نووسینی :هۆمەر محەمەد

خوێندنەوەی : مەنسوور تەیفووری

خۆت یان کارمەندێکی دەزگاکەت بە فەرمانی تۆ کەرەستەیەکی تۆمارکردنی دەنگ لە بەردەم شایەتحاڵێکدا یان چەند شایەتحاڵێکدا دادەنێن و چەند پرسیارێکی هەمیشەیی دەپرسنەوە. قۆناغی دواتر ئەوەیە کارمەندێکت یان خۆت تۆمارەکە بنووسنەوە، قۆناغی دواتریش ئەوەیە بە سانایی دەزگایەک دەدۆزیتەوە و بۆتی چاپ دەکات. کتێبەکانیش بە قەد ژمارەی تۆمارەکان، بە قەد ژمارەی شایەتحاڵەکان دەتوانن هەبن و بڵاو ببنەوە.
بەم جۆرە تۆ دەبیتە نووسەر و بە شانازییەوە بە خۆت دەڵێیت نووسەری بواری ئەنفال. تەنانەت هەر بەو ناوەوە دەتوانیت یارمەتی و فەند کۆ بکەیتەوە و هەر ئەو چاوپێکەوتنانەت بگۆڕیت بۆ زمانی دیکە و تیمێک دروست بکەیت، هیچیش نەبێت: تۆ توێژەری بواری ئەنفالیت، کەچی کتێبەکان گەر بە ژمارەش زۆر بن، هەموویان لە یەک دەچن؛ بگرە کتێبی دەیان کەس لە یەکتر دەچن.
ئەمە مۆدێلی زاڵی کارکردن بووە لەسەر بەڵگەنامەکان و شایەتحاڵەکان و هێشتاش بەردەوامە. جیاوازییەکەش ئەوەیە ئێستا کارمەندانی زانکۆکانی پێ زیاد بووە کە دەتوانن بە ناوی دووپاتکردنەوەی هەر ئەو کارانەوە کە کراون، لە ڕێگەی سەلماندنی سەلماوێکەوە کە هەمان جینۆسایدە، بەحسی تەرقییە بنووسن و ببنە بەرپرسانی سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەنفال و جینۆساید، هەر نەبێت سەنتەرەکەش لە زانکۆدایە!
ئەم وشانە بەڵام، دەگمەن و سیمای دەگمەن ناشارنەوە. لەنێو ئەو مۆدێلە زاڵەی گۆڕینی کارەسات بۆ کار و کاسبی و ناوبانگ و پلە، هێشتا کەسانێک ماون لە دەرەوەی ئەو بەرژەوەندییانە کار دەکەن. یەک لەوان نووسەری ”گەشت بەناو بریندا”یە.
ئەم کتێبە دوایین بەرهەمی دوو دەیە کاری توێژەرەکەیەتی و بە ڕوونی گەشەیەکی بەردەوام لە شێوازی کار و بیرکردنەوەی توێژەردا دەردەخات. ئەگەر خاڵی دەستپێکی یەکەم هەمان خاڵی دەستپێکی هەموو ئەرشیڤیستەکان بووبێت، ئێستا ئەو کۆی نەخشەکە دەناسێت، کاراکتەر و جوگرافیا و ڕووداوەکان دەناسێتەوە و دەزانێت چی ئەمانە پێکەوە گرێ دەدات.
ئەو لە درێژەی کاری خۆیدا فێر دەبێت یەک مۆدێلی هەمیشەیی پرسیار ناتوانێت هەمووان بگرێتەوە؛ لە خاڵێکیشدا دەتوانێت ئەوە تێبپەڕێنێت کە تەنها تۆمار بکات، بەڵکوو دەبێتە کەسێک کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا پەیوەندیی توێژەر یان ئەرشیڤیستی ڕووت نییە، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لەوان و هۆشیارییەکی دیکەی جیاوازی لا ساز دەبێت، هۆشیارییەک کە شایەتحاڵەکان بە قوربانیی دەستەوەستان نابینێت، وەک بوونەوەری خاوەن تێگەیشتن لە ستەم و خاوەن توانای لێکدانەوە دەیانبینێت و پەیوەندییان پێوە دەکات. هاوکاتیش دەتوانێت ڕۆڵی دامودەزگای ناشایستە لەم کارەساتە و دوای کارەساتیشدا بناسێتەوە.
”گەشت بەناو بریندا” بەرهەمی پڕۆسەیەکی وەهایە، کتێبێکی دابڕاو نییە لە زنجیرەی کارەکانی توێژەر و ئەرشیڤیستێکی جینۆسید، بەڵام هاوکاتیش گەشەیەکی ئەو پرۆسەیەیە. خاڵێکی جیاکەرەوەی ئەم کارە بڕی زۆری تێڕامانەکانی نووسەر و هەوڵەکانە بۆ خانەبەندیی ئەم کارە.
خاڵێکی دیکەی ئەم کارە ناساندنی جوگرافیایەکی فراوانترە لەسەر ئەنفال کە ئەویش دەرەوەی کوردستانە: واتە نوگرەسەلمان. نوگرەسەلمان ناوێکی نەناسراو نەبوو، عەلی و عارف و کەسانی دیکە لە گەشتەکانی ئەنفالستانی هەر ئەم نووسەرەدا شایەتییان لەسەر دابوو، بەڵام دەبووایە میدیاکان پێویستیان بێت بۆ ئەوەی بکرێت بە خۆراکی وێنە و کامێراکان، دواتریش گیرانی عەجاج نوگرەسەلمانی کرد بە بەشێکی هەمیشەیی لە هەواڵ، بەڵام هەر وەک کتێبە دروستکراوەکان، زۆربەی ڕاپۆرتەکانیش یەک شتیان دەگوتەوە: عەجاج چیی کردووە؟ کەچی ئەمە تازە نەبوو و وەک گوتمان پێشتر لای هۆمەر محەمەد و دەیان شایەتیی دیکە تۆمار کرابوون.
”گەشت بەناو بریندا” بەرهەمی ئەو قۆناغە نییە کە نوگرەسەلمان بوو بە بابەتی میدیایی، تەنها تۆمارکردنی شایەتییش نییە، بەڵکوو ڕامان و ڕەخنەشە لەسەر هەڵسوکەوت لەگەڵ کارەساتدا. ڕامانە لە شوێنێک لە دوورەدەستیی ئێمە، کە پێمان دەڵێت «ئەوە هەمیشە مومکینە» و بگرە وەک شایەتێکی ئۆشڤیتس گوتبووی، پێمان دەڵێت «وریا بن، ئەوەی لێرە بەسەر ئێمەدا هات، لە ماڵی خۆتان بەسەرتاندا نەیەت».
ئەم کتێبە تەنها کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و تۆمارکردن نییە، هەوڵە بۆ گەیشتن بە گێڕانەوەیەکی تایبەتیی سەفەرێک کە کەس لێی وەک پێش سەفەرەکە ناگەڕێتەوە.