نووسینی : نەجات نووری
خوێندنەوەی : یاسین دەروێش

دەروازەیەک
ڕۆمانی “کفنەکەم با لە بارچە ئاوێنە بێت”ی نەجات نووری، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو کراوەتەوە، یەکێکە لەو دەقانەی هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی هونەری و فەلسەفی لە پرسیارە گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ بکۆڵێتەوە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا تەنها بە گێڕانەوەی چیرۆکێک ناوەستێت، بەڵکوو تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی تر و ڕەهەندی جیاوازتر. هەوڵ دەدات بە گێڕانەوەی ڕووداوە زۆرەکانی ڕۆمانەکەی، دنیایەکی پڕ لە هەست، بیرەوەری، خودگەرایی، دۆزینەوەی مانای جیاواز و بوون دروست بکات. ناونیشانی ڕۆمانەکە خۆی هەر لە سەرەتاوە خوێنەر بەرەو لێکدانەوەیەکی فەلسەفی دەبات، چونکە “کفن” و “ئاوێنە” دوو هێمای سەرەکین کە لە سەرانسەری دەقەکەدا بە شێوەیەکی بەردەوام ئامادەییان هەیە.
خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە پێویستی بە خوێنەرێکی چالاک هەیە، چونکە نووسەر زۆر جار ماناکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە پشت هێما و وێنە ئەدەبییەکانەوە پێشکەش دەکات. ئەم ڕیتمە لە گێڕانەوە جۆرێک لە درێژدادڕیی پێوە دیارە، کە زۆر جار ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی دەهێنێتەوە یادی خوێنەر، بەڵام بەختیار زمانی شیعریتر و ئەفسوونی بەهێزترە بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر، زمانی ئەم ڕۆمانە جۆرێک لە بیزارکاریی خوێنەری هەیە!
١. کات و تەکنیکی گێڕانەوە
یەکێک لە لایەنەکانی ڕۆمانەکە کە مایەی لەسەروەستانە، شێوازی گێڕانەوەکەیەتی. نەجات نووری ڕووداوەکان بە شێوەیەکی کلاسیکی و بە پێی هێڵی کات ناگێڕێتەوە، بەڵکوو بەردەوام لە نێوان ئێستا و ڕابردوو، بیرەوەری و خەوندا هاتوچۆ دەکات. ئەم یارییە لەگەڵ کات وای کردووە، کە ڕۆمانەکە ڕەهەندێکی مۆدێرن پەیدا بکات و لە شێوازی باوی گێڕانەوە دوور بکەوێتەوە. ئەمەش وا دەکات خوێنەر بەردەوام خەیاڵی لای هێڵی گشتی و ڕووداوەکان بێت، هەروەک پێشتر ئاماژەم پێ دا کەمێک درێژەی پێ داوە و خوێنەر هۆشیار نەبێت، لەناو گێڕانەوە و کاتی ڕۆمانەکەدا ون دەبێت.
تەکنیکی فلاشباک لە زۆر بەشدا بەکار هاتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بە هۆکاری ڕووداوەکان ئاشنا بکرێت و بزانێت چۆن ڕابردوو هێشتا کاریگەری لەسەر ئێستای کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە هەیە. لە ڕاستیدا، نووسەر هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە کات تەنها پێوانەیەکی ڕووداو نییە، بەڵکوو هێزێکە کە دەکرێت مرۆڤی لە ژیاندا بەند بکات. ئەم شێوازە، هەرچەندە هەندێک جار خوێنەر ناچار دەکات دووبارە بگەڕێتەوە بۆ هەندێک بەش، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهێزترین ئامرازەکانی هونەریی نووسەرە بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان وا لە خوێنەر بکات ئەو هەستەی هەبێت لەبەردەم چەند کاتێکی جیاوازی گێڕانەوە و ڕووداودایە.
٢. قووڵبوونەوە لە سایکۆلۆژیای کارەکتەرەکان
ڕۆمانەکە زیاتر لەوەی بە ڕووداوە دەرەکییەکانەوە خەریک بێت، بە دنیای ناوەوەی کارەکتەرەکانەوە خەریکە. نووسەر بە شێوەیەکی ورد و هەستیار دەرگای ناخی کارەکتەرەکان بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە. خوێنەر لە زۆر بەشدا هەست دەکات کە لەگەڵ پاڵەوانەکەدا دەژی، لەگەڵی بیر دەکاتەوە و تەنانەت هاوبەشی ترس و گومانەکانی دەبێت. بەڵام ئەوەی لەم لایەنەوە مایەی گرفت و کێشەیەکی قووڵە، هێڵکاریی کارەکتەرە زۆرەکانی ڕۆمانەکەیە، جۆرێک پەرشوبڵاوی پێوە دیارە و زۆر جار وێنای کارەکتەرێک بە تەواوەتی نەنەخشێنراوە، گێڕەرەوە هەوڵ دەدات کارەکتەرێکی تر بناسێنێت، ئەمەش گرفتە بۆ لەیادچوونی خوێنەر.
بەکارهێنانی مۆنۆلۆگی ناوخۆیی و تەکنیکی ئاگایی-ڕەوت (Stream of Consciousness) وای کردووە کە سنووری نێوان گێڕەرەوە و کارەکتەر کەمتر بێتەوە. ئەمەش دەرفەتێکی دەڕەخسێنێت بۆ نیشاندانی قەیرانە دەروونییەکان، تەنهایی، هەستی ونبوون و دۆزینەوەی خۆ. هەر لەبەر ئەمەیە کە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە زیاتر وەک مرۆڤی ڕاستەقینە دەردەکەون، نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ پێشبردنی ڕووداو، هەرچەندە ڕووداوە زۆرەکانی نێو چیرۆکەکانی هەندێ جار گرفت بۆ وەرگرتنی خوێنەر درووست دەکات.
٣. زمانی شیعری و گێڕانەوەکانی دەق
زمان، یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگ و دیارەکانی ئەم ڕۆمانە. نەجات نووری زمانێکی ئەدەبی، شیعری و پڕ لە وێنەسازیی بەکار هێناوە. زۆرێک لە وەسف و دەربڕینەکان بە شێوەیەک نووسراون کە خوێنەر هەست دەکات لەبەردەم دەقێکی شیعریدا وەستاوە، بەڵام لە هەندێ بەشدا، کەمێک گرفتی جوانکاریی زمان و ئەو زمانە شیعرییەی هەیە و ڕستە و پەرەگرافەکان پێویستی بە جوانکاریی زیاتر هەبووە، کە ڕەنگە بە وردی بەسەریدا نەچووبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی وشە لە سەرتاپای ڕۆمانەکە هەوڵی دروستکردنی وێنا بۆ هزری خوێنەر دەدات.
ڕۆماننووس لە دروستکردنی وێنە هونەرییەکاندا، هەوڵی داوە بەدەر لەو زمانە شیعرییە پەنا بەرێتە بەر چیرۆکی گێڕانەوەکان و شوێنی ڕووداو، بە تایبەتییش لە وەسفکردنی بارودۆخی دەروونی و شوێنەکاندا. ئەم زمانە، لە لایەک، دەقەکە پڕ لە جوانی و کاریگەری دەکات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، هەندێک جار قووڵی و هێماییبوونی زمانەکە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر پێویستی بە خوێندنەوەی دووبارە هەبێت، بۆیە دەتوانرێت بگوترێت کە ڕۆمانەکە زیاتر بۆ خوێنەری ئەزمووندار گونجاوە، نەک خوێنەرێک سەرەتایی و یەکەم ئەزموونی بێت لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەم ڕۆماننووسەدا.
٤. هێما و ڕەمز و لایەنی فەلسەفیییەکانی
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەکە، فراوانیی بەکارهێنانی هێما و ڕەمزە. “کفن” لە ناونیشانەکەدا تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ مەرگ، بەڵکوو هێمای کۆتایی، گۆڕان، پاکبوونەوە و تەنانەت لەدایکبوونێکی نوێشە. هەروەها “ئاوێنە” لە زۆر شوێنی دەقەکەدا وەک ئامرازێک بۆ خۆناسی و سەیرکردنی ناخی مرۆڤ دەردەکەوێت، بەڵام مەرج نییە ئەو هێمایانە لای هەموو خوێنەرێک کە پاشخانی هزری نووسەر نازانێت ئەو مانایەی پێ بگات، بە ڕای من ئەمە کەمێک گرفتی بۆ تێگەیشتن لە لای خوێنەر دروست کردووە.
نووسەر لە ڕێگەی ئەم هێمایانەوە هەوڵ دەدات پرسیارە فەلسەفییەکانی وەک مانای ژیان، ترسی مەرگ، ناسنامە و تەنهایی بورووژێنێت. ئەم لایەنە جیاوازانەی ڕۆمانەکە و هێماکانی وای کردووە کە ڕۆمانەکە جۆرێک لە ئاڵۆزیی بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئاڵۆزییەکی جێژبەخش نەک ئاڵۆزییەکی تێنەگەیشتن و فەرامۆشکردن.
بە گشتی، ڕۆمانی “کفنەکەم با لە بارچە ئاوێنە بێت” دەتوانیت وەک ڕۆمانێکی مۆدێرن، هێمایی و هزریی ئاڵۆز کە لە ڕێگەی تەکنیکی گێڕانەوەی نوێ، زمانی ئەدەبی و گرنگیدان بە دنیای دەروونیی مرۆڤ، دەیەوێت گوزارشت لە چیرۆکگەلێک بکات کە کوردین و دەچێتە خانەی ئەدەبی کوردیی هاوچەرخ، ئەگەرچی هەندێک جار بە هۆی ئاڵۆزیی گێڕانەوە و قووڵیی هێماکان دەکرێت خوێندنەوەکە ئاسان نەبێت، بەڵام ئەوە لە بایەخی ئەو ڕۆحە کوردی و کوردبوونە کەم ناکاتەوە کە لە سەرتاپای ڕۆمانەکەدا بە دی دەکرێت ئەمەش خاڵێکی گەش و جوان و سەرنجڕاکێشی ڕۆمانەکەیە.
- پسپۆڕی زمان و ئەدەبی کوردی