نووسینی : د. گۆران سەباح

خوێندنەوەی : نەرمین عوسمان

ڕۆمانی (هەڵاتنی کچەکان)، نووسەر و ڕۆماننووسی کورد، گۆران سەباح نووسیویەتی. لە ساڵی 2024 بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی (Deer girls)، واتە (کچانی ئاسک)، لە بەریتانیا بڵاو بووەتەوە، هەر خۆشی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەژێر ناوی (هەڵاتنی کچەکان) لە ساڵی 2025 بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم بەرهەمە، تێکەڵەیەکە لە ڕیالیزمی سیاسەتی توند لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ سوریالیزم و سیمبۆلیزمی مرۆیی.
ئەم ڕۆمانە ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی کردووەتە خوێنەری بیانی، بۆ شکاندنی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی لەسەر کێشە ناوچەییەکان لە ڕێگەی میدیاکانەوە گوێبیست، یان بینەری بوون و دەیانخاتە ناو واقیعێکی ترەوە، چونکە زۆر جار خوێنەرانی بیانی، چیرۆکەکان کە دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن؛ بە تەواوی لە ڕوانگەی سیاسەتی کەناڵەکانەوە دەیزانن و بە چاویلکەی ئەوان بینیویانە.
هەڵاتنی کچەکان (کچانی ئاسک)، تێکەڵەیەکی ناوازە و دەگمەن پێشکەش بە خوێنەر دەکات، لە ڕێگای کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەوە؛ پاتیا و گاد، خوشک و برا جمکە جووەکە، کە نوێنەرایەتیی ناسنامەیەکی (کورد-جوو) دەکەن. گێڕانەوەیەکی زیرەکانەی نووسەرە، کە وەک پردێکی کولتووریی مێژوویی بەکاری دەهێنێت و ناڕەزایەتیی ئاشتییانەیان لەسەر دیواری ڕۆژئاوا لە قودس، ڕەنگدانەوەی تامەزرۆییەکی نەوەی گەنجەکانە بۆ ئاشتی و بێزارییان لەو میراتە خوێناوییەی ململانێی نێوان پێکهاتەکان، کە مێژوویەکی دوورودرێژە ڕووبەڕووی دەبنەوە.
دڵکێش (خەباتگێڕێکی کورد)؛ کارەکتەری دڵکێش، کە خەڵکی کوردستانی باشوورە، لەناو زینداندا ڕۆڵی ڕێنیشاندەر و پاڵنەری هۆشیاریی دەبینێت… نووسەر لە ڕێگەی ئەوەوە میراتی ئازاری کورد (لە جینۆسایدی ئەنفال و هەڵەبجەوە تا خەباتی هاوچەرخ) دەگێڕێتەوە، هەروەها لە ڕێگەی ئەوەوە کێشەی دابونەریتە نەخوازراوەکان دەخاتە ڕوو.
(مستەفا)ش وەک کارەکتەرێکی فەڵەستینی، سێگۆشەی ئازارەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا تەواو دەکات و نوێنەرایەتیی ڕەهەندێکی تری ئاوارەبوون و گەڕان بەدوای ئازادیدا دەکات. خۆزگە نووسەر بە شێوازێک لە شێوازەکان ئەویشی لە ژیان بهێشتایەتەوە، بۆ ئەوەی خوێنەری فەڵەستینی هەست بکات پرسی ئەوانیش بەردەوامیی هەیە و بە کوشتنی هێماکەیان، کۆتایی نایەت.
ئەم ڕۆمانە، کاریگەریی جیاوازی لەسەر خوێنەری بیانی و کورد هەیە، بۆ خوێنەرێکی بیانی؛ ئەم تێکەڵە ئاڵۆزە مرۆییە، فزوولیەتیان دەوروژێنێت و شێوازە کۆنە بیرکردنەوە باوەکان تێک دەشکێنێت و سەراوژێریان دەکات، وا لە خوێنەریان دەکات پرسگەلێکی وەک جینۆساید و مەینەتی و ئەو چەوساندنەوە ئاڵۆزانەی کە ڕووبەڕووی ژیانی پێکهاتەکان دەبێتەوە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، لە دیوێکی ترەوە ببینن و کاریگەریی سایکۆلۆژی و سۆزداریی بەهێز و بیروبۆچوونی جیاواز دروست دەکات لەسەریان، ڕەنگە یەکەم جار بێت ئەم کارەساتە وا لە چاوی کارەکتەرەکانییەوە ئەزموون بکەن، بەڵام خوێنەری کورد؛ دنیایەکی نوێ لە ڕۆمانەکەدا نادۆزێتەوە، چونکە ئەگەر خۆشی لەو واقیعەدا نەژیابێت، ئەوەندەی بیستووە؛ ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەریەوە هەبووە. بە وردەکارییەکانیشەوە لەناو ئەو واقیعە تاڵانەدا ژیاوە، مێژووی خێزانەکەی، گەلەکەی، چیرۆکەکانی بەرگری، خەباتکردن لەپێناو ناسنامە وەک بەشێک لە یادەوەریی ڕۆژانەیان هەیە، یاخود ئەزموونیان کردووە، بۆیە هاوشێوەی کاریگەرییەکەی بەسەر خوێنەری بیانییەوە،کاریگەریی ڕاچڵەکێنی تێدا نابینێت و نادۆزێتەوە، بەڵکوو ئاوێنەیەکی خودە.
ڕا و بۆچوونی نووسەر، بە ڕاستەوخۆ یاخود بە ئاماژە دیارە، کە بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە ئەوەیە بە تێکشکاندنی گوتاری ستراکتۆریستەکان و تێگەیشتن لە بیرۆکەی ناسنامەی تێکەڵاو وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاربوون و زاڵبوون بەسەر ستەم پێشکەش دەکات، هەر بۆیە سێ ئاڵۆزترین و هەستیارترین پرسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (کورد، جوو، فەڵەستین) لە چوارچێوە و فەزای یەک شوێن (قودس و زیندانە نهێنییە)کەدا کۆ کردووەتەوە. زیندان، وەک سەمپڵێکی ناوچەکە دێنێتە بەرچاوی خوێنەر.
ئەو زیندانە نهێنییەی کە پاتیا و دڵکێش تێیدا یەکتر دەبینن و ئاشنای یەکتری دەبن. ئەو شوێنە، تەنیا وەک زیندانێکی فیزیکی ناهێڵێتەوە، بەڵکوو دەیکات بە هێمایەکی سیاسی و فەلسەفیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شوێنێکە کە تیایدا ئازادییەکان ناهێڵن و ناسنامەکان دەسڕنەوە. مانەوە لە ژیان دەبێتە ئامانجی کۆتایی. هەروەها نووسەر سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی فەزایەکی داخراو بۆ گۆڕەپانێک بۆ گفتوگۆی مرۆڤایەتی کە ئایدۆلۆژیاکان تێدەپەڕێنێت و جیاوازییە سیاسییە گەورەکان لەبەردەم مرۆڤایەتیی هاوبەشدا (ئازار، خواستی ئازادیی، چەوساندنەوە…) هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە ڕووی فێمینیستییەوە، ڕۆمانەکە ڕوانگەیەکی ڕوونی فێمینستی دەگرێتە بەر؛ ژنان لەوێدا تەنیا وەک قوربانییەکی پاسیڤی شەڕەکان نین، کە لە لایەن پیاوانەوە هەڵگیرساون، بەڵکوو دەبنە هێزی بزووێنەری گۆڕانکاری و یاخیبوون و لەو پەیوەندییەی نێوان پاتیا و دڵکێشدا گەشە دەکات. چەمکی خوشکایەتی و هاوئازار بەرجەستە دەکات، کە سنوور و نەتەوەکان تێدەپەڕێنن. نووسەر پێمان دەڵێت ئازارەکانی ژنان لە کاتی شەڕ و ژێردەستیی دەسەڵاتە ستەمکارەکاندا گشتگیرە و پەیوەندیی بە نەتەوە و ڕەگەز و ئایینەکانیانەوە نییە، ئەو لێکنزیکبوونەوە خێرا و قووڵەی نێوان شوناسە دژ بە یەکەکانی مێژوویی و سیاسی لەناو زیندان، ڕەنگە هەندێک جار لە لایەن نووسەرەوە ئایدیالیستییانە، یان ئاواتخوازانە دەربکەوێت. هەرچەندە لە ڕووی کۆنتێکسەوە بە هۆی بارودۆخی هاوبەشی ستەمکارییەوە، ڕەوا دەبینرێت.
لە ڕووی زمانەوانی و گۆڕینی هەندێک دەستەواژەوە، نووسەر، چونکە هەردوو زمانەکە خۆی نووسیویەتی، بۆیە ئازادە و پابەندبوونی بە دەقەکان خۆی بڕیاردەر بووە، ڕەنگە بە هۆی جیاوازیی کولتوورەکانەوە ئەوەی کردبێت، بەڵام تێکستە عەرەبییەکان بە هەڵە نووسراون، ئەوەش ئەگەر ئەوەی هەیە لە کاتی تایپ ڕووی دابێت، بە جیاوازیی پیتەکان.
لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ خۆزگە ناوەکەی (ناوی دەقە کوردییەکە) وەک ئینگلیزییەکە بووایە (کچانی ئاسک – Deer girls)، چونکە کارەکتەری ئەو کچانەی ناو زیندانەکان و دواتر ئازادبوونیان، پێناسەی ئاسک پڕ بە پێستیەتی.