نووسینی : د. عومەر پەتی

خوێندنەوەی : عەبدولکەریم یونس

ئەم بابەتە تایبەتە بە قۆناغی تەمەنی شەست ساڵی و بەرەو سەرەوە. بەپێی ئەو پۆلێنە کراوە، ئەم قۆناغە دەکرێتە سێ بەش:
١. بەساڵاچووی بەرایی: لە تەمەنی ٦٤ تا ٧٤ ساڵی دەست پێ دەکات.
٢. بەساڵاچووی ناوەڕاست: لە تەمەنی ٧٤ تا ٨٤ ساڵی دەست پێ دەکات.
٣. بەساڵاچووی کۆتایی: لە تەمەنی ٨٤ ساڵی بەرەو سەرەوە دەست پێ دەکات.
ئەم کتێبە تەنیا بۆ خوێندکارانی زانکۆ نییە، بەڵکوو دەتوانم بڵێم بۆ ڕۆشنبیران، نووسەران، هەروەها بۆ سەرتاپای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و بەساڵاچووان بە تایبەتی، سوودێکی زۆری دەبێت.
بەساڵاچووان ئەو توێژەن کە کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، بەتایبەت ئەگەر بەراورد بکرێن بە قۆناغەکانی پێش لەدایکبوون، دوای لەدایکبوون، هەرزەکاری، لاوێتی و پێگەیشتوویی؛ هەر بۆیە ئەم قۆناغە لەناو وڵاتاندا لە هەموو ڕوویەکەوە گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت.
پێویستە زۆر پێداویستی بۆ ئەم توێژە دابین بکرێت، چونکە تەمەنیان بەرەو هەڵکشان دەچێت و لە ڕووی تەندروستییشەوە ڕەنگە بەشێکیان بەرەو لاوازی بڕۆن. هەروەها پێویستە لە ڕووی دەروونی، ژیری و کۆمەڵایەتییەوە گرنگیی زۆریان پێ بدرێت، چونکە زۆر پێویستییان بە هاوکاری و چاودێری هەیە، بەتایبەت لە لایەن خێزان، پاشان لە لایەن کۆمەڵگاوە، کە پێویستە بە چاوی ڕێزەوە سەیریان بکات، چونکە ئەوان خزمەتێکی گەورەیان پێشکەش بە کۆمەڵگا کردووە.
ئەم بەرهەمە نەک تەنیا بۆ خێزانەکان، بەڵکوو دەتوانم بڵێم بۆ هەموو تاکێکی کورد پێویستە تا بیخوێنێتەوە؛ چ لە قۆناغی هەرزەکاری یان پێگەیشتووییدا بێت، پێویستە لە ئێستاوە خۆی بۆ قۆناغی بەساڵاچوویی ئامادە بکات، چونکە ڕۆژێک دێت خۆیشی پێ دەنێتە ناو ئەم قۆناغەوە.
خوێندنی زانستیی پیری
بایەخدان بە توێژینەوە و خوێندنی زانستیی پیری، لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا پەرەی سەند. ئەم قۆناغەش تا کۆتاییی تەمەن گرنگیی خۆی هەیە، چونکە درێژکراوەیەکی سروشتیی ژیانە، بەڵام لە هەمان کاتدا قۆناغێکی جیاوازی تەمەنە و خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی، کێشەکانیشی بێهاوتان و بەهۆی ئازارە جەستەیی، خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی بەساڵاچووانەوە، ئاڵۆزن.
پیری بە کۆمەڵێک دیاردە و گۆڕانکاریی بایۆلۆژی، فسیۆلۆژی، دەروونی و کۆمەڵایەتی دەناسرێتەوە، کە دەتوانن پێکهاتەی کەسایەتیی بەتەمەنەکان بگۆڕن، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر لایەنی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ژیری (عەقڵی) هەیە.
ئەگەر منداڵی قۆناغی گەشەکردن و دەرکەوتنی لایەنە بایۆلۆژی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا تەمەنی پیری قۆناغی پاشەکشە، لاوازی و دابەزینی بەردەوامی توانا جەستەیی، فسیۆلۆژی و دەروونییەکانە. ئەگەر هەرزەکاری و گەنجی قۆناغی گەشەی سۆزداری و پێگەیشتنی تەمەن بن، ئەوا پیری قۆناغێکی تا ڕادەیەک نائارامیی دەروونییە، کە تێیدا هەستکردن بە خودی نەرێنی، هەستکردن بە کەمی، ناتەواوی، پاشەکشەی کۆمەڵایەتی، گۆشەگیری و کەمبوونی پاڵنەر سەرهەڵدەدەن.
ئەو شتانەی تاک لە منداڵیدا قبووڵی کردوون، ڕەنگە لە تەمەنی پیریدا ڕەتیان بکاتەوە و ئەو حەز و ئارەزووانەی لە منداڵییەوە سەرنجیان ڕاکێشابوو، لەوانەیە لە تەمەنی پیریدا وازیان لێ بهێنێت. ئەم گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی و شێوازی ژیانی ڕۆژانەی بەساڵاچووان و ئەو خێزانانەش هەیە کە لەگەڵیاندا دەژین.
گرنگیی خوێندنی زانستیی پیری
١. گونجاندنی تەکنەلۆژیا بۆ یارمەتیدانی بەساڵاچووان و کەمکردنەوەی کاریگەریی کەمئەندامییەکانیان، بە جۆرێک کە هەستی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەرییان لا دروست بێت.
٢. لە ماوەی تەمەنی گەنجی و تەندروستیدا، زۆر جار پێمان وایە پیری تەنیا بەسەر کەسانی تردا دێت، تا ئەو کاتەی نیشانەکانی وەک سپیبوونی قژ، لاوازبوونی هەستەکان و کەمبوونەوەی توانا جەستەیییەکانمان تێدا دەردەکەون، ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت کە پیری نەک هەر دێت، بەڵکوو گەیشتووە، بۆیە لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییە جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانی پیری یارمەتیمان دەدات کە لەگەڵ ئەم قۆناغە ڕابێین و وەک بەشێکی بێگۆڕانی تەمەن قبووڵی بکەین، ئەمەش وا دەکات کێشەکانیان کەم ببنەوە و وەک واقیعێکی ڕاستەقینە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
٣. خوێندن و توێژینەوە لەسەر بەساڵاچووان، یارمەتیمان دەدات سوود لە ژیری و ئەزموونی دوورودرێژی ژیانیان وەربگرین.
٤. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە بواری بەساڵاچوواندا، دەتوانرێت کێشەکانیان، پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان، ئاراستە و بەهاکانیان دیاری بکرێن، تا بەرنامە، خزمەتگوزاری و ڕێنماییی گونجاویان بۆ ئامادە بکرێت.
٥. ناسینی پێگەی بەساڵاچووان لە کولتوور و شارستانییەتە جیاوازەکاندا گرنگیی خۆی هەیە، بۆ دروستکردنی دیدگەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە تێگەیشتن لە دیاردەی چوونە تەمەنی دانیشتووان لەو کۆمەڵگایانەدا.
٦. زیادبوونی ڕێژەی بەساڵاچووان لەناو دانیشتوواندا دیاردەیەکی بەرچاوە، کە بە هۆیەوە چەندین کێشەی تەندروستی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە چوونەتەمەنەوە سەرهەڵدەدەن.
٧. لە ئەنجامی زیادبوونی ڕێژەی بەساڵاچووان لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، هەندێک کاریگەریی نەرێنی دروست بوون، وەک زۆربوونی کێشە پزیشکی و دەروونییەکان، کە لە ئەنجامدا بارگرانیی ئابووریی زیاتر لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات بە هۆی تێچووی چاودێریکردنیان و کەمبوونەوەی هێزی کار و بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگەدا.
ئەم بەرهەمە بۆ کتێبخانەی کوردی دەستپێشخەرییەکی نوێیە و هیوادارم ببێتە جێی ڕەزامەندیی خوێنەران. هیوادارم ئەم بەرهەمە کەلێنێکی گەورە لە کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە. دڵنیام سوودێکی زۆری دەبێت، چونکە (بەپێی زانیاریی من) کاری هاوشێوەی لەسەر نەکراوە، بۆیە دەبێتە یەکەم هەوڵ لەم بوارەدا.