نووسینی : ئاشتی محەمەد ساڵح

خوێندنەوەی : نەرمین عوسمان

ژینگە، بە هەموو بوارەکانییەوە، پێویستە هەمیشە و هەردەم لە پێشەوەی بیرکردنەوە و کارەکانماندا بێت، جا لە هەر شوێنێک و لە هەر تەمەنێک و لە هەر پێگەیەکدا بین. ژینگە، ناوەکەی پێناسەی خۆیەتی، واتە ئەو شوێنەی تێیدا دەژین، جا چۆن دەبێت ئەو شوێنەی تێیدا دەژین بایەخی پێ نەدەین و خەمی نەخۆین. کورت و پوخت؛ ژینگەمان پیس بێت، ژیانیشمان پیس دەبێت… ئاو بێنە و دەست بشۆ.
هەر لەو سۆنگەیەوە، کە هۆشیاریی ژینگەیی، ترۆپکی هۆشیارییە، پێم باش بوو وەکوو بایەخی کتێبەکە و هاندانێکیش بۆ نووسەرە گەنجەکەی و هەر گەنجێکی دیکە، هەڵسەنگاندن بۆ کتێبی (ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی لە هەرێمی کوردستان – گرفت و چارەسەر) بکەم، کە لە لایەن (ئاشتی محەمەد ساڵح)ەوە نووسراوە.
کتێبەکە لە پێنج بەش پێکهاتووە:
لە بەشی یەکەمدا؛ سەرنج دەخاتە سەر پێناسەی ژینگە و پێکهاتەکانی، کە نووسەر زۆر لەسەر ئەم لایەنە نەوەستاوە، بە کورتی و تا ڕادەیەکیش کەمی، باسی ژینگە و پێکهاتەکانی دەکات، کە دەکرا زیاتر لەسەر ئەو بابەتانە بوەستێت و فرەلایەنتر بێت. ئێستا لە جیهاندا گرنگیی بە وردودرشتی بابەت و پێکهاتە ژینگەییەکان دەدرێت و هەمووشیان بایەخ و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە.
بەشی دووەم؛ دەتوانم بڵێم گرنگترین بەش و کاکڵەی کتێبەکە و مەبەستی سەرەکیی نووسەرە لە نووسینی کتێبەکەدا، کە ئەویش هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی کوردستانە. نووسەر لەم بەشەدا ئاماژە بە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی هەرێم دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر فۆکەسی لەسەر ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیانە و کار و بەدواداچوونەکانی لەو چوارچێوەیەدایە.
نووسەر لە چەند شوێنێکدا ئاماژە بە چەند ناوچەیەک دەکات (بازیان و لەوێشەوە بەرەو چەمچەماڵ، ئەویش بە هۆی بوونی کارگە و پاڵاوگەی زۆر لەو ناوچانە. هەروەها بەنداوی دەربەندیخان و ناوچەی تانجەرۆ، کە زیاتر بە هۆی چەم و ئاوەڕۆکان و بوونی خاشاک و سووتاندنی، بەتایبەت لە تانجەرۆ)، کە پیسبوونی ژینگەیان چڕترە بەراورد بە شوێنەکانی دیکە، ئەوەش ڕاستییە و مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە.
نووسەر چەند جارێک ئاماژە بە ئامار و داتای لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ئەمە شتێکی باش و پێویستە و دەکرا زیاتریش کاری لەسەر بکرێت.
زۆر گرنگە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بایەخ بەو شوێنانە بدەن و بەردەوام بەدواداچوون بکەن بۆ ژینگەی ئەو شوێنانە و هەر شوێنێکی تری لەو شێوەیە، هەوڵی چارەسەری کێشە و گرفتەکان و پیسبوونەکان بدەن و پلانی خێرا و سەرەتایی، هەروەها پلانی درێژخایەن و دوورمەودا دابنێن بۆ چارەسەری ئەو پیسبوونانە… بودجەیەکی تایبەت بەو ناوچانە و پاراستنی ژینگە و پاککردنەوەیان بۆ دابین بکرێت و پلانی تایبەتیان بۆ دابڕێژرێت. چالاکوانانی بواری ژینگەش زیاتر بایەخ بەو شوێنانە بدەن و چالاکیی تێدا ئەنجام بدەن، چونکە لە ئەنجامدا پیسبوونی ژینگە لە ناوچەیەکدا قەتیس نابێت و کاریگەرییەکەی بۆ مەودایەکی بەرفراوانتر بڵاو دەبێتەوە.
بابەتێکی زۆر گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێ کردووە، کەرتی کشتوکاڵە… ڕاستە نەوت و پیشەسازی بایەخی خۆیان هەیە، بەڵام زۆر گرنگە کە سێکتەری کشتوکاڵ، بە تایبەتییش کە ناوچەکەمان هەم لە ڕووی خاکەوە و هەم لە ڕووی کەشوهەوا زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ، بایەخی زیاتری پێ بدرێت و حکوومەت و دامەزراوەکان ئەو کەرتە لە ئەولەویاتەکانی کاری خۆیان دابنێن.
بەشی سێیەم؛ باسکردنە لە کۆمەڵێک دیاردەی ژینگەیی، کە لێکەوتەی پیسبوونی ژینگەن و بەشی چوارەمیش چۆنیەتیی پاراستنی ژینگەیە لە پیسبوون و بەشی پێنجەمیشی تایبەت کردووە بە هۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگا لە بابەتە ژینگەییەکان و ئەرکی هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگا؛ بە خێزان و خوێندنگە و دامەزراوەکانی دیکەوە (پێم وایە دەبوو لەو چوارچێوەیەدا نووسەر ئاماژە بە مزگەوتیش بکات وەک یەکێک لەو پێکهاتانە، چونکە لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە موسوڵمانی وەک کۆمەڵگاکەی ئێمەدا، بایەخی خۆی هەیە و پێویستە مامۆستایانی ئایینی و دامەزراوە ئایینییەکان گرنگییەکی زۆر بە ژینگە بدەن، کە بۆ ئەوان جگە لە بەرپرسیارێتییە مرۆییەکە، بەرپرسیارێتییەکی ئایینییشە بەپێی قورئان و فەرموودەکان)…
ئەم بەشانەش وەک بەشی یەکەم؛ نووسەر بە کورتی لە بابەتەکان دواوە.
وەک هەر شتێکی تر، ئەم کتێبەش خاڵی بەهێز و لاواز، یان ئەرێنی و نەرێنیی هەیە؛ لایەنە ئەرێنییەکەی ئەوەیە نووسەر بە کورتی زۆر بابەتی گرنگی ورووژاندووە کە قابیلی کارلەسەرکردن و بەدواداچوونی زیاترن. لایەنە نەرێنییەکەش ئەوەیە (وەک ڕەخنەیەکی هاندەر و بنیاتنەر)؛ ژینگە بابەتێکی هەمەلایەنە و هەموو پنتێکی کایەکانی ژیان دەگرێتەوە و دەبێت ورد بین لە زانیارییەکان و زیاتر لەسەریان بوەستین، بۆ نموونە؛ نووسەر لە دوو شوێندا (ل: 28 و ل: 138) ئاماژە بەوە دەکات؛ بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1972 بڕیاری کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە دراوە و ڕێکخراوێکی جیهانیی تایبەت بە ژینگە دامەزراوە، بەڵام لە ڕاستیدا کاری هاوبەشی ڕێکخراوەیی جیهانی، زۆر لەوە کۆنترە، بۆ نموونە؛ یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN) کە لە ساڵی 1948 دامەزراوە.
بە گشتی، هەوڵ و ماندووبوونەکانی ئەم نووسەرە گەنجە مایەی دەستخۆشی و هاندانە… با گەنجان و نەوەی داهاتوو هان بدەین زۆر بایەخ بە ژینگە و ڕەهەندەکانی بدەن…. ژینگە ژیانمانە، کاردانەوەی ڕاستەخۆی لەسەر ژیانی ئێستا و داهاتووی ماڵەکەمان (زەوی) و نیشتەجێبووانی هەیە، بۆیە ناچارین هەمووان قۆڵی لێ هەڵماڵین و خەمی ژینگە بە خەمی خۆمان بزانین.