نووسینی : عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

خوێندنەوەی : غازی محەمەد

گێڕانەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ بۆشاییەکانی واقیع
کتێبی “خولیای گێڕانەوە” لە نووسینی ڕەخنەگر و شاعیر عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا (چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٢٥)، وەک دەقێکی ڕەخنەیی هاوچەرخ و فرەڕەهەند، بازدانێکی مەعریفی و فەلسەفیی گەورەیە لە کایەی ئەدەبیاتی کوردیدا. ئەم بەرهەمە تەنیا کۆمەڵە وتارێک یان لێکۆڵینەوەیەکی کلاسیکی و سادە نییە لەسەر پێکهاتە سەرەتاییەکانی چیرۆک و ڕۆمان، بەڵکوو پشکنینێکی ئۆنتۆلۆژی و فینۆمینۆلۆژییە بۆ قووڵایی بوون، کات و زمان، کە لە ڕێگەی کەرەستەی ئەدەبی و تیۆرییە زانستییەکانی گێڕانەوەوە (Narratologie) شی دەکرێتەوە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا بە دیدێکی پۆست-مۆدێرنانە، سنوورە نەریتییەکانی فەزای ڕۆمان و گێڕانەوەی کوردی و جیهانی دەبەزێنێت. ئەو بۆچوونە بەناوبانگەی فەیلەسووفی هاوچەرخ (سلاڤۆی ژیژەک) کە دەڵێت: “واقیع خۆی لە هیچ کەمترە، بۆیە پێویستە لە لایەن گێڕانەوەوە پڕ بکرێتەوە.” دەبێتە دەروازە، ڕێبەر و مانفێستی سەرەکی و فیکریی ئەم کتێبە. نووسەر لەم سۆنگە فەلسەفییەوە، تەواوی بڕبڕەی پشتی ستراتیژی گێڕانەوە لەنێو دەقدا (وەک زەمەن، شوێن، کات، کاتژمێر، کاتنامە و کاتژمێری ناوەکی) سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە و وەک فەزایەکی نوێ بۆ کەشفکردنی حەقیقەت نیشانی دەدات.
بونیادی گێڕانەوە لەنێو کایەی فەلسەفەدا (ڕیکۆر و هایدگەر)
نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، بە شێوازێکی قووڵ و فرەڕەهەند، کار لەسەر میکانیزمی گێڕانەوە دەکات و پڕۆسەکە لە نێوان دوو جەمسەری سەرەکیدا چڕ دەکاتەوە: ئەزموونی خودی نووسەر (World) و جیهانی سەربەخۆی دەق (Word). لێرەدا عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا بە شێوازێکی تۆکمە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی هێرمۆنۆتیکی پۆل ڕیکۆر و فینۆمینۆلۆژیای مارتن هایدگەر لەسەر چەمکی کات و بوون.
ئاسۆی ئەزموون و ئاسۆی چاوەڕوانی: نووسەر لە گۆشەنیگای فیکری ڕیکۆرەوە پێمان دەڵێت کە گێڕانەوەی ڕەسەن تەنیا گواستنەوەیەکی میکانیکی یان کۆپیکردنەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکە لە ئاوێتەکردنی ئاڵوگۆڕئامێزی ئاسۆی ڕابردوو (کە ئەزموونی مرۆییە) لەگەڵ ئاسۆی داهاتوو (کە ئاسۆی چاوەڕوانی و تەئویلکردنی خوێنەرە). لەم خاڵەدا، ژیان دەبێتە زنجیرەیەکی بەدوایەکداهاتووی گێڕانەوەیی و واقیعێکی زیندوو.
زەمەنی مرۆیی و ڕەتکردنەوەی فەنابوون: بەپێی دیدی ئۆنتۆلۆژیی کایەی هایدگەری، زەمەن لێرەدا کاتژمێرێکی دەرەکی نییە کە تەنیا خولانەوەی زەوی بپێوێت، بەڵکوو زەمەنی وجوودی خودی مرۆڤە؛ ئەو مرۆڤەی کە بوونێکە بەرەو مەرگ و کۆتایی دەچێت. لێرەدا گێڕانەوە دەبێتە تاکە کەرەستەیەک کە پارێزگاری لە ناسنامەی مرۆڤ دەکات و “خودی ناوەکی” لە نامۆبوون و فەنابوون ڕزگار دەکات.
تەقینەوەی مانا و قەیرانی ڕۆمانی کوردی
نووسەر بە چاوێکی ڕەخنەیی و هاوچەرخ، مێژووی ڕۆمانی کوردی و دۆخی مۆدێرنیتەی کوردی دەپشکنێت. ئەو بە ڕاشکاوی ڕەخنە لەو پانتاییە گەورەیەی ئەدەبیاتی کوردی دەگرێت کە هێشتا بەدەست “نیشتنەوە” و کۆپیی ڕووداوەکانەوە دەتلێتەوە. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا پێی وایە بەشێک لە ڕۆماننووسانی کورد هێشتا لەنێو بازنەی تەقلیدی، “هەستبزوێنی” سۆزداری و وەسفی سادەی واقیعدا چەقیون، لە کاتێکدا دونیای نوێی پۆست-مۆدێرنە، دونیای “تەقینەوەی مانا” (بەپێی چەمکی ژان بۆردیار) و “بڕوانەبوون بە گێڕانەوە گەورە و گشتگیرەکان”ـە (لای ژان فرانسوا لیۆتار).
لەم سۆنگەیەوە، ڕۆمان چی دیکە ئامرازێک نییە بۆ حیکایەتکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکوو دەقێکە کە دژایەتیی واقیعی سەپێنراو دەکات. وەک نووسەر دەڵێت: “ڕۆمان واقیع ناخاتە ڕوو، بەڵکوو کەشفی بوون دەکات… بوونیش هەر ئەوە نییە کە دەیبینین!” لێرەوە نووسەر چەمکی پۆست-مۆدێرنانەی “مردن یان ئاوابوونی نووسەر” (ڕولان بارت) دەهێنێتە کایەکەوە. دەق دەبێتە هێزێکی کەرەستەیی فرەدەنگ (پۆلیفۆنی) کە تێیدا زمان چی دیکە ئاوێنەیەکی بێلایەن نییە، بەڵکوو سیستمێکی ناجێگیر و کراوەیە کە هەمیشە خۆی بۆ خوێندنەوەی نوێ و تەئویلی جیاواز ئامادە دەکات. جوانیی ڕۆمانی کوردی کاتێک دەردەکەوێت کە بتوانێت ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەری باو تێک بشکێنێت و تەگەرە، بۆشایی، کەلێن و “موفاجەئە” لە هۆشیاریی خوێنەردا دروست بکات، نەک هێڵێکی ئاسۆیی بێوەستان.
خەیاڵی ئیبداعی و پراکتیزەکردنی تیۆری
نووسەر لە بەشەکانی کۆتایی کتێبەکەیدا، بازدانێکی تر بۆ نێو قووڵایی تیۆری مەعریفەی ئیمانوێل کانت و چەمکی “خەیاڵی ئیبداعی” دەکات. خەیاڵ لای کانت تەنیا گواستنەوە و وێنەکردنەوەی شتە بینراوەکان نییە، بەڵکوو هێزێکی ناوەندیار و بەرهەمهێنەرە کە دەتوانێت پرد لە نێوان جیهانی ئازادیی ناوەکی و جیهانی سروشتی دەرەکیدا دروست بکات. نووسەر ئەم تێزە گەورەیە دەگوازێتەوە بۆ نێو دونیای ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخ، تا بیسەلمێنێت کە دەقی داهێنەرانە ئەو دەقەیە کە پێوەرە باوەکان تەجاوز دەکات و ڕێسای تایبەت بە جوانیناسیی خۆی دەسازێنێت.
ئەم تێڕامانە فەلسەفییە دەبێتە کەرەستەیەکی پڕاکتیکی، کاتێک نووسەر دەست دەداتە شیکردنەوەی چەندین تەوەری هەستیار و دەقی ئەدەبیی دیار، لەوانە: چەمکی یادەوەری لە (کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە)ی (کەریم کاکە)دا: یادەوەری لە فۆرمە تەقلیدییەکەی دادەمڵێنرێت و دەبێتە فەزایەکی ئۆنتۆلۆژیی نوێ؛ تێیدا شوێن و کات بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شوناسی بەکۆمەڵ و پاراستنی “خودی ناوەکی” لە فەنابوون ئاوێتە دەبن.
گۆشەخەیاڵ لە ڕۆمانی (پاسەوانانی خودا)ی (عەتا محەمە)دا پلەدار نییە و لە کۆی بەرهەمەکانى ڕەنگاورِەنگ دەکەوێتەوە، بەو مانایەش نووسەر ڕۆمانەکە وەک سیستمێکی کاتیی ئاڵۆز شی دەکاتەوە؛ تێیدا تەکنیکەکانی کایەی زەمەن لە نێوان مێژوو و خەیاڵدا، دژایەتیی واقیعی باو دەکەن و ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر تووشی موفاجەئە دەکەن.
هونەری گێڕانەوە و گوتارى گێرِانەوە ڕۆمانى (ماچى یەکەم)ی (کەریم کاکە) و شیعرییەتى دەستپێک لە ڕۆمانى (کەوتنى ئاسمانەکان)ی (جەبار جەمال غەریب) و منى خوێنەر وەک خوێنەرێکى (هەواڵگەیەن/پەیامبەر) لە (شەوگەڕەکان)ی (میران ئەبراهام) و گێرِانەوەى (مەرگى مەیموون)ى (ماردین ئیبراهیم)… دەبنە لووتکەی “تەقینەوەی مانا”.
نووسەر پراکتیزەی ئەوە دەکات کە چۆن زمان لە ئاوێنەیەکی بێلایەنەوە دەگۆڕێت بۆ هێزێکی کەرەستەیی فرەدەنگ، کە تێیدا سنوورەکانی واقیع و فانتازیا تێک دەشکێنرێن تا ڕەهەندە قووڵ و نادیارەکانی بوون کەشف بکەن و بەم جۆرە کردەی نووسین و تێکشکانی خود لە بەرانبەر گوتاردا ڕەنگ دەکەن. بە دیوەکەی دیکەشدا، شیکردنەوەی ستراتیژی و هونەریی دەق دەبنە جێبەجێکردنێکی بێوێنە بۆ ئەو تیۆرییە ئاڵۆزانەی کە لە سەرەتای کتێبەکەدا گەڵاڵە کرابوون.
دەق وەک ماڵی نوێی ناسنامە
کتێبی “خولیای گێڕانەوە”ی عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، ئەزموونێکی مەعریفیی یەکجار دەوڵەمەند، نوێخواز و پێویستە بۆ سەکۆی ڕەخنەی ئەدەبی و کتێبخانەی کوردی. نووسەر توانیویەتی بە زمانێکی ئەدەبیی تۆکمە، جڵەوی فەلسەفە، فینۆمینۆلۆژیا و تیۆری ڕەخنەیی بگرێت و لەگەڵ فەزای داهێنانی دەقدا ئاوێتەی بکات. ئەم بەرهەمە ڕێبەرێکی باڵا و مۆدێرنە بۆ هەر خوێنەر، توێژەر و ڕەخنەگرێک کە دەیەوێت لە دەرەوەی چوارچێوەی باو، جێگیر و کلاسیکییەکان، گەشت بکات و سەیری گەمەی قووڵی نووسین، زمان، چێژ و بوون بکات لەناو ڕووبەری بێدەرەتانی ڕۆمان و کایەی گێڕانەوەدا.