نووسینی : هێما سالار
خوێندنەوەی : عەتا عەبدوڵڵا

لە نێوان هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ناسنامەی نەتەوەیی و میراتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، “پۆشاک” یەکێکە لە گرنگترین ئەو ئامرازانەی کە مێژووی گەلان لە خۆی دەگرێت. پۆشاک یان (جلوبەرگ) من” بۆ خۆم یەکەمیانم پێ دروستترە”، تەنها پارچەیەک جل نییە کە مرۆڤ دەیپۆشێت، بەڵکوو زمانێکی بێدەنگە کە دەتوانێت مێژوو، کولتوور، بارودۆخی ژیانی مرۆڤ و هەست بە سەربەخۆیی نیشان بدات.
لەو چوارچێوەیەدا کتێبی «جلوبەرگی کوردی؛ مێژوو، جۆر، شێوە و تێگەیشتنێکی نەتەوەیی هاوچەرخ» نووسینی “هێما سالار” هەوڵێکی ئەکادیمی و کولتووریی گرنگە، بۆ خوێندنەوەی ئەم بەشە گرنگەی میراتی کوردی.
کتێبەکە لە سەرەتادا خوێنەر بۆ ئەو تێگەیشتنە دەبات کە جلوبەرگی کوردی تەنها دیاردەیەکی جوانکاری یان فۆلکلۆری نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی گشتیی کورد و لە ماوەی سەدەکاندا لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا گەشەی کردووە. نووسەر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک هەوڵی داوە پەیوەندیی نێوان جلوبەرگ و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردی ڕوون بکاتەوە.
لە هاوچەرخێتییەوە تا قووڵاییەکانی مێژوو
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە جلوبەرگی کوردی لە چوارچێوەی مێژوودا لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە. نووسەر کاری لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن جلوبەرگ لە سەردەمە جیاوازەکاندا، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و چۆن کاریگەری لە ژینگەی سروشتی، بازرگانی، پەیوەندییە کولتوورییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان وەرگرتووە.
ئەم بۆچوونە یارمەتیی خوێنەر دەدات تەنها لە تەماشاکردنی شێوەی جلوبەرگدا نەوەستێت، بەڵکوو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی سەیری بکات. بەم شێوەیە کتێبەکە جلوبەرگ لە ئاستی شتێکی فۆلکلۆرییەوە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی توێژینەوەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی.
جیاوازی ناوچەیی و دەوڵەمەندیی شێوەکان
کتێبەکە گرنگییەکی تایبەت بە جۆرە جیاوازەکانی جلوبەرگی کوردی دەدات. خوێنەر تێدەگات کە جلوبەرگی کوردی شتێکی یەکدەست نییە؛ بەڵکوو لە هەر ناوچەیەکدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە. جیاوازیی لە ڕەنگ، پارچە، شێوازی دوورین، جوانکاری و تەنانەت ناوی بەشە جیاوازەکانی جلوبەرگدا دیارە. ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان شوناس و کولتووریی بیرکەرەوانەی ئەو ناوچانە پیشان دەدات لە چۆنیەتیی پۆشینی جلوبەرگ و ڕێکخستنی بەشی پۆشاک، لەگەڵ جیاوازیی ئەو پۆشاکە لە منداڵ و ژن و پیاو، کە بێگومان هەریەک لەوانە تایبەتمەندی و ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە.
ئەم فرەڕەنگییە لە پۆشاک پۆشین، نیشاندەری ئەوەیە کە کولتووری کوردی لەگەڵ یەکگرتوویی ناسنامەدا، هەروەها دەوڵەمەندییەکی ناوخۆیی هەیە. نووسەر، بە وردی هەوڵیداوە ئەم جیاوازییانە تۆمار بکات و بپارێزێت، کە ئەمە خۆی بەهایەکی بەڵگەنامەیی بۆ کتێبەکە دروست دەکات.
جلوبەرگ و ناسنامەی نەتەوەیی
گرنگترین بەشی کتێبەکە بریتییە لە تێگەیشتنی نەتەوەیی بۆ جلوبەرگ (پۆشاک)، نووسەر باس لەوە دەکات کە چۆن جلوبەرگ بووەتە هێمای ناساندنی کورد لەناو خۆی و لە بەرامبەر گەلان و کولتوورەکانی تر. لەم ڕوانگەیەوە، جلوبەرگ وەک زمانێکی هێمایی دەردەکەوێت. هەڵبژاردنی ڕەنگەکان، شێوەی جلەکان و تەنانەت شێوازی لەبەرکردنیان، هەموویان پەیامێکی کولتووری و ناسنامەییان هەیە. کتێبەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ئەم پەیوەندییە لێک دەداتەوە و نیشان دەدات کە چۆن جلوبەرگ بەشێکە لە دروستکردنی وێنەی گشتیی نەتەوە.
پۆشاک لە نێوان پاراستن و نوێبوونەوە
بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم کتێبەدا، بریتییە لە پەیوەندیی نێوان میرات و هاوچەرخی. لە سەردەمی جیهانگەرایی و گۆڕانکارییە خێرا کولتوورییەکاندا، جلوبەرگی کوردیی هەروەها لەبەردەم چالاکییەکانی گۆڕان و نوێبوونەوەدایە.
نووسەر هەوڵ نادات تەنها لە ڕابردوو بوەستێت، بەڵکوو پرسیار دەکات کە چۆن دەتوانرێت جلوبەرگی کوردی لە ژیانی هاوچەرخدا بەردەوام بێت. ئەم پرسیارە کتێبەکە لە تۆمارکردنی زانیارییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی بیرکردنەوە لە داهاتووی کولتووری. ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە گەشەسەندنی بینین و مۆدێلی پۆشاکی کوردی دەردەکەوێت، بە جۆرێک پۆشاکی کوردی لە پەنجا ساڵی ڕابردوو، لە هەر شوێن و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، یان بەشەکانی تری کوردستان وەرگرین گۆڕانکاریی گەورە و گەشەسەندنی فراوانی بەخۆوە بینیوە.
پۆشاک “جلوبەرگ” و ڕەگەزی ئابووری و پیشەسازی
یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی جلوبەرگی کوردی، ئەوەیە کە تەنها بەرهەمی کولتووری نییە، بەڵکوو بەرهەمی چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگەشە. دروستکردنی پارچە، چنین، ڕەنگکردنی جل و پیشەی دروستکردنی کەلوپەلی پەیوەندیدار، هەموویان بەشێک بوون لە ژیانی ئابووریی خێزان و شارەکانی کوردستان. نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە جلوبەرگ لە هەندێک سەردەمدا بەشێک بووە لە بازاڕ و مامەڵەی بازرگانی ناوچەیی و لە ڕێگەی گواستنەوەی کاڵا و پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. بەم شێوەیە کتێبەکە جلوبەرگ نەک تەنها وەک دیاردەیەکی هونەری، بەڵکوو وەک بەشێک لە مێژووی ئابووریی کۆمەڵگای کوردی دەخوێنێتەوە.
ناواخنی کتێب
کتێبی “جلوبەرگی کوردی”، نووسینی “هێما سالار”، لە چاپخانەی ڕۆکسانا لە هەولێر چاپ و بڵاو کراوتەوە. کتێبەکە قەبارەیەکی گەورەی ڕەنگاوڕەنگی ٢٠٠ لاپەڕەییە. لە نۆ بەش و چەندین ناونیشانی جیاواز پێک هاتووە. لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، کتێبەکە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ هەر کەسێک کە حەز بە ناسینی مێژوو و کولتووری کوردی دەکات. زمانی نووسین زۆربەی بەش و لایەنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕوون و ئاسانە و هەوڵ دراوە بابەتە مێژوویی و گێرانەوە و چەمکە سۆسیۆلۆژییەکان، بە شێوەیەکی گونجاو بۆ خوێنەری گشتییش بخرێنە ڕوو.
کتێبەکە لە بابەتی تۆمارکردنی زانیاری و شیکردنەوەی کولتووریی بەهێزە، هەرچەندە لە هەندێک بەشی کتێبەکەدا هەوڵی داوە بەراوردی زیاتر لەگەڵ جلوبەرگەکانی گەلانی تر بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی جلوبەرگی کوردی زیاتر دەربکەوێت، بەڵام زۆر نەچووەتە سەر تایبەتمەندیی ڕەنگ و دیزاین و پێکهاتەی جلوبەرگەکان، بە بڕوای من ئەمەی بکردایە بەهایەکی قووڵتر و گرنگتری دەدا بەو کۆنسێپت و بابەتەی کە بۆ سکێچی گشتی کتێبەکە هەڵیبژاردووە.
کتێبی «جلوبەرگی کوردی» تەنها لێکۆڵینەوەیەک لەسەر پۆشاک “جلوبەرگ” نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکە بۆ مێژوو، ناسنامە و ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد.
هێما سالاری نووسەر توانیویەتی بابەتێک کە زۆر جار وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت، بگۆڕێت بۆ نووسین و توێژینەوەیەکی قووڵی کولتووری و نەتەوەیی، بۆیە ئەم کتێبە دەتوانێت جێگای خۆی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ لە بواری کولتووری، فۆلکلۆر، مێژوو و ناسنامەی کوردیدا بکاتەوە و هانی خوێنەر بدات جلوبەرگ نەک تەنها وەک جل، بەڵکوو وەک بەڵگەیەکی زیندووی بوون و شوناس و مێژووی نەتەوەیی بخوێنێتەوە.