نووسینی : ڕەزا عەلی پوور

خوێندنەوەی : جەواد حەیدەری

ئەم ڕۆمانە “لەوێ مەمرە”، شاعیر و ڕۆماننووسی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “ڕەزا عەلی پوور” نووسیویەتی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی کردۆتەوە، عەلی پوور خاوەنی هەشت بەرهەمی چاپکراوە کە دووانیان ڕۆمانن.
ئێمە لێرەدا لە چاو بەرهەمەکانی دیکەی نووسەر و تەنانەت بەرهەمی نووسەرانی دیکەشدا بەرەوڕووی دەقێکی جیاواز دەبینین، ئەویش ئەوەیە کە نووسەر دەیەوێت باس لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین قۆناغێک لە قۆناغەکان لە مێژووی هاوچەرخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئێران بکات، بە شێوەیەک لە شێوەکان دەیەوێت ئەو ڕووداوانەی لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە دوای 1979ی ئێران و شەڕی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق و هەروەها دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەڕی نێوان سوپای ئێران و هێزە کوردییەکان بگێڕێتەوە، ئەویش بە شێوەیەکی پۆست مۆدێرن و بە سوودوەرگرتن لە ژانری ئەدەبی بە تایبەتی ڕۆمان، دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوەی مێژوو لە بیری بچێت ڕۆمان بۆمان دەگێڕێتەوە.
ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لەو ڕۆمانەدا سێ خاڵە:
خاڵی یەکەم؛ زەمەن، نووسەر پشت بە یادگەی ناخودئاگا دەبەستێت و زەمەن لای ئەو یەک هێڵی ڕاست نییە، بەڵکوو زەمەن پارچەپارچەیە و نووسەر لەناو ڕۆمانەکەدا دەیەوێت لە کۆتاییدا هەموو ئەو پارچەپارچانە کۆ بکاتەوە و وێنە گەورەکە نیشان بدات. ئەگەر لای جەیمس جۆیس زەمەن ڕابردوو نەبێت و ئێستا بێت، لە ڕۆمانەکەی عەلی پوور زەمەن ڕابردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و بە شێوەیەک لە شێوەکان زەمەن لەو ڕۆمانەدا قابیلی کۆنتڕۆڵ نییە و گرنگیی ڕۆمانەکە لە ڕووی زەمەنەوە ئەوەیە کە بەدوای یەک هێڵی زەمەنییەوە نییە.
خاڵی دووەم: شوێنە، لە ڕۆمانی کلاسیکدا شوێن کاریگەرییەکی زۆری بەسەر دەقەوە هەیە و هۆکاری یەکگرتوویی و یەککرتنە و نوێنەرایەتی ڕۆحی کولتووری دەکات و سیمبولی دەسەڵاتی سیاسییە، بەڵام لە ئەدەبی پۆست مۆدێرندا شوێن ئەو کاریگەرییە قورسەی جارانی نییە، شوێن جێی شانازی و شکۆ نییە و ئاسایی دەبێتەوە، لە ئەدەبی پۆست مۆدێرندا زۆرجار شوێن فەزایەکی تاریک و خەفەی هەیە و هەر کەس بچێتە ناو ئەو فەزایە لێی نایەتە دەر و بە گشتی لە سیستمی تۆتالیتاری بێزارە کە لە ڕۆمانەکەی عەلی پوور ئەوە بە تەواوەتی دەبینرێت بە تایبەت ئەوکاتە کە باسی شەڕی سنە دەکات، نووسەر لەو ڕۆمانەدا یاخییە و بزێو و تا ڕادەیەکیش نائومێدە.
خاڵی سێیەم، ئەکتەرە، لەم ڕۆمانەدا بە پێچەوانەی ڕۆمانی کلاسیک کەسێتی مرۆڤ یەک، یەکەی یەکپارچە نییە و پارچە پارچەیە، یادگەی مرۆڤ یادگەیەکی ناخودئاگایە و لە ڕابردووی خۆیدایە. نووسەر لە ڕۆمانەکەی تا چەندین ئەکتەر هەن کە لە دیالۆگەکان دەردەکەوێ کە هەرکامیان شتەکان بە جۆرێک دەبینن و یەکپارچەیی لە بینین دا نییە، شتەکان هەمەجۆرن. لە ڕۆمانەکە حەقیقەت لای نووسەر نییە و نووسەر بە نیازە حەقیقەت بدۆزێتەوە و کەشفی بکات، لای نووسەر جیهان لەبری ئەوەی جیهانێکی عەینی بێت جیهانێکی ناعەینییە و زیاتر گرنگی بە ناخی مرۆڤەکان دەدات نە دەرەوەی مرۆڤ.
عەلی پوور لە ڕۆمانەکەیدا باس لە ڕووداوەکانی شاری سنە و پەیوەندییە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و سنە لە ساڵی 1980 تا 2011 دەکات، هەر لە شەڕی ناوەند لەگەڵ سنە، کوشتن و بڕین و گرانی و نەهامەتی و جەنگ و برسێتی و نەبوونی و هەژاری و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕووداوەکان بە شێوەی زنجیرە چیرۆکی لە یەکتر دانەبڕاو دەگێڕێتەوە و ئەو تەنها چیرۆک و مێژوو ناگێڕێتەوە، بەڵکوو ئەو دۆخە باس دەکات کە هەموویان هەستی پێدەکەن و تێیدا دەژین، ئەو گێڕانەوانە بە شێوەیەکە کە لۆژیک و مەنتق لەبری ئیحساس زاڵە و نووسەر خۆی لەوە بواردووە کە لایەنگیرانە باسیان بکات، بەڵکوو وەک خۆی بەبێ ئەوەی لێی زیاد و کەم بکات.
لێرەدا من بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیم ئاماژە بە هیچ کۆد و ڕەمز و پەسوۆردێکی ڕۆمانەکە بکەم بۆ ئەوەی لە سیحری خوێندەوەکەی کەم نەبێتەوە و خوێنەر بە چاوی منەوە سەیری نەکات، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە زەمەن، شوێن و ئەکتەر و سیاسەت و مێژوو ڕۆڵی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا دەبینن، بە ڕای من ڕۆمانەکە زۆر فرەڕەهەندە و تەنها یەک لە گۆشەنیگاوە سەیری ڕووداوەکان و کەسەکان ناکات و دیکتاتۆرییەتی نووسەر لەناو دەقەکەدا نابینرێت، بە شێوەیەک کە ئەکتەرەکانی ناو دەقەکە خۆیان سەربەستن و هەرکامیان بە ئازادی دەتوانن گفتوگۆ و هەڵسوکەوت بکەن. نووسەر زۆر سوودی لە خەسڵەتی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن وەرگرتووە و نەویستوویەتی بە شێوەیەکی کلاسیک و تەنانەت مۆدێرنیش ڕووداوەکان بگێڕێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕۆمانە ڕێگریکردنە لە فەرامۆشی، نووسەر مەبەستی نییە کە ڕووداوەکان چۆن بوون، بەڵکوو مەبەستێتی کە ڕووداوەکان لە فەرامۆشی و بێدەنگی ڕزگار بکات و ڕێگە نەدا تۆزی فەرامۆشی و لەبیرچوونەوە بەسەر ڕووداوەکان بنیشێت. هەرچەندە لەوانەیە هەندێک لە یادەوەرییەکان لە بیر چووبێتنەوە یان کەسەکان بە ئەنقەست نەیدرکێنن، بەڵام بە گشتی ڕۆمانەکە باس لە پەیوەندیی نێوان یادەوەری و دەسەڵات دەکات. ئەوەی لێرە پێویستە باسی بکەم لەم ڕۆمانەدا هیچ شتێکی زیادی نییە و هەموو شتێ هەر لە مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری هەر لە شەقام و دوکان و کۆڵان و مرۆڤ و کافتریا و جەنگ و ماددەی هۆشبەرە و تەقە و سروود، ترس، برسێتی، نەداری، بێباکی… هەموویان بە شێوەیەکی چالاک ئامادەن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە کە وەسف بەپێی پێویست کراوە و نووسەر درێژەدادڕی نەکردووە و هەر شتێ بە ئەندازەی خۆی هەقی پێداوە و هیچ شتێکی بەسەر ئەوی دیدا فەرز نەکردووە. هەرچەندە ڕۆمانەکە باس لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و زەمەن و شوێنێکی دیاریکراو دەکات و زیاتر شتێکی لۆکاڵی و ناوچەییە، بەڵام دەتوانێت ئەو سنوورەکە تێپەڕێنێت و ببێتە شتێکی نالۆکاڵی.
نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا زۆر بە باشی سوودی لە زانستی کۆمەڵناسی و سیاسی و تەنانەت دەروونناسی وەرگرتووە، خۆی زۆر بە باشی لە ڕاستەهێڵی و چەقبەستوویی گێڕانەوەی مێژوو بە شێوە باوەکەی دوور خستۆتەوە و بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی و پۆست مۆدێرنانە شتەکان وەک خۆی باس دەکات، بەبێ ئەوەی کە دادوەری بکات و فتوا دەربکات. لە کۆتاییشدا دەڵێم؛ زمانی ڕۆمانەکە سادەیە، بەڵام وەک ئایدیا و خەیاڵ قووڵە. ڕەزا عەلی پوورر پێشتریش ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەلف/یا) بڵاو کردووەتەوە.