نووسینی : سوارە نەجمەدین
خوێندنەوەی : د. جوتیار ژاژڵەیی

دەربارەی کتێبەکە
“خوێنی ئەرمەنی” ڕۆمانێکی کوردییە، ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم)ەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆمانەکە ١٢٥ لاپەڕەی قەبارە بچووکە و لە شەش بەش پێکهاتووە، کە تا ڕادەیەک درێژییان لەیەکتر جیاوازە. نووسەر کتێبەکەی ناو ناوە ‘ڕۆمان’، بەڵام درێژیی چیرۆکەکە -کە لە ١٠ هەزار وشە کەمترە- دەریدەخات باشترە کتێبەکە وەک نۆڤێللا پۆڵێن بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بە فەرمی لەسەر بەرگەکەی ناو نراوە ڕۆمان، لێرەشدا بەو ناوەوە لەسەری دەدوێین.
پوختەی ڕۆمانەکە
خوێنی ئەرمەنی، بە شێوەیەکی سەرەکی چیرۆکی پاسدارێکی کوردی خەڵکی سنەیە بە ناوی ڕۆستەم حەیدەری، کە دەوڵەتی ئێران لەسەر سنووری ئێران-عێراق جێگیری دەکات. ئەرکی ڕۆستەم ڕێگریکردنە لەو کۆڵبەرانەی لە سنووری ئێرانەوە کۆڵ و بار بە قاچاغ بۆ ناو خاکی عێراق دەگوازنەوە. شەوێکی ساردی زستان، ڕۆستەم بەتەنیا لە قوللەکەیدا پاسەوانە. لەناکاو کەسێک بە دەستێک جلی سوور و ژمارەیەک ئەسپەوە، دەردەکەوێت. ڕۆستەم دەستبەجێ تەقەی لێ دەکات و دەیکوژێت. دواتر دەردەکەوێت کابرای کوژراو پیاوێکی ئەرمەنی، مەسیحیی نزیک هەشتاساڵەیە بە ناوی ئەلبێرت بارکێف. ئەلبێرت لە ژیانیدا کەسێکی سەرکەش بووە و پێشتر بەتەنیا و لەگەڵ هاوسەرەکەشی -ئێستا لە ژیاندا نەماوە- سەفەر و سەرکێشیی سەیری کردووە. لەم سەرکێشییەیدا لە (یەریڤان)ەوە بە ڕێکەوتووە بۆ ئەوەی بێت بۆ عێراق و بە دیاریکراوی سەردانی کەمپی ئاوارەکانی دهۆک بکات، تا وەک بابەنوئێل دیاریی بە منداڵە ئاوارەکان بدات.
لە بەشی دووەمدا تیشکۆی ڕۆمانەکە دەچێتە سەر چیرۆکی زێدان جومعە، کە گەنجێکی کوردی خەڵکی ناحیەی (دێرەلووک)ی سەر بە قەزای (ئامێدی)یە لە پارێزگای دهۆک. زێدان دەرچووی بەشی (حیسابات)ە، بەڵام ڕووحێکی هونەرمەندانەی هەیە و خولیای ئەدەب و شیعر و هونەری لە دڵدایە. ئێوارەیەک لە دیمەشق لە پێشانگەیەکی شێوەکاریی هونەرمەندێکدا، زێدان تابلۆی کچێکی شۆخ دەبینێت و ئەوەندە بە قووڵی بە کچی ناو تابلۆکە سەرسام دەبێت، کەڵکەڵەی دۆزینەوەی ئەو کچەی لە ژیانی ڕاستیدا دەکەوێتە مێشکەوە.
دوای ئەوەی داعش لە مووسڵ بەهێز دەبێت و دەسەڵات دەگرێتە دەست، خێزانەکەی زێدان لەگەڵ چەندین خێزانی دیکەدا لە ناوچەی خۆیان هەڵدێن بۆ ئەوەی نەکەونە دەست داعش، بەڵام لە فیشخابوور زێدان لە خێزانەکەی -دایک و باوک و خوشک و براکەی- دادەبڕێت و پاشان خۆیشی لە نزیک مووسڵ دەکەوێتە بازگەیەکی چەکدارانی داعشەوە. لەسەر ئەوەی ڕیشی تاشیوە، چەکدارانی داعش ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن و ڕوخساری دەشێوێنن. دواتر زێدان لە کەمپی ئاوارەکاندا دەبێتە کارمەند و ئەرکی ڕێکخستنی بەشێک لە کارەکانی کەمپەکەی پێ دەسپێردرێت. کارەکتەرێک بە ناوی مامۆستا جەوهەر، کە دیار نییە ئەرکەکەی چییە، بە زێدان ڕادەگەیەنێت کە بەو زووانە بابەنوئێل سەردانی کەمپەکە دەکات و دیاری دەدات بە منداڵان. زێدان ئەو هەواڵە بە منداڵەکان دەدات و ئەوانیش بە تاسەوە چاوەڕێی بابەنوئێل دەکەن، بێئاگا لەوەی لەسەر سنوور کوژراوە.
ڕۆژێک کچێکی کورد بە ناوی نارین، کە کارمەندی ڕێکخراوێکی خێرخوازییە، دێتە کەمپەکە. زێدان بە تەواوی وەک کچی ناو تابلۆکە دەیبینێت و سەرسامی دەبێت، بەڵام نارین ئاگای لەم بەشەی چیرۆکەکەی زێدان نییە و هیچ پەیوەندییەکیش لە نێوان ئەو دووانەدا دروست نابێت. لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، ڕۆستەم دەردەکەوێتەوە. خوێنەر دەزانێت کە ئێستا ئیدی ڕۆستەم لەسەر کوشتنی ئەلبێرت دەستگیر کراوە و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. بەیانییەک زوو دایک و باوک و هاوسەرەکەی، کە ناوی (نۆشین)ە و ئەوەندە نابێت شووی بە ڕۆستەم کردووە، لە (سنە)ەوە بە ڕێ دەکەون بۆ تاران بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی لەسێدارەدانی ڕۆستەمدا و پاشانیش هێنانەوەی تەرمەکەی. کە دەگەنە زیندانەکە، هەر لە بەردەگاوە پاسەوانەکە پێیان دەڵێت کە ڕۆستەم پێشوەختە و لە بەرەبەیاندا لە سێدارە دراوە.
هەڵسەنگاندن
خوێنی ئەرمەنی تێکەڵەیەکە لە کۆمەڵێک چیرۆکی سەرنجڕاکێش، کە لە بنەڕەتدا زۆر دوورن لە یەکتری، بە شێوەیەک ڕەنگە لە ژیانی ڕاستەقینەدا مرۆڤ هیچ شتێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەدۆزێتەوە و ئەو ڕایەڵەیە نەبینێت کە دەیانگەیەنێت بە یەکتر، بەڵام نووسەر وەستایانە هەموویان پێکەوە دەگێڕێتەوە و یەک چیرۆکی گەورەی ماناداریان لێ بەرهەم دەهێنێت. تێماکانی ڕۆمانەکە تێمای گرنگی سەردەمی هاوچەرخن و پرسیاری گرنگ لەسەر سیاسەت و هونەر و بەهای ژیانی مرۆڤی کورد و دووفاقیی دەوڵەت و… هتد دەورووژێنن. زمانی گێڕانەوەی چیرۆکەکان بێ گرێوگۆڵە، زمانێکی ئەدەبیی سەرنجڕاکێشە و زیادەڕەوی لە وەسفکردندا تێدا نییە.
بەشبەشکردنی ڕۆمانەکە بۆ چەند بەشێکی دوور لە یەک و هەڵبژاردنی ڕاوییەکی جیاواز بۆ هەریەکەیان خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی ڕۆمانەکەیە، ئەمە خەسڵەتێکی ڕۆمان و گێڕانەوەی مۆدێرنە کە لە (خوێنی ئەرمەنی)دا بە باشی جێبەجێکراوە؛ هەرچەندە هەندێک جار خوێنەر هەست دەکات دەنگی نووسەر لە شێوازی گێڕانەوەی هەموو ڕاوییەکاندا -جگە لە بەشی چوارەم کە منداڵێک بە ناوی ئەمەل بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و بە زمانی منداڵانەی خۆی دەیگێڕێتەوە- دیارە و نووسەر بە تەواوی نەیتوانیوە شێوازێکی تایبەتی گێڕانەوە بە هەموو ڕاوییەکان بدات. جگە لەوە، لە کاتێکدا بەشی زۆری ڕۆمانەکە -پێنج بەشیان- بە کەسی یەکەم دەگێڕدرێنەوە و گۆشەنیگای گێڕانەوە تێیاندا سنووردارە، بەڵام لە بەشی کۆتاییدا گێڕەرەوەکە دەبێتە کەسی سێیەمی هەمووشتزان، دەکرێت ئەمەش لای هەندێک خوێنەر وەک ناهاوسەنگی و لای هەندێکی تریش وەک داهێنانێک لە گێڕانەوەدا لێک بدەنەوە.
هەر لە شێوازی گێڕانەوەدا، ڕۆمانەکە لە چەند شوێنێکدا ڕەگەزی ڕیالیزمی جادوویی بەکار دەهێنێت کە سەرنجڕاکێشن، بەڵام نووسەر ناچێتەوە سەریان و بێ وەڵام دەمێننەوە -بۆ نموونە فڕینی ئەسپەکان و ئاشقبوونی زێدان بە کچی ناو تابلۆکە- هەرچەندە دەکرێت مەبەست لە یەکەمیان خەیاڵی ڕۆستەم بێت و ڕۆستەم بە هۆی هیلاکیی خۆی و تاریکیی شەوەکەوە وای زانیبێت ئەسپەکان بە دەنگی فیشەکەکان فڕیون.
نووسەر بۆ گێڕانەوەی هەندێک بەشی چیرۆکەکە، تەکنیکی شەپۆلی هۆش (Stream of Consciousness) بەکار دەهێنێت و سەرکەوتووانەش ئەو کارەی کردووە، بەتایبەت لە بەشی چوارەمدا -من ئەمەلم- تەواوی چیرۆکەکە بە تەکنیکی ناوبراو دەگێڕێتەوە و تەواوی بەشەکە چەند وێنەیەکی پارچەپارچەی ناو خەیاڵی کارەکتەر/گێڕەرەوە، کە کچێکی بچووکی ناو کەمپی ئاوارەکانە. ڕەنگە بتوانین ئەم بەشە وەک سەرنجڕاکێشترین و مۆدێرنترین بەشی ڕۆمانەکە پۆلێن بکەین.
خوێنی ئەرمەنی لە وتەی گەورە و فەلسەفیشدا زیادەڕۆیی نەکردووە و فیکری پشت چیرۆکەکانی لە زمانێکی سادە و ئەدەبیدا هێشتووەتەوە و نەیبردووەتە ناو زمانێکی ئاڵۆز، بەڵام لە هەندێک شوێندا وشەی کوردی و بەراوردی زۆرلێکراو و زیادە دەبینرێن.
خاڵێکی تر کە قسە و لێکدانەوەی جیاجیا هەڵدەگرێت دەستپێکی ڕۆمانەکەیە کە تێیدا شوێن و کات و کارەکتەر و کەش و چەند شتێکی تر لە شێوەی پێناسەی ڕووتدا بە خوێنەر دەناسێنرێن، ئەمەش تا ڕادەیەک سەرنجڕاکێشیی سەرەتای ڕۆمانەکەی کەم کردووەتەوە، هەرچەند دەکرێت ئەوەش وەک هەوڵدان بۆ تاقیکردنەوەی دەستپێکێکی نوێ لێک بدرێتەوە و قبووڵ بکرێت. هەر لە سەرەتاوە ڕۆماننووس دەنگی خۆیشی بە ڕوونی خستووەتە ناو گێڕانەوەکەوە و دەڵێت کە خەریکە ڕۆمانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە. بێگومان ئەوەی وەک هەوڵێک بۆ داهێنان کردووە، بەڵام پێم وایە زیانی لە شێواز و گێڕانەوە داوە و نابەرانبەرییەکی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ڕۆمانەکەدا دروست کردووە.
خاڵێکی تر کە دەبێتە جێی سەرنجی خوێنەر/ڕەخنەگر ئەوەیە؛ لە بەشی یەکەمدا نووسەر نهێنییەک باس دەکات و سەرنجی خوێنەری پێ ڕادەکێشێت، بەڵام شێوازی ئاشکراکردنی نهێنییەکە ڕاستەوخۆ لە سەرەتای بەشی دووەمدا و بەو شێوەیەی کە کراوە لەگەڵ چاوەڕوانییەکاندا نایەتەوە. جگە لەوە، لە بەشی پێنجەمیشدا هەر زوو ئاشکرای دەکات کە پاڵەوانەکە لە سێدارە دراوە، بەمەش سیحری هێشتنەوەی خوێنەر لە چاوەڕوانیدا (Suspense) دەکوژێت، هەر بۆیە کاتێک لە بەشی دواتردا بە وردی باسی خودی لەسێدارەدانەکە دەکات، خوێنەر، بەو شێوەیەی لێی چاوەڕوان دەکرێت، ناهەژێت.
ڕۆمانەکە ئاماژەش بە هەندێک بابەتی گرنگ دەکات، بەڵام تەنیا ئاماژەپێکردنە و هیچیان لەسەر ناڵێت و خوێنەر وەڵامی دەست ناکەوێت، بۆ نموونە؛ پرسیاری ئەوەی بۆچی ئەلبێرت گۆرانیی ئینگلیزی دەڵێت و بۆچی پێش ئەوەی گیانی دەرچێت دەڵێت “پا. پا…پـــ… پـــ” بە وەڵامنەدراوەیی دەمێننەوە.
ڕۆمانەکە هێشتا هەڵەی تایپ، ڕێنووس و ڕێزمانیی تێدایە و لە هەندێک شوێنیشدا زیاد لە جارێک زانیارییەکی تێدا دووبارە بووەتەوە -“کونسوڵخانە هەموو ڕۆژێک جواب دەنێرن، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەپرسن (١٠٤)” و “کونسوڵخانە داوای ڕوونکردنەوەمان لێ دەکەن (١٠٥)” و “کونسوڵخانە لێناگەڕێن (١٠٨)”- بەڵام هیچ کام لەوانە زیانی گەورەیان لە گێڕانەوە و ڕادەی چێژبەخشیی ڕۆمانەکە نەداوە.