نووسینی : سابیر ڕەشید

خوێندنەوەی : د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

کتێبی “فانتازیا و ئەدەبی فاتنازیا”ی نووسەر سابیر ڕەشید، یەکێکە لە کتێبە دانسقەکانی بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، کە لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمدا چاپ کراوە، نووسەر بەبێ پێشەکی یەکسەر چۆتە نێو باسکردنی چەمکی فەنتازیا، ئەم بابەتەی لە هەشت بەشی سەرەکیدا بە تێروتەسەلی باس کردووە و بە ئەندازەیەکی پتر لەسەر فەنتازیای ئەدەبی یان ئەدەبی فەنتازی وەستاوە.
لە بەشی یەکەمدا بە درێژی فانتازیا لە ڕووی مانا و چەمک و زاراوەوە ڕوون دەکاتەوە، بۆ ئەمەش پشتی بە دەیان سەرچاوە بەستووە، واتە نەیهێشتووە لە باسکردنی فانتازیادا هیچ کەلێنێک بهێڵێتەوە و خوێنەری هێناوەتە سەر ئەو ئاستەی بە تەواوی لە مانا و هاوواتاکانی فانتازیا و لە چەمک و زاراوەی فانتازیا تێبگات، کە ئەمە دەبێتە دەروازەیەکی باش بە توێژەران و ڕەخنەگرانی کورد و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ قوتابییان و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا.
نووسەر هەر لە بەشی یەکەمدا چەمکی فانتازیای بەستۆتەوە بە زاراوەیەکی دیکەی ڕەخنەییەوە کە تا ئەندازەیەکی زۆر نزیکە لە مانای فانتازیاوە، ئەویش زاراوەی “سەیروسەمەرەیی”یە، بەڵام وەک خۆیشی ڕوونی دەکاتەوە، فانتازیا و سەیروسەمەرەیی مانای جیاواز و مەدلوولی جیاجیایان هەیە، سەرباری ئەوەی سەیروسەمەرەیی بۆ خۆیشی چەندین مانا و فۆرمی هەیە، کە ڕەخنەگری شارەزا دەتوانێت لە کاتی خوێندنەوەی تێکستێکی ئەدەبیدا، بە تایبەتی تێکستی گێڕانەوەیی، ئەو دوو مانایە لەنێو تێکستەکەدا جیا بکاتەوە، بێ ئەوەی دوو مانای جیاواز ببەخشن، بەو پێیەی سەیروسەمەرەیی یاخود نامۆیی ڕەگەزێکی سەربەخۆ نییە بە قەدەر ئەوەی خواستێکی فانتازییە کە قبووڵی چوونە ژێر باری ئەقڵ و ڕاڤە جیاوازەکانی دەکات.
لەوانەیە بشێت پوختەیەکی فانتازیا، بەپێی پێناسە جۆراوجۆرەکانی، بەم جۆرە بخەینە ڕوو: فانتازیا یان فەنتازیا، یان فەنتازی – Fantasy، چەشنێکی ئەدەبی و هونەرییە پشت بە خەیاڵ و سیحر و بابەتی ناماقووڵ و سروشتبەزێن دەبەستێت، یان فەنتازیا ئەو کارە ئەدەبییەیە کە خۆی لە کۆتەکانی لۆجیک و واقیع ڕزگار دەکات و بە تەواوی پشت بە خەیاڵێکی ڕەها و بەرین دەبەستێت. ئەمە ڕەگەزێکی سەرەکییە لە ڕۆمانی نوێدا، هەروەها ئەمە لە چیرۆک و حیکایەتی کۆن و سەربوردەی میللی و گێڕانەوەی ئەفسانەییدا بە ڕادەیەکی زۆر هەیە. لە کولتووری میللیدا مۆرکی خەیاڵ و خورافەی سەدەکانی ناوەڕاست بە ئەندازەیەکی زۆر زاڵە بەسەر گێڕانەوەکەدا و دەچێتە ناو فەنتازیایەکی بەرین و بێسنوورەوە. ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و هونەرمەندان و سینەماکاران و مۆسیقییەکان سوود لەو حیکایەتە فەنتازییانە وەردەگرن بۆ دەوڵەمەندکردنی ناوەڕۆکی کارە فەنتازییەکانی خۆیان، بە تایبەتی سوودوەرگرتن لە لایەنی فەنتازیی حیکایەتەکانی هەزارویەک شەوە و داستانی گلگامێش و ئەلیادە و ئۆدیسە. نووسەری ئینگلیزی ت. ی. ئەپتەر لە کتێبی (ئەدەبی فەنتازیا، دەروازەیەک بۆ واقیع)دا وای دەبینێت فەنتازیا پەیوەندییەکی پتەوی بە واقیعی ڕۆژانەیی و دونیای مەئلووفی مرۆڤەوە هەیە، لە ڕووکاردا فەنتازیا لەگەڵ واقیعدا نایەتەوە، یان واقیع فەنتازیا ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا خەیاڵێکی بەرین و جوان دەتوانێت واقیع و فەنتازیا پێکەوە ببەستێتەوە.
سابیر ڕەشید لەم کتێبەدا فانتازیا بە چەندین لایەنی دیکەی ئەدەبییەوە دەبەستێتەوە، بۆ نموونە لە بەشی دووەمدا، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو، باسی فەنتازیا دەکات لە پەیوەستیدا بە ڕەوتەکانی بونیادگەری، تیۆرییەی فرۆید، سیمیۆلۆژیا، فانتزیا و زمان، لە بەشی سێیەمیشدا دێتە سەر باس و لێکدانەوەی پەیوەندیی نێوان فەنتازیا و ڕێبازە ئەدەبییەکان، هەروەها جیاوازی و لێکچوونەکانی نێوان فەنتازیا و ڕیالیزمی سیحری، ئینجا فەنتازیا و سیمبۆلیزم، فەنتازیا و خەیاڵی زانستی، هەموو ئەمانە لە بواری ئەدەب و تێکستی ئەدەبیدا.
بەشی چوارەمی تەرخان کردووە بۆ باسکردنی فەنتازیا لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا، فەنتازیا و واقیع، هەر لەم بەشەدا دەرگای باسێکی کردۆتەوە بۆ فەنتازیا لە چیرۆکی کوردیدا، نووسەر وای دەبینێت لە ساڵانی حەفتاکان بەدواوە چەندین ڕێباز و ڕێچکە و تەوژمی نوێ هاتوونەتە نێو چیرۆکی کوردییەوە، لەوانە فانتازیا، کە شانبەشانی نوێبوونەوە لە تەکنیک و پەرەسەندن لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا، سوودی لێ بینراوە، نووسەر ئاماژە بۆ نووسینێکی خوالێخۆشبوو دڵشاد مەریوانی دەکات کە لە ساڵی ١٩٧٧دا لە پاشکۆی عێراقدا دەربارەی فانتازیا بڵاوی کردۆتەوە، ئەم تەکنیکە وەک فۆرمێکی نوێی چیرۆکی نوێی کوردی و لاساییکردنەوەی چیرۆکی بێگانە تەماشا دەکات، پاشان ئاوڕ لە کتێبی “شێواز لە کورتە چیرۆکی نوێی کوردیدا”ی نووسەر د. سەلیم ڕەشید ساڵح دەداتەوە و ئەویش پێی وایە فانتازیا بووە بە نوێخوازییەک لە چیرۆکدا، بە تایبەتی لە لای عەبدوڵڵا سەڕاجدا، ئینجا دێتە سەر نامە ئەکادیمییەکانی شوان سلێمان یابە، ماستەرنامەکەی ڕووناک سەڵاح عەلی دەربارەی هونەری فانتازیا لە چیرۆکی نوێی کوردیدا، نموونەی چیرۆکەکانی سابیر ڕەشید و شێرزاد حەسەن، تێزی دکتۆرای ئازاد محەمەد سەعید دەربارەی فانتازیا لە ڕۆمانی کوردیدا، نموونەی ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانی بەختیار عەلی و ڕۆمانی دەغدوی خوسرەو جاف.
نووسەر لە بەشی پێنجەمدا باسی جۆر و تایبەتمەندییەکانی فانتازیا دەکات، لە بەشی شەشەمیشدا باسی ئەو بابەت و ژانرانە دەکات کە لە فانتازیاوە نزیکن، وەک چیرۆک و ڕۆمانی پۆلیسی، داستان، حیکایەتی خورافی، ئەفسانە. بەشی حەوتەم و کۆتاییشی تەرخان کردووە بۆ فانتازیا و ئەدەبی گێڕانەوە، بە تایبەتی لە چیرۆک و ڕۆمانی نوێدا کە بە شێوەیەکی بەرجەستە باسی ڕووداوی فانتازی، کەسێتی و فانتازیا، شوێنکاتی فەنتازی، ئەرک و وەزیفەی ئەدەبی فانتازی.