نووسینی : هەورامان وریا قانع

خوێندنەوەی : پەیام حازم

لە جیهانی مۆدێرندا، پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدایە. چیتر ڕێگە کۆنەکان کە لەسەر بنەمای “مامۆستا وەک تاکە سەرچاوەی زانیاری و قوتابی وەک وەرگرێکی بێدەنگ” دامەزرابوون، ناتوانن نەوەیەک پێ بگەیەنن، کە خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و داهێنەرانە بێت. لەم ڕوانگەیەوە، کتێبی «١٠١ ستراتیژی فێربوونی چالاک» کە لە لایەن (هەورامان وریا قانع)ەوە ئامادەکردن و وەرگێڕانی بۆ کراوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردووەتەوە، یەکێکە لە سەرچاوەکانی ڕاستیی ئەو قسەیەی سەرەوەمان.
ئەم کتێبە تەنها کۆمەڵێک تیۆری نییە، بەڵکوو ڕێبەرێکی پراکتیکیی متمانەپێکراوە بۆ هەر مامۆستا، ڕاهێنەر و پەروەردەکارێک، کە دەیەوێت ژینگەی پۆل لە شوێنێکی بێزارکەرەوە بگۆڕێت بۆ کەشێکی زیندووی بیرکردنەوە و بەشداریکردن و گفتوگۆکردن و ڕاگۆڕینەوە.
لەم کتێبەدا بەرچاومان ڕوون دەبێت، کە چی دی مامۆستا چەقی وانە و خوێندنگە و پەیمانگە و زانکۆکان نییە، مامۆستا ڕێبەرە، ڕێنیشاندەرە، یارمەتیدەر و هاوکارە.
کتێبەکە بە شێوازێکی سەرەکی تیشک دەخاتە سەر چەمکی “فێربوونی چالاک”. ئەم چەمکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە قوتابی خۆی چەق و تەوەری سەرەکیی پڕۆسەی خوێندن بێت؛ بخوێنێتەوە، بنووسێت، گفتوگۆ بکات و کێشەکان چارەسەر بکات، نەک تەنها گوێگر بێت. ئامادەکار توانیویەتی ١٠١ ڕێگە و تەکنیکی جیاواز و تاقیکراوە کۆ بکاتەوە، کە دەکرێت لەناو پۆلدا جێبەجێ بکرێن، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئاستە جیاوازەکانی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندندا بگونجێن، لە خوێندنگەکاندا.
کتێبەکە خاوەنی چەندین تایبەتمەندییە، کە دەیکاتە بەرهەمێکی بەپێز: