نووسینی : شێرکۆ وەهبی
خوێندنەوەی : ئاراس وەلی

ئەم کتێبە هەوڵێکی جددیی زانستیانەیە بۆ خوێندنەوە و شرۆڤەکاریی ورد، دەربارەی تیۆری دروستبوونی گەردوون و ژیانی مرۆڤ لە سیاقێکی مێژوویی زانستیدا.
ئەم کتێبە لە کتێبخانەی کوردیدا نموونەی کەمە (ئەگەر بڵێم نموونەی هەر نییە، زێدەڕۆییم نەکردووە!) بە تایبەتی لە زمانی نووسین و هاوکێشە و بابەت و بۆچوونەکانیدا.
ناوەڕۆکی باسەکانی کتێبەکە زۆر و پڕ بایەخن، تژین لە زانیاریی پڕ سوود. لە هەر ٥٣ بەشەکەیدا خوێنەر ئاشنا دەکات بە زانیاریی گشتی و تیۆرییە هەمەجۆرەکان لەمەڕ بوونی ئێمەی کورد و هۆکارە بنەڕەتییەکانی دواکەوتوویی و چەقبەستنمان لەنێو دنیای پڕ وەهم و خورافەتدا.
لە سەرەتای بەشی یەکەمدا لە باسی (گەردوون)ەوە دەست پێ دەکات، باس لەو زانینانە دەکات کە چەند گرنگە مرۆڤ لەبارەی گەردوون و درووستبوون و پێگە گرنگەکەیەوە بیانزانێت. دواتر باس لە زەمین و کارەساتە سروشتییەکان و سەرهەڵدانی ژیانی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی دەکات. بێگومان چیرۆکی ژیانی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی چیرۆکێکی درێژە و نووسەر لە ڕەهەندێکی گرنگی زانستی و لۆژیکی شرۆڤەی کردووە.
نووسەری کتێبەکە، لە سەرهەڵدانی ژیان لەسەر گۆی زەوییەوە، خوێنەر پەلکێش دەکات بۆ تیۆری پەرەسەندن و مێشک و هۆڕمۆنەکان و کاریگەرییان لەسەر سروشتی مرۆڤ و بیرکردنەوە و چۆنیەتیی گەشەکردنی، تا دەگاتە دروستبوون و گەشەسەندی شارستانیەتە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی لەسەر هەسارەی زەوی.
ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی، بە کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازدا ڕۆشتووە و تا گەشەی کردووە و گەیشتووەتە ئاستی ئێستای. بە تایبەتییش ئەو گەشەسەندنە لە شۆڕشی کشوکاڵی و نیشتەجێبوون و دروستبوونی خێڵ و نەتەوەکان و نیشتمانە جیاوازەکانەوە دەست پێ دەکات، تا گەیشتنە قۆناغی تەکنەلۆژیا و سەردەمی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
لەم نێوەندەشدا ئەم کتێبە لەسەر هەموو ئەو چەمک و قۆناغانە دەوەستێت کە لەو شارستایەتە جیاوازانەدا سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە تایبەتییش پەیدابوون و گەشەسەندن و گۆڕانکاریی لە سیستەمی خێڵ و نەتەوە و نیشتمان تا پەیدابوونی کولتووری مرۆڤ و سەرهەڵدانی ئایین و درووستبوونی مۆڕاڵ و پەیدابوونی ڕۆشنگەریی لەسەر دەستی مرۆڤ.
بەدەر لەم بەشانە، کتێبەکە هەڵوەستەی لەسەر زۆر چەمک و بیرکردنەوەی ترەوە کردووە کە لەناو پێکهاتەی گەردوونەوە گەشەیان کردووە.
هەر بەشێکی کتێبەکە دەرگایەکمان بۆ واڵا دەکات لەم دنیا و هەسارەیەماندا، زانین و زانیاریەکانمان دەوڵەمەندتر دەکات. لێرەولەوێش پرسی کوردبوون و ئینسانیبوونمان تێهەڵکێشی هەموو مێژووی مرۆڤایەتی دەکات. بە ڕای من ئەمە یەکێکی ترە لە لایەنە گەشەکانی ئەم کتێبە زانستی و هزرییە.
لە گۆشەیەکی ترەوە، کتێبەکە بایەخێکی زێدە گرنگ بە پرسی ژن، منداڵ، ژینگە، پەروەردە و زۆر لایەنی تریش دەدات، بێگومان ئەمانەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر بونیادنانی شارستانیەتی مرۆیی هەیە، چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستا.
شێرکۆ وەهبی، نووسەری کتێبەکە، لەم کتێبەدا لە ئەزموونی خودی خۆیەوە کۆمەڵێ بەرەنجاممان دەخاتە بەردەست. کە ڕەنگە پێشتر کەم کەس پێی گەیشتبێت. ئەمەش بەرەنجامی بیرکردنەوە و تێڕامانی قووڵی خۆیەتی لە مرۆڤ و پێکهاتە و خولیاکانی. بۆ نموونە؛ ئەو پێی وایە ئێمە بەخێو کراوین، پەروەردە نەکراوین!
نووسەر، پرسی گرنگیی (هۆشیاری- ئاگایی) بە وردی شی دەکاتەوە و هاوکات لە سەردەمی سەرەتاییەوە تا سەردەمی سۆشیال میدیا، تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵگای کوردەواری… پرسیاری زۆر جددیمان لا دروست دەکات سەبارەت بە هۆشیاری و بوون و بیرکردنەوەمان.
بە وردی و بە ئاگاییەوە کتێبەکەم خوێندەوە. گەلێک پرسی گرنگ و جددیم لا دروست بوو، گەلێک وەڵامی دروستم بۆ زۆرێک لەو پرسیارە پڕ لە گرێکوێرانە دەست کەوت.
هەر لە مێژووی ئەتککراوی عێراقەوە بۆ سەرکردەی کاریزمی و گیرخواردن لە ڕابوردوودا و… هتد.
لە دوا بەشی کتێبەکەدا، شێرکۆ وەهبی، زۆر ورد و قووڵ پەیوەستبوونی مرۆڤ و سروشت تێکەڵ بە ئاگایی و ڕۆح دەکات… ئەو دەنووسێت: “من وەستای سروشت نیم. من بۆ ئەوە دروست نەبووم کە ماڵیی بکەم، بیپێوم، یان بەکاری بهێنم. من بانگ کراوم بۆ ئەوەی گوێی بۆ هەڵخەم، بۆیە بە وریاییەوە دەڕۆم بۆ بەشداریکردن، چونکە لە هەموو بەردێکدا، لە هەموو دارێکدا، لە هەموو ئەستێرەیەکی خامۆشدا، شتێکی گەورەتر لە من دەژی- لەوەشدا منی لەگەڵدام…”.
دوا بەشەکانی کتێبەی تەرخان کردووە بۆ وردبوونەوە و شیکاریی یاسا و ڕێسا و قوربانی و تاوانکار و سەرهەڵدانی توندەڕۆیی و هۆکار و پاڵنەرە سایکۆلۆژییەکانی، دوا بەش و دوا پەڕەگرافی کتێبەکەی پوخت کردووەتەوە لە دەرەنجام، ئەو دەرەنجامانەی نووسەر لەم کتێبەوە پێیان گەیشتووە.
کتێبی لە خۆڵەمێشەوە بۆ ناو ئاگر، گەشتێکی زانستی لە دروستبوونی گەردوونەوە بۆ پەیدابوونی شارستانی
نووسینی شێرکۆ وەهبی
چاپخانەی پیرەمێرد/ سلێمانی ٢٠٢٥