نووسینی : د. ڕێبوار سیوەیلی
خوێندنەوەی : ژیار ئەسوەد

«کتێبی گوڵانی»، کتێبێکی نووسەر و ڕەخنەگر “د. ڕێبوار سیوەیلی”یە، لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی نووسیویەتی. ساڵی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین چاپی کردووە.
ئەمە یەکەمین کتێبی سیوەیلی نییە لەو بوارەدا، پێ ناچێ دوایینیش بێت. ئەو، لە نالیی شاعیری مەزنی کلاسیکەوە دەستی پێ کرد و کارەکەی بە حاجی قادر درێژە پێ دا، تا گەیشتە لووتکەی نوێگەریی شیعری کوردی لای عەبدوڵڵا گۆران و دواتر هاتە لای شاعیرێکی هاوچەرخی وەکوو قوبادی جەلیزادە، بەڵام لێرە بە دوا، پێ دەچێ سیوەیلی ویستبێتی بپەرژێتە سەر هەندێ شاعیری گومناو، بۆیە کتێبی دواتری لەسەر «هەمزە گوڵانی» دەنووسێ؛ شاعیرێک لە ڕانیەوە کە درەنگ کتێبە شیعرییەکانی بە چاپ دەگەیەنێ و بە هۆی جۆراوجۆر، بەشی پێویست ناکەوێتە بەر چاو. پاشان بەوە نەوەستا، نوێترین کتێبی دەربارەی شیعرەکانی «یونس ڕەزایی»، شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کەواتە سیوەیلی بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕەخنەگرێکی وردبین، ئاوڕی لەو لاپەڕانە داوەتەوە کە سووچە دەستکردەکان شاردوونییەوە و نەیهێشتووە خوێنەر ئاسان بیاندۆزێتەوە. هەڵبەت یەکێک لە ئەرکە بنچینەیییەکانی ڕەخنەگر ئەوەیە. بۆ نموونە لە ئەوروپا، ئەگەر کۆندێرا تیشکی نەخستبایە سەر کۆمەڵێ نووسەری ئەوروپی، کە ئەمڕۆ وەک کەڵ چاویان لێ دەکرێ، کێ دەیزانی چارەنووسی کتێبەکانیان فەرامۆشی نەدەبوو!
هەمزە گوڵانی لە گێڕانەوەی ئەزموونی خۆی، کە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا دانراوە، بە ڕاستەوخۆ باسی ئەوە دەکا دەوروبەر شایەتیی بۆ دەدەن کە خاوەنی دەنگی خۆیەتی، بەڵام دیاردەی بێزەوەری شارچێتی وای کردووە دەقەکانی کەمتر بێنە بەر ڕووناکی. ئەو کێشەیە لە نێوان شارەکاندا بە زەقی دەبینرێ، چ جای بگاتە ئەوەی نووسەرێک لە شارۆچکەیەک بژی و بنووسێ! دوور بێ لە کۆڕ و کۆبوونەوەی نووسەران لە چایخانان و کافێ و پەیوەندییە شەخسییەکان!
گوڵانی کە خەڵکی ڕانیەیە، پەراوێزخراو و قوربانیی ئەو ململانێیەیە، کە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ، هەمان ئەقڵیەت دەستی هەبووە لە خنکاندنی ئەدەبی کوردیدا.
سەبارەت بە ڕەخنەگرانی کورد، کارکردن بە پڕۆژە شتێکی نامۆیە؛ دەگمەن هەن ڕێیەکی ڕوون بگرنە بەر و بیانەوێ خوێنەر بەدوای خۆیاندا ببەن. لە کۆنەوە هەر وا هاتووە، ڕەخنەگران لەملا و لەولا وتار دەربارەی چەندین بابەت دەنووسن و دوا جار لە کتێبێکدا کۆیان دەکەنەوە. ئەمەیش شتێکی ئاسایییە، بەڵام سیوەیلی ئەم نەریتەی شکاند.
ئەو بە چاوتیژیی خوێنەر و شاعیرێکی بە سەلیقە و لێزانەوە ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەق دەکا. یەکسەر دەچێتە نێو شیکارکردنی لایەنەیە فیکری و هونەرییەکان. دیسان لەمەیشدا، پێچەوانەی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی دی، نایەت بە تەواوی پشت ببەستێ بە مێتۆدی ڕەخنەیی ڕەخنەگرانی دنیا و ڕوو لە دەق وەرگێڕێ. چونکە دەقی ڕەخنەییی کوردی بە گشتی، هێندەی باسوخواسی مێتۆدەکان و شیکردنەوەیانە، هێندە ئاوڕدانەوە نییە لە خودی دەق!
لەم کتێبەدا هاوشێوەی کتێبە ڕەخنەیییەکانی دیکەی، سیوەیلی بە شێوازی خۆی، لە چوارچێوەی یەک مێتۆدی دیاریکراودا گیری نەخواردووە، بەڵکوو فرەمێتۆدیی بە کار هێناوە. خودی دەقەکە هەڵگری هەر جوانی و مانایەک بێ، لای لێ کردۆتەوە و بە وردی باسی کردووە؛ جا چ لایەنە هونەری و ئیستێتیکییەی، وەکوو زمان و سیمبوڵ و مێتافۆر و پێکهاتە، یان ڕەهەندە فیکری و مرۆیییەکانی وەکوو دەروونناسی و کۆمەڵناسی و دیاردەناسی و ئاماژەناسی و… بەمەیش خۆی لە شێوازی نووسینە باوەکان و دەرباز کردووە شێوازێکی ئەمڕۆیی لە نووسینی ڕەخنەیی پەیڕەو کردووە.
سیوەیلی لەسەر بنەمای زەمەنی نووسینی شیعرەکان و دیوانەکان، دەقەکانی هەڵنەبژاردووە. ئەو تەنیا دەستی بۆ دەقگەلێک بردووە کە بۆ وی مایەی هەڵوەستە بوونە و وای لێ کردوون مانایان لێ هەڵکڕێنێ. واتە وێڕای ئەوەی ئەم کتێبە وەستان نییە لەسەر قۆناغەکانی ئەزموونی نووسینی شاعیرێک، کەچی لە کۆی گشتیدا، بەو ڕەگەزانەی ڕەخنەگر پەنجەیان لەسەر دادەنێ، دەبێتە ڕێبەر و خوێنەر ڕێنوێنیی دەکا بۆ ناسینی ئەزموونی گشتیی شاعیرەکە. خوێنەر بە ئاسانی شێوازی نووسینی دێتە بەر چاو.
ڕوونی و ڕەوانیی زمان لە نووسیندا، خاڵێکی گرنگی ئەم کتێبەیە. سیوەیلی کۆمەڵێ شیعری هەڵبژاردووە و بێ پارچەپارچەکردنیان، سەرەتا هەمووی وەک خۆی داناوەتەوە، پاشان دێتە سەر شیکردنەوەکەی. ئەویش بەسەر کۆمەڵێ سەرناونیشاندا دابەش دەکا، ئینجا یەک یەک لایەنەکانی دەقەکە هەڵدەسەنگێنێ، بێ ئاڵۆزاندن و تێکەڵکردنیان. لە کۆتاییی هەر خوێندنەوەیەکدا، دەرەنجام هەیە و پوختەی باسەکە دەخاتە ڕوو.
وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، پەیوەندیی هاوڕێیانە، پێناساندنی دەقی جیددی ئەستەم کردووە. لەم زمانە بە دەگمەن بابەت دەدۆزیتەوە هۆی نووسینەکەی نەگەڕێتەوە بۆ نزیکایەتیی نێوان نووسەر و لەسەرنووسراو، بەڵام خاڵی هەرە گرنگی ئەم کتێبە ئەوەیە، لە کۆتا لاپەڕەکاندا شاعیر هەمزە گوڵانی سوپاسی ڕێبوار سیوەیلی نووسەری کتێبەکە دەکا و ئاماژە بەوە دەدا بەبێ ئەوەی ئەوان پێشوەختە قەت یەکتریان ناسیبێ و دیتبێ! وەک خۆی دەڵێ: ئەمە مایەی خۆشحاڵییە بۆی. بێگومان بۆ ئێمەیش.
بەو هیوایەی سیوەیلی بە تەنیا ئەم بارە گرانە نەنێتە سەر کۆڵ. لەم جۆرە کتێبە بڕژێنە نێو کتێبخانەکانەوە. چونکە بەمە دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێ کە ئەدەبیاتەکەمان لەو پەرشوبڵاوییەی تێیدایە گردوکۆ بکەینەوە و کۆدەنگییەکی هاوبەش بدۆزینەوە لە نێوان هونەرەکان و ژانرە ئەدەبییەکاندا.