نووسینی : کاروان عومەر کاکەسوور

خوێندنەوەی : د. هەرێم عوسمان

چیرۆک و گێڕانەوە لە ڕۆحی مرۆڤەوە نزیکە، چێژ و جوانی و نەمریی بە ژیان دەبەخشێت، دژی مردن و بیرچوونەوەیە. ڕۆمان وەک ژانرێکی پێشەنگ و فرەڕەهەند، جیهانێکی تێهەڵکێشە بە هونەرەکان، لەبەر ئەوە ژانرێکی ڕیسکی و سەرنجڕاکێشە.
کاروان عومەر کاکەسوور زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە بە دەیان ئەزموونی جیاوازەوە خزمەتی ڕۆمانی کوردی دەکات. لەم نووسینەدا بە کورتی و پوختی باسی ڕۆمانی “دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان” دەکەم، کە ٣٠٠ لاپەڕەیە و ساڵی ٢٠٢٥ دەزگای سەردەم چاپی کردووە، هەمان دەزگا بوو کە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم ڕۆمانی “ئای لەڤیلیا لەڤیلیا”ی ڕۆماننووسیان چاپ کرد.
ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی هونەری و بە تەکنیکی گونجاو و زمانێکی باڵا ڕەگوڕیشەی کولتوور و هزر و مێژوو و ئێستای کورد بە ڕیتمێکی ڕەخنەیی نیشان دەدات. بەیەکەوەبەستنی سەردەم و قۆناغە جیاوازەکان پانتاییەکی زۆریان گێڕانەوەیی بە ڕۆماننووس بەخشیوە، کە لێهاتووانە و هونەرمەندانە مامەڵەی لەگەڵ کردووە. تەکنیکی پێشخستن و گەڕانەوە، دواکەوتن و بەسەرداچوونەوەی بەکارهێناوە، هەروەها شێوازی پەرتکردن و وردکردنی تێدایە؛ قوتوویەک مووروو هەڵڕژە، شوێنێکی فراوان پڕ دەکات، ماڵێ پەرتکە چیرۆکی دەیان ماڵ و ناماڵ و بێماڵت دەست دەکەوێت. ڕۆماننووسیش ئەمەی لە ئاستی ئاسۆیی و ستوونیدا کردووە، بۆ نموونە؛ کەسێتیی پزیشک زێوێ دەیان دەروازە و ڕووبەری پێ بەخشراوە، کە ڕۆماننووس لێوەی دێتە دەرێ دەچێتە ژوورێ، وێڕای ئەم فراوانییە کە مێژووی کورد و قۆناغەکانی لێیەوە نیشان داوە، هاوکات دید و هزرە جیاوازەکانیشی لە قووڵایی ئەو مێژووە دەرخستووە. ئەمەشی بە هۆی بەستنەوەی گێڕانەوە و پرسە گەورەکان بە بچووکەکانەوە و بە پێچەوانەوە ئەنجام داوە. هەروەها ژیانی ڕۆژانە و کارەکتەرەکانی، کەرەستە و شتە وردەکان بوونەتە پانتایی گێڕانەوە و بەستراونەتەوە بە مێژووی ئەم ناوچەیە و کوردەوە، چونکە ئەوانەی دەبنە پێشمەرگە و سەرکردە مناڵی ئەم شارە و گەڕەک و کۆڵانەکانین، شۆڕش و دەوڵەت لێرە یەکدی دەهاڕن، هاڕاوەی چیرۆکەکانیشی لە ژیانی ڕۆژانەوە بە چەندین شێوازی جیاواز دێنە دەرێ.
کاکەسوور بە شێوەیەکی دووبارە و تەقلیدی مامەڵەی لەگەڵ مێژوو و زمان نەکردووە، بەڵکوو بە هۆی چیرۆکەکانی بنەماڵەیەکەوە، ڕەگی شار، کۆمەڵگا و دەوڵەتێک دەردەهێنێت؛ ژیانی هەر تاکێک بە دەیان تاڵەدەزووەوە بە کۆمەڵە و ئایدۆلۆجیا و چیرۆکە جیاوازەکانەوە دەبەستێتەوە. لێرەوە ئاوڕ لە چەند خاڵێکی سەرنجڕاکێش و کلیلی لە ڕۆمانەکە دەدەینەوە.
١ـ دووانەدژ و بزوێنەرەکان، ڕۆمانەکە پێڕستێکی ٢٧ بەشی هەیە، کە ٢١ ناونیشانیان لە دووانەی بەرامبەری و دژ پێک هاتوون، لەوانە: شوێنی ئاسایی و کاتی نائاسایی، ماڵێکی نائاسایی لە شارێکی نانموونەییدا، دوو برای نائاسایی لە شارێکی ئاساییدا، کەرێکی ئاسایی بۆ ماڵێکی نائاسایی… ئەمە خۆی تۆوی فرەدەنگی و بزاوت و چیرۆکە، هەروەها ڕیتمێکی واتایی و هونەری بە دەقەکە بەخشیوە، کاتێک جادوو دەبێتە قسەکەری یەکەم و ململانێ لەگەڵ زانستدا دەکات، ڕیتمێکی فەلسەفی بە دەقەکە دەبەخشێت. لە ڕەهەندە گێڕانەوەگەرییەکەدا لایەنی ڕەخنەییشی تێدایە، کە مێژوو و واقیعی خۆمان هەمیشە پارادۆکسی و دژیەکە، خەونەکانمان دژی واقیع و ئێستایە، واقیعیش دژی خەونەکانە، شاخ دژە شارە، شاریش بە دژە شاخە، هاوکات هەردووش لە ململانێ و پەیوەندیدان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی دژی دەوڵەتە، دەوڵەت دژی خەڵکە، خەڵک لەگەڵ شۆڕشە، شۆڕش دژی خەڵکە. یاخود زمانی کوردی و زمانی دەوڵەت لە ململانێ و پەیوەندیدان. شوێن ئاساییە، بەڵام کات نائاساییە؛ شاری خەڵووزی، فەزایەکی خنکێنەر و پڕ لە دڵەڕاوکێیە، کاتیش کاتی جەنگ و تاریکە، دەوڵەتی خەلافەت و مەترسی داگیرکاری کاتی شاری کردووە بە نائاسایی و سکپڕ بە ئەگەری ڕووداو و کارەسات.
٢ـ گێڕانەوەی ڕاپۆرتی و نائاسایی-میتافیکشن، لەم ڕۆمانەدا دەنگی گێڕەرەوە تێهەڵکێشە، بە جۆرێک سنووردارێکی بێسنوورە، زانیاریی کۆکەرەوەیە، وەک ڕۆژنامەنووس کە ڕاپۆرت ئامادە دەکات، لە سەرچاوە و دەنگە جیاوازەکانەوە زانیاریی وەردەگرێت، بەڵام زانیاریی بێسنوور و هەمووشتزانیش بەردەوام ئامادەن، ئەمەش وای کردووە ستایلی گێڕانەوە ناوازە بێ، چونکە لەگەڵ گوتاری ڕۆمانەکە کە لەسەر دووانەی دژ وەستاوە، دێتەوە. ئەم وا دەڵێ و ئەویش وا دەڵێ، کە فرەدەنگی و فرەڕوانگەیی داهێناوە، هاوکات متمانەی لای خوێنەر دروست کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە خاکەڕایی گێڕەرەوە دەبینین، “گوتراوە پیرە لە دوو بەشی دژبەیەک پێک هاتووە، کە ئەمە لە هۆنراوەکانیشیدا ڕەنگی داوەتەوە، لە لایەک شەیدای سوڵتشا بووە و لە لایەکی دی خەمەکانی نەتەوەی گرتووەتە ئەستۆ، زمانی دەوڵەتی بە پیرۆز داناوە… نەیشاردووەتەوە، کە کوردیش زمانێکە لە زمانەکانی زەوی… لەوێدا هەردوو لای جیاوازی لە ناوەوە بە توندی بەریەک دەکەون و بەو تەزووە بەتینە دڵی دەوەستێت. وەک (پ… ۆ… ژ)ی ڕەخنەدۆز گوتوویەتی بەشی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد (لەوەی تر)ەوە ڕوانیویانەتە (خۆ)یان”[ل: ٢٠٨] لێرەدا گێڕەوە چیرۆکی ئەو ڕۆشنبیر و شاعیرە کوردانە دەگێڕێتەوە، کە لە نێوان دەوڵەت و نیشتمانی خۆیاندا لە ململانێدابوون، بە ئاسانی دەنگی گێڕەرەوە وەک هەمووشتزانێکی سنووردار دەبینین، کە کۆکەرەوەیە و لە هەمان کاتدا شیکارکەرێکی ئەگەرییە و بێسنووریش ناوەوەمان نیشان دەدات، کە سنووردار دەبێت. “(هێلانە شاردیدە) وەها دەڵێت. (پارێزا) بۆ ئەوەشیان قسەی هەیە”[ل: ١٩٨]
٣ـ ململانێی زمان و ڕەمزیەتی: لەم ڕۆمانەدا زمانێکی ئاسایی گێڕانەوەی فرەدەنگی لەخۆ گرتووە، بەڵام لە ئاستی ناونانی کارەکتەر و شوێندا تەواو زمانێکی داهێنراو و گوتارییە، ئەمەش وای کردووە، ئاستی واتایی ڕووکەش بۆ ئاستی باڵا بەرز بکاتەوە، زمان تەنیا ڕووداوەکان ناگوێزێتەوە، خۆی دەبێتە پانتایی ململانێ، هەر لەو نموونەیەی سەرەوە دەبینین کە ناوی دەوڵەتی و شاعیر و شوێنەکانیش داهێنراوە و ڕەمزییە و بۆ هەریەکێکیان دەتوانین شیکاری بکەین. هەروەها بە درێژایی ڕۆمانەکە ململانێی زمانی دەوڵەت و زمانی کوردی دەبینین، ئەمە وێڕای ئەو تەنز و ڕەخنە فیکرییەی کە هەندێ جار چەمکە فەلسەفییەکان تێکەڵی ژیانی ڕۆژانە دەکات و زمانی ڕۆمانەکە بە مێتافۆر پڕ دەکات، کە بۆ گێڕانەوە دەبێتە پانتایی بەرهەمهێنانەوە، کە خۆی دەبوێرێت لە باسکردن و نیشان دەدات.
٤ـ تێکشکانی کات و شوێن، کات و شوێن لەم ڕۆمانەدا فۆڕمێکی هونەریی مۆدێرن وەردەگرن و سنووری واقیع دەشکێنن. ئەم پەرتبوونە ڕێگە بە ڕۆماننووس دەدات کاتی ئێستای نزیک و دوور بەیەکەوە تێهەڵکێش بکات، کە ئەمەش بەهایەکی ئێستاتیکیی باڵا بە گوتاری ڕۆمانەکە دەبەخشێت.
“دەوڵەتی سەربازە هەڵاتووەکان” وێڕای هەڵماڵینی وەهمی شۆڕش و تێکشکانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ، ڕۆشنبیر و خەڵکی ئاسایی، ڕۆمانێکی گەرموگوڕ، قووڵ، کە شایستەی خوێندنەوەیە.