نووسینی : حسێن لەتیف
خوێندنەوەی : کامەران سوبحان

دەروازەیەک
کتێبی «توێکاری لە جەستەی دەقدا»، لە نووسینی (حسێن لەتیف)ە، ئەم کتێبە، یەکێکە لەو بەرهەمە ڕەخنەییانەی کە هەوڵ دەدات خوێنەری کورد لە خوێندنەوەی ئاسایی بەرز بکاتەوە بۆ ئاستی شیکردنەوە. ئەم کارکردنە لەسەر جەستەی دەق، لای ئەم نووسەرە، تەنها لەم کتێبەیدا نابینرێت، بەڵکوو لە زۆربەی نووسینەکانیدا ئەم گۆشەنیگایەی بۆ دەق هەیە و بە ستایل و زمانێکی تایبەت لێکدانەوە و هەوڵی دۆزینەوەی مانا شاراوەکانی دەق دەدات.
لە یەکەم سەرنجدا لە بینینی کتێبەکەوە، ناونیشانەکەی خوێنەر دەوەستێنێت و هەستێکی تێڕامان و وردبوونەوەی لادروست دەکات، چونکە «جەستەی دەق» وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەبینرێت و «توێکاری»ش بە واتای گەڕان بەدوای ئەو نهێنییانەیە کە لە ناو ئەم جەستەیەدا شاراوەی دەقدا هەن و تەنها خوێنەری هۆشیار و ڕەخنەگری ورد و بە سەلیقەی وەک حسێن لەتیف هەستی پێ دەکەن.
سێ چەمک و بەراوردکاری
- ڕەخنەگر هاوشێوەی پزیشک
- دەق هاوشێوەی نەخۆش
- پڕۆسەی ڕەخنەگرتن، هاوشێوەی نەشتەرگەریی نەخۆش لە لایەن پزیشکەوە
ئەم سێ چەمکە، لە ناونیشانی کتێبەکەوە هەڵێنجراون، کە نووسەر چەمکی توێکاری بەکار هێناوە، کە لە بنەڕەتدا زاراوەیەکی پزیشکییە و لەو مانا و شیکارییانەی لەم کتێبەدا بۆ دەقەکانی کردووە، ڕەخنەگر لە بواری ئەدەبیاتدا وەک پزیشک وایە. دەق لە ئەدەبدا نەخۆشە لە پڕۆسەی پزیشکیدا، ڕەخنەگرتن و ڕەخنەگر، نەشتەرگەرییە.
لەم خوێندنەوەی ئەم کتێبە و دیدگای ئەم نووسەرە، چیتر بەتەنها پڕۆسێسی ڕەخنە چەقبەستن نییە لە دەوری پرسە ئێستاتیکییەکان، بەڵکوو نەشتەرگەریکردنی نائاگایی دەق و ئەو لایەنانەیە کە خوێنەری ئاسایی هەستی پێ ناکات و ڕاگوزەری بەسەریدا تێدەپەڕێت.
توێکاریی جەستەی دەق:
کتێبەکە چواردە ناونیشانی لەخۆ گرتووە، بەم دیدگایەی ئاماژەم پێدا، لەم کتێبەدا خوێندنەوەی بۆ کراوە. دەقی سەرەکیی سێ نووسەری کورد (شێرکۆ بێکەس، شێرزاد حەسەن، سەبا ئەحمەد)، توێکارییان بۆ کراوە و ئەو دیدگایەنەی بۆ دەق و شیکارکردن و ماناکردنی هەیەتی لەنێو ئەم سێ دەقەدا ئەزموونی کردووە و جێبەجێی کردووە.
لە سەرەتای کتێبەکەدا لەژێر ناونیشانی (دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا) ئەم بەشە، دەروازە و زەمینەسازییە بۆ پڕۆسێسی دەقناسییانە لە گۆشەنیگای ڕەخنەگرانەی خۆی بۆ گشت چەمکەکانی دەق. نووسەر باس لە جۆرەکانی دەقی وەکوو “دەقی کراوە، دەقی داخراو، تارمایی خوێنەر، مەرگی ڕەخنەگر”ی کردووە، ئەمەش بۆ ناساندنە و بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت دەقە جیاوازەکان بناسێتەوە. بەپێی ئەم پۆلێنکارییەی کە ئەو بۆ بنەما جیاوازەکانی دەقی کردووە لەم کتێبەدا.
پێڕستی کتێبەکە نیشانی دەدات کە نووسەر تەنها لەسەر تیۆری دەق نەوەستاوە، بەڵکوو ئاوڕی لە بابەتە جۆراوجۆرەکانی ئەدەب و ڕەخنەش داوەتەوە. ئەم جۆراوجۆرییەش وای کردووە کتێبەکە تەنها خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی وشک نەبێت و جۆرێک لە هەمەڕەنگی و هەمەچەشنی تێدا بێت کە خوێنەر لە خوێندنەوەیدا هەست بە بێزاری نەکات و چێژ لە خوێندنەوەی کتێبەکە ببینێت.
خوێنەر و هاوبەشیکردن لە دروستکردنی مانا
یەکێک لە گرنگترین بیرۆکەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە مانای دەق شتێکی تەواو و داخراو نییە. لە بابەتی «دەق لە چاوەڕوانی خوێنەردا»، نووسەر پێداگری دەکات کە هەر خوێنەرێک بەپێی ئەزموون و تێگەیشتنی خۆی مانایەکی نوێ لە دەق دروست دەکات. ئەم ڕوانگەیە نزیکە لە تیۆری وەڵامدانەوەی خوێنەر و هێرمینۆتیک، کە خوێنەر بە بەشێکی سەرەکیی پڕۆسەی ماناسازی دەق دادەنرێت. بە جۆرێک لە هاوکێشەی دەق و نووسەردا پێگەیەکی کاریگەریی هەیە.
لەبارەی ڕەخنەی کولتووری و ناشیرینناسییەوە
لە کتێبەکەدا بابەتێک بە ناوی «ڕەخنەی کولتووری و ناشیریناسی» هەیە، کە نیشانی دەدات حسێن لەتیف ڕەخنە تەنها وەک هەڵسەنگاندنی جوانیی دەق نابینێت، بەڵکوو پەیوەندیی بە کولتوور و ناسنامە و بارودۆخی کۆمەڵایەتیشەوە هەیە.
ئەم تێڕوانینە بۆ کولتوور، خوێنەر لە ڕەخنەی سادە دوور دەخاتەوە و دەیخات بەسەر تێڕوانینێکی قووڵ بۆ پڕۆسێسیی جوانناسی. بە تایبەتییش ئەو پێی وایە ڕەخنەگرتن لە کولتوور دەبێت ڕەخنەگرتن بێت لە جوانی بە پلەی یەکەم، بەبێ ڕەخنەگرتن لە جوانناسی ناتوانین ناشیرینی بناسین، جوانناسی و ڕەخنەگرتن لێی، زەمینەیەکە بۆ ناشیرینی.
لە بابەتێکی تردا لەبارەی «نەسەقی نێرینەیی… نموونەیەک لە شیعری کۆن و نوێی کوردیدا» نووسەر شرۆڤەیەکی ورد بۆ کۆنسێپتی پەیوەندیی نێوان شیعری کۆن و نوێی کوردی دەکات. پێی وایە شیعر دیوان و شوناسی کورد و زۆربەی میللەتانی ترە، بەو مانا و تێگەیشتنەی زمانی شیعریی لەناو کایەی ئەدەبیدا، تاکە زمانە توانیویەتی خۆی لە زمانی ئاخافتن و ڕۆژانەی مرۆڤ جیا بکاتەوە و شوناس و تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێت. ئەو هێزەی زمانی شیعر دەیبەخشێت مەحاڵە لە هیچ کام لە ژانرەکانی تری ئەدەبدا ببینرێت، بە تایبەتییش نووسەر لە ماناکردنی شیعری کلاسیک و بە نەستەق، پەنای بردووە بۆ هێزی زمان لای مەلا خدری نالی کە دەڵێت:
چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق
بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللەق؟!
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵ ڕەق!
سەراپای گرتووی زوڵف، بۆیە بوویی
موقەییەد، هەم موخەلخەل، هەم موتەووەق!
لە پێت ئاڵاوە حەڵقەی ماری گێسووت
عەجایەب حەیی بێ جان قەیدی موتڵەق!
مەلا خدری نالی، لە شیعرەکەدا وشەی نەسەقی بە مانای قسەی هاوسەنگ و ڕێکوپێک بەکار هێناوە، هەندێ جاریش ئەم وشەیە لای شاعیرانی تر بە مانای هەمەچەشنی و هەمەجۆری هاتووە، بە تایبەتییش لای مەلای جزیری زۆر جوان وشەکەی لە قاڵبی شیعریدا تواندوەتەوە و مانای قووڵی پێ بەخشیوە.
لەو یەک نەسەق من تێن سەبەق، نوورا یەقەق دا دل شەفەق
شیرین لەبێ دێم کەوکەبێ، لێ بەندە بێ دەستوور بوو
دلبەر نەزەر دا من سەحەر، خەجلیم ژ بەر لێ ئەو قەدەر
زانم گووا ئەو ماهڕووا، وەک لوئلووا مەنسوور بوو
پاش فورقەتێ زۆر موحبەتێ، م ژ تەلعەتێ چووم حەزرەتێ
وەسلا حەبیب من بوو نەسیب، مەلعوون ڕەقیب ڕەنجوور بوو
جاما زەلال خەمرا حەلال، یارێ شەپال دا من ب حال
عشقا غەدار سوهتی ستار، نێڤ مە و یار سەد سوور بوو
شاهێ جەڤین غەم ژێ ڕەڤین، مارێ شەڤین ئیساند ئەڤین
دەرد و بەلا وێن چوون هەلا، عومرەک مەلا مەهجوور بوو
ئەم دوو نموونەیەی شیعری نالی و مەلا جەزیریی کرۆکی کارکردنی نووسەرە لە خوێندنەوەی شیعری کلاسیکی کوردیی، بە مانا ناباوەکەی و بە تێگەیشتنێکی قوڵ و فرەڕەهەندەوە.
بۆ تێگەیشتن لە شیعری نوێی کوردییش، بە هەمان تێڕوانینی زمان و توێکارییەوە گۆشەنیگای خۆی لەبارەی ئەو ئەزموونە شیعرییانەوە دەخاتە ڕوو.