەتاندنە، مەترسە كەسمان ئەوەندە ئازانین لێمان بترسن تا لێشمان نەترسن گرنگیمان  پێنادەن… ئەوە سروشتی مرۆڤە.

شانۆیی: ژێ و پێ

نووسین و دەرهێنانی: سەردار مەحمود

بەرهەمی: بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی

ساڵی نمایش: ٢٠٠٢

شوێنی نمایش: هۆڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان (هۆڵی بەدیعە دارتاش)

نواندنی: ئەژین حەمە نوری، دەشنێ فەرەج لەگەڵ ژمارەیەك لە خوێندكارانی تری بەشەكە

یاریدەدەرانی دەرهێنەر: كاروان عبداللە سۆفی – ژوان لطیف

”تۆ بە چی پێدەکەنیت؟ چ شتێک ماوە شایستەی پێکەنین بێت؟ تۆ بە تەنیا دەمت پێدەکەنێت، کەچی چاوەکانت پڕن لە فرمێسک.

شانۆیی: بە تەنها مردنە، کە درۆ ناکات

نوسینی: پوشکین

دەرهێنانی: سەفین ئەنوەر شوکری

بەرواری نمایش: ٢٠٠٦

شوێنی نمایش: هۆڵی سەنتەری گەنجان لە سلێمانی پاشان هۆڵی ڕۆشنبیری لە هەولێر.

بەرهەمی: ستۆدیۆی ئەکتەر

نواندنی: سەرکۆ عارف، زەریا سامی، ڕۆژان محەمەد جەزا، دڵشاد حەمە نوری، جەبار حسێن.

تکایە دوو چرکە هەستنە سەر پێ، دوو چرکە، چرکەیەک بۆ ئەو بارەگای تیپی مۆسیقایەی، کە ڕووخاندیان، چرکەیەک بۆ هەموو ئەو منداڵانەی، کە هەموان بە کوشتمان دان لەو هەموو شەڕەدا، ببورن دامەنیشنەوە چرکەیەک بۆ ئەو کچانەی سوتێنران، خنکێنران، ڕاونران تا مردن، چرکەیەک بۆ شێتەکانی ئەم شارە، سامان و بەکر و شەباب و قالە و حوسنی، چرکەیەک بۆ مردنی غەریبانمان، چرکەیەک بۆ ساڵانی بێنانی بێئاوی بێکارەبایی بێبارانی و تۆز بارین، بێڕۆشنبیری، بێڕێگەوبانی، بێکەسخۆین، چرکەیەک بۆ مامۆستایانی بێموچەی ساڵی نەوەدەکان، چرکەیەک بۆ قەڵەمە جوانەکانی ئەم شارە، دەنگخۆشەکانی ئەم شارە، سەیرانەکانی… جەژنەکانی… چایخانەکانی، چرکەیەک بۆ ڕێزگرتن لە ماستفرۆش و سایەق پاس و کەناسەکانی ئەم شارە، چرکەیەک بۆ خورپەکانی بۆ دڵشکانەکانی ئەم شارە، چرکەیەک بۆ دارەکانی ئەو شەقامەی، کە لە ڕۆژێکدا بێکەس کوژکران، چرکەیەک بۆ ئەو کتێبخانەیەی کراوە بە بازاڕی زێڕ، بەس تکایە دامەنیشنەوە… چرکەیەک بۆ ئەو ئینسانەی، کە لە ناخمانا بوو، بۆ ئەو ئینسانەی، کە لە ناخمانا مرد، ئینجا فەرموون دانیشنەوە.

شانۆیی: کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی

نوسین و دەرهێنانی: شوان کەریم

بەرهەمی: بەڕێوەبەرایەتی شانۆی سلێمانی

بەرواری نمایشکردن: ١٣ و ١٥ و ١٧ی مانگی ١١ی ٢٠١١

شوێنی نمایشکردن: بارەگای تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد لە سلێمانی

نواندن: دیلمان سەڵاح، سەوسەن عومەر

من هەم یان نیم، ئەمەیە پرسیارەکە، کامەیان ئەرکی مرۆڤی ئازادە؟ ئاوڕدانەوە لە جەور و ستەمی دەسەڵاتداران یان دژ بەم جیهانە بجەنگین و کۆتایی بە دەریایەک لە ستەم بێنین! مردن، نوستن… مردن نوستنێکە و هیچی تر.

شانۆیی: هاملێت

نوسینی: ولیەم شکسپیر

ئامادەکردن و دەرهێنانی: کامەران ڕەئوف

بەرواری نمایش: ٣/٩ بۆ ٩/٩/٢٠١٣

شوێنی نمایش: هۆڵی ڕۆشنبیری

بەرهەمی: بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەر/ بەڕێوەبەرێتیی هونەری شانۆی سلێمانی – تیپی شانۆی شار

نواندن: پێشڕەو حسێن، کامەران ڕەئوف، چۆپی عەبدولعەزیز، سۆما قاسم، گۆران نامیق، ئالان هادی، هاوڕێ قادر، کەیوان ڕەحمان، هیوا ئەمین، زاهیر غەریب، بابان عومەر، سیڤەر ساڵح، پەرۆش عەزیز، کادێر تەها، زانیار تەحسین، جوامێر بەکر، دارکۆ تۆفیق، ڕێژوان جلال، هەژار ئایار

مارا: تەواو ئیتر قەوما و کەس بۆی ناکرێ ئەم کارەساتە ڕابگرێ…

کەس نەما ئازار و مەینەتی نەبینێ، ئێستاش هەر کەسە و دەیەوێت تۆڵەی خۆی بسێنێ.

بەڵام کەس بیری بۆ ئەوە نەچوو، کە ئەم ئاژاوەیە دەستی خۆتانی تیابوو… کەچی ئێستا دەنگ هەڵدەبڕن و ناڕازین.

شانۆیی: مارا ساد

نوسینی: پیتەر ڤایس

وەرگێڕانی: شێرزاد حەسەن

دەرهێنانی: هیوا فایەق

بەرواری نمایشکردن: ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دوایی

شوێنی نمایشکردن: هۆڵی ڕۆشنبیری

بەرهەمی: کۆڕی شانۆیی با – بە هاوکاریی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی/ بەشی هونەری شانۆ – پەیمانگەی هونەرجوانەکانی سلێمانی/ بەشی شانۆ. نواندن: تەها محەمەد، ئاکام تاهیر، ڕۆژ فایەق، تاهیر عەبدولواحید، شاد شەوکەت، دییە عەلی، زانیار تەحسین، نوا غەفار، جوامێر بەکر، میران ئازاد، ڕێباز تاهیر و چەندان ئەکتەری دیکە.

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.