نووسینی : د. فازڵ جاف

خوێندنەوەی : حەمەسوار عەزیز

یەکێک لە سیما گرنگەکانی نووسین لای نووسەر و دەرهێنەر فازیل جاف، ئەوەیە کە شێوازێکی ڕوون و ئاسان و ڕەوان لە پڕۆسەی نووسین و گەیاندنی زانیاری بە خوێنەر و وەرگر پیادە دەکات، کاتێ‌ ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە کە بریتییە لە کۆمەڵێک وتاری جیاواز دەربارەی چەند چەمک و پرسێکی شانۆیی و شیکاری چەند نمایشێکی شانۆیی، هەست بەو ڕەوانییە دەکەیت لە سادەکردنەوەی چەمکەکان و ئاسان گەیشتنیان بە خوێنەر، ئەمە جگە لەوەی نووسەر لە ڕووی زمان و داڕشتنەوە توانایەکی تایبەتی هەیە لە ڕستەسازی و دامەزراندنی زمانێکی هونەری و شیکاری کە دەتوانێت لە کەمترین ڕستەدا، زانیاری و مەعریفەی زۆر بە خوێنەر بگەیەنێت.
ڕاستە بابەتەکانی ئەم کتێبە کۆمەڵە نووسینێکی جیاوازن و ڕەنگە لە سەردەم و کاتی جیاوازدا نووسرابن و نیەتی نووسینی کتێبیکی لەو شێوەیەی لە پشت نەبووبێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە نووسەر شارەزایی و ئەزموونێکی زۆری لە بواری نووسین و پڕۆسەی بەرکەوتن و شڕۆڤە و شیکاریی تێکست و نمایش هەیە، ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ئاشنابوون بە هەندێ‌ زانیاری و مەعریفەی گرنگ دەربارەی کۆمەڵێک نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی ناودار کە بەشێکی گەورەی نەخشەی شانۆی جیهانییان پێکهێناوە.
ڕەنگە ناونانی ئەم کتێبە بە (چەمکەکانی شانۆ) بەو شێوە ڕەهایە بەبێ هیچ ناونیشانی لاوەکی کێشەیەک دروست بکات لە یەکانگیریی نێوان ناونیشان و ناوەڕۆک، بە حوکمی ئەوەی ئەم ناونیشانە ئاماژەیەکی ڕوونی تێدایە کە کتێبەکە تایبەت دەبێت بە ناساندن و لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی هەموو چەمکە شانۆییەکان، کە ئەوەش سەختە بۆ کتێبیکی شانۆیی کە تایبەت بۆ ئەو ناونیشانە نەنووسراوە ئەم ئامانجە بپێکێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشەیەش، نووسەر هەوڵی داوە بە شێوەیەک لە شێوەکان جۆرێک لە گونجاندن لە نێوان ناونیشان و ناوەڕۆک دروست بکات و چەند چەمکێکی شانۆیی لە قوتابخانە جیاوازەکانی شانۆی جیهانییەوە لە ڕوانگەی کۆمەڵێک نووسەر و دەرهێنەری وەک (ستانسلافسکی، مایرهۆڵد، برێخت، شکسپیر و ئارسەر میللەر) بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بە ڕەوانی بە خوێنەریان بناسێنێت و ببن بە بەشێکی گرنگی بونیادی ئەم کتێبە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی؛ ناوەڕۆکی کتێبەکە ناتوانێت وەڵامی یەکانگیریی ناونیشان بداتەوە و لەگەڵی تەبا بێت، چونکە ئەو چەمکانەی کە لەو کتێبە ئاماژەیان بۆ کراوە و شی کراونەتەوە، بەشێکی بچووکی ئەو دونیا چەمک و زاراوەیەن کە لەنێو شانۆدا ئامادەییان هەیە و لێرەدا باسیان لێوە نەکراوە، نووسەریش بە بەکاربردنی ناونیشانی (چەمکەکانی شانۆ)، خۆی خستۆتە ژێر ئەو بەرپرسیارییە، چونکە وشەی (چەمکەکان) ئاماژەیە بۆ کۆ و هەموو چەمکە شانۆییەکان دەگرێتەوە، دەبوو نووسەر لە ناونیشانی کتێبەکەی ئەوەی بە هەند وەربگرتایە، ئەمە جگە لەوەی بەشێکی کتێبەکە دیدێکی ڕەخنەیی و شیکاریی نووسەرە بۆ چەند نمایشێکی شانۆیی جیهانی کە لە شانۆی شاهانەی سویدی (دراماتن) بینوویەتی و شرۆڤە و شیکاری ڕەخنەیی بەپێزی بۆ کردوون، بەڵام ئەم نووسینە ڕەخنەییانە ناتوانن بچنە ژێر تایتلی کتێبەکە و دەروازەی فراوانتر بەسەر کتێبەکە و ناوەڕۆکی کتێبەکەدا دەکەنەوە.
بەدەر لەو سەرنجەی کە لەسەر ناونیشانی کتێبەکە هەیە، ئەم کتێبە دەروازەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی خوێنەر لە چاوی نووسەر و ڕەخنەگرێکی کوردەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەر کۆمەڵێک ئەزموونەی گرنگی شانۆی دونیا بکەوێت، وەک کارکردنی دەرهێنەری سویدی (ئینگمار بێرگمان) لەنێو شاکارەکانی شکسپیر، کارکردنی نووسەر و دەرهێنەری ئەمریکی (ئارسەر میللەر) لە شانۆگەریی مردنی دێوەریەک، دەرهێنەری ئینگلیزی (جۆن کایرد) بۆ شانۆگەریی (خەونی نیوەشەوێکی چلەی هاوین)، هەموو ئەو کارە شانۆییانە کە لە شانۆی شاهانەی سویدی نمایش کراون و نووسەریش بە شێوەیەکی هونەری و بە شێوازێکی ئاسان هەوڵ دەدات بایەخی ئەو ئەزموونە شانۆییە بۆ خوێنەری کورد و شانۆکاری کورد بگوازێتەوە، بەتایبەت کاتێ‌ ڕوانگەی جیاوازی ئەو دەرهێنەرانە شی دەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بەو میرات و مەعریفە شانۆییەی کە لە شانۆی عێراقی و عەرەبیدا ڕەنگی داوەتەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەردەمێکی دیاریکراودا کاریگەریی بەسەر ڕەوشی شانۆی کوردی و دونیابینیی شانۆکاری کورد جێ هێشتووە.
ئەو بەشەش کە پەیوەستە بە ستانسلافسکی و چەمکی ئەخلاق لەنێو پڕۆسەی نواندن و کاری شانۆییدا بووەتە دەسپێکی کتێبەکە، نووسەر زۆر بایەخ بەو چەمکە دەدات و دەیکاتە سەردەستەی ئەو چەمکە گرنگانەی کە پێویستە لە ئەزموون و تیۆری شانۆناس و دەرهێنەر و ئەکتەرێکی گەورەی وەک ستانسلافسکی فێری ببین، لە ڕاستییدا گرێدانەوەی چەمکی ئەخلاق و ئیتیک بە داهێنان و سەرکەوتنی شانۆکار لە ئەداکردنی وەزیفە ئینسانییەکەی، یەکێکە لە گرنگترین ئەو پێداویستییە بنەڕەتییانەی کە دەکرێت ببن بە بنەمای بنەڕەتی بۆ دامەزراندن و گەشەکردنی پڕۆسەی شانۆ لە هەر وڵاتێکی دونیادا، بە تایبەت لەو دەڤەرانەی کە شانۆ تیایاندا نەبووە بە کولتوور و نەیتوانیوە ئەدای وەزیفەی کۆمەڵایەتی خۆی بکات، وەک کوردستان.
تێنەگەیشتن لەو پەیوەندییە بنەڕەتییەی نێوان داهێنانی شانۆیی و چەمکی ئەخلاق (بەدەر لە ڕوانگە ئایینییەکەی)، یەکێکە لە گەورەترین لەمپەرەکانی بەردەم پێناسەی شانۆ و ناسینی خودی شانۆکار بۆ خۆی و هونەرەکەی.
بە هەمان شێوە قسەکردنی ئەو کتێبە لە ڕێگەی نووسینە جۆراوجۆرەکانییەوە لەسەر شانۆی مایرهۆڵد و ئەو چەمکە جیاوازانەی کە لە ڕێگای ئەو شانۆیەوە خزانە نێو دونیای شانۆوە، بونیادەکانی شانۆی داستانی لای برێخت، شانۆی مێژوویی لای شکسپیر، شانۆی کۆمەڵایەتی لای ئەپسن و ئارسەر میللەر، بابەتە جیاوازەکانی تری وەک ئەو چاوپێکەوتنە گرنگەی کە لەگەڵ شانۆکاری بەریتانی (هاڕۆڵد پێنتەر) ئەنجام دراوە و تیایدا پێنتەر زۆر بە سادەیی و بە زمانێکی ڕەوان باسی ئەزموونی نووسینی تێکستە شانۆییەکانی دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو بۆ هیچ میتۆدێکی دیاریکراو نانووسێت و تەنها ئەوە دەنووسێت کە پڕۆسەی نووسین، وەک داگیرکاری بەسەرییدا زاڵ دەبێت و کارەکتەر و ڕووداوەکان دروست دەبن و گوزارشت لە خۆیان و بونیادی خۆیان دەکەن و پڕۆسەکەش لەو کاتەدا تەواو دەبێت کە ئیتر هیچ شتێکی بۆ گوتن نەماوە، هەموو ئەم بابەتانە کە کتێبەکە بە بڕێکی زۆری زانیاریی دەوڵەمەند دەکەن و دەروازەیەکی باشتر بۆ شانۆکار و خوێنەری کورد واڵا دەکەن تا لە سەرچاوەی یەکەم و ئۆرگیناڵەوە بەر بەو ئەزموونە شانۆییە گرنگانەی دونیا بکەون.