نووسینی : نەبەز گۆران

خوێندنەوەی : ئارام سدیق

ئەزموونی ڕۆماننووسیی نەبەز گۆران، ئەزموونێکی جیاواز و تایبەتە، ئەزموونێکە بۆ دروستکردن، یان لە یادنەکردنی نەتەوە لەنێو دونیای گێڕانەوەدا، لە ڕێی یەکێک لە ژانرە مۆدێرنەکانی گێڕانەوەوە، کە ڕۆمانە. ئەم ڕۆماننووسە دەیەوێت بە وشە و چیرۆک، نەتەوەیەک بە نەمریی بهێڵێتەوە و هەموو ئەو مەترسییە جۆراوجۆرانەی بەدرێژایی سەدەکانی ڕابردوو لەسەر ئەم نەتەوەیە هەبووە لە ڕێی هێزی وشەوە بکاتە حیکایەت و بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتووی بنووسێتەوە. ئەمەش لەپێناو ئەوەی مێژوو بە هەڵەدا نەبرێت و ئاگاییەک بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بدات.
ڕۆمانی “گەشتەکەی دێواری برادۆستی”، چیرۆکی خەونی میرێکی کورد دەگێڕێتەوە، کە دەیەوێت دوای ڕێککەوتنامەی لۆزان و دابەشکردنی سنوورەکان و دابڕکردنی کوردستان، نەخشەیەکی کوردستانی گەورە بکێشێت، بەمەش دەیەوێت دژ بەو پارچەپارچەکردنەی خاکی کوردان هەڵوێست بنوێنێت، بۆ ئەمەش بە یەکێک لە پیاوەکانی بە ناوی “دێواری برادۆستی” ڕادەسپێرێت.
لەسەر ڕاسپاردە و هاندانی میرەکە، دێوار دەست بە گەشتەکەی دەکات و سەرجەم کوردستانی گەورە لە هەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوا و لەوێوە بۆ باکوور و لەوێشەوە بۆ ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو کرماشان و خانەقین و لە دواجاریش لە کۆتایی گەشتەکەیدا دێتەوە بۆ هەولێر.
دەستپێکی ڕۆمانە لە 27ی تەمووزی (1923) دەست پێ دەکات، ئەو چرکەساتەی کوردستان دەکرێتە چوار پارچەوە و لەبەریەک هەڵدەوەشێنرێت، (میر عەبدوڵڵا بەگی بێنارێی برادۆستی) ئەو کەسەیە کە بە هۆی ئەوەی خاوەنی وشیارییەکی نەتەوەییە هەست بەو مەترسییە دەکات، بۆیە دەکەوێتە کەڵکەڵەی ئەوەی دژ بەو مەترسییە بوەستێتەوە، کە زلهێزەکان بەرامبەر نەتەوەکەی کردوویانە. ڕۆمانەکە لە چرکەساتی پەیدابوونی وشیاریی نەتەوەییەوە دەست بە چیرۆکەکەی دەکات، بێگومان مەبەست لەوە نییە پێشتر وشیاریی نەبووە، یان وشیاریی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکوو مەبەست لەوەیە ڕۆماننووس داواکاریی میرە کوردەکه لە دێوار وەک هۆشیاری تاکی کورد دەردەکەوێت،‌ لە ڕۆمانەکەدا خەمی خاک، وەک چەکێک دژ بە پلانگێڕیی زلهێزەکان دەبێتە دەستپێکی ڕۆمانەکەی. چرکەساتێک کە نووسەر دەری دەخات چەند گرنگە وشیاریی ببێتە چەکێک بۆ بەرەنگاریی ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی نەتەوە دەبنەوە. چەکی دەستی ئەم میرە کوردە تەنها تۆمارکردنی سنووری کوردستانی گەورەیە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو لە سنووری خاکەکەیان ئاگادار بن.
گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا بە هێمنی و بەنێو شادەمارەکانی ژیان و بوونی ئەو نەتەوەیەدا دەڕوات، کە ناوی کوردە، بە جۆرێک “دێوار” کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە دەست بە گەشتەکەی دەکات و لە گەشتە دوورودرێژەکەیدا تەواوی سنووری کوردستانی گەورە دەگەڕێت، ئەمەش تەنها گەڕانێکی جوگرافی نییە، وەک ئەوەی میرەکەی مەبەستی بووە، بەڵکوو جگە لە گەڕانی جوگرافی، کە تەواوی سنووری کوردستان بەسەر دەکاتەوە، هاوکات گەڕانێکە بەنێو مێژوو و کولتوور و ئەو حیکایەتانەی بە فەرامۆشی سپێردراون، ئەو دێت و جارێکی تر دەیاننووسێتەوە و دەیەوێت ئەو ئەرکەی لە لایەن میرەکەیەوە پێی سپێردراوە بۆ زیندووهێشتنەوەی: “مێژووی ڕاستەقینەی نەتەوە”کەی بە وردی و بەرپرسیارانە ئەنجام بدات.
کاتێک باس لە “مێژووی ڕاستەقینەی نەتەوە” دەکەین، کە ئەم ڕۆمانە کاری لەسەر کردووە مەبەستمان لەوەیە، کە ئەو سنوورەی بۆ کوردستانی گەورە دیاری کراوە لە هەموو لایەکەوە لێی قرتێنراوە و بەشێک لەو شار و شارۆچکانە لە “مێژووە ڕاستەقینەکەدا” کوردستان بوون و سەر بە کوردستان بوون و ئێستا ئەو مێژووە سڕاوەتەوە. ئەم ڕۆمانە دێت و جارێکی تر مێژوویەک بۆ سنووری کوردستان دەنووسێتەوە، کە لەسەر بنەمای دیرۆکی ڕاستەقینە و دەستکاریی نەکراو و ساغ دەکاتەوە، چونکە کوردستان ئەو خاکەیە بەردەوام داگیرکەران لە هەوڵی داگیرکردن و لێدابڕینیدا بوون، بۆیە تا دێت سنووری جوگرافیی کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە بچووک دەکرێتەوە.
لێرەدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هێزی ئەدەب، کە چ توانا و هێزێکی هەیە و چۆن دەتوانێت سەرتر لە مێژوو ئیش بکات! ئەرکی ئەدەب، بە دیاریکراوی ڕۆمان، وەکوو ژانرێکی سەرەکی و بایەخداری سەردەمی مۆدێرن دەتوانێت مێژووی ڕاستەقینە بنووسێتەوە، مێژوویەک ئەگەرچی ئەوانی تر بیشێوێنن و وێنەی ساختەی بۆ بچنن، بەڵام ڕۆمانووس لە ڕێی هێزی وشە و حیکایەتەوە دێت و جارێکی تر ڕاستی دەکاتەوە و دیوە ڕاستەقینەکەی بۆ خوێنەر و نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەنووسێتەوە. هەر لێرەوەیە کونجکۆڵیی دێوار لەم ڕۆمانەدا بۆ نووسینەوە و ساغکردنەوەی ئەو مێژووەیە، کە زلهێزەکان دەستی تێ وەردەدەن، تا هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەیەکی دێرین بۆ دوژمنەکانی ئاسانتر بکەن، هەر ئەوانن دێن و مێژوونووسەکان ڕادەسپێرن تا ڕاستییەکان بشێوێنن.
ڕۆمانەکە هەڵوەستەکردنێکە سەبارەت بە هێزی گێڕانەوە و ئاوێتەکردنی مێژووە بە گێڕانەوە. لەپشتی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەوە نووسەر دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە هەر گەلێک ڕۆماننووسی هەبێت دەتوانێت بەر بە لەناوبردن و شێواندنی گەورەی مێژووەکەی بگرێت. ئەرکی ڕۆماننووس بۆ نەتەوە ژێردەستەکان بەرزترە لەوەی تەنها حیکایەت بگێڕێتەوە، وەکوو چۆن لای ڕۆماننووسێکی وەکوو نەجیب مەحفووز لەنێو ڕۆمانەکانیدا دەتوانین دیرۆکی دێرینەی نەتەوەی میسر بخوێنینەوە. هاوکات لای ئۆرهان پاموک بەر دیرۆکی گەشە و گۆڕان و کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و نەتەوەی تورک بکەوین. لای سەلمان ڕوشدی دیرۆکی هەستانەوە و گەشەسەندنی هیندستان ببینین. لای بەختیار عەلی دیوە ڕاستەقینەکەی شۆڕشی کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا بخوێنینەوە. هاوکات لای نەبەز گۆرانیش بەر مێژوویەک دەکەوین، کە هەم فەرامۆش کراوە و هەم شێوێنراوە، بەڵام ئەو دێت مێژوویەکی ڕاستەقینە لە ڕێی هێزی گێڕانەوەوە دەنووسێتەوە. لێرەوەیە کە ئەرکی ئەم ڕۆماننووسە لەم بەستێنەدا ئەرکێکی تاقانەیە لەنێو دونیای گێڕانەوەی کوردیدا.

ناوی کتێب: گەشتەکەی دێواری برادۆستی
نووسەر: نەبەز گۆران
بابەت: ڕۆمان
چاپکراوی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند
چاپی یەکەم: 2025