نووسینی : زەردەشت نوورەدین
خوێندنەوەی : ئارام سدیق

ڕۆمانی کوردی لەدوای ڕاپەڕین، هەنگاوی گەورەی ناوە، لەپاڵ نووسەرە بەئەزموونەکاندا، کۆمەڵێک دەنگی نوێش لە هەوڵی خۆدروستکردن و ئەزموونکردندان لە جیهانی نوێی گێڕانەوەدا، کە بە ڕوانینێکی تر لەنێو جیهانی گێڕانەوەدا کار دەکەن، لە دەقەکانیاندا هەم گرنگیی بە چی گێڕانەوە دەدەن و هەم چۆن گێڕانەوەش فەرامۆش ناکەن، کاتێکیش دەگەڕێنەوە بۆ داستان و ئەفسانە و قووڵاییەکانی ڕووداوە مێژووییەکان، بە دیدێکی دیکەوە و بە پرسیار و هۆشیارییەکی نوێوە لەو مێژوو دەڕوانن، نەک وەکوو ئەوەی باوە قەبووڵی بکەن، بەڵکوو لە دیدێکی تر و لە سەرچاوەی ترەوە پرسیار لە مێژووەکە دەکەن و کاتێکیش لە دەقێکی گێڕانەوەییدا (بەتایبەت ڕۆمان) کاری لەسەر دەکەن هەوڵی ساغکردنەوە و ڕاستکردنەوەی ئەو بەهەڵەدابردنە مێژووییانە دەدەن، کە لە هەندێک سەرچاوەدا بەرامبەر بەو مێژووە کراوە. هەڵبەت لەبەر ڕۆشنایی سەرچاوەی متمانەدارتر و نوێتری مێژووییدا ئەم کارە دەکەن، نەک تەنها لەنێو خەیاڵی ئەدەبیدا، بەڵام ئەدەب دەکەنە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی مێژووی شێوێنراو ڕاست بکرێتەوە.
ڕۆمان لەگەڵ ئەوەی ژانرێکی بەربڵاوی سەردەمی مۆدێرنە، هاوکات ژانرێکی دەستئاوەڵایە بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو بەشەکانی ژیان و هەموو کەلەپووری شارستانییەتەکان، هەر لە حیکایەتە خەیاڵی داستان و ئەفسانەییەکانەوە تا واقیعیترین ڕووداوی ڕۆژانە و هەنووکەیی. کاتێک داستان و ئەفسانەکان لەنێو ڕۆماندا تەوزیف دەکرێنەوە، مەرج نییە نووسەر بە هەمان پێکهاتەیەوە جارێکی دیکە تەوزیفی بکاتەوە، بەڵکوو بەپێی تایبەتمەندیی دەقەگێڕانەوەییەکە و هاوکات ئەو ئایدیایەی دەیەوێت لە ڕێیەوە بیگەیەنێت تەوزیف دەکرێتەوە و ئێمەی کوردیش میراتێکی تا ڕادەیەک دەوڵەمەندمان لە چیرۆک و حیکایەت و داستان و ئەفسانە هەیە، کە دەشێ سەرجەمیان ببنە کەرەستەی نوێ بۆ ڕۆمان و چیرۆک و هاوکات کەڵک لە بەشێکیشیان وەرگیراوە.
داستانی شیرین و فەرهاد، کە یەکێک لە بەربڵاوترین داستانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە دێرینترین داستانەکانی کوردستان و ڕیشەیەکی کوردانەی هەیە، کە ناو و ناوبانگی هەر لە هیندستانەوە تا ئەوروپا ڕۆیشتووە و شاعیری مەزنی ئەڵمانی گۆتە لەدیوانی “ڕۆژئاوا/ڕۆژهەڵات”دا ئاماژەی بە عەشقی “شیرین و فەرهاد” داوە.
ئەم داستانە مەزنە، جگە لەناو کوردەکاندا، لەناو نەتەوەکانی دیکەشدا وەکوو فارسەکان، تورکەکان، ئازەربایجانییەکان، ئەرمەنییەکان چەند گەل و نەتەوەی دیکەشدا بە شێوەی جۆراوجۆر هۆنراوەتەوە، کە بەشی هەرەزۆریان، یان بە شیعر هۆنراوەنەتەوە، یان دەقی شانۆیی.
زەردەشت نوورەدین، وەکوو ڕۆماننووسێک ئەم جارە دێت و ئەم داستانە عاشقانە کوردییە بە شێوەی ڕۆمان دەهۆنێتەوە، وەکوو کەسێکی ئەزمووندار کەڵکی لە داستانی “شیرین و فەرهاد” وەرگرتووە و لەو ناوکۆییە مێژووییەی خۆیدا دەریهێناوە، کە وەکوو لە هەندێک سەرچاوەی مێژووییدا باوە؛ بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەم ڕۆماننووسە ئەو مێژووە دەخاتە ژێر گومانەوە و کنەوپشکنین لەنێو ئەو مێژووەدا دەکات و تا نزیکی ساغبوونەوەی دەبات و لەوێوە حیکایەتی ڕۆمانەکە لە مێژووە ڕاستەقینەکەیدا دەچنێت، واتە حیکایەتی شیرین و فەرهادی نێو ئەم ڕۆمانە لە سەرزەمینێکی تر لەگەڵ مێژوویەکی تردا، کە مێژوویەکی دێرینترە و ڕاستترە دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ماددەکان، جارێکی دیکە دروستی دەکاتەوە، هەر بۆیە ناونیشانی ڕۆمانەکە جگە لە “شیرین و فەرهاد”، هاوکات شانامەی مادەکانیش نووسراوە.
ڕۆمانی “شیرین و فەرهاد، شانامەی مادەکان”، ئەو ڕۆمانەیە، کە بونیادەکەی لەسەر ئەفسانەسازی بە گشتی و داستانی “شیرین و فەرهاد” بە تایبەتی دامەزراوە.
نووسەر بە پشتبەستن بە گێڕانەوەیەکی تۆکمە و وردەکارییەکی زۆرەوە چیرۆکەکەی چنیوە و دوورە لە فۆڕمبازی و ئاڵۆزکاندنی بێبنەما، بەڵکوو دەقەکە هەڵگری جۆرێک لە ئاڵۆزییە، ئەویش بە هۆی زۆری کاراکتەر و دووری مەودا مێژووییەکەیەوە لە ئێستاوە و نامۆیی ئەو ناوانەی لە ڕۆمانەکەدا بەکار هاتوون، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خوێنەر سەرسامی ئەو گرێچن و حیکایەتسازی و کاراکتەرسازی و فەزا فراوانەی گێڕانەوەکەی دەبێت، کە شایستەی خودی گەورەیی ئەم داستانە عاشقانەیە بێت.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە؛ نووسەر نەهاتووە تەنها لە ڕووی فۆڕم و گێڕانەوەوە کار لە داستانەکەدا بکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی وردەکارانە و بە سەلیقەی وەستایەکی شارەزای جیهانی گێڕانەوە ئەفسانەسازیی لەنێو ڕۆمانەکەدا تواندووەتەوە و ئەمەشی لەپێناو ئەوەدا کردووە کە لەم ژانرە مۆدێرنەدا بە شێوەیەکی نوێ ئەم داستانە بۆ ئێستا بگوازێتەوە.
باڵادەستیی نووسەر بەسەر فەزای گێڕانەوەکەدا لەم ڕۆمانە گەورەیەدا، کە 660 لاپەڕەیە، جێگەی سەرسامییە. نووسەر بە وردەکارییەکی زۆرەوە فەزای سەردەمی مادەکانی دروست کردووتەوە، هەر لە جلوبەرگ و ئەو کەرەستانەی بەکاریان هێناوە، تا ئەو دونیابینییانەی لەو سەردەمەدا باو بوون و ئەو ململانێیانەی لەسەر دەسەڵات و سێکس و فراوانخوازیی بەرجەستەبوون.
خاڵێکی گرنگ لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە کە ڕۆماننووس دەیەوێت بڵێت کورد تەنها گەلێکی جەنگاوەر نییە، ئەگەرچی بەوە ناسراوە، بەڵام هەمیشە عەشق لەنێو ڕۆحی تاکی کوردیدا هەبووە و داستان و ئەفسانە کوردییەکان و قوربانیدانی تاکی کورد بۆ مەعشووق لە دێرینترین سەردەمەکانەوە بەڵگەی فەرامۆشنەکردنی ڕەگەزێکی سەرەکیی ژیانە کە عەشقە.
ئەوەی لێرەدا خرایە ڕوو، تەنها سەرنجێکی کورت و ڕانانێکی سەرەتایی دەقەکەیە، چونکە دەقەکە هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەزی گرنگن، کە دەکرێ لە نووسین و لێکۆڵینەوەی درێژدا بتوانرێت هەقی تەواوەتی پێ بدرێت.