نووسینی : د. هەرێم عوسمان

خوێندنەوەی : د. سدیق ئەوڕەحمان

ئەم کتێبە ساڵی 2025، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. کتێبەکە لە بنەڕەتدا تێزێکی دکتۆرایە، هەرێم عوسمان بە سەرپەرشتی پ. د. عەلی تاهیر بەرزنجی نووسیویەتی، لە ساڵی ٢٠٢٤دا پێشکەشی بەشی کوردیی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی کراوە. کتێبەکە پانتاییەکی بەرفراوان لە مێژووی ڕۆمانی کوردی دەکاتە سنووری کاری خۆی‌.
لە پێشەکیی کتێبەکەوە دەردەکەوێت، نووسەر ئامانجی ئەوەیە، ئاشنا بێت بە بیری ڕۆماننووسانی کوردیی کرمانجیی ناوەڕاست لە (١٩٦١-٢٠٢٢)دا، چۆن کوردایەتی، بیری کوردبوون و مرۆڤی کوردیان وێنا کردووە. بیری سەرەکیی کتێبەکە ئەوەیە؛ ڕۆمانی کوردی لە سەرەتاوە تا ئێستا، ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی بەرانبەر بە مرۆڤی کورد هەبووە، هەم ڕەخنە لەخۆگرتنی تیایدا بووە، هەم ڕەخنە لەوانی تر. بۆ خستنەڕووی ئەم بیرۆکەیە، لە کۆی لێکۆڵینەوەکەدا، نووسەر‌ دوو میتۆدی زانستیی بەکار هێناوە، کە ئەوانیش مۆدێلی کردەنوێنی گریماس و چوارگۆشەی نیشانەیی/ واتایی، هەردووکیان لە خانەی نیشانەناسیی گێڕانەوەیی جیراد جولیان گریماس دەردەکەون. هەڵبژاردنی ئەم تیۆرییەش بۆ کارکردن هەڵبژاردنێکی ئاگایانە و پڕ وردەکارییه،‌ کە لێرەدا نووسەر دەیەوێت بە ئاڕاستەیەکی زۆر زانستی ڕۆ بچێتە ناو بابەتەکانییەوە. کتێبەکە بۆ چوار بەشی سەرەکی دابەش کراوە.
بەشی یەکەم: تێورییە، پارێکی بۆ وێنەناسی تەرخان کراوە، کە تێیدا بابەتەکە بە تەواوی لە ڕووی زمانەوانییەوە تاوتوێ دەکات. ڕیشەی واتایی “وێنە” لە فەرهەنگە کوردییەکاندا، وێنە لە زمان و ئەدەبی کوردیدا، جیاوازیی نێوان “وێنە” و زاراوەکانی هاوچەشنی وەک: “سیما”، “نیگا”، “نموونە”… هتد. لەگەڵیشیدا وێنە لە ئایینی مەسیحی و ئیسلامدا، هەروەها لە فەلسەفەی کلاسیکیدا، کە تێیدا نموونەی: ئەفڵاتوون، لۆک، بارکلی، هیۆم، دێکارت، لایبنیز، کانت، فۆکۆ، بۆدیار و دولۆز شی دەکاتەوە.
پارێکی دیکەی‌ بۆ گێڕانەوەناسی دانراوە، کە لەسەر هزری گریماس مۆدێلی کردەنوێنە تێیدا مانای کردەنوێن چییە، جیاوازیی لەگەڵ کەسایەتیی کلاسیکیدا چییە، دواکەوتنی کردەنوێن چۆنە، هەروەها چوارگۆشەی نیشانەیی/واتایی و زانستی “دژ و بەرانبەر”، “ناکۆکی و لەخۆگرتن”، کە بنچینەی شیکاری گریماسن.
بەشی دووەمی کتێبەکە: وێنەی کورد لە ڕۆمانەکانی قۆناغی (١٩٦١–١٩٩١)
فراوانترین بەشی کتێبەکەیە، قۆناغی سەردەمی چەکداریی کوردە، هەڵبوون و بزاڤی ڕزگاریخوازانە لە چیاکاندا، ئاشتییەکانی کوردستان، بزووتنەوەی چەپی کوردستان و باسکردن لە خەباتی چینایەتی، لە کۆتاییشیدا دەمی ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
لە پاری یەکەمدا، نێرەر و وەرگر لە ڕۆمانی کوردیدا: ئەوە خراوەتە ڕوو پێشمەرگە چۆن بووەتە کردەنوێنی سەرەکیی گێڕانەوەکان. ڕۆمانی “پێشمەرگە” بەرچاوترینە، کە تێیدا پێشمەرگە هەم نێرەرە و هەم وەرگر. ڕۆمانی “ئاشتیی کوردستان”یش لەم بەشەدا لای لێ کراوەتەوە، کە تێیدا گوتاری خەباتی چینایەتی بەرانبەر بە گوتاری نیشتمانپەروەری بە دی دەکرێت. هەروەها ناوی چەند ڕۆمانێکی تری کوردیی ئەو سەردەمە‌ هاتووە لەوانە: ژانی گەل، نازە، شار، کوێخا سێوی، توانەوە، کۆردەرە، پەرستگەی دڵداری و ئەندێشەی مرۆڤێک. هەریەکەیان هەڵگری جۆرێک لە ناوەڕۆکی سایسین و‌ بابەتی لێکۆلێنەوەی نووسەرن.
لە پاری دووەمدا خود و بابەت تەوەری سەرەکییە: لێرەدا ئەو ڕۆمانانەی ئاراستەی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی کاتێک، نێرەر (چۆن دەیەوێت کەسی پەسەند و دڵخوازی خۆی دروست بکات)، ئەمەش بە ڕوونی لەنێو ڕۆمانەکاندا بەرجەستە دەبێـت، واتە چی (خود)ی کوردی دروست دەکات؟ پێشمەرگە؟ یان عەقڵی شار؟ ئایا ئەم (خود)ە چۆنە و دووچاری ناکۆکیی ناوەوەیە دەبێت یان نا؟
پاری سێیەم، بابەتی ڕێگر و یاریدەدەرە: لێرەوە لێکۆڵەر دەیەوێت ئەوە دەربخات، کە دوژمنی ڕاستەقینەی کوردایەتی کێیە؟ دەرەکی، ناوخۆیی، سیستەمی دەسەڵات، یان ئیدیۆلۆژیا؟ لەم بەشەدا پرسێکی گرنگ ورووژێنراوە، ئەویش ئایا پێشمەرگە دژی دوژمنە یان دژی گەلە؟
بەشی سێیەم: قۆناغی (١٩٩١–٢٠٠٣)
ئەم قۆناغە لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەست پێ دەکات، کاتێک کوردستانی عێراق بۆ یەکەم جار ئەزموونی خۆڕێبەریی خۆی کرد. دامەزراوەکان دروست کرانەوە، بارودۆخی ژیان ئاڵۆز بوو.
پاری یەکەمی تایبەتە بە (من و ئەوی تر): لێرەدا ناکۆکیی دیاریکراوی لە نێوان دوو کاراکتەری کوردی دژ بەیەک دەردەکەوێت. وەک: منی دز و برسی، ئەویتری تێر و داردەست، منی میکرۆب و ئەویتری پارێزەر، منی ئەنفالکراو و ئەویتری ئەنفالچی، ئەم ناونیشانانە خۆیان گویای ئەوەن کە ئەنفال چۆن بووەتە ئەم پرسیارە بنچینەییەی، بۆچی یەکێک داردەستی دەسەڵاتە، کەسێکی تری هاوخوێنی‌ قوربانی هەمان دەسەڵات. بابەتی ئەنفال تەنیا وەک تراژیدیایەک نییە، بەڵکوو وەک ڕەفتاری دژ بەیەکی دوو کاراکتەری کوردی دەبینرێتەوه.
پاری دووەمی‌ تایبەتە بە (دین و دنیا): لێرەدا پرسی ئەوە دەورووژێنرێت؛ ئایا خودا دژی ئێمەیە؟ ئەمە پرسیاری بەرچاوی ئەم ماوەیەیە. ئەنفال چۆن کاریگەریی هەبوو لەسەر گوتاری دینیی کورد؟‌ بابەتەکانی: خودا بکوژیی شۆڕشی هەژاران، عەشق و ئیمان و ئەنفال و پرسی بکوژی خوا، لایان لێ کراوەتەوە.
پاری سێیەمی،‌‌ بابەتی (پەراوێز و ناوەند): ئەم جارە وێنەی کوردی شارنشینی دوای ١٩٩١ لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە. ژن و پیاو، شێت و عاقڵ، بیرمەند و گەمژە. هەریەکەیان چۆن جێگای خۆیان هەیە لەنێو ئاستی پەراوێزبوون و ناوەندی بووندا. ئەم پارە گرنگی تایبەتی هەیە، چونکە بایەخی تەواوی داوە بە وێنەی ژنی کورد لە چاوی ڕۆماننووسی ژن و ڕۆماننووسی پیاوەوە.
بەشی چوارەم:‌ قۆناغی (٢٠٠٣–٢٠٢٢)
لەم بەشەدا چەند ڕۆمانیک خراوەتە بەر لێکۆڵینەوه،‌ چونکە زۆرترین ڕۆمانی کوردی لەم ماوەیە نووسراون. دوای ٢٠٠٣، هەم بابەتیانەتر و هەم ئازادانەتر بوو، هەر ئەویش ڕۆماننووسانی نوێ سوودیان لەم دەرفەتانە وەرگرتووە قۆناغەکە پڕ بەرهەمترە.
پاری یەکەم تایبەتە بە عیرفان و گەندەڵی: ئەم جارە دوو لایەنی جیاواز دەرکەوتوون. یەکیان، کە داوای پاکیی ڕۆحی و نیشتمانی دەکات. ئەوی تریش گەندەڵی سیاسیی ناوخۆیی، گەندەڵیی حیزب، گەندەڵیی کەسایەتیی کورد. ئەم دوو لایانە بە شێوازێکی ورد کاری تێدا کراوە .
پاری دووەم تایبەتە بە نۆستالژیا و تەکنەلۆژیا: پرسی ئەوەی چۆن تەکنەلۆژیا کوردستانی بە ڕووی دنیادا کردۆتەوە، لە لایەکی تریشەوە وابەستەبوونی کورد بە چیا و دەشت و دۆڵی کوردستان. ناکۆکیی نێوان “ئێرە و ئەوێ” لە ڕۆمانەکاندا دەردەکەوێت؟ دیجیتاڵبوونی ژیان، هەڵهاتن لە نیشتمان، دەوڵەتی کوردیی چەند پرسی تری لە جۆرە نووسەر لەسەریان وەستاوە.
پاری سێیەم، ئازادی و بەندی: نووسەر لێکۆڵینەوەی لەبارەی پرسی ئازادییەوە لە کوردستان کردووە؛ ئایا ڕزگارکردن بە مانای ئازادی بوو؟ (ئازادیی عێراق و نائازادیی عیراقییەکان و ئەو پرسیارە گرنگەی ئەوەی بۆ دەمانەوێت ئازاد بین!) لێکۆڵێنەوەی لەبارەوە کراوە.
لە کۆتاییدا نووسەر بە چەند ئەنجامێک گەیشتووە، بە گشتی کتێبەکە بەرچاوڕوونییەکی باشت دەداتێ لەسەر ڕۆمانی کوردی لە وێستگە جیاوازەکانی، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ.