کەسایەتییەکان:

* کەسی١ / خانمێک لە ناوەڕاستی سییەکانی تەمەندا

* کەسی٢ / پیاوێک لە سەرەتای چلەکانی تەمەندا

شوان کەریم

شانۆ:

حەوشەی ماڵێکە، کە لەسەر دیوارەکانی چەند تابلۆیەک کێشراون. ھەندێک لەوانە تەواو نەبوون، یان بەشی دووەمیان بە دیوارێکی ترەوەیە، لە پشتەوەی شانۆ نیوەی تابلۆیەکی مۆنالیزا دیارە… چەند سەکۆیەک لە حەوشەکەدا ھەیە لەگەڵ دارێکی گەورە. بە ھەموو شوێنێکدا چرا و (ڕووناکی)ی فانۆس ھەڵواسراوە. کاتێک بینەر دێتە ژوورەوە (کەسی٢) دەبینێت، کە خەریکی داگیرساندنی چراکانە، چەند دانەیەک پێشتر داگیرساون…

(کەسی٢) کابرایەکی سەروو تەمەن چل ساڵە و ڕیش و قژێکی درێژی ناڕێکی سپیی ھەیە، کەمێک دەشەلێت. لەگەڵ داگیرساندنی دواھەمین ڕووناکیدا (کەسی١) دەبینین؛ ژنێک لە ناوەڕاستی سییەکانی تەمەنیدایە، جلوبەرگێکی پیاوانەی لەبەردایە (پانتۆڵ و کراس و کالە).

لە لای چەپی پێشەوەی شانۆ کەسی١ لەسەر چۆک کەوتووە. لە سەرەتاوە تا ئێستا گوێمان لە دەنگی میوزیکە، کە کەسی٢ ئێستا بە کوژاندنەوەی ئامێرێکی قەوان نایھێڵێت. بێدەنگی….

کەسی١: لێرەدا… ئالێرەدا بمکوژە ڕووەو خۆرئاوا… ئەوەتا لەسەر چۆک کەوتووم، تۆش ھەی بکوژە بێدەنگەکە. تۆش ھەر کاتێک ویستت بزانە من ئامادەم… ھەر کاتێک کە خۆت ویستت، دوای دواھەمین پێکی ئەمشەو یان لەگەڵ ھاتنی بەیانیدا… پێش ئەوەی دونیا ڕووناک بێتەوە یان لەگەڵ کشانی یەکەمین ئەستێرەدا… ئالێرەدا… بەدوور لەو ژێرزەمینەت، کە نازانم بۆ پڕە لە کتێب؟ بەدوور لەو دیوارەی مۆنالیزای لەسەرە… لە ژوورەوە نا… دوور لە حەوزی ماسییە ڕەنگاوڕەنگەکانت… دەترسم لەو شوێنانەدا لاواز بم و بکەومەوە گریان بۆ ژیان و پەشیمان ببمەوە… دەشزانم ناتوانم پەشیمان ببمەوە، ئەوەندەی پێت خستە حەوشەی ئەم ماڵەوە ئیتر پاشگەزبوونەوەی نییە… دەزانم… بۆیە ھەی بکوژە دڵڕەق و ھێمن و پیرەکە، ئەم شوێنە کاری ھەردووکتان ئاسانتر دەکات.

ک٢: ھێشتا زووە، زۆر زووە (خەریکی پاککردنی سێوێکە…) تازە یەکەم ئەستێرە دەرکەوت… دنیا ھێمن نەبووەتەوە، جارێ مانگ ھەڵنەھاتووە… کەس خەوی نایەت… پەلەی چیتە؟

ک١: لەپڕ مەمکوژە… حەزم لەوە نییە…

ک٢: حەز؟ (پێدەکەنێت)

ک١: ئا… حەز… بۆیە ھاتووم بۆ ئێرە و ئەو ھەموو پارەیەم پێدایت تا بە حەزی خۆم بمرم.

ک٢: نا نا نا، تۆ ھاتوویت بمریت، بەس چۆن و کەی؟ ئەوەیان ناتوانیت بکڕیت. (ک١ دەیەوێت شتێک بڵێت) گوێ بگرە خانمەکەم، تا ئەو کاتەی سییەکانت دەتوانن ھەوای ئەم شەوە ھەڵمژن… ئیتر لە موعجیزەکانی دنیا قووڵ بەرەوە، بەس قەت بڕوا نەکەیت موعجیزەیەک ھەبێت ئەمشەو لە مردن ڕزگارت بکات… تۆ، کە ھاتییە ئەم حەوشەیە ئیتر چوونە دەرەوە نییە… چاوەڕێ بە، دڵنیابە لەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان مردن دەتدۆزێتەوە.

ک١: بەس تا ئەو کاتە من چی بکەم؟ من بۆیە لێرەم چونکە خۆم ناتوانم… تێدەگەیت؟ من بۆ ئەوە ھاتووم بڕۆم. بەخێرایی بڕۆم… تا دڵم پڕە لە ڕق… تا ئەو حەزەم تیایە ملیۆنێک ساڵ بنووم؛ نووستنێک، کە نە دەنگەدەنگ… نە تیشکی خۆر، نە باران دەرەقەتی نایەت…

ک٢: بۆ ئەوەی کارەکەمان ئاسان بێت، وەک خۆت دەڵێیت، پێم بڵێ بۆ؟

ک١: شکست بە ھەموو مانا و جۆرەکانییەوە… ڕقم لە خۆمە… بەزەییم بە خۆمدا دێتەوە… دڵێکی شکاو… مێشکێکی جەنجاڵ… ناشرینبوونی دونیا لەبەرچاوم… پیربوونی من لەبەرچاوی دونیا… (زەردەخەنەیەک دەکات) بەس نییە؟

ک٢: ئەوەی باسی ناشرینبوونی دونیا دەکەیت تێتدەگەم، بەڵام شکست… (پێی دەبڕێت)

ک١: تۆش لێم مەبە بە مامۆستا… پێم مەڵێ ھاوکێشەی کەوتن و ھەستانەوە لەبەربکە. پێم مەڵێ حیکمەتەکانی فێربوون ئازاری قورسی دەوێت. نا بکوژە ڕۆحسووکەکە، تۆ، کە ھەموو ژیانت بوو بە کەوتن و ھەستانەوە… ئیتر ڕۆژێک دێت و تاقەتت دەچێت… بەیانییەک وزەت تێدانامێنێت بۆ ڕۆژێکی تر… بۆ کەوتنێک، بۆ ھەستانەوەیەکی تر… سەرەتا غەمگین دەبیت… ھەست بە تەنھایی دەکەیت… زۆر دەگریت… ئیتر ئێوارەیەکی وەک ئەمە لە تەمەنتدا دێت، کە دڵنیا دەبیت لەوەی کامەرانی درۆیەکی گەورەیە وەک بوونی بەھەشت (بێدەنگی…) لێم مەبە بە مامۆستا تکایە، گرفتی من نەزانین نییە… گرفتی من زانینێکی زۆرە…

ک٢: من نامەوێت پەشیمانت بکەمەوە خانم، کێمان ھەیە دوای ھاتنی پەشیمان نەبووبێت؟ بەس دەرچوون نییە، پەشیمانیش بیت بێسوودە.

ک١: کەواتە لەوێدا، لەوێدا ڕووەو خۆرئاوا… ئێستا…

ک٢: (پێدەکەنێت) ھێندە ئاسان نییە… وەک وتم کاتێکی زۆریشمان ھەیە، تازە مانگ دەردەکەوێت (ڕووناکی) (بێدەنگی).

ک١: دەمێکە خەریکی ئەم کارەیت؟ چۆن بوویت بەم بکوژە؟

ک٢: بەتاڵبوون خانم، بەتاڵبوون… منی کردە ئەم پیاوکوژە ڕیشسپییەی ئێستا…

مرۆڤ زۆر ھەیە، کە دەتوانن خۆیان لەو بەتاڵییە بدزنەوە… خۆیان سەرقاڵ بکەن بە شتی سەیرسەیرەوە، بەڵام ئەو ساتەی ھەستی کرد ئەوەی ئێستا بێزارت دەکات، ئەوەی کە ناھێڵێت بخەویت، ئەوەی وات لێ دەکات غەمبار بیت و ھەست بکەیت تەنھاتر… ناسکترین مەخلووقیت، ھەستکردنە بەو بەتاڵییە… دۆزەخ ھیچی وای لەو بەتاڵییە زیاتر نییە، کە لەپڕدا ھەستی پێدەکەیت بێ ئەوەی خۆت بۆ ئامادە کردبێت… دێت… نیوەڕۆیەکی گەرم… ئێوارەیەکی پایز… بەیانییەک، کە بەفر خۆشناکاتەوە، شەوێکی ھاوینی خاووووو… کە ھات و زانیت چووەتە سەرتەوە، ئیتر تێبگە لەوەی تۆ لەو مرۆڤە ئاساییانە نیت، کە بەیانیان وەک پۆلە چۆلەکە دەڕۆن بۆ کار و ئێواران وەک مردوو دەچنە بەردەم تەلەفزیۆنەکان و شەوان دەپرخێنن… بەتاڵی خانمەکەم پیشەی سەیر و کارەکتەری سەیرسەیر دروست دەکات، کە من نموونەیەکیانم.

ک١: تۆ لە تاریکی دەترسیت؟

ک٢: (پێدەکەنێت) چی؟

ک١: لە تاریکی دەترسیت؟ ھەموو ماڵەکەت چرایە.. پێت وایە ڕۆحی ئەوانەی کوشتووتن بە دواتەوەن؟ پیاوکوژێکی چەند ڕۆمانسیت، ماڵێکت ھەیە ئەگەر کەسێک بەڕێکەوت بێتە ئێرە و نەتناسێت دەڵێت ماڵی ھونەرمەندێکە. دیوارەکان تابلۆی جیاواز جیاواز، ھەموویان جوانن… ژێرزەمینێک پڕ کتێب. حەوشەیەکی پڕ چرا… شیعر دەنووسیت؟

ک٢: تۆ زۆر پرسیار دەکەیت، دەزانیت؟

ک١: بمکوژە با پرسیار نەکەم.

ک٢: وتم کات و شێوازی کوشتنەکەت من دیاری دەکەم.

ک١: بۆ؟

ک٢: پرسیار مەکە (توڕەیە).

ک١: باش… باش (بێدەنگی) لە چی دەترسیت؟

ک٢: سەیر نییە کە تەنھای؟ ھەموو ئەو پیاوانەی لێت جیابوونەتەوە ناھەقیان ناگرم، وتم پرسیار مەکە. (بێدەنگی) ببورە، نەمویست ئەوە بڵێم.

ک١: نا، ئاساییە.

ک٢: نا بەڕاست نەمویست… تۆ توڕەت کردم، بە بەردەوامی توڕەم دەکەیت. من کە توڕە دەبم ئیتر شتێک دەڵێم کە خۆشم نامەوێت گوێم لێ بێت.

ک١: ھیچ نەبووە… ڕاست دەکەیت… من لە سەرەتاوە لێرەم دەزانم خەتای منە، گەر وانەبوایە بیرم لە کوشتنی ئەوان دەکردەوە… دەزانم.

ک٢: بڕوا بکە مەبەستم ئەوە نەبوو، تکایە توڕەم مەکە لەمەودوا.

ک١: ناتوانم.

ک٢: چی ناتوانیت؟

ک١: ناتوانم بەڵێنی ئەوە بدەم توڕەت نەکەم.

ک٢: بۆ؟

ک١: ئەمە دەکرێت تۆ بە ھەموو پرسیارێک توڕە ببیت؟

ک٢: خۆی ئائەمەیە گرفتەکە، باش دۆزیتەوە، کەواتە پرسیار مەکە.

ک١: ناتوانم.

ک٢: (ھاوار دەکات) چی ناتوانیت؟

ک١: کاکە بمکوژە و تەواو، من تا لە ژیاندابم، کە پرسیارم ھەبوو دەیکەم، ئێ تۆ و ماڵەکەت ھەمووی پرسیارن.

ک٢: پێم وتیت من دەستنیشانی دەکەم چۆن و کەی.

ک١: بۆ؟

ک٢: بۆ دەتەوێت بزانیت بۆ؟ تۆ ھەێ ئەو خانمەی ھێشتا نینۆکەکانت بۆیاغ دەکەیت، من تا لە ویستی ئەو کەسە دڵنیا نەبم نایکۆژم. (ک١ خەریکە شتێک بڵێت) پرسیار نەکەیت… سەدان کەس ھەبووە وەک تۆ پەلەیان بووە، بەڵام ئەو کاتەی، کە دەزانن لە نێوان ئەوان و مردندا چەند ھەنگاوێک ھەیە… چەند چرکەیەکی کەم… وەک منداڵ دەپاڕێنەوە و دەگرین و پەشیمان دەبنەوە. بەسەر پێڵاوەکانمدا دەکەون بۆ ژیان، بۆ سەعاتێکی تری ژیان، ئامادەن خۆشیان بفرۆشن… پێت وایە ھێندە ئاسانە؟ من… من دەزانم کەی کەسێک دەیەوێت بڕوات، کەی کەسێک دواھەمین پردی دەڕوخێنێت، کە بەم دنیایەوە گرێی دەدات. تۆ… تۆ جارێ زۆرت ماوە.

ک١: چەند؟

ک٢: ئەی ھاوار… پرسیار مەکە، زۆرت ماوە… زۆر، تۆ ھێشتا ھەزار… ملیۆنێک پرسیارت ماوە.

ک١: توڕە مەبە… یانی ئەگەر پرسیار نەکەم ئەمکوژی؟

ک٢: ئەمە خۆی پرسیارە، خواااااااااااااااا

ک١: باشە تەواو… تێگەیشتم (بێدەنگی)

(ک١ دەست دەکات بە پاککردنەوەی کورسییەکان و تەکاندنی دۆشەکێک)

ک٢: چی دەکەیت ئەوە؟

ک١: تۆ زۆر پرسیار دەکەیت، دەزانیت.

ک٢: وازبێنە.

ک١: ئێستا من چاوەڕێم پرسیار ناکەم… ئیشێک دەکەم… خۆم سەرقاڵدەکەم.

ک٢: دانیشە… بۆ ئیش ھاتوویت؟ دانیشە و بەس ھەناسە بدە. (لە کاتی ئەم قسانەدا ک١ ھەر بەردەوامە لە ئیشکردن) بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لە بڕیارەکەت پێویستە ھەست بە درێژیی تەمەن بکەیت، بە کۆتایینەھاتنی خولەکێک، بە وەڕسبوون لە تەماشاکردنی سەعاتەکەت؛ ئیشکردن خۆدزینەوەیە لەو ھەستە. ئۆقرە بگرە.

دەستی ک١ دەگرێت، ھەردووکیان نزیکن لەیەکەوە بۆ چرکەیەک تەماشای یەک دەکەن. (بێدەنگی)

ک٢: ئا… ئا لەوێدا دانیشە و تەواو.

ک١: (بەھێمنی) ئیش نەکەم، پرسیار نەکەم، چاوەڕێ بم تا جەنابی بڕیاری مردنم دەدات… (بێدەنگی) دەتوانین یاری بکەین؟

ک٢: یاری؟ یاریی چی؟

ک١: ھەر شتێک، بۆ نموونە یەکتر بناسین. ئەم ئیشەت باشە، مەبەستم ئەوەیە پێی دەژیت؟ باش پێی دەژیت؟

ک٢: (بە پێکەنینەوە) پرسیار و دیسان پرسیار… باشترین کات بۆ ئەم ئیشەم دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکانە. دوای ھەموو شۆڕشێک خەڵکانێک دڵیان دەشکێت، تووشی خەمۆکی دەبن. جەنگاوەرەکان بێئیش دەبن، بیرکردنەوە شتێکی خەتەرە، کە بکوژەکان لەپڕدا کاتیان ھەبێت بۆ بیرکردنەوە ئیتر ھەستکردن بە گوناح داگیریان دەکات.

دوای ھەموو شۆڕشێک ئەم حەوشەیە بەرناکەوێت، شەڕ دەکەن لەسەر ئەوەی زوو سەرەیان بێت. ئەم ھەموو ساڵە ئەم حەوشەیە کەسی جۆراوجۆر و سەیرسەیری بینیوە. لە سەردەمی شەڕدا ئەوانەی دەخوێننەوە دێن و دەڵێن بمانکوژە، ئەو کاتەی جەنگاوەرەکان ئەوپەڕی سەرقاڵن. دوای شۆڕش ئەوانەی دەخوێننەوە دەکەونە نووسین و دروستکردنی ڕێکخراو و حیزب و ڕۆژنامە و شتی وا، سەرقاڵن. ئەوسا جەنگاوەرەکان دێن و دەڵێن بمانکوژە (پێدەکەنێت).

ک١: خۆشەویستیت کردووە؟

(بێدەنگی)

ک٢: واز لە من بێنە، پێشتر وتت دڵت شکاوە؟

ک١: من بۆ خۆم دانیشتبووم، دانیشتبووم و دەستم لە دونیا شتبوو، بێباک لە ھەموو شتێک، کە دەڵێم ھەموو شتێک مەبەستم ھەموو شتێکە. درەنگ لە خەو ھەڵدەستام، ھەندێک جار عەسرێکی درەنگ بێباکانە شتێکم دەخوارد بە تەنیا… شەوان خۆم لە خوی خوێندنەوە ڕزگار کردبوو… مەکینەیەکی خەیاتیم کڕیبوو، کە بە درێژایی شەو شتی سەیرم دەدووری… گۆرەوی بۆ پینگوێن… دەستەسڕ بۆ فیل. بۆ وا سەیرم دەکەیت؟ پێت وایە قەت ھەڵامەت ناگرێت؟ لە خۆم دەپرسی نەورەس ئەو باڵندە بەوەفایەی لە ژیاندا یەکجار پەیوەندی دەبەستێت جلی بووک و زاوایەتیان دەبێ چۆن بێت؟ چ پڵتۆیەک کارمامز لە بەفردا گەرم دەکاتەوە؟ من بەدەم چرکەچرکی دەرزیی ئەو مەکینەیەوە دەموت ورچ بیجامەی دەوێت بۆ خەوی زستان… مەعقوولە ئەو ملە درێژەی زەڕافە ملپێچی نەبێت؟ کراسێکی سوور بۆ قەلەڕەش… ڕۆبی حەمام بۆ مراوی… بەدلەی کار بۆ مێروولە… بیھێنەرە بەرچاوی خۆت پشیلە بە قاتەوە چەند جوان دەبوو، بەس ئەو تەنەکەی خۆڵەی تەرک بکردایە. بەڕاستمە پشیلە گیاندارێکی مۆدێلە بەس کەس نەبووە جلی بۆ بکات… کە بەسەر دیوارەکاندا دەڕوات تەماشاکە، دەتوانیت چەندەھا مۆدێلی جلی بۆ بدووریت. جلی سەربازی، کە شەڕ دەکات، جلی گەنجانە ئەو کاتەی، کە باز دەدات. جلی پیری ئەو کاتەی بە حیکمەت و گومانەوە سەیری چاومان دەکات، بەس لە ھەمووی جوانتر قاتەکەیە، کە بە تێری لە نیوەشەودا بەسەر دیواری حەوشەکەدا دەڕوات. ئێمە بەختەوەرین، کە ھێشتا ئەوە دەبینین، سەردەمێک دێت ئەوەش نامێنێت. من بۆ خۆم دانیشتبووم بێباک لەگەڵ ئەو مەکینە و قوماش و بیرکردنەوانەدا، ئەو ڕۆژانە بیرم نەمابوو تەمەنم چەندە؛ ئەو… ئەو ھات لە ئێوارەی پایزێکدا ھەموو سیحری ژیان لە چاویدا بوو… فریوی دام… منێکی خۆشباوەڕ کەوتمەوە بڕینی قژ و سووراوکردن و جل کڕین و ئاودانی باخچەکە، منێکی ساویلکە بڕوام کردەوە بە ئینسان.

(بێدەنگی)

من بۆ خۆم دانیشتبووم بێباک لە ھەموو شتێک، خۆم و ئەو مەکینەیە و دنیایەک لە خەون… ئەو ھات و دیسان دەرگای خەونی درۆینەی لەسەر کردمەوە… درۆ ناکەم ماوەیەک لەو درۆیانەدا خۆش ژیام.

ک٢: چی ڕووی دا؟

ک١: ھیچ… بڕوا بکە ھیچ… ڕۆژێک ھات و زۆر خەمساردانە وتی پەیوەندی دوو ئینسان وەک بتڵێک شیر وایە، کە بەرواری بەسەرچوونی لەسەرە، گەر دوای ئەو بەروارە بەردەوام بێت لەسەری لەوانەیە بیکوژێت. ئەو بەدەم لەپێکردنی پێڵاوەکانییەوە دەیگوت ژەھرە… پەیوەندی ئینسان دوای سەرەتا، ژەھرە… بەدەم داگیرساندنی دواھەمین جگەرەوە دەیگوت غەمبار مەبە، ئەم پەیوەندییە و ھەموو پەیوەندییەک کۆتایی ھەیە. (بە ھێمنی دەگری) لە تۆ دەپرسم، ئەوە ڕەوایە؟ ئەو نەیزانی من بەو ڕستەیە مردم. منێکی حەپەساو دەگریم و ھیچ ناڵێم، ئەو بێدەنگ ملپێچەکەی بەست… بە ھێمنی ماچێکی کردم و ڕۆیشت، ڕۆۆۆۆۆۆۆۆیییییی… ئەمجارە کەوتمە چاڵێکەوە، کە بێباکبوونیش سوودی نەما… چاڵێک، کە مرۆڤ تێیکەوت، زۆر ئاستەمە بتوانێت لێی بێتە دەر… لەو ئێوارەیەوە ڕقم لە خۆمە. من ڕقم لە خۆمە بۆیە لێرەم.

(بێدەنگی… ک٢ دەسڕێکی دەداتێ فرمێسکەکانی بسڕێت)

ک٢: لەو کاتەی لێرەیت، دەقە بە دەقە مردن دوور دەکەوێتەوە لە تۆ و لە منیش.

ک١: ناوێرم پرسیار بکەم (بە پێکەنینەوە).

ک٢: شتێک ھەیە لەگەڵ ھاتنتدا بۆ ئەم ماڵە… سەرتاپای گۆڕی… لەوەتەی لێرەیت بەیانیان زوو ھەڵدەستم دانم دەشۆم (پێدەکەنێت). بەو ھەموو ڕقەوە لە ژیان، لەگەڵ ئەو ھەستەدا، کە کەسێک لێرەیە و ھەناسە دەدات. چاوی پڕە لە سیحری ژیان… نەرم دەبم وەک تنۆکە بارانێک…

ک١: مەیکە بە شیعر و شتی وا…

ک٢: ھەست دەکەم دەرگایەک لەسەرم کرایەوە… تۆ لەوە تێناگەیت چ دەرگایەک لەسەرت دەکرێتەوە بە بوونی خۆشەویستێک. لە من تێناگەیت، کە من بۆ لەم خانووە چۆڵەدا باسی خۆشەویستی بۆ ئەو ژنە دەکەم، کە لە ڕاستیدا لێرەیە بۆ ئەوەی بیکوژم… خانم من وەڕس بووم لەم ھەموو خوێنە، بێتاقەت بووم لەم ھەموو گۆڕھەڵکەندن و لاشەحەشاردنەوە و سڕینەوەی یادگارییانە. تاقەتی ئەو ھەموو فرمێسکەم نییە، کە لەم حەوشەیەدا بەدەم چاوەڕوانیی مردنەوە دەیڕێژین. ئێوارەیەک وەک تۆ ئەم خانووەم دۆزییەوە و وەکو تۆ بە بڕێک پارەوە ھاتم کەسێک لە خۆم بەغیرەتتر کۆتایی بەم شانۆ بێتامە بھێنێت.

ئا شانۆ، تۆ قەت چووی بۆ شانۆی وا؟ لەو تاریکییەدا ھەست بە درێژیی تەمەن دەکەیت، کە ئەکتەرە خراپەکان، کە نووسەر و دەرھێنەرە خەمساردەکان چەند مەترێک لێتەوە دوورن و لە ھەمان کاتدا لەسەر ئەستێرەیەکی تر بە زمانێک، کە تۆ نایزانیت کێشەیەکیان ھەیە کە تۆ تێیناگەیت… ئا لەو کاتانەدا، لە ئەو تاریکییەدا ھەست بە درێژیی تەمەن دەکەیت، کە ھەموو چرکەیەکت لێ دەبێت بە سەعاتێک، زۆر کەس لەو ساتانەدا دەترسن… دەترسن لەو بێدەنگی و دابڕان و بێماناییەی بە جۆرێک ژیانیان بیر دەخاتەوە. ئەمە لەوانەیە ھۆیەک بێت بۆ ئەو کۆکەکۆکەی ئەوان، بەھەرحاڵ، کە ئەو نمایشانە تەواو دەبن بەپەلە ڕادەکەیتە دەرەوە، ئەو ساتانە ھەست دەکەیت چەند پێویستمان بە ھەوایە… من ئێوارەیەکی ئاوا ھاتم. لە کۆتایی دەگەڕام بۆ نمایشێکی بێتام… کە گەیشتم تاقە پیاوکوژی ئەم دەڤەرە خۆی ھەڵواسیبوو، ئا لەوێدا ئا بەو دارەوە. من کە دەگریم و بەدەم کفرکردنەوە تەرمەکەی دادەگرم، بەدەم گۆرانی و پێکەنینێکی بەردەوامی شێتانەوە دەینێژم، لە خۆم دەپرسم ئەی ئێستا؟ لێرە مامەوە و بە درێژایی ئەم ھەموو ساڵە بووم بەم بکوژەی ئێستا… لێرە قەت تەنیا نیم، ھەمیشە لە شوێنێکی ئەم دونیایە کەسێک ھەیە، کە پێویستی پێمە، دەمدۆزێتەوە. من سەیری نمایشەکەی دەکەم و ئەو کاتەی ھەست دەکەم دەبێت تەواو بێت ڕزگاری دەکەم و فڕێی دەدەمە دەرەوە. ھەر وا بووم قەت دڵم بە کەس نەسوتاوە و قەت بۆ کەسیان نەگریاوم، بەس تۆ… تۆ شتێکی تریت، تۆ کە لەوە تێناگەیت بۆ باسی خۆشەویستیت بۆ دەکەم.

ک١: تۆ چی دەزانیت لەسەر خۆشەویستی؟ خۆشەویستی ئەوە نییە شەونخوونی و شتی وا بکەیت… شیعر و شتی وا بنووسیت، نە ئازارە و نە دەبێت گریانی تێدا بێت. مانگ… مانگ مەھێنە بۆ من… من ڕووناکیی مۆمێکم بەسە… نە لە فریشتە جوانترم و نە ناسکترم لە تەم، ئەم درۆیانە چین؟ منت خۆش دەوێت؟ من؟ وایە؟ من پەری نیم، نە کوڵمم بشوبھێنە بە گوڵەباخ و نە سنگم بە ھەنار و لیمۆ و نارنج… تۆ چیت داوە لە لەنجەولاری من… پێت وابێت مراویم یان سۆنە؟ نە ھەناسەم نەسیمە و نە بۆنم عەنبەر. گەر منت خۆش دەوێت، وەک خۆم منت خۆش بوێت، وەک خۆم بە بۆنی ئارەقە و ناشرینییەکانی تەمەن و بە گومان و نەخۆشی و ڕشانەوەکانمەوە. خۆشەویستی بەھەشتە، نازانم ئینسان بۆ کردوویەتی بەو موشکیلەیە؟ تۆ ئەی ئەو پیاوەی پێت وایە پەپوولەیت… عاشقبوون نە خەمبارییە و نە نغرۆبوونە لە وەھمدا… نە ڕیشھێشتنەوەیە و نە گۆرانیی خاو و کوڕووزانەوەش نییە. گەر منت خۆش دەوێت واز لەوە بێنە، کە دەستکاریم بکەیت، ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت گۆڕین. وەعدی ئەو دنیاشم دەدەیتێ؟ پێش ئەوە بیرم بخەرەوە، کە مردن ھەیە، لێرە وەک خۆم خۆشت بوێم، وەک خۆم… بە ترس و خەون و چرچەکانمەوە. (بێدەنگی).

ک٢: من لە ئەخیری دونیام و تۆش دواھەمین پرد… تێم بگە من چەند ھەنگاوێک دوورم لە ڕۆژی حەشرەوە، کە ڕۆشتم ھیچ ناگۆڕێت؛ نوێژی جومعەکان… بەرنامەکانی تەلەفزیۆن. چاپخانەکان بێمنییان پێوە دیار نییە.

ک١: دوای تۆش ڕەمەزان ھەر دێت.

ک٢: پاییز یەک گەڵا چییە نایھێڵێتەوە بە یادی من.

ک١: دوای تۆش جەنگەکان ناوەستن.

ک٢: من لە ئەخیری دونیام.

ک١: ئەم شارە چۆڵتر نابێت، عارەق کەمتر نافرۆشرێت، کفر کەم نابێتەوە.

ک٢: لە ئەخیری دونیام سڵاو لە منداڵیم دەکەم. ھەرزەکاریم بە ھەموو ئەو کچانەوە، کە بە ڕووتی دەھاتنە خەوم لەوێن.

ک١: یەکەم نامەی دڵداریت دەبینیتەوە یەک چرکە پێش سووتان.

ک٢: وەعدەکانی تۆبەکردن، ئەو پەیمانانەی لەگەڵ شەیتاندا ئیمزام کردن.

ک١: دەسگیرانێکی بەوەفاشت نەبوو دەستێک جلی ڕەشت بۆ لەبەربکات.

ک٢: نا… من لە ئەخیری دونیام و تۆ دێیت، تۆ لەوە تێناگەیت گەڕانەوە لە ئەخیری دونیاوە یانی چی، بۆیە باسی خۆشەویستیت بۆ دەکەم (بێدەنگی).

ک١: خوا لە (ھەشتەم ڕۆژ)دا زانی ئەمە چ دۆزەخێکە دروستی کردووە، بێتاقەت بوو وەک چۆن منداڵێک لە ڕووخانی خانووە لمینەکەی بێتاقەت دەبێت. بێتاقەت بوو… فریشتەیەک، کە دوای درکاندنی ئەم نھێنییە بۆ ھەتاھەتایە بەر نەفرەتی ئەو کەوت، دەیوت ئەو لە ھەشتەم ڕۆژدا گریاوە. دەیوت ھەر دەھات و دەچوو، گوناح بوو، کە نەیدەتوانی دوعاش بکات… دەگریا چۆن نیگارکێشێک دوای بینینەوەی تابلۆکەی دڵی دەشکێت و شێتانە جنێو دەدات بە پەنجەکانی… بە فلچەکەی… بە ڕووناکیی پەنجەرەکە، ئاوا دەگریا. ئەو فریشتەیە وتی لە نۆھەم ڕۆژدا تابلۆکەی فڕێدایە سووچێکی سەردابەکەوە. ئەو ھەمیشە وا بووە، کە ڕابکات لە شتێک، کە ڕازی نەبێت، لە یارییەک، کە دەموچاوێک یەکەم جار نەیەت بە دەستییەوە و وادەرنەچێت کە دەیەوێت، ئیتر فڕێیان دەداتە ئەو سەردابەوە بەو بیانووەی ڕۆژێکی تر، کاتێکی تر تەواویان دەکات، بەڵام ئەو قەت نەچووەتەوە سەر ئەو شتانە… تێدەگەیت؟ ئێمە لەو سەردابەداین و ئەو ئاگای لێمان نییە… ئێمەی کە نەدەکرا بە حەوت ڕۆژ تەواو بین و بۆ ھەتاھەتایە بە ناتەواوی لەم سەردابەدا دەبین، تۆش ھاتووی باسی خۆشەویستیم بۆ دەکەیت… باسی مردنم بۆ بکە (سەیری یەک دەکەن).

باسی مردنم بۆ بکە، چۆن دێت؟

ک٢: شتێک لە بەخشندەیی لە چاوی ئەودایە، کە دێت، شتێک لە بەزەیی پیاوێکی بەپەلە لە جووڵەی پەنجەکانیدا دەبینێت، ئەو کاتەی دەستمان دەگرێت بۆ پەڕینەوە بۆ ئەوبەر… بەدەم دواھەمین گریانتەوە دەوەستێت، بە نەرمی دەپرسێت تینووت نییە؟ ئەو بە زەردەخەنەیەکەوە دەڵێت نەمانی سێبەر ئەو ھەموو ترسەی ناوێت ھاوڕێ… بەس بلەرزە. چی ھەیە لە فڕین خۆشتر… شتێک لە ویقاری فەیلەسووفەکانی تێدایە، شتێک لە ھێمنیی موسافیرێکی دواکەوتوو… شتێک لە فێڵەکانی ڕاوچی، لە بۆنی ھاوڕێ، لە ڕەنگی مانگەشەو شتێک، کە باوەڕی پێدەکەیت و دەستی دەدەیتێ.

(بێدەنگییەکی درێژ)

(ک١ بەدەم پێکەنینەوە دەچێتە سەر سەکۆیەک)

ک١: واز لە مردن و خۆشەویستی بێنە، ئەھا چۆن دەتبەمە پێکەنین. (کاراکتەرێکی جیاواز بەرجەستە دەکات) بووم بە ڕادیۆ دکتۆر، بووم بە ڕادیۆ ھەموو ژیانم بووە بە ژمارە. ئەو ڕەچەتەیەکم بۆ دەنووسێت و دەڵێت ڕۆژی سێ جار. (دەچێتە لایەکی تر) ژمارە خواردمی، ژمارە ئەو ڕێژەی کۆڵستڕۆڵەکەم پێ دەڵێت بە ژمارە. (دەچێتە ناوەڕاستی شانۆ) تەلەفۆنەکەم… ئۆتۆمبێلەکەم… ناونیشانەکەم… دکتۆر سەعاتەکەی دەستم… ڕۆژژمێری سەر دیوارەکە… پێڵاوەکانم… کەناڵی تەلەفزیۆنەکە… کراس و قات و عەینەکەکەم… ھەمووی ژمارەن… پلەی گەرما… نرخی کتێب… بازاڕ، بازاڕ ھەسارەیەکە لە ژمارە. بێژمارەم کە و بەختەوەر دەبم… ئەوێکی تر بە ھێمنی پێم دەڵێت… ئاساییە ئەو ھەستانە مرۆڤ دوای چل ساڵی وای لێ دێت، ئاساییە. من بەیانیان لەسەر ژمارەیەک سەعاتەکەم خەبەرم دەکاتەوە، کە دەچمە مەسعەدەکەوە ڕیزێک لە ژمارە دێنە بەردەمم، بە پاسی ژمارە ١٢٠ دەڕۆم، دوای چوار وێستگە دادەبەزم لە شەقامی ٨٢، گەڕەکی ٧، خانووی ژمارە ٨، کار دەکەم لە نھۆمی سێ، ژووری نۆ، مێزەکەم ڕێک لەسەر دووھەم پەنجەرەیە، ھەشت سەعات کار، سی دەقە پشوو. تەلەفۆنەکەم ئایفۆنێکە بە ژمارەوە، دەمەوێت تەلەفۆن بکەم و سێ جار کۆدەکەم بیر ناکەوێتەوە، کۆدی فەیسبووک و ئیمەیلەکەم لێ تێکەڵ دەبێت؛ ھاوڕێکانم لێرە ژمارەن، ھەندێ ڕۆژ لە گەمەی ژمارەکاندا وا سەرقاڵ دەبم، کە دەگەمەوە ماڵەوە کات درەنگترە لە ژمارەکان.

ک٢: (چەپڵەی بۆ لێدەدات) من حەزم لەم یارییەیە کە خۆمان لە نواندندا بیر دەچێتەوە. (دەچێتە لایەوە دادەنیشێت) منیش چیرۆکێکم ھەیە دەمێکە حەز دەکەم بکرێت بە فیلمێک… ئەوان دانیشتوون وەک من و تۆ.

ک١: دانیشتوون؟

ک٢: بەپێوەن… یان یەکێکیان دانیشتووە و ئەوی تر بەپێوەیە.

ک١: چۆن؟ دانیشتوون یان بەپێوەن؟

ک٢: سەیرکە ئەوان پێکەوەن بەس لە دوو شوێنی جیاواز.

ک١: بەپێوەن؟

ک٢: لەوانەشە دانیشتبن بەس ئەوە گرنگ نییە.

ک١: وەک ئێمە؟

ک٢: وەک ئێمە بەس لە دوو شوێنی جیاواز.

ک١: بەڵام پێکەوەن.

ک٢: ئا… توڕەن… شەڕیانە.

ک١: وەی خوانەکات بۆ؟

ک٢: دەیانناسیت؟

ک١: نا بەس بۆ شەڕیان بێت.

ک٢: سەرەتا شەڕیانە لە تەلەفۆنەکەدا دەقیژێنن بەسەر یەکدا.

ک١: وەک ئێمە.

ک٢: چیرۆکەکە زۆر ئاسانە، من وەک نووسەرەکەی لە دەرەوە پێکەنینم دێت، کە لەسەر ئەو شتە شەڕ دەکەن.

ک١: بۆ پێیان ناڵێیت؟

ک٢: ئەوسا چیرۆک دروست نابێت… مەسەلەکە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک ڕێکەوتی ناخۆشە و ھیچی تر. بڕیار بوو ئێوارەیەک ببینین… ئەو لە پاسەکەدا دەکەوێتە ناو کۆمەڵێک خەڵکەوە، کە بە توڕەیی ھاوار دەکەن دونیا دەگۆڕین. لەو پاسە کۆنەدا ناتوانێت دابەزێت، ھەر چواردەوری پاسەکە خەڵکی توڕەیە، کە شەقامەکەیان گرتووە. کە تەلەفۆن دەکات ئەو وەڵامی نییە، ئەوی تریان تەلەفۆنەکەی لەبیرچووە. ئاخ چ کارەساتێکە، کە تەلەفۆنت لەبیر بچێت، ئیتر ھەست دەکەیت دابڕاویت لە دونیا. چ کارەساتێکە کە بیر لەوە دەکەینەوە ١٥ ساڵ لەمەوبەر زۆربەمان ئاڵوودە نەبووین بەم کارتە بچکۆلەیەوە… ڕقمان لە شوێنی بێشەبەکە نەبوو، نەشمان دەزانی شەبەکە چییە، خاوی خەتەکان توڕەیان نەدەکردین… خەتمان ھەر نەبوو. بیرکەنەوە ئەوسا ھەموو دوو دەقیقە جارێک سەیری ئامێرێکمان نەدەکرد کە پێمان بڵێت ھێشتا دەژیت. لەسەر مێزەکان دامان نەدەناو بەشداری ھەموو دەستگرتن و نوکتە و باسەکانمان بکات… ھەموو نھێنییەکانمان لەو ئامێرەدا دانەدەنا، ئەوسا شتێک ھەبوو پێمان دەوت (ھاورێ).

ک١: ئەو لەبەردەم سینەمایەکدا چاوەڕێیە… بێ تەلەفۆن.

ک٢: ئەو لە پاسەکەدا خەریکە دەخنکێت.

ک١: کات دەڕوات.

ک٢: پاسەکە وەستاوە.

ک١: سینەماکە تاریک دەبێت.

ک٢: دونیاش.

ک١: دڵشکاو و توڕە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بێ تەلەفۆن.

ک٢: لەبەر خۆیەوە لە پاسەکەدا دەڵێت ئێوارەکەیان گۆڕی.

ک١: کە تەلەفۆن دەکەم توڕەم لە نەھاتنی ئەو.

ک٢: کە تەلەفۆن دەکەم توڕەم لە بێوەڵامیی ئەو.

ک١: ژوان چۆن فەرامۆش دەکرێت؟ بە ھەر ھۆیەک بێت ئەو دەبوو دەرگای پاسەکە بشکێنێت. لە جامی سەیارەکەوە خۆت شۆڕ بکەیتەوە، دەبوو ڕابکەیت و بە ھەناسەبڕکێ بگەیتە لام پێش کوژاندنەوەی ڕووناکییەکان.

ک٢: دەبوو تەلەفۆنەکەت لەبیر بێت…

من نەمتوانی لەمسەری شارەوە بفڕم بۆ ئەوسەری، ھەڵەت کرد.

ک١: ھەڵە بووم، کە وام دەزانی دەفڕی بۆ لای من، ھەڵە بووم.

ک٢: ھەڵە بووە، کە وام دەزانی پێش گلەیی دەپرسی چۆنم؟ بریندارم؟ کە ویستم دابەزم دەرگاکە بۆ نەکرایەوە؟ سایەقەکە چەند جنێوی پێدام؟ کەوتم، کچێک چاوەڕێمە.

ک١: تۆ لێم تێناگەیت، ھیچ ھەستێک لەوە ناخۆشتر نییە، ھەستی کچێک، کە لە جێژوان فەرامۆش بکرێت.

ک٢: من ھاوارم کرد کچێک چاوەڕێمە… گەر دەتانەوێت ئەم شارە بگۆڕن ڕێگای ئەم پاسە بکەن بڕوات… خوا چەند پێم پێکەنین… چەند جڕتیان بۆ کێشام. چەند تفیان لێ کردم. سایەقەکە بە جنێودان دەیوت بەھۆی تۆوە پاسەکە دەسووتێنن، من دەموت بڕۆن بە بێھودەیی بوێرن… بڕۆن ڕەوشت لەو شارەدا بگۆڕن ئێوارەکەی من نا… ئەوان دەکەوتنە بەردھاویشتن… سایەقەکە ھاواری دەکرد دەمی بگرن، وای دەوت و چی نەفەری ئەو پاسەیە خۆیان دەدا بەسەرمدا. من کە مستیلەی یەکێکیان لە دەممدا بوو، مستیلەی ڕەقی یەکێکی تر بەسەر چاومەوە. دەستێکی مستیلاوی تر بەسەر لووتمەوە، ھیچم بۆ نەمابووەوە جگە لە گریان (بێدەنگی). ببورە ھەڵەم کرد، دەبوو لەو پاسەیا نەبم، دەبوو زۆر زووتر لەوێ بم.

ک١: نا تۆ ببورە، گەر تەلەفۆنەکەم بیر نەچوایە وا نەدەبوو.

ک٢: خەتای من بوو.

ک١: نا خەتای من بوو.

ک٢: سەرەتا شەڕیانە و ھاوار دەکەن کە خەتای ئەوەی ترە، ئێستا شەڕیانە و ھاوار دەکەن کە ھەر یەکەیان پێی وایە خەتا خۆی بووە (پێدەکەنێت).

ک١: دانیشتوون. یان بەپێوەن، یان یەکێکیان… بەدەم تەلەفۆنەکەدا ھاوار دەکەن بەس پێکەوەن وەک ئێمە لە دوو شوێنی جیاواز (بێدەنگی). درەنگ بوو، حیکایەتێکم بۆ ناکەیت؟

(ک١ دەچێتە پێشەوەی شانۆ لەسەر کورسییەکی ھەزاز بەتانییەک دەدا بە خۆیدا) (ک٢ دەکەوێتە کوژانەوەی چراکان)

ک٢: ھەبوو نەبوو پادشایەک ھەبوو.

ک١: ئەوەی کچەکەی خۆی لە قەڵاکەدا بەند دەکات؟

ک٢: نا… ئەوەی شارەکەی یەک سەرچاوەی ئاوی ھەبوو…

ک١: ئا ئەوەی کچە حۆرییەک عاشقی دەبێت و لەگەڵیدا دەڕوات بۆ جیھانی ژێر ئاو.

ک٢: نا ئەژدیھایەکی حەوت سەر لە سەرچاوەکەیدا دەژیت.

ک١: ئەو سەرچاوەیەی بۆقەکە لە ئاوەکە دێتە دەرەوە و کچی پادشا عاشقی دەبێت.

ک٢: لە ئەسڵدا بۆق نییە، شازادەیەکە، کە سیحری لێکراوە.

ک١: ئەو شازادەی لە دارستانەکەدایە تووشی حەوت کورتەباڵا دەبێت؟

ک٢: نا ئەوەی تۆ باسی دەکەیت کچی پادشاکەیە، کە لە کۆشک ڕایکردووە.

ک١: پادشای شارەکە؟

ک٢: ئا ئەوەی کچەکەی خۆی بەند دەکات لە قەڵاکەدا.

ک١: ئەھا… ئەوەی پێڵاوەکەی لە ئاھەنگەکەدا لێ بەجێ دەمێنێت.

ک٢: من باسی پادشایەکی تر دەکەم.

ک١: لە حیکایەتەکەدا دوو پادشا ھەیە؟

ک٢: یەک پادشا، یەک شار، یەک سەرچاوەی ئاو.

ک١: من ناتوانم ئاوا حیکایەت بگێڕمەوە تۆ ھەمیشە پێم دەبڕیت.

ک٢: ببورە… بە ھەر حاڵ… پادشا کچەکەی خۆی لە قەڵاکەدا بەند دەکات.

ک١: لە ترسی ئەژدیھا حەوت سەرەکەیە.

ک٢: لە ترسی بێئاوی، تا ڕۆژێک شازادەیەک دێت و لە دارستانەکەدا حەوت کورتەباڵا دەیگرن و پاشان دەبن بە ھاوڕێ.

ک١: لە ئەسڵدا شازادە نییە، بۆقە بەس سحری لێکراوە.

ک٢: ئا… حۆرییەکی ناو دەریا عاشقی دەبێت و ئاھەنگێکی خۆش ساز دەکەن.

ک١: لە کۆگای ئاھەنگەکەدا لەسەر قادرمە درێژەکانی کۆشک تاکێک پێڵاو دەدۆزنەوە.

ک٢: ئیتر پادشا سوێند دەخوات ئەوەی ئەو ئەژدیھایە بکوژێت و ئاو بگێڕێتەوە بۆ شار، کچەکەی خۆی دەداتێ.

ک١: بەس کچەکە لە قەڵاکەدا نەماوە.

ک٢: بۆ؟

ک١: ئەی شازادەکە نەھات بردی؟

ک٢: ئەوەی باوەژنەکەی سیحرباز بوو؟

ک١: ئا ھەر ئەویش دەیویست بە زۆر پێڵاوەکە بکاتە پێی کچەکەی خۆی.

ک٢: کام پێڵاو؟

ک١: ئەوەی ئاھەنگەکە؟

ک٢: ئەوەی ژێر دەریاکە، ئەوەی بۆقەکە، کە لە ئەسڵدا بۆق نییە، گۆرانی بۆ مراوییەکی ناشرین دەڵێت کە لە ئەسڵدا ناشرین نییە، لەو ئاھەنگەدا ساندریلا جلێکی زۆر جوانی لەبەردایە کە لە ئەسڵدا ھی خۆی نییە… (بێدەنگی) بۆ؟ بۆ کۆتایی ھەموو حیکایەتەکان خۆشن؟ بۆ ژیان وا نەبوو؟ بۆ کۆتایی ژیان وەک حیکایەتەکان نەبوو؟ ژیان دەمانبات لەگەڵ خۆی دەمانبات. چ یارییەکی ناشرینە ئەم ڕابردووەی بەس لە سەرماندا بە جوانی ماوەتەوە، ژیان دەمانبات لەگەڵ خۆی بە پیری لەسەر دەریاچەیەک فڕێمان دەدات و ئێمەش بەدەم چاوەڕوانیی ماسییەکی برسییەوە کە قەپ لە قولپەکانمان بگرێت لەبەر ئەم مانگەشەوەدا باسی یەکەم خۆشەویستی دەکەین. ژیان پڕی کردین لە حیکایەت و بردینی لەگەڵ خۆی بردینی… نووستی؟

(ک١ لەسەر کورسییەکە نووستووە، ک٢ دەست دەکات بە گۆڕینی دیکۆری شانۆکە، کە وردەوردە دەبێت بە حەوشەی ماڵێکی ئاسایی)

ک٢: دەخەویت… شانۆگەرییەکە لێرەدا کۆتایی دێت، بەیانی کە ھەڵدەستین ھیچ شتێکی لەبیر نەماوە بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵە. تۆ دوو مرۆڤیت؛ بەیانیان دەبیتەوە بە ھاوسەرە خۆشەویستەکەم. بە ژنە بۆڵەبۆڵکەرەکەم، بەو ژنەی ھەموو شتێکە لە ژیانمدا… ئێوارانیش دوای دەرکەوتنی یەکەمین ئەستێرە دەبێت بەم کاراکتەرەی پێت وایە من بکوژەکەتم…

خانووەکەت لێ دەبێت بە خانووی پیاوکوژێک، کە منم… لێم دەپاڕێیتەوە دەقەیەک زووتر بتکوژم… چەندین ساڵە تۆ تووشی ئەم نەخۆشییە بوویت، منیش ئەو ئەکتەرەم، کە تا خەوتن لەو یارییەدا بەشدارم. لەبەر خاتری تۆ تا مردنیش لەو یارییەدا دەبم. (ک٢ دەڕواتە پشتەوەی شانۆ)

ک١: ڕۆیشت… بەرەبەیانە ئیتر ئەو دایم لە ئێستاوە دەگۆڕێت… نەخۆشییەکی سەیرە، کە بەیانیان خۆی لێ دەبێت بە ھاوسەرم، ئیتر منیش ئەو یارییەی لەگەڵ دەکەم تا یەکەم ئەستێرەی ئێوارە دەردەکەوێت. پیاوکوژێکی چەند ناسکە… کە وام لێ دەکات بەردەوام یاریی لەگەڵ بکەم.

(دیسان ک١ لەسەر کورسییەکە چاوی دەنوقێنێت، بەتانییەک دەدا بە خۆیدا، ڕووناکی وردەوردە کز دەبێت تا لە تاریکیدا تەواو ون دەبن)

کۆتایی

٢٥/١/٢٠١٣

ئەم بابەتە لە ژمارە دووی گۆڤاری داکۆ بۆ شانۆ بڵاوکراوەتەوە.