نووسینی : جەبار جەمال غەریب
خوێندنەوەی : لۆڤان عومەر

بۆ ئەوەی خوێنەر بانگهێشتی سەر خوانی ئەم ڕۆمانە بکەم، بە پێویستی دەزانم ”زمان” وەک شاڕەگەزی ئەم دەقە بکەمە دەستپێک، چونکە زمان هەم لە دنیای ڕۆماندا بایەخێکی بنەڕەتیی هەیە، هەم لەم بەرهەمەشدا ئاوڕێکی جدی لێ دراوەتەوە.
ئایا زمان تەنها ئامرازێکە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان، یان خودی چیرۆکەکەیە؟ بێگومان لەو ڕۆمانانەدا کە زمان دەبێتە چەق، چیرۆکەکە لە دەرەوەی زمان بوونی نابێت. واتا زمان پایەی چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو خۆی مەبەست و سەنتەری سەرەکییە. بۆ ئەوەی خوێنەر لە ڕووداو و کەسایەتییەکان تێبگات، دەبێت لەو زمانە تێبگات کە نووسەر وەک ستراتیژ کاری لەسەر کردووە.
زمان بۆ خوێنەر گرنگییەکی زۆری هەیە. زمان دەرگا بەسەر دەلالەتی دیکە و مەودای دیکەدا دەکاتەوە. زمانێکی ڕووکەش کە ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، ناتوانێت وا لە خوێنەر بکات توێژاڵەکانی سەرەوەی ڕووداوەکە هەڵبداتەوە، بەڵام زمانێک کە لە ناخی ڕووداوەکانەوە دەخوڵقێت، خوێنەر ڕادەچەنێت و ناچاری بیرکردنەوەی دەکات. هەر لێرەشەوە فراوانکردنی زمان بۆ خوێنەری کورد دەردەکەوێت. پێویستە کورد بیر لە زمانێکی دیکە (جگە لە زمانی سیاسی) بکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دنیادا، هەروەها بۆ ڕاچەنینی دنیا سەبارەت بەو تاوانە گەورانەی بەرانبەری کراوە. ئەدەب و هونەر ئەو توانایەیان هەیە هەم خۆیان لە جیهاندا جێ بکەنەوە، هەم جیهان بهێننە ناو خۆیانەوە و لەگەڵیدا بژین.
ڕۆمانی ”میراتگرانی عەشق” ڕۆمانێکی نوێیە لە نووسینی جەمال جەبار غەریب، بە زمانێکی جوان چەند ڕەهەندێکی گرنگی نەتەوەیی لە قۆناغێکی مێژوویی کورددا دەگێڕێتەوە. تێکەڵکردنی پرسی عەشق و پرسی نەتەوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا بایەخێکی گەورەی هەیە. چەندین دەقی ئەدەبیمان هەیە ئەم دوو دنیایە ئاوێتە دەکەن، بەڵام زۆرینەیان: عاشقان هەم عاشقی یەکترن، هەم عاشقی نیشتمان. ئەوان خۆشەویستیی یار و خۆشەویستیی نیشتمانیان بۆ جیا ناکرێتەوە، ئەوان هەم خۆشەویستی دەکەن، هەم شۆڕش، دەستێکیان لە دەستی یاردا و ئەوی تریان تفەنگ، بەڵام لەم ڕۆمانەدا نووسەر ژیانی دوو کارەکتەرمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ویستێکیان نییە تێکەڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان ببن، تەنها ژیانێکی سادەی خۆیان دەوێت و هیچی دیکە، بەڵام بەعس وەک ڕژێمێکی فاشی، نەک تەنها کێشەی لەگەڵ شۆڕشگێڕاندا هەیە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ پرسی کورددا هەیە وەک نەژاد، واتا ڕۆمانەکە هەوڵێکە بۆ ڕەخنەکردنی ئەو تێگەیشتنەی بەشێک لە خەڵکی سادەی کورد هەیانە، گوایە گەر تۆ لە ڕۆژگاری بەعسدا بژیایتایە و سیاسەتت نەکردایە، ئەوا بەعس هیچ کێشەیەکی لەگەڵ تۆدا نەبوو و ڕێگەی دەدایت ژیانی ئاسایی خۆت بژیت.
هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دنیادا یەک زمان و یەک ڕێگە نییە، بۆ نموونە؛ ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا زمانێکی شیعری و عاشقانە بەکار دەهێنێت بۆ جیاکردنەوەی دنیاکەی لەگەڵ بەعسدا. وەک ئەوەی بڵێت ئەمەیە دنیای کورد، ئەمەیە زمانی کورد، ئەو دنیایەش کە بەعس وێنای دەکرد، ئەو ڕووداوە توندوتیژییانە بوو کە لە چارەکەی کۆتایی سەدەی پێشوودا تێیدا ژیاین، لە بەرانبەردا نووسەر دنیایەکی دیکەمان لە ڕۆمانی میراتگرانی عەشقدا پیشان دەدات، کە هیچ ناچێتەوە سەر ئەو دنیایەی کە بەعس هەیبوو.
ڕۆماننووس جەمال جەبار غەریب بە هۆکارێکی گرنگ ڕەگەزی زمانی لە ڕۆمانەکەدا کردووەتە شاڕەگەزی ڕۆمانەکەی، ئەویش ئەو گرنگی و بایەخە زۆرەیە کە ”زمان” لە پەیوەندیی عەشقاندا هەیەتی. بەوەدا ڕۆمانەکە خۆی لەسەر پێچاوپێچەکانی عەشق، زمانی عەشق، دڵەخورپەکانی، قەلەقییەکانی، خرۆشەکانی، نیگەرانییەکانی… هەر بۆیە زمانیش لە ڕۆمانەکەدا لە هەر ڕەگەزێکی دیکە بەبایەخترە.
ڕۆماننووس بە زمانێکی شیعری، دنیایەکی پڕتراژیدیمان پیشان دەدات. زمانێک کە جیاوازە لەو زمانە ئاساییەی ڕۆژانە بەکار دەبرێت، زمانێک نا کە وێنەیەک دەهێنێت و وەک خۆی پیشانمان دەداتەوە؛ زمان لەم ڕۆمانەدا وێنەیەک دەهێنێت و ڕەهەندە جیاوازەکانیشیمان پیشان دەدات. وەک کامێرایەک لە فیلمێکدا، لە چەندین گۆشەوە کارەکتەرێک یان ڕووداوێکمان پیشان دەدات، زمانیش بە هەمان شێوە لە چەندین گۆشەوە ڕووداوەکانمان پیشان دەدات.
لە ڕۆمانەکەدا وێنەیەک هەیە، کە باوکێک لە بەردەم کوڕە بریندارەکەیدا تاساو وەستاوە، ئەم وێنەیە چەندین لاپەڕە دەخایەنێت. لەوێدا زمان چەندین گۆشەی جیاوازی وێنەکەمان پیشان دەدات، زمان دەچێتە ناو ناخی باوک و کوڕەکەش، دەروونی ئەم کارەکتەرانەمان پیشان دەدات کە لە چ دۆخێکدان، ئەمەیە ئەرکی زمان لەناو ئەدەبیاتدا کە لە گێڕانەوەیەکی مێژووییدا ناتوانین بیبینین.
لە ڕۆمانەکەدا ئێمە چەندین جار و لە چەندین شوێن و کاتی جیاوازدا ڕستەی دووبارە دەبیستینەوە، بەڵام ئەم دووبارەهێنانەوەی ڕستە و وشانە بۆ زیاتر جەختکردنەوە، بۆ زیاتر مانەوەی خوێنەرە لەسەر ئەو ڕستەیە (واتا ئەو دۆخەی کە باس کراوە)، هەروەها بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو ژینگەیەیە کە ڕستەکەی تێدا گوتراوە، چونکە زۆر جار لە دووبارەهێنانەوەی ڕستەی کارەکتەرێک لە بەشێکی دیکەی ڕۆمانەکەدا، نووسەر شتێکی دیکەی کاتی گوتنی ئەو ڕستەیەمان پێ دەڵێت. هەروەک عاشقان خۆیشیان کە بەردەوام پێویستیان بە دووپاتکردنەوە هەیە، شەڕ دەکەن ئەگەر یارەکەیان هەموو ڕۆژێک بەیانی باشی لێ نەکات، پێویستیان بە هەزاران بارەکردنەوەی وشەی ”بیرت دەکەم”ە، ملیۆنان بارەکردنەوەی ”خۆشم دەوێیت”ە، چونکە لە ڕاستیدا عاشقان و ڕۆماننووسیش لەم ڕۆمانەدا زۆر باش لە گرنگیی زمان لە بەستێنی خۆیدا تێدەگەن، دەزانن وشە کۆمەڵە دەنگێک نییە وەک دووکەڵی جگەرەیەک لە زار بێتە دەر و پاش کەمێک لە هەوادا ون ببێت. وشەکان دەستیان هەیە و دڵیان هەڵگرتووە و پیشانی بەرانبەری دەدەن، وشەکان پەیامیان بەرز کردووەتەوە و هاواری بۆ دەکەن، وشەکان هەستن، خوێنن و لێدانی ترپەی دڵن کە بۆ ئەو هەڵدەپەڕێت. وشە تەنها وشە نییە، دەریایەک لە ڕەمز و لە ئەگەرە، وشەیەک چۆن موو گرژ دەکات و تەزوو بە جەستەدا دەهێنێت، ئەگەر تەنها دەنگێکی بێبەها بێت؟
لە کۆتاییدا قەرز لە مامۆستا جەمال جەبار غەریب خۆی دەکەم بۆ بانگهێشتی ئێوە بۆ خوێندنەوە، ئەو لە پۆدکاستێکی ڕادیۆی ڕووداودا دەڵێت: ”من بۆ کەسێکی تایبەت نانووسم، من بۆ خوێنەرێکی تایبەت دەنووسم، کە سەرکێشە و حەز بە زمان و فەنتازیا و خەیاڵی جیاواز دەکات، دوا جار خۆیشی دەگات بە حاڵەتێکی شیعری و کتێبەکەم هەڵدەدات، کتێبەکەم فڕێ دەداتە ناو لافاوێک لە خوێن، کە بێگومان خوێنی دڵێتی. من بۆ هەر ڕۆمانێک، تاکە خوێنەرێکی وەهام هەبێت، کە لە دڵەوە هەست بە وجوودی ڕۆمانەکە بکات، دەتوانم درێژە بە نووسین بدەم”.