نووسینی : قوبادی جەلیزادە

خوێندنەوەی : فازیل لەتیف

دیوانەکە (٣١٢) لاپەڕەیە، ساڵی ٢٠٢٥ چاپ کراوە، گەشتێکی تایبەتە بەناو خەیاڵ و جیهانبینی شاعیردا، ناونیشانی کتێبەکە جۆرێک لە یاریپێکردنی تێدایە؛ (با) هەموو دەزانین جێپێی نییە و کاتێک هەڵدەکات تەنیا تێدەپەڕێت و شوێنەکان تێک دەدات و ڕادەماڵێت، بەڵام شاعیر وای دەبینێت کە با جێپێی هەیە و بارانیش دێت و ئەو شوێنە پڕ دەکاتەوە، ئەم وێنە خەیاڵییە سەرەتایەکی باشە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە قوباد چۆن سەیری سروشت و دەوروبەری خۆی دەکات و دەیەوێت شتە نەبینراوەکان، بەر هەستەکان بکەون، تەنانەت وێنەی سەر بەرگەکەش کە هێڵکارییەکی گرافیکی خۆڵاوی لەسەر بنەمای ڕوخساری خودی شاعیرە، نیشانی دەدات کە چۆن خۆی وەک مرۆڤ بە خاک و ژینگەی نیشتمانەوە بەستووەتەوە.

لاپەڕە (٢٩) شیعری شمشێر:

بانگی تۆ دەکەین، کەچی بەرد وەڵاممان دەداتەوە،

بانگی تۆ دەکەین، وەلێ پەت وەڵاممان دەداتەوە،

بانگی تۆ دەکەین، بەڵام ئاگر وەڵاممان دەداتەوە،

بانگی تۆ دەکەین، کەچی شمشێر وەڵاممان دەداتەوە.

خوایە ئێمە بانگی تۆ دەکەین، گەر وەڵاممان نادەیتەوە
مەشهێڵە؛ بەرد و
پەت و
ئاگر و
شمشێر، لێمان بێنە دەنگ
تۆ لە توخمیی ئەوان نیت.

لە نێوان ستەمی سەر زەوی و بێدەنگیی ئاسماندا، شاعیر باسی ئەو بێدەنگییە دەکات لە کاتی لێقەوماندا، ڕوو لە خودا دەکات، لەجیاتیی دەنگی بەزەیی، ئامرازەکانی سەرکوتکردن (بەرد، پەت، ئاگر و شمشێر) وەڵامی دەدرێتەوە.
جوانیی شیعرەکە لەوەدایە کە شاعیر نائومێد نابێت، بەڵکوو نزا دەکات و دەڵێت: خوایە ئەگەر خۆت وەڵام نادەیتەوە، با هەر ئەم چەک و ئامرازانە بێنە دەنگ و خۆیان ببنە شایەدیی غەدرلێکردنەکەم.
لە کۆتاییدا بە دێڕی (تۆ لە توخمی ئەوان نیت)؛ شاعیر خودا لە دڵڕەقیی مرۆڤەکان بەری دەکات؛ متمانەی خۆی دووپات دەکاتەوە کە خودا لە ڕق، تۆڵە، شمشێری ستەمکاران بەرزترە.
شیعری “لێت نابوورم ئەگەر بە ئەنقەست” لە لاپەڕە ١٦٥دا، زۆر بە ڕوونی دەڵێت ئەگەر تۆ بە ئەنقەست مێروولەیەک ئازار بدەیت، یان لقی درەختێکی تەڕ، بشکێنیت و بەرد بهاوێژیتە ناو ئاوی کانییەک، ئەوە گوناهێکی زۆر گەورەت بەرامبەر بە نیشتمان کردووە و شایەنی لێخۆشبوون نیت، لای قوباد عەشق وەک ژینگە پاکە و جۆرێکە لە پاکبوونەوەی ڕۆحی و فەنابوون لەناو جوانیدا؛ ئەم تێڕامانە لە شیعری “کچە یارسانی” لە لاپەڕەکانی ٢٩٠ و ٢٩١دا بە ڕوونی دیارە کاتێک عەشق و مۆسیقا و عیرفان پێکەوە تێکەڵ دەبن. جگە لەمەش، خەمی دایک و (نۆستالژیا) گەڕانەوە بۆ ڕابردوو پانتاییەکی فراوانی لەناو دیوانەکەدا هەیە. شیعرەکانی وەک “بۆنی خودا” لە لاپەڕەی ١٠٠ و “لە سەر گۆڕی دایکم” لە لاپەڕەی ١١٦دا، شاعیر باس لە ژووری کۆن و بەرماڵ و تەزبیح و چارشێوی دایکی دەکات و دەڵێت کاتێک ئەمانە پێکەوە بۆن دەکەیت، وەک ئەوە وایە بۆنی خودا و بۆنی دایکت بەسەر یەکەوە بکەیت و هەست بە ئارامییەکی ڕەها بکەیت.
لە شیعری لاپەڕە ١٦٠ دا کە شاعیر کار لەسەر چەمکی ناسکیی دڵدارەکەی دەکات و دەڵێت ئەگەر ماچی بکات یان باوەشی پیا بکات یان دەنگی بەرز بکاتەوە، دەشکێت. ئەم وێنەیە کەمێک کۆنە و لە مێژووی شیعری ڕۆمانسیی کوردی پێش خۆشیدا زۆر دووبارە بووەتەوە.
شاعیر لێرەدا نەیتوانیوە وێنەیەکی داهێنەرانەی جیاواز پێشکەش بکات و زۆر ڕاستەوخۆ قسە دەکات، ئەمەش فەزایەکی خەیاڵی وا بۆ خوێنەر جێ ناهێڵێت کە خۆی بیر بکاتەوە و مانا لەناو دێڕەکاندا بەرهەم بهێنێت. لە کۆتایی شیعرەکەشدا دەڵێت “خۆزگە تۆ ژنێ دەبووی لە توخمی ئاو”، لێرەدا جۆرێک لە دژیەکیی فیکری هەیە؛ ئەگەر دەیەوێت ژنەکە لە توخمی ئاو بێت، کەواتە لە دێڕەکانی پێشتردا ژنەکەی وەک شتێکی زۆر ڕەق و بێهێز وەک شووشە وێنا کردووە کە زوو دەشکێت، ئەمەش دیدگایەکی لاواز لەسەر بوونی ژن پیشان دەدات کە ناتوانێت بەرگەی دەربڕینی سۆز بگرێت. لە لایەکی ترەوە؛ زمانەکەی لە هەندێک شوێندا هێندە سادەیە کە زۆر جار لە ئاخاوتنی ئاسایی ڕۆژانە نزیک دەبێتەوە و هێزی مۆسیقای ناوەکی لەناو فۆڕمی شیعرەکەدا کەم دەکاتەوە.

بابەتێکی تری دیوانەکە (هایکۆ)یە، شاعیر لە ڕێگەی چوار تابلۆی جیاوازەوە باس لەوە دەکات کە چۆن عەشق مرۆڤ دەگەیەنێتە لوتکەی تێربوونی ڕۆحی کاتێک ئیتر هیچ جوانییەکی سروشت لەبەر چاوی نامێنێت و مەعشووق دەبێتە پێوانەی سەرەکی بۆ جوانیی، کاتێک دەڵێت: دوای ماچی ژنێک ئیتر تام و چێژی خواردنی هەنگوین پووچەڵ دەبێتەوە، یان دوای بۆنکردنی گەردنی خۆشەویستەکەی، هەموو شووشە عەترە گرانبەهاکان فڕێ دەداتە ناو کۆڵان، ئەمانە وێنەی زۆر جوان و یاخیبووانەن لە جوانییە دەستکردەکانی جیهان. لە تابلۆی چوارەمیشدا دەڵێت کاتێک جەستەی ڕووتی دڵدارەکەی دەبینێت، ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە لە ئاسماندا لەبەرچاوی کاڵ دەبنەوە و دان بە گەمژەیی خۆیدا دەنێت لە ئاست ناسینی ڕەنگە ڕاستەقینەکاندا.
لە بەشی دووەمدا بەکارهێنانی وشەی “دارسێو” وەک هێمایەک بۆ مەمک یان جەستەی ژن زۆر ڕاستەوخۆ و سواوە، شاعیر لە سەرەتای سێ بەشی یەکەمدا، وشەی “ئیدی” وەک دەستپێک بەکار هێناوە، ئەم جۆرە دووبارەکردنەوە ڕێزمانییە ئەگەرچی ڕیتمێکی یەکگرتوو بە دەقەکە دەبەخشێت، بەڵام وای کردووە خوێنەر پێشوەختە بزانێت ڕستەی دواتر بە چی دەست پێ دەکات و ئەو کتوپڕییە و سەرسوڕمانەی کە خەسڵەتی سەرەکیی هایکۆیە کەم ببێتەوە.
دەقی “پارچە ونیووەکانی جوانی” لە لاپەڕە ٢١٥دا، نموونەیەکی سەرکەوتووی چڕکردنەوەی زمانە لای قوباد کە مرۆڤ دەبێتە چەقیی گەردوون.
سەرەڕای ئەو تێبینی و ڕەخنانەی لەسەر ڕاستەوخۆیی زمانەکەی و هەڵەی ڕێنووس، ژمارەپێدان لە زۆر دەقی دیکەی دیوانەکەدا لە تەنیشت دەقەکانییەوە دەبینرێت، کە دابڕان لە میوزیکی شیعرەکان کەم دەکەنەوە!
خوێنەر دەتوانێت تێما سادەکانی وەک (خودا، عەشق، نیشتمان، دایک، سروشت، مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستی) لە دیوانەکەیدا بدۆزێتەوە.