نووسینی : خالید سلێمان
خوێندنەوەی : غازی محەمەد

گۆڕانی کەشوهەوا لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو لەسەر ئاستی جیهاندا، بووە بە بابەتێکی جددی و زانستی و گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت، هەم لە ئاستی نووسین و توێژینەوەدا، هەم لە ئاستی پراکتیک و خستنەڕووی مەترسییەکانی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی بەسەر کەشوهەوای جیهاندا هاتووە و دێت، خالید سلێمان لە کتێبێکی ناوازەدا بە ناونیشانی (لێوار، دیوە شاراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا) کە لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمدا چاپ کراوە، بە ڕوونی ئەم دۆخەمان بۆ یەکاڵا دەکاتەوە و دەمانخاتە بەرانبەر بابەتێک کە بە ڕاستی مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاییندەی بەشەرییەت دەورووژێنێت. من خۆم کە کتێبەکەم خوێندەوە ترسێکی ڕاستەقینە دایگرتم.
گۆڕانی مەرجە ژینگەییەکان
دوای زیاتر لە دە هەزار ساڵ لە سەقامگیریی ڕێژەیی، لەناکاو کەشوهەوای زەوی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە دەبینێت، پلەی گەرمیی زەوی بەرز دەبێتەوە و سەرچاوەکانی ئاو کەم دەبنەوە و پانتاییەکانی بەبیابانبوون زیاد دەکات و دارستانە زەبەللاحەکان دەسووتێن، واتە مەرجە ژینگەییەکان بۆ مرۆڤ و سروشت ڕۆڵی جارانیان نامێنێت، دەشێت یەکێک لە هۆکارەکان بریتی بێت لە شۆرشی پیشەسازیی سەدەی هەژدە و بە دیاریکراویش سەدەی نۆزدە، کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پێنج سیستەمی کۆمەڵایەتی-ئابووری دروست کردووە:
١. توانای ژیان و کارکردن
٢. سیستمی خۆراک
٣. سەروەت و سامانی ماددی
٤. خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان
٥. سەرمایەی سروشتی
بەشێک لە توێژینەوەکان بۆ ئەوە دەچن کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا، لە ڕووی مێژووییەوە، دەرئەنجامی سێ فاکتەری سەرەکییە: ١- کۆلۆنیالیزم ٢- شۆڕشی پیشەسازی ٣- کاپیتالیزم. ئەم سێ فاکتەرە یاخود ئەم سێ ڕەهەندەی گۆڕانی کەشوهەوا، بە ئەندازەیەک ئاوێزانی یەکدی بوون کە بەردەوام لە فراوانبووندان، شۆرشی پیشەسازی و سیستمی سەرمایەداری زەوییان گەیاندۆتە خاڵی نەگەڕانەوە لە وێرانکردندا.
لەناوچوونە گشتییەکان
نووسەر لەم کتێبەدا پێنج لەناوچوونی گشتیی جۆرەکان لە مێژووی زەویدا دیاری دەکات، کە لە ئەنجامدا تەنها لە سەدا ٥ی زیندەوەرەکان ماونەتەوە: ١- لەناوەچوونی یەکەم نزیکەی ٤٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش بووە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی زیندەوەرە ئاوییەکان. ٢- لەناوچوونی دووەم نزیکەی ٣٥٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا بووە، کە دیسان زیندەوەرە ئاوییەکانی زەوی لەناو چوون. ٣- لەناوچوونی سێیەم ٢٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە، کە بە گەورەترین لەناوچوون دادەنرێت و هەموو جۆرەکان لەناو چوون. ٤- لەناوچوونی چوارەم ٢١٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ڕووی داوە کە بە چاخی گەشانەوەی دیناسۆرەکان دەناسرێت، ئەگەرچی زۆربەی زیندەوەرە بڕبڕەدارەکان لەناوچوون. ٥- لەناوچوونی پێنجەم پێش ٦٦ ملیۆن ساڵ ڕووی داوە و تەنێکی گەورە بەر زەوی کەوتوووە لە نزیک مەکسیک، کە زۆربەی جۆرەکان فەوتاون و لەو دەمەدا دیناسۆرەکان بەیەکجاری لەناو چوون، بەڵام دوای ئەوە تەقینەوەیەکی بچووک ڕووی داوە و بووتە هۆی ئەوەی ئینسان پتر گەشە بکات و لە ڕاوشکارییەوە بگوازێتەوە بۆ کشتوکاڵی، زانای بەناوبانگی ئەمریکی لویس مۆرگان پێی وایە ڕەگەزی مرۆڤ تاکە بوونەوەرە لەسەر زەوی کە کۆنتڕۆڵی تەواوی خۆراکی کردووە، پێش مرۆڤی هۆشمەند هیچ بوونەوەرێک نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆراک بکات. ئەم گواستنەوەیە لە مرۆڤی گەڕۆک و دێوانەییەوە بۆ نیشتەجێبوونی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە شەو و ڕۆژێکدا ڕووی نەداوە و لەسەر ڕاستەهێڵێکیشدا نەبووە، بەڵکوو ئەم گواستنەوەیە نزیکەی ٧ هەزار ساڵی خایاندووە.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان
مێژوونووسی فەرەنسی “جۆرج مینوا” لە ساڵی ٢٠١١دا کتێبێک چاپ دەکات و کۆمەڵێ زانیاری و ئامار و ژمارەی نائاسایی ئاشکرا دەکات بە چەشنێک مرۆڤایەتی دووچاری سەرسوڕمان دەکات، بەپێی ئەو ژمارانە، وا مەزەندە دەکرێت ژمارەی دانیشتوونی جیهان ٢٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس بووە، کەچی لە کۆتایی ٢٠٢٥دا ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەگاتە پتر لە هەشت ملیار کەس، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠دا ئەو ژمارەیە بگاتە ١٠ ملیار کەس، ئەمە لە کاتێکدایە سەرچاوە سروشتییەکان لە کەمبوونەوەدان، بەگوێرەی تیۆریەکەی تۆماس ماڵتۆس، نابەرانبەرییەکی زۆر لە نێوان سروشت و مرۆڤدا دروست بووە، بەپێی ئەو تیۆرییە گەشەی دانیشتووان خێراترە لە گەشەی سەرچاوە سروشتییەکان.
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ئینسانەکان لە ساڵی ١٨٠٠دا نزیکەی یەک ملیار کەس بووە، لە ساڵی ١٩٧٤دا ژمارەکە ٤ ملیار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەیشتۆتە ٨ ملیار، واتە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا دانیشتووانی جیهان ٥٠% زیادی کردووە، واتە گۆڕانی دیمۆگرافی لە ماوەی ٢٠٠ ساڵدا هەشت هێندە زیادی کردووە.
هەردوو زاراوەی “گەرمبوونی جیهان” و “گۆڕانی کەشوهەوا” دوو زاراوەی جیاوازن و ئاماژەن بۆ کێشەی تایبەت کە سەرچاوەکەیان جیاوازە، کەچی سەرمایەداری ئەم دوو زاراوەیە تێهەڵکێش دەکات بۆ کەمکردنەوەی سەرنج لەسەر پیشەسازی و دەرهێنانی سووتەمەنییەکانی ژێر زەوی کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە تێکدانی بەرگەهەوای زەویدا. لە ڕاستیدا گەرمبوونی جیهان یاخود گەرمبوونی زەوی، کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری لێی بەرپرسیارن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی سروشتییە و بەر لە شۆرشی پیشەسازییش هەر هەبووە.
لەناوچوونی بوونەوەرەکان
بەپێی ئەم کتێبەی نووسەر خالید سلێمان، ئەمرۆ جۆرەکانی شیردەر و باڵندە و وشکاییەکان بە شێوەیەکی دراماتیکی تووشی لەناوچوون دەبن، کە لەوانەیە زاناکان فەوتانێکی پێشوەختەی شەشەم ڕابگەیەنن، لە ٥٠٠ ساڵی پێشوودا مرۆڤایەتی بووە بە هۆکاری لەناوچوونی ٨٦٩ جۆر لە بوونەوەرەکان، خۆ ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا ئێمە لەبەردەم لەناوچوونی شەشەمداین، ئەوەی ئەمرۆ ڕوو دەدات دەرئەنجامی بەرکەوتنی نەیزەکێک نییە بە زەویدا، بەڵکوو دەرئەنجامی پێشکەوتنی شارستانییەتی مرۆڤایەتییە کە دۆخی زەویی گەیاندۆتە ناهەموارییەکی بێوێنە لە مێژوودا. کەواتە مرۆڤ خۆی تا ئەندازەیەکی زۆر بەرپرسیارە لە گەرمبوونی زەوی و لەناوچوونی جۆرەکان. دەشێت “چەکی کۆمەڵکوژی ژینگەیی” جێگەی چەکی ئەتۆمی بگرێتەوە.