نووسینی : فرمێسک مستەفا
خوێندنەوەی : د. لۆنا دڵشاد مەریوانی

شانۆیی “گوڵەتووتن”، لە نووسینی خانمە نووسەر و شانۆکار “فرمێسک مستەفا”، لە ڕێگەی پێکەوەگرێدانی خەیاڵ و مێژوو و یادەوەری و ڕەخنەی کۆمەڵایەتییەوە، بەشێکی گرنگ و لەیادکراوی مێژووی شاری سلێمانی، لە بەرگی نمایشی شانۆییدا تۆمار دەکات. شانۆییەکە باس لە کارگەی جگەرەکەی سلێمانی و ئەزموونی ئەو ژنە کرێکارانە دەکات، کە ساڵانێکی زۆر لەو شوێنە خزمەتیان کردووە. ڕووداوەکان بە گشتی لە ڕۆژێک لە کۆتا ڕۆژەکانی پێش داخستنی کارگەکە ڕوو دەدەن و لە چوار دیمەنی کورت پێک دێن. دیمەنەکان بە زۆری ژووری حەوانەوەی کرێکارە ژنەکانی ناو کارگەکە نیشان دەدەن، کە تێیدا هەشت ژنە کرێکار بە بێتاقەتی و بەدەم چا خواردنەوەوە دانیشتوون چاوەڕێی چارەنووسی خۆیان و کارگەکە دەکەن. دوای ئەوەی چەند گفتوگۆ و دەمەقاڵێیەک لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دۆخەکە، لە نێوانیاندا ڕوو دەدات. یەکێک لە کەسایەتییەکان دەڵێت کە داواکارییەکی بۆ سەندیکای کرێکاران نووسیوە و دەیەوێت هەر یەک لە ژنەکان دابنیشێت و باسی چیرۆکی ژیانی و قوربانییەکانی بکات تا بینووسنەوە و لەگەڵ داواکارییەکەدا هاوپێچی بکەن، بەڵکوو بەمە بتوانن لایەنی پەیوەندیدار قایل بکەن کارگەکە بخەنەوە کار. بەمەش لە ڕێگەی ئەم چیرۆکانەی ژنەکانەوە، بینەر بە ژیانی هەر یەکێکیان و مێژووی کارگەکە و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو کاتە ئاشنا دەبێت، هاوکات هەندێک یادەوەرییش لە شێوەی فلاشباکدا لەسەر شانۆ بە ڕۆڵگێڕان نیشان دەدرێن، ئەمەش وا دەکات شانۆییەکە لە یەک فۆرمدا سنووردار نەکرێت و بینەر لە بینینی هەمان دیمەن بێزار نەبێت.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم دەقە ئەوەیە کە دووبارە شوێنێک زیندوو دەکاتەوە کە خەریکە لە یادەوەریی بەکۆمەڵی خەڵکی سلێمانیدا کاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەزموونەکانی چەند نەوەیەک لە ژنانی کرێکار و ئەو کاریگەرییەی داخستنی کارگەکە لەسەر ئەوان هەیبووە بۆ مێژوو تۆمار دەکات.
لە ڕووی بابەتە کۆمەڵایەتییەکانەوە، شانۆییەکە زۆر دەوڵەمەندە و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە چەندین پرسی کۆمەڵایەتیی گرنگ دەکات، وەک جیاکاریی کۆمەڵایەتی دژی ژنانی کرێکار، جیاکاریی لەسەر بنەمای ڕەگەز، توندوتیژیی خێزانی، هەژاری و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی و گیانی هاوکاریی نێوان ژنان، خەبات و قوربانییەکانی کورد بە گشتی و ژنان بە تایبەتی دژ بە ڕژێمی بەعس، هەروەها پێشێلکردنی مافی کرێکاران بە هۆی کاتژمێری زۆری کارکردن و ناسەلامەتیی ژینگەی کارکردنەوە.
جگە لە ڕیالیزم، شانۆییەکە لە دیمەنێکدا ئامرازێکی ژانری فانتازیا بەکار دەهێنێت، کە بە بۆچوونی من شانۆییەکە دەوڵەمەندتر و کاریگەرتر دەکات. لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆکی ژنەکاندا، تارمایی باجی ڕەحمە و دوو ژنە کرێکاری دیکە، کە هەرسێکیان لە ژیاندا نەماون، وەک سێبەر بەسەر پەردەیەکەوە دەردەکەون و ئەوانیش چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. گێڕانەوەکانی ئەم تارماییانە چوارچێوە مێژووییەکەی شانۆییەکە فراوانتر دەکەن و لایەنە شاردراوەکانی کارکردن لە کارگەکەدا ئاشکرا دەکەن، وەک نەخۆشی یان مردن لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ مادە زیانبەخشەکاندا یان کەوتنەسەرژان و منداڵبوونی ژنە کرێکارە دووگیانەکان لە نیوەی شەفتە نەبڕاوەکاندا.
جوانترین لایەنی ئەم شانۆییەش لای من، نیشاندانی ئەو یەکگرتوویی و گیانی هاوکارییەیە کە لە نێوان ژنان لە بارودۆخە سەختەکاندا دروست دەبێت، وەک نموونەی کارەکتەری خانم، کاتێک یارمەتیی گوڵەباخ دەدات لە کارگەکەدا کار بکات تا ئیدی بۆ بژێویی خۆی و منداڵەکانی پەنا نەباتە بەر هاوسەرە توندوتیژە ئالوودەکەی.
سەرەڕای هەموو ئەم خاڵە ئەرێنییانە، هەندێک تێبینیم لەسەر زمانی دەقەکە و چۆنیەتیی گەیاندنی پەیامەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەی بە گشتی زمانی دایالۆگەکان سادە و ئاسانە و لە زمانی گفتوگۆی ڕۆژانەوە نزیکە، بەڵام لە هەندێک شوێندا لەڕادەبەدەر ئەدەبی و فەرمی دەردەکەوێت، کە لەگەڵ کەسایەتییەکاندا نایەتەوە، ئەمەش وا دەکات هەست بکەیت ئەوەی دەیبیستیت دەنگی کۆمەڵێک کرێکاری سادە نییە، بەڵکوو نووسەر خۆیەتی و لە زاری ئەوانەوە پەیام دەنێرێت. خودی پەیامەکان خۆشیان هەندێک جار زۆر ڕاستەوخۆ و ئاشکران و زیاتر لە ڕستەی ناو وتارێک دەچن نەک گفتوگۆی ئاسایی نێوان دوو کرێکار، ئەگەر لەبریی ئەمە شێوازێکی ناڕاستەوخۆتر بەکار بهێنرێت، بینەر دەتوانێت خۆی لە پەیامی پشت وشەکان بگات و چالاکانە لێکدانەوەیان بۆ بکات.
کۆتا سەرنجم لەسەر کۆتایی شانۆییەکەیە، کە بە بۆچوونی من لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. دوای ئەوەی کرێکارە دووگیانەکە، نەسرین، دەکەوێتە سەر ژان و خانم دەبێت بە مامانی و شانۆ تاریک دەبێت و گوێمان لە گریانی منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەبێت، کۆمەڵێک لاو دێنە سەر شانۆ و گۆرانییەکی ڕاپ دەڵێن و ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر سڕینەوە و لەناوچوونی شوێنە ڕەسەن و مێژووییەکانی شاری سلێمانی دەردەبڕن و دەترسن بێ مێژوو و بێ ناسنامە بمێننەوە. ئەم کۆتاییە ڕەمزییەتێکە بۆ نەوەی داهاتوو، چەند پرسیارێک لەسەر پرسی یادەوەری و ناسنامە و باجی چوونەناو دونیای مۆدێرن دەورووژێنێت، بەڵام ئێمەی بینەر دەزانین کە دواتر ئەو کارگەیە بووەتە کارگەی کلتوور، کە خۆی ناوەندێکە خزمەتی کلتوور و ناسنامە دەکات، ئەمەش وا دەکات خۆمان ئەو کۆتاییەمان لەلا بێت کە شانۆییەکە نایدات بەدەستەوە، چونکە لە کاتێکدا کارگەکە خۆی لە کار کەوتووە، بیناکە لە فۆڕمێکی نوێدا خزمەت بە کۆمەڵگا و کلتوور دەکات، ئەمەش وا دەکات لە خۆمان بپرسین؛ ئایا کۆتایی شانۆیی گوڵەتووتن هیوایەکمان پێ دەدات بۆ ڕزگارکردنی ناسنامە و کلتوور یان نا؟
من پێم وایە گریانی منداڵە تازە لەدایکبووەکە زیاتر ئاماژەی هیوای سەرەتایەکی نوێیە وەک لە نائومێدی، ڕەنگە تەنانەت ئەو لەدایکبوونەوەیە بێت کە کارگەی جگەرەکەی لە شوێنێکی چۆڵی فەرامۆشکراوەوە گۆڕی بۆ شوێنێکی پڕ لە کلتوور و هونەر و ژیان.
لێکدانەوەکەمان هەر چۆنێک بێت، بە ڕای من گرنگی و سەرکەوتوویی “گوڵەتووتن”، بە زۆری لەو پەیامانەدا نییە کە دەیانگەیەنێت، بەڵکوو زیاتر لەوەدایە کە یادەوەری و تێکۆشان و خۆڕاگریی ژنانێک تۆمار دەکات، کە چیرۆکەکانیان شایەنی ئەوەن لە مێژووی سلێمانیدا جێیەکیان بۆ بکرێتەوە و بپارێزرێن.