نووسینی : لازۆ ئازاد
خوێندنەوەی : مینە حسێن

توندوتیژی، هاوواتای دڵڕەقی و ستەمکارییە، پێچەوانەی دڵنەرمی و میهرەبانییە. توندوتیژی دیاردەیەکی گشتیی کۆمەڵایەتیی ناشیرین و ڕەتکراوەیە، فۆرمی جۆراوجۆی هەیە، هەروەها فاکتەر و پاڵنەری جۆراوجۆریشی هەیە، بە تایبەتی فاکتەری ژینگەیی و پەروەردەیی و سیاسی و ئایینی و ئابووری و سۆسیۆ-دەروونی، مرۆڤ کە لەدایک دەبێت توندوتیژی نازانێت، دواتر بەپێی ئەو ژینگە و کۆمەڵگایەی تێیدا دەژی، فێری بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی دەبێت، کەواتە بەکارهێنانی توندوتیژی نەریت نییە، بەڵکوو وەردەگیرێت، بەو مانایەی تاک لە خێزانەکەی و لە قوتابخانە و لە کۆمەڵگاکەیەوە وەریدەگرێت. توندوتیژی شێوە و فۆرمی زۆرە، دەشێت دیارترنیان بریتی بێت لە: توندوتیژیی جەستەیی، توندوتیژیی دەروونی، توندوتیژیی خێزانی، توندوتیژیی سێکسی، توندوتیژیی زارەکی، توندوتیژیی هێمایی…
لازۆ ئازاد، لەم کتێبەدا جەخت دەکاتە سەر شێوە هەرە باوەکەی توندوتیژی کە لە ئاستی دنیادا پەیڕەو دەکرێت، تەنانەت لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکوو بەریتانیاشدا، ئەویش توندوتیژیی خێزانییە، ئەم کتێبە دابەش کراوە بەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ و تێیدا ئامار بایەخێکی زۆری پێ دراوە، بەوپێیەی بەکارهێنانی ئامار پڕۆسەیەکی زانستییە و بەشێکە لە توێژینەوەی زانستی کە ڕاستگۆییەکی پتر بە توێژینەوەکە دەبەخشێت.
هەر لە سەرەتاوە لازۆ ئازاد پێناسێکی وردی توندوتیژی و جۆرەکانی توندوتیژیمان بۆ دەکات، پاشان دێتە سەر تەوەرێکی گرنگ و هەستیار کە بریتییە لە کەسی توندوتیژ و شێوازی توندوتیژییەکە، دواتر بە کۆمەڵێک ئامارەوە باس لە توندوتیژیی خێزانی دەکات و کاریگەریی ئەو جۆرە توندوتیژییە لەسەر منداڵ بە تایبەتی لەنێو خێزانی پەنابەردا، بەوپێیەی لە دیدی زۆربەی پیاوانی کۆمەڵگەدا ژن هەمیشە گومانلێکراوە و تاوانبارە.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی ژنانی پەنابەر دەکات کە چەندە توندوتیژیی خێزانییان لە بەرانبەردا دەکرێت، بە بەراورد بەوەی بەرانبەر بە ژنانی بەریتانیا دەکرێت، چەندە ژنانی پەنابەر بە هۆی ناهۆشیارییەوە بێئاگان لە یاساکانی سزادان و لە ڕێگەکانی تۆمارکردنی سکاڵا، ئینجا دێتە سەر سزا یاساییەکانی بەکارهێنەرانی توندوتیژیی خیزانی لە بەریتانیادا.
لازۆ ئازاد پتر وەک شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز ناسراوە، ئەم جارە لەم کتێبەدا بابەتێکی هەستیاری هەڵبژاردووە، ئەویش توندوتیژیی خێزانییە کە ڕۆژانە بە بەرچاوی هەموومانەوە بە فۆرمی جیاواز پرۆسە دەکرێت، ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی بۆ توێژینەوەکە هەڵبژاردووە (ڕێگەیەکی دیکە) کە هەر لە سەرەتاوە زەینی خوێنەر بۆ ڕێگەچارەکانی ئەم دیاردە جیهانییە و بۆ ڕێگریکردن لە پڕۆسەکردنیدا دەبات، لە پێشەکییەکەیشیدا ئەو ڕێگەیەی دیکە ئاشکرا دەکات و پێی وایە ڕێگەی ڕزگاربوونی ژنان بریتییە لە خۆهۆشیارکردنەوە و خۆپەروەردەکردن، زەین ڕۆشنکردنەوە و خۆپێگەیاندن، لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ ژنان، بە تایبەتی ژنانی پەنابەر، چونکە ژنانی پەنابەر زۆربەیان ئاگاداری ماف و یاساکان و ئەو دامودەزگا و ڕێکخراوانە نین کە دەتوانن داوای هاوکارییان لێ بکەن، بۆیە لە کۆتاییدا ئەو ڕێگەیەیان پێ دەناسێنێت کە ئەو ناوی ناوە ڕێگەیەکی دیکە.
لازۆ ئازاد وای دەبینێت پێش ئەوەی هەردوو ڕەگەز بچنە سەر شەقامەکان و هاوار بکەن، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی پڕۆسەی توندوتیژی، کە بریتییە لە ماڵەوە، واتە دەبێ یەکەم جار لە ماڵەوە دەست بە گۆڕانکاری بکەین و هەوڵ بدەین لە ماڵەوە توندوتیژیی خێزانی نەهێڵین.
لە دەستپێکی کتێبەکەدا، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکان و پۆلیسی ئینگلاند، کۆمەڵێ ئاماری ترسناک ئاشکرا دەکات کە ئاستی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژیی دژی ژنان لە وڵاتی بەریتانیادا دەردەخات، بۆ نموونە هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ١٦ ملیۆن ژن لە نێوان تەمەنی ١٦-٧٤ ساڵی لە هەرێمی ئینگلاند و وێڵزدا، ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی بوونەتەوە، لە هەر سەعاتێکدا ١٠٠ پەیوەندیی تەلەفۆنی بە پۆلیسەوە دەکرێت کە تایبەتن بە توندوتیژیی خێزانی، ژمارەیەکی زۆریشیان سکاڵا تۆمار ناکەن، لە هەر مانگێکدا نزیکەی هەشت ژن بەدەست هاوژینی پێشوویانەوە دەکوژرێن، لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە ژنانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دوو هێندەی ژنانی دیکە ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە.
ئامارەکانیش هەم لە بەریتانیا و هەم لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بە دروستی بەردەست نین، کە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە و نووسەر ئاماژەی بۆ گرنگترینیان کردووە، پێویستە ژنان و پیاوانیش ئاگاداری ئەو هۆکارانە بن بۆ ئەوەی بە شێوەی گونجاو ژنان لە ئاست ئەم جۆرەی توندوتیژی هۆشیار بکەنەوە.
نووسەر لە تەوەرێکی دیکەدا تەرکیز دەکاتە سەر جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی و ئەم فۆرمانە دەستنیشان دەکات: زەبری دەروونی و سۆزداری، زەبری جەستەیی و دەستدرێژیی سێکسی، زەبری دارایی، توندوتیژیی ئۆنلاین و دیجیتاڵ، گێچەڵپێکردن و تەنگپێهەڵچنین و هەراسانکردن و زۆری دیکەش.
لە کۆتاییدا نووسەر سزا یاساییەکان بۆ ژنان ئاشکرا دەکات و پێیان دەڵێت ئێوە تەنها نین لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانیدا، بەڵکوو کەسانێکی شارەزا و پسپۆر هەن لەم بوارەدا کە گوێت لێ دەگرن و یارمەتیت دەدەن و ڕێگەی یاساییت پیشان دەدەن، نووسەر ژنان ئاشنا دەکات بەو ڕێکخراوانەی هاوکاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو ژنانە دەکەن، ئەدرێس و ژمارە تەلەفۆنی بەشێک لەو ڕێکخراوانەی لەم کتێبەدا بڵاو کردۆتەوە.