نووسینی : موحسین مستەفاپوور
خوێندنەوەی : دێرین حامید

دەقی شانۆیی “قاوەی سوور” لە نووسینی موحسین مستەفاپوور، کە ئیلهامی لە “ژنەکانی بالکان”ی جۆلز تاسکا وەرگرتووە (ل: ١٣)، هەوڵێکی قووڵ و وردە بۆ تێکشکاندنی پێکهاتە باوەکانی شانۆی ئەرستۆیی و تێپەڕاندنی سنوورەکانی ڕیالیزم. نووسەر لەم بەرهەمەدا بە شێوەیەکی ئاگایانە پەنای بۆ تەکنیکەکانی شانۆی ئیپیک بردووە بۆ دروستکردنی “تەکنیکی نامۆکردن”، تاوەکوو لەسەر کارەساتەکانی جەنگ، بینەر لە نوقمبوونی سۆزداری ڕزگار بکات و هانی تێڕامان و بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بدات. ئەم ئامانجە لە ڕێگەی تێکەڵکردنێکی ئۆرگانیکی نێوان پێکهاتەی سینۆگرافی و شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکەوە بە دی هاتووە، کە تێیدا فۆڕم و ناوەڕۆک لە خزمەت یەکتردان.
شانۆنامەکە تاقیگەیەکی دەروونی، فەلسەفی و سیاسییە، کە تێیدا فۆڕم و ناوەڕۆک بە شێوەیەکی ئۆرگانیک پێکەوە بەستراونەتەوە. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی ورد و لێزانانە کار لەسەر تێکشکاندنی پێکهاتە باوەکانی شانۆ دەکات و بینەر دەخاتە بەردەم پرسیارە گەورە و ئاڵۆزەکانی مێژووی بەرەنگاری لە نێوان دوو تاقمی دیاریکراودا. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، نووسەر ئاگایانە ڕووی لە تەکنیکەکانی شانۆی ئیپیک کردووە و لە هەمان کاتدا سیمیۆلۆژیای سەر تەختەی شانۆی بە قووڵی وەک زمانێکی نیشانەیی بەکار هێناوە.
دەق/نمایشی شانۆیی لەپاڵ مێژووە دوورودرێژ و پڕ لە تەکنیک و شێوە بێکۆتاکانیدا، بەڵام خۆی لە دوو فۆرمی سەرەکیدا دەبینێتەوە، کە یەکەمیان بە تەکنیک و شێوازی شانۆی ئەرستۆیی باوە، دووەمیان بە تەکنیک و شێوازی شانۆی ئیپیکی ناسراوە.
شانۆی ئەرستۆیی پشتی بە چەمکی کاسارسیس یان پاکبوونەوەی دەروونی بەستووە، کە تێیدا بینەر لە ڕێگەی ورووژاندنی بەزەیی و ترسەوە هەستەکانی خاڵی دەکاتەوە و بە تەواوی نوقمی کارەسات/ڕووداوی ناو نمایشەکە دەبێت.
لە شانۆنامەی قاوەی سووردا، نووسەر، لەپاڵ دروستکردنی گومان و ترسدا پشت دەکاتە ئەم تەکنیکە باوە و لە ڕێگەی تەکنیکی نامۆکردنەوە دژی ئەم چەشنە لە نوقمبوونی سۆزداری دەوەستێتەوە. کاتێک نمایشەکە دەست پێ دەکات، بینەر ڕاستەوخۆ هاوسۆز دەبێت لەگەڵ ژنە دیلەکان، واتا مەریەم و کچەکەی کە لە کەمپێکی سەربازیدا دیلن و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و توندوتیژیی سەربازەکان دەبنەوە (ل: ١٥-١٦). لەو ساتەدا کە بینەر خەریکە بە تەواوی دەروونی خۆی تەسلیمی مەینەتییەکانی ئەم دایک و کچە دەکات، ئاشکرا دەبێت کە کچەکە لە ڕاستیدا شۆڕشگێڕێکە و بکوژی شازدە سەربازە بە هۆی تەقاندنەوەی کۆگای سووتەمەنییەکەوە (ل: ٢١ و ٢٧). ئەم وەرچەرخانە تەنها گۆڕینی ئاراستەی چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو تێکشکاندنی ئەو وەهمە سۆزدارییەیە کە بینەر بۆ خۆی دروستی کردبوو. لەم خاڵەدا، سۆز دەوەستێت و ئەقڵ دەست بە کار دەکات؛ بینەر ناچار دەبێت پرسیار بکات ئایا قوربانییەک کە توانای کوشتنی شازدە کەسی هەیە هێشتا هەر قوربانییە بێتاوانەکەیە؟ هەر لەم چوارچێوەیەدا، شۆکێکی دیکە بەرەو ڕووی بینەر دەکرێتەوە کاتێک دەردەکەوێت کە مەریەم لە ڕابردوودا پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ژەنەڕاڵی دوژمندا هەبووە و کچەکەش لە ڕاستیدا منداڵی ئەو ژەنەڕاڵەیە (ل: ٦٢). بەم شێوەیە کارەکتەرەکان لە قاڵبی ڕەش و سپییەوە دەگۆڕێن بۆ کەسایەتیی خۆڵەمێشیی پڕ لە ئاڵۆزی.
بۆ زیاتر چەسپاندنی ئەم نامۆکردنە و وروژاندنی لایەنی ئەقڵانی، پێکهاتەی سینۆگرافیا و نیشانەکانی سەر تەختەی شانۆ بەکار هێنراون. بوونی شاشەی تەلەفزیۆن لە ناوەندی شانۆکە کە ڕستەی هۆشیارکەرەوەی وەک هێرشبەر سزا دەدرێت (ل: ٢٤) یان بڕیاری کۆتایی (ل: ٨٦) لەسەر دەنووسرێت، وەک تایتڵی بەشەکانی ناو پەرتووکێک کار دەکات کە پێشوەختە بە بینەر دەڵێت چاوەڕێی چی بکات! تاوەکوو تووشی شۆکی سۆزداری نەبێت. هەروەها شکاندنی دیواری چوارەم لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی مەریەم و مولازمەوە کە دێنە پێشەوەی شانۆ و ڕاستەوخۆ قسە بۆ بینەر دەکەن و ڕوونکردنەوە لەسەر هەست و پاساوەکانیان دەدەن (ل: ١٥ و ٢٣)، بینەر لە ڕۆڵی تەماشاکەرێکی بێدەنگەوە دەگۆڕێت بۆ دادوەرێکی چالاک کە لە گەمە شانۆییەکەدا بەشدارە.
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەم کارە، بێلایەنییەکی سەرسوڕهێنەرە لە گێڕانەوە و پیشاندانی ڕووداوەکاندا. زۆر جار لە دەقەکانی پەیوەست بە جەنگ، نووسەران دەکەونە ناو تەڵەی لایەنگرییەکی کوێرانە، بەڵام لێرەدا شانۆنامەکە دەبێتە مەیدانێکی دیالێکتیکی کە تێیدا هەموو لایەنێک مافی بەرگریکردنی لە خۆی هەیە.
لە ڕێگەی دیالۆگسازییەکی زۆر وردەوە، هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان تێڕوانینی جەلاد و قوربانیدا دروست کراوە. لە ڕوانگەی سەربازەکانی کەمپەکەوە، ئەوان هێرشبەر و زاڵم نین، بەڵکوو بەرگریکارن لە بەرامبەر خەڵکێکی دەستدرێژیکار. مولازم پاساو بۆ توندوتیژییەکانی خۆی دەهێنێتەوە و پێی وایە خەڵکی گوندەکە بە کەڵکوەرگرتن لە پیرۆزییەکان و بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردۆتە سەر ئەوان و لاشەی شازدە هاوڕێی ئەوانیان سووتاندووە (ل: ٥٥).
لەم گۆشەنیگایەوە، داگیرکەر خۆی وەک قوربانی دەبینێت. لە بەرامبەر ئەمەشدا، ژەنەڕاڵ بە لۆژیکێکی فەلسەفیترەوە ڕووبەڕووی مەریەم دەبێتەوە کاتێک پێی دەڵێت بۆ ئێوە ئێمە هێرشکەرین، بۆ خۆمان بەرگریکارین (ل: ٤٦). ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە بۆ خەڵکی گوندەکەش دۆخەکە پێچەوانەیە و ئەوان پێیان وایە بەرگری لە خاکی پیرۆزی خۆیان دەکەن.
ئەم ململانێیە تەنها لە نێوان دوژمنەکاندا نییە، بەڵکوو لە ناوخۆی یەک بەرەشدا بە ڕوونی دەبینرێت. ژنە زیندانییەکە کە شۆڕشگێڕێکی توندڕەوە، هیچ هەستێک بۆ پەیوەندیی باوک و کچی نێوان ژەنەڕاڵ و کچەکە دانانێت؛ ئەو ڕاستەوخۆ شووشەیەک ژەهر دەداتە کچەکە (ل: ٨٣-٨٤) و فەرمانی پێ دەکات کە ژەنەڕاڵ بکوژێت، چونکە ئەوە فەرمانی سەرکردایەتییە. کاتێک کچەکە تووشی ململانێ دەبێت، زیندانییەکە پێی دەڵێت تۆ شازدە کەست کوشتووە و دەبێ ئەو نەفرەتییە بکوژی (ل: ٨٤). ئەمە ڕەخنەیەکی قووڵە لە ئایدۆلۆژیای کوێرانەی جەنگ کە چۆن مرۆڤەکان دەکاتە ئامێرێکی بێهەست بۆ کوشتن، تا ئەو ڕادەیەی کچێک ناچار بکرێت باوکی خۆی بکوژێت بۆ خاتری دۆزێکی سیاسی.
لەپاڵ ئەم ڕەهەندە فەلسەفی و دەروونییانەدا، نووسەر مامەڵەیەکی زۆر هۆشیارانەی سیمیۆلۆژی لەگەڵ شوێن و کاتدا کردووە. لە دەقەکەدا هیچ ناوهێنانێکی ڕاستەوخۆی هیچ وڵات و نەتەوەیەک بوونی نییە. ئەم بێناوییە دەقەکە لە چوارچێوەیەکی لۆکاڵی و کاتییەوە دەردەهێنێت و دەیکاتە گێڕانەوەیەکی گەردوونی بۆ سەرجەم نەتەوە ژێردەستەکان و قوربانییەکانی جەنگ، بەڵام لە قووڵایی ئەم گەردوونیبوونەدا، نیشانەکانی دەقەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خوێنەر و بینەری کورد دەگەڕێننەوە بۆ ناوەڕاستی ململانێی سەدان ساڵەی کورد لەگەڵ داگیرکەرانیدا. بەکارهێنانی چەمکی هەوارگەی پیرۆزی باکوور لە لایەن مەریەمەوە (ل: ١٥)، هێمایەکی جوگرافی و سیاسییە بۆ کێشەی کورد، کە هەمیشە وڵاتەکەی وەک پارچەیەک لە باکووری وڵاتێکی تر مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بەرامبەر بەمە، داگیرکەر خاکەکە بە میراتی باوکێتی ناو دەبات (ل: ١٥) کە نیشانەی عەقڵیەتی شۆڤێنیی نەتەوە سەردەستەکانە. ئاماددەیی ژنانی زیندانی، ژنی شۆڕشگێڕ کە ڕێکخستنی نهێنییان هەیە و ئەنجامدانی چالاکیی وەک تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل، ڕاستەوخۆ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەرییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد. تەنانەت ناوی قاوەی سوور خۆی لە خۆیدا هێمایەکی قووڵە؛ قاوە کە ڕەمزی میواندارییە، لێرەدا دەبێتە قاوەیەکی سوور بە ژەهر و خوێن، کە نیشانەیە بۆ تێکچوونی پەیوەندییە ئینسانییەکان بە هۆی داگیرکارییەوە.
لووتکەی تێکشکاندنی وەهمەکان لە کۆتایی شانۆنامەکەدایە کە هەموو شتێک بە ڕووداوێکی زیندوو و چاوەڕواننەکراو کۆتایی دێت. دوای ئەوەی مەریەم ناچار دەبێت ژەنەڕاڵ بکوژێت و کچەکەش گیان لەدەست دەدات (ل: ٩١-٩٣)، دیمەنەکە دەگۆڕێت بۆ وتارێکی پڕ لە دروشمی مولازم کە ئێستا بووەتە سەرۆککۆمار (ل: ٩٤).
لەم وتارەدا مولازم باس لەوە دەکات کە چی دی وڵات بۆنی بارووتی لێ نایەت و ئازادی و سەقامگیری بە دی هاتووە، چونکە چی دی کەس نەماوە ئازادییەکان بخاتە مەترسییەوە (ل: ٩٥). زەبرێکی کوشندەی نووسەرە لە ئایدۆلۆژیای وڵاتانی داگیرکەر کە ئاشتییەکیان بەدەست هێناوە لەسەر بنەمای سڕینەوە و کوشتنی هەموو ئەوانەی جیاواز بیریان دەکردەوە. بەم شێوەیە دەقەکە خوێنەر و بینەر لەناو گێژاوی ململانێی ئەقڵ و سۆزدا جێ دەهێڵێت تا خۆیان بڕیار لەسەر مێژوو و تراژیدیای مرۆڤ بدەن.
شانۆنامەی قاوەی سوور، لە نووسینی موحسین مستەفاپوور لە ٢٠٢٥ لەلایەن ناوەندی ڕەهەند و ناوەندی کەپر چاپ و بڵاوکراوەتەوە.