نووسینی : حەمە هاشم
خوێندنەوەی : بەختیار سەعید

مێژووی هونەر لەسەر ئاستی جیهان چەندین قۆناغ و چەندین قوتابخانە و هونەرمەندی بلیمەتی بەرهەم هێناوە، هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی بایەخدان بەو مێژووە جگە لە هونەرمەندان، خوێندکاران و مامۆستایانی پەیمانگە و کۆلیژەکانی هونەر و خوێندنی باڵا، بەردەوام کێشەی نەبوونی زانیاریی هونەری بوونەتەوە کە بتوانن بیکەنە زانیارییەک بۆ ئاشنابوون بەو ئەزموونانەی کە ئەو مێژووە لە بۆتەی هونەرمەندان و قوتابخانە هونەرییەکاندا خوڵقاندوویانە.
هونەرمەندی شێوەکار (حەمە هاشم)، جگە لەوەی بۆ خۆی شێوەکارێکی سەرکەوتووە، هەروەها مامۆستای پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە، لە هەمان کاتدا نووسەرێک و وەرگێڕێکی سەرکەوتووە و خاوەنی چەندین چاپکراوی هونەرییە کە پێشتر بەو ئەندازەیە و بەو زمانی سادەییە بەرهەمی وایان چاپ و بڵاو نەکردۆتەوە.
ئەگەر بڕوانینە (مێژووی هونەر، مێژووی مرۆڤ) ئەوە بەرەوڕووی زانیارییەکی دروست و ورد دەبینەوە، هەر وەکوو هونەرمەند (حەمە هاشم) دەڵێت: (بێگومان کارێکی سەختە مرۆڤ بتوانێت لە کتێبێکدا تێکڕای مێژووی هونەری مرۆڤ بنووسێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەم لقوپۆپی هێندە زۆرە کە هیچ کەس ناتوانێ بپەرژێتە سەر وەرگرتنی ئەو هەموو زانیاری و داتایانە، هەم مێژوو بۆ خۆی کەموکووڕیی زۆری هەیە لەم لایەنەوە، چونکە زانیارییەکانیش بە شێوەی تەواو نەنووسراونەتەوە) واتا ئەوە جارێکی تر دەکەوینە بەردەم دووڕیانێکی نادیاری و نەبوونی زانیارییە پێویستییەکان و هەندێک جاریش ناچار دەبین تەنها ڕۆڵی بینەرێک ببینیت و نەبیتە لایەنگری هیچ یەکێک و لایەنێک، بەڵکوو ئەرکت ئەرشیفکردن و کۆکردنەوەی زانیارییەکانە.
ئەم چاپ کراوە دابەش کراوە بەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکی و هەر یەک لەو تەوەرانەش جارێکی تر بەسەر چەندین لقی جیاوازدا دابەش بوونەتەوە، کە بۆ چەندین جار ئەرکەکە بۆ نووسەر سەخت تر بووە لەو تەوارانەی کە هونەرمەند وەکوو خاڵی سەرەکی دەستنیشانی کردوون (هونەر لەپێش مێژوو چاخی بەردین، هونەری بەردینی بیابانی، شارستانێتی چاچاپۆیا، میزوپۆتامیا، چەرمۆ، هونەری هیندی کۆن، هونەری میسری کۆن، شارستانییەتی حەسونە، شارستانییەتی گۆزانا، سەردەمی وەرکا، سەردەمی جەمدەت ناسڕ، شارستانییەتی خوری، شارستانیەتی میتانی، شارستانیەتی ئاشووری کۆن، ئیمپڕاتۆریەتی میدیا، ئیمپراتۆریەتی هەخامەنییەکان، ئیمپراتۆرییەتی یۆنان، ئیمپراتۆرییەتی ساسانی، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی، سەردەمی دەرکەوتنی مەسیحی، بێزەنتینییەکان، هونەری ڕۆمانسی، عەباسییەکان، ئیمپراتۆرییەتی سەفەوییەکان، سەردەمی ڕێنسانس، هونەری بارۆک، ڕۆکۆکۆ، سەردەمی کلاسیک، ڕۆمانسیزم، ئیمپرێشینیزم، قوتابخانەی دەربڕینخوازی، هێماخوازی، قوتابخانەی دڕندەگەری، قوتابخانەی کۆبیزم، قوتابخانەی ئەبستراکت، بزووتنەوەی دادایزم، قوتابخانەی سوریالیزم، بزووتنەوە تازەکانی هونەر)، لەناو ئەم تایتڵە سەرەکیانەدا زۆر بە وردی نووسەر ئاماژەی بە دەستپێک و ساڵ و تێزەکانی ڕابەرانی ئەو قوتابخانە و سەردەمانەدا وەک چۆن توانیوێتی لە دووتوێی 615 لاپەڕە مێژوویەک بە خوێنەر ئاشنا بکات.
لە بەشێکی تردا نووسەر دەڵێت: (لە هەندێ شوێندا بە تایبەتی دروستبوونی ئیمپڕاتۆرییە شارستانییەکانی ناوچەکانی میزوپۆتامیا و زاگرۆس و دەوروبەری، هەوڵم داوە زیاتر ورد بم و زۆرتر سەرچاوەی نزیک بەکار بهێنم)، واتا بایەخێکی گرنگ دراوە بە مێژووی هونەر لەناو دەوڵەتی میدیا وەکوو گەورەترین دەسەڵاتی کورد کە داخۆ هونەر لەناو ئەم تەمەنەی دەسەڵاتی کوردیدا چی بووە کە کەمترین زانیاریی لەسەر هەیە، بەڵام نووسەر توانیویەتی زۆرترین سەرچاوە بکاتە هۆکار بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین زانیارییە پشت ڕاستکراوەکان، کە لەسەر ئاستێکی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی تۆمار کراوە، لە هەمان کاتدا بوونی وێنەی گونجاو کە دەبێتە ناساندن و ئاشناکردنێکی زیاتری وشەکانی ناو کتێبەکە.
نووسەر لەم کتێبەدا توانیوێتی زۆر ورد کار لەسەر زۆر سەردەم و قۆناغی ناو مێژوو، یان تەمەنە جیاوازەکانی هونەر بکات، هەر لە قۆناغەکانی سەرەتا تاکوو پۆستمۆدێرنیزم، کە هەمووی ژمارەیەکی زۆر زانیاریی بە زمانی کوردی نەبیستراو و نەبینراوە، بەم شێوەیە کۆ کرابێتەوە و بەشێکی ئەکادیمی پۆلێنەکانی ئەم تەمەنەی ڕیزبەند کردبێت.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی ئەم چاپکراوە وەکوو یەکێک لە چاپکراوە بڕواپێکراو و متمانەپێکراوەکانی هونەر لەناو زانکۆ و پەیمانگەکاندا وەکوو سەرچاوە بخوێندرێت و سوودی لێ ببینرێت، چونکە تا ئێستا ئەم پلەبەندییە لە کتێبخانەی کوردیدا بە دی نەکراوە، کە دڵنیام ئەو ناوەندانە زۆر پێویستیانە، بەم جۆرە چاپکراوانە هەیە و ئاسانکارییەکی زۆرە لە یەک کاتدا بۆ مامۆستا و خوێندکارانیش.
نووسەر (حەمە هاشم)، ساڵی 1973 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، خاوەنی چەندین بابەتی هونەرییە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ئەندامی بۆردی هەڵسەنگاندنی هونەری وان بووە لە ڕێکخراوی یونسکۆ، خاوەنی چەندین کتێبی هونەرییە.
ناوی کتێب: مێژووی هونەر، مێژووی مرۆڤ
نووسەر: حەمە هاشم
بابەت: هونەری
نۆبەتی چاپ: یەکەم 2025
چاپکراوی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین، هەولێر