نووسینی : دانا ڕەئووف

خوێندنەوەی : کامەران سوبحان

پێشەکی
ناونیشانی سەرەکیی ئەم نووسینە: “چاوەڕوانی لە نێوان خۆڵەمێش و ئازادیدا”، هێمایە بۆ شانۆنامەی «مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان». پێش ئەوەی باس لە تایبەتمەندیی ناونیشانی شانۆنامەکە بکەین، ئاماژەیەکی خێرا بە کارەکتەر و گێڕانەوەی چیرۆکی شانۆنامەکە دەکەین، کە پێنج کارەکتەری سەرەکی و دوو کارەکتەری لاوەکی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن،* ڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەناو کەشێکی تاریک و پووچگەراییدا ڕوو دەدەن.
پێنج زیندانی بە چاوەڕوانی و گفتوگۆی بەردەوام، کاتی خۆیان بەسەر دەبەن. دوو پاسەوانی زیندان، لە بەشێکی شانۆییەکەدا ڕۆڵ دەگێڕن لە خولقاندن و ئاڕاستەکردنی ڕووداوی شانۆنامەکەدا. کە باس لە ڕووداوی شانۆییەکە دەکەین، مەبەستمانە دیمەنی شانۆنامەیەکی ناڕیالیزمیانەی ئەپسۆردانە دەربخەین، کە بە پێچەوانەی شانۆی باو، تێکست، ڕووداو، دیمەن بونیادی کارەکتەر لەسەر هەڕەمی گێڕانەوەی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بونیاد نەنراوە. بەڵکوو ستراکتۆری گشتیی شانۆنامەکە، بە کارەکتەر و ڕووداو و کەشی گشتییش لە بازنەیەکی دووبارەبوونەوەی وشە و دیالۆگی دووبارە دەسووڕێتەوە و هەستی وەستانی کات دروست دەکەن. ئەم شێوازە لە شانۆنامە، لە تایبەتمەندییەکانی شانۆی (ئەپسۆرد/پووچگەرایی)یە.
شانۆی ئەپسوورد، یەکێکە لە گرنگترین ئاراستە ئەدەبییەکانی سەدەی بیستەم، کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی سەری هەڵدا. ئەم جۆرە شانۆیە هەوڵ دەدات بێمانایی ژیان، نامۆیی مرۆڤ و شکستەکانی زمان لە گەیاندنی ڕاستی نمایش بکات.
شانۆنامەی «مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان»، بونیادی کارەکتەر و کەشی گشتی و ڕووداوەکانی بە هەمان ستایل بونیاد نراوە. شانۆنامەکە هەوڵ دەدات خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی بۆ مرۆڤ بکات.
نووسەر لە ڕێگەی پێنج کارەکتەری سەرەکی لە زیندانەوە، پرسیار لەسەر ئازادی و شوناس و چارەنووس و بوونی مرۆڤ دەکات.
ناونیشانی دەق و هێمای زیندان
زیندان، لەم شانۆنامەدا شوێنێکی فیزیکییە و هەموو ڕووداوەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی لەوێدا ڕوو دەدەن، بەڵام بە خوێندنەوەی دیالۆگی کارەکتەرەکان، دەتوانرێت زیندان وەک هێمای گۆمەڵگەی ئەمڕۆی مرۆیی ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەوەی دەخوێنرێتەوە نووسەر دەیەوێت وا نیشان بدات کە کارەکتەرەکانی لە دیوارەکانی زینداندا بەند نین، بەڵکوو لە سنوورە هزریی و دەروونییەکانی خۆشیاندا زیندانن و ناتوانن لێی دەرباز بن. بە جۆرێک زیندان بووە بە گرێی کارەکتەرەکان خەون بەوەوە دەبینن ساتێک لەو زیندانە ڕزگاریان بێت بۆ ئەوەی لە زیندان و دەرگا داخراوەکانی ماڵەوەش تێک بشکێنن.

خڕە: لەم زیندانە بچمە دەرەوە هەرچی دەرگای ماڵەکەم هەیە لەبنەوە دەریدێنم، هەموو دەرگاکانی ماڵەکەم تێک دەشکێنم، ڕقم لە دەرگا دەبێتەوە، ناتوانم چیتر دەرگا داخراوەکان ببینم!
ئەمە دیالۆگی کارەکتەرێکی شانۆنامەکەیە، بە ڕوونی ئەو هێمایە دەدات کە ماڵ و زیندان و ژیان یەک شتن، هەموویان دەرگایان بە ڕووی مرۆڤدا داخستووە!
ناونیشانی شانۆنامەکەش «مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان» لە هەمان بیرکردنەوەی کارەکتەرەکانەوە هاتووە، وەک هێمایەک لەژێر ئەو ناونیشانەدا داڕێژراوەتەوە.
(خۆڵەمێش) ئەنجامی سووتانە؛ دار کە هێزی پێشووی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بە پاشماوەیەکی بێسوود!
کارەکتەرەکان ماون، دەدوێن هاوار دەکەن، گۆرانی دەڵێن، بەڵام بوونەتە خۆڵەمێش و هێزی مرۆڤبوونیان لەدەست داوە و لەژێر فشاری ژیاندا تێک شکاون، بەڵام تەواو نەفەوتاون. ئەوان لە نێوان هیوا و ناڕەزایی، بوون و نەبوون، مانا و بێماناییەکی بەردەوامدا دەژین.
بونیادی کارەکتەر و هەڵهاتن لە چارەنووس
لەم شانۆنامەیەدا کارەکتەرەکان کەسایەتییەکی تەواو ڕیالیستی نین، ڕاستە هەریەکەیان پیشە و ناو و تەمەن و چیرۆکی تایبەتی خۆیان لە ژیاندا هەیە، بەڵام ئەو خەون و هیوایەی هەیانە بۆ دەرەوەی زیندان زۆر جیاوازە لە کارەکتەرێکی نێو واقیع کە لە زینداندا بێت. ئەوان هێندەی کۆیلەی کات و ڕووداو و چارەنووسیانن، کەمتر هەڵگری شوناس و مێژوویەکی دیاریکراون، بۆیە بەردەوام شەڕی کات و بوونیان دەکەن.
یادگار
لێرە هیچ کاتێک نییە، ئێمە لە دەرەوەی کاتەوە دەژین. کاتێک بەر لە هاتنمان بۆ ئێرە هەبوو، ئێمە لە نێوان ئاییندە و ڕابردوودا دەژین.
ئەم پێنج کارەکتەرە سەرەکییەی نێو ئەم شانۆگەرییە، هەندێکیان هیوا بە گۆڕانی ژیان و بیرکردنەوە و ڕووداوەکانی نێو زیندان دەبینن، هەندێکی تریان تەسلیمی چارەنووس و چاوەڕوانی ڕووداوەکان دەکەن و چۆکیان داداوە. هەندێکیشیان بە گفتوگۆ و خەیاڵ و قسەی پچڕ پچڕ و بێ مانا، هەوڵی هەڵهاتن لە ڕاستی دەدەن. لەبەر ئەوە کارەکتەرەکان نوێنەری مرۆڤی جیاوازن، بەرامبەر بە بێمانایی ژیان و بوون و چارەنووسیان.
زمان و سیمای کارەکتەر لە شانۆنامەکەدا
زمانی شانۆنامەکە لەگەڵ سروشتی ئەپسووردی دەقەکە یەک دەگرێتەوە. دیالۆگەکان زۆر جار بازنەیی و دووبارە کراونەتەوە و هەندێ جاریش بەبێ ئەنجام کۆتاییان دێت. ئەمە ئاماژەیە بەوەی زمان ناتوانێت هەمیشە مانا بە تەواوی بگوازێتەوە. لە هەمان کاتدا دووبارەبوونەوەی وتە و دەربڕینەکان هەستی بێدەرەتانی و وەستانی کات بەهێز دەکات. زۆر جاریش بە قسەی قۆڕ و گۆرانی و ڕستەی جیاواز هەر کارەکتەرێک گوزارشت لەو بێمانایییە دەکات ڕووداوکان بەرەو پووچگەرایی دەبات.

کارەکتەرەکانی شانۆنامەکە، هەرچەندە وەک پێنج زیندانی ناسێنراون، بەڵام دەکرێت ئەو خوێندنەوەیەش بکەین کە ئەم پێنج زیندانییە، لە بنەڕەتدا یەک کەسن و گوزارشت لە پێنج هەست و پێنج قۆناغی جیاوازی مرۆڤێک بکەن کە لە ئەنجامی زیندانیکردندا بەسەری هاتووە!
ئەو پێنج کارەکتەرە، پێنج ڕووخساری جیاوازن، هەر یەکێکیان شێوازێکی تایبەتی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مانا و تایبەتمەندییەکانی زیندان؛ یەکێک هیوای بە ئازادبوون هەیە، یەکێکی تر تەسلیم بووە، هەندێکیشیان بە گفتوگۆ و خەیاڵ هەوڵی تێپەڕاندنی کات دەدەن.

کاکەسوور: تەمەنی ٣٥ ساڵ
سابیر تەمەنی ٤٠ ساڵ
عەزیز تەمەنی ٤٥ ساڵ
خڕە تەمەنی ٣٠ ساڵ
یادگار تەمەنی ٢٥ ساڵ
پاسەوانی یەکەمی زیندان
پاسەوانی دووەمی زیندان.

مرۆڤە خۆڵەمێشییەکان، نووسینی: دانا ڕەئووف، بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕەهەند و ناوەندی کەپر