نووسینی : د. گۆران عەبدوڵڵا ئەحمەد
خوێندنەوەی : کانی عومەر

ئەم بەرهەمە لە ڕووی مێتۆد و ناوەڕۆکەوە، دەچێتە خانەی توێژینەوە و ڕەخنەی ئەدەبییەوە، بە تایبەتییش لەژێر پۆلی سۆسیۆلۆژیای ئەدەبدا جێگەی دەبێتەوە، چونکە کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بونیادە فیکری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو دەقی ڕۆمان دەکات. کتێبەکە کاری لەسەر بابەتێکی نوێ و پێشینەنەکراو کردووە کە بریتییە لە لێکدانی سیاسەت و ئەدەب، بە دیاریکراوییش ڕۆمانی کوردی بەسەر کردووەتەوە.
ئەم دەقە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرای توێژەر (گۆران عەبدوڵڵا ئەحمەد)ە کە لە ساڵی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی زانستیی پڕۆفیسۆر (د. هێمداد حوسێن بەکر)، لەژێر ناونیشانی “ڕەهەندی سیاسی لە ڕۆمانی کوردیدا، کوردیی ناوەڕاست (١٩٥٦-١٩٩١)”ـدا پێشکەش بە ئەنجوومەنی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر کراوە. دواتر لە ساڵی ٢٠٢٥، لە لایەن دەزگای موکریانەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
پەیوەندیی نێوان ئەدەب و سیاسەت یەکێکە لە دیالێکتیکە هەرە کۆن و ئاڵۆزەکانی مێژووی فیکری مرۆڤایەتی. لە فەزای ڕۆشنبیریی کوردیدا، بە هۆی بارودۆخی مێژوویی و سیاسی کوردستانەوە، ئەدەب هەمیشە ئامرازی گوزارشتکردنی ململانێ سیاسییەکان و هەوڵی پاراستنی ناسنامە بووە. لێرەوە ئەم کارە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی لە کتێبخانەی ڕەخنەیی کوردییدا داوە، چونکە پێشتر هیچ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی سەربەخۆ لەسەر ڕەهەندی سیاسی لە ڕۆمانی کوردیدا نەکراوە. توێژەر بۆ تێپەڕاندنی شیکردنەوەی سادە، پەنای بۆ تیۆریزەکردنی مۆدێرن بردووە؛ بە شێوەیەک کە سۆسیۆلۆژیای دەق و تێڕوانینەکانی: (جورج لۆکاش، لوسیان گۆڵدمان)، بەتایبەت چەمکی “پێکهاتەگەرایی سەرەتایی”، بۆ شیکردنەوەی ڕۆمانەکان بەکار هێناوە.
کتێبەکە لە پێشەکییەک و سێ بەشی سەرەکی (هەر بەشێکیش لە چەند پارێک پێک دێت)، پێڕستی سەرچاوەکان، پاشکۆکان، لەگەڵ پوختەی باسەکە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی پێک دێت. ئامانجی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە دیاریکردنی جۆری پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان سیاسەت و ئەدەب، دەستنیشانکردنی خەسڵەتەکانی ڕۆمانی سیاسی و جیاکردنەوەی لە ژانرەکانی تر، لەگەڵ بەدواداچوونی چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای ڕۆماننووس لەناو دەقەکاندا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە، توێژەر بەپشتبەستن بە مێتۆدی وەسفی- شیکاری، زەمینەیەکی زانستی بۆ تێگەیشتن لە لێکئاڵانی ئەدەب و مێژووی سیاسیی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا دادەڕێژێت، کە گونجاوترین ڕێبازە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەقەکان.
دیاریکردنی سنووری مێژوویی ئەم توێژینەوەیە، لە نێوان ساڵانی ١٩٥٦ تا ١٩٩١ زۆر زیرەکانەیە. لێکۆڵینەوەکە لە ساڵی نووسینی یەکەم دەستنووسی ڕۆمانی کوردییەوە دەست پێ دەکات تا کاتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان. سنووری زمانەوانییەکە تەنیا کوردیی ناوەڕاست دەگرێتەوە، ئەم دیاریکردنە ڕوونە ڕێگا لە پەڕشوبڵاوبوونی بابەتەکە دەگرێت. تێزی سەرەکیی لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە ڕۆمانی سیاسیی کوردی لەم قۆناغەدا، ناکرێت تەنیا وەک دەقێکی جوانیناسانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکوو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نافەرمی و ناڕاستەوخۆی زیندووی نەتەوەیەک سەری هەڵداوە، کە تێیدا مێتۆدی ڕیالیزم ڕۆڵی باڵادەستی گێڕاوە لە گێڕانەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.
بەشی یەکەم: بە ناونیشانی “ئەدەبی سیاسی” داڕێژراوە، کار لەسەر چەمکسازی و دیاریکردنی سنووری زاراوەکانی وەک؛ ڕەهەند، ئایدیۆلۆژیا و ڕۆمانی سیاسی دەکات. لەم چوارچێوەیەدا و لە کاتی ڕووونکردنەوەی مێژووی ژانرەکەدا، توێژەر لە کتێبەکەیدا باس لە مێژووی ناساندنی زاراوەی ڕۆمان لە فەزای ئەدەبی کوردیدا بۆ سەردەمێکی دێرینتر دەگەڕێنێتەوە و یەکەم جار لە دێڕە شیعرێکی (حاجی قادری کۆیی)ـدا هاتووە کە دەڵێت: “لە دەوری ئێمە ڕۆمان و جەریدە/ ئەگەرچی مەقسەد زانینی باوە.” پاشان ئاماژە بە دەستپێکی مێژوویی ئەم جۆرە ڕۆمانە لە ڕۆژئاوا لە سەدەی نۆزدەیەم و دواتر گواستنەوەی بۆ ناو ئەدەبی عەرەبی، فارسی و عێراقی. بەگوێرەی شیکارییەکانی پارەکانی ئەم بەشە، ئەدەبی سیاسی کاتێک باڵادەستی خۆی لەدەست دەدات و کۆتایی دێت کە ببێتە زمانحاڵ و کەرەستەی هێرشی یەک هێزی سیاسی بۆ سەر هێزێکی تر، چونکە لەگەڵ نەمانی دەسەڵاتی ئەو ئایدیۆلۆژیایە، بەهای ئەدەبیی دەقەکەش دەمرێت. لەمەوە پرسیارێکی ڕەخنەیی سەرهەڵدەدات: ئایا ڕۆمانی کوردی لەم قۆناغەدا توانیویەتی لە فەزای حیزبی خاڵس و پەتی دوور بکەوێتەوە و ببێتە گوتارێکی نەتەوەیی گشتگیر، یاخود ئەویش کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ململانێی حیزبی ناوخۆیی؟ لە کۆتایی بەشەکەدا، پێناسەیەکی هاوسەنگ بۆ ڕۆمانی سیاسی گەڵاڵە دەکات.
بەشی دووەم: تەرخان کراوە بۆ دیاردەی بەئەدەبکردنی سیاسەت و بەسیاسەتکردنی ئەدەب و پێکەوەبەستنی پێگەی نووسەر و سیاسەتمەدار. توێژەر تێڕوانینێکی فیکریی هاوسەنگ دەخاتە ڕوو، کاتێک دەیسەلمێنێت داڕمانی سیاسی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی مەرج نییە ببێتە هۆی داڕمانی کایەی داهێنان، بەڵکوو زۆر جار گەشەی بەرچاوی ئەدەب و هونەری لێ دەکەوێتەوە. توێژەر بە جوانی شۆڕش و وەرچەرخانە سیاسییەکانی بەستووەتەوە بە کایەی ڕۆمانەوە؛ لێکۆڵینەوەکە بە شێوازێکی کرداری ڕەنگدانەوەی وێستگە گەورە مێژووییەکانی وەک: (شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، شۆڕشی ئەیلوول، ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار، پرسی ڕاگوێزان و بەعەرەبکردن) لەناو ڕۆمانە دیارەکانی وەک: (ئاشتی کوردستان، هەرەس، شار و هەڵکشان بەرەو لووتکە)دا بە نموونە دەهێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، فرەچەشنیی مێژوویی دەخرێتە ڕوو لە ڕێگەی بەراوردکردنی دۆخی عێراق و فەزای دیکتاتۆری و کاریگەریی لەسەر نووسەران، بەتایبەت جیاوازیی نێوان ئەو دەقانەی لەژێر سایەی دیکتاتۆرییەتدا نووسراون بەرامبەر بەوانەی لە مەنفا و تاراوگەدا لەدایک بوون.
بەشی سێیەم و کۆتایی، کە جەرگەی شیکارییە ئەدەبییەکەیە، بازنەی شیکارییەکەی فراوانتر دەبێت، تێیدا جۆرەکانی ململانێ، گوتار و بنیاتی هونەری لە ناو دەقە کوردییەکاندا ڕوون دەکاتەوە. دابەشبوونی ململانێکان بۆ سێ تەوەری سەرەکی نیشانەی تێڕوانینی فرەڕەهەندانەی توێژەرە؛ تەوەری یەکەم: ململانێی دەروونی-سیاسی وەک ئەوەی لە ڕۆمانی (سەگوەڕ)دا بە دی دەکرێت، کە تێیدا پاڵەوانەکە بە هۆی فشاری سیستمەوە تووشی داڕمانی دەروونی و شیزۆفرینیا دەبێت. دووەم: ململانێی کۆمەڵایەتی-سیاسی کە گوزارشت لە دروستبوونی دەرەبەگایەتیی مۆدێرن دەکات. سێیەم: ململانێی ئایینی-سیاسی کە تێیدا خراپ بەکارهێنانی ئایین بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران شرۆڤە دەکرێت. هاوکات شیکردنەوەی گوتارەکانی وەک: سەرکوتکردن، تێکدان، پارچەکردن، شیزۆفرینیا، لەپاڵ تەوەرێکی تایبەت بە “زیندان و ئەشکەنجە لە ڕۆمانی کوردی”ـدا، هێزێکی ڕەخنەیی پتر بە تێزەکە دەبەخشێت. زۆرتر لەوەش؛ تیشک دەخرێتە سەر پێگەی ژن لە دەرەوەی ڕۆڵە کلاسیکییەکەی کاری ژنان، باس لە گرتنەئەستۆی ئەرکی گواستنەوەی نامەی نهێنی و ڕێکخستن دەکات، تاقیکردنەوەی ئەم گوتارانەش لە چوارچێوەی بونیادە هونەرییەکان وەک: (ڕووداو، کات، شوێن، پاڵەوان و زمان) جێگیر کراوە.
کتێبەکە لە دەرئەنجامەکانیدا دەیسەلمێنێت کە جیهانی ئەدەب و سیاسەت دوو کایەی لێکدابڕاو نین؛ بەتایبەت ئەدەبی پابەند و سیاسەت بەستراونەتەوە بە دەسەڵات و جەماوەرەوە وەک چەقی ململانێ، ڕۆمان هەم ئامرازی بونیادنان یان ڕووخاندنی کۆمەڵگایە و هەم ئەرشیفێکی مێژووییە بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکان. پاشتر لەسەر بنەمای میتۆدی ڕیالیزم و پۆلێنکردنی ئایدۆلۆژیی کارەکتەرەکان، جیاکارییەکی ورد لە نێوان ژانرەکاندا دەکات و ڕۆمانەکانی: (ژانی گەل، سەگوەڕ، هەرەس، توانەوە و هەڵکشان بەرەو لووتکە)، وەک ڕۆمانی سیاسیی پەتی دەستنیشان دەکات، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی تر لە خانەی ڕۆمانی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا پۆلێن دەکات. ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نێوان ساڵانی ١٩٥٦ بۆ ١٩٩١ لە ڕێگەی گێڕانەوەی یادەوەری و بەکارهێنانی ناوی ڕاستەقینەی شوێنەکانەوە مۆرکێکی ڕاستەقینەی پێ بەخشراوە؛ هەرچەندە زمانی سادە و ڕەوانی دەقەکان بۆ گەیاندنی پەیامی ئازادی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەهای هونەریی هەندێک بەرهەم، بەڵام نووسەران توانیویانە لەنێو چەپۆکی سانسۆری بەعس و داخرانی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە لۆکاڵییەکاندا دۆخەکە تێپەڕێنن و بەتایبەت لە کارەکانی (محەمەد موکری)ـدا پێشبینی قۆناغی دوای ١٩٩١ و شەڕی ناوخۆ بکەن. لەم سۆنگەیەوە، ئەم فرەچەشنییەی شێوازی گێڕانەوە لە پاڵ زاڵبوونی ڕەهەندی سیاسیدا، پێگەی بەهێزی ڕۆمانی کوردی نیشان دەدات و کتێبەکەش دەکاتە سەرچاوەیەکی فیکری بۆ توێژەرانی مێژووی ئەدەبی و سیاسیی هاوچەرخی کورد.