نووسینی : د. مەجید ساڵح
خوێندنەوەی : عەبدولخالق یەعقووبی

پێشەکی: ڕۆشنبیرناسی وەک پێداویستییەکی مێژوویی
لێکۆڵینەوە لە مێژووی فیکری و سیاسیی هەر نەتەوەیەک، بێ گەڕانەوە بۆ ئەو کەسایەتییە ڕۆشنبیرانەی کە بناغەی هۆشیارییان داناوە، هەوڵێکی ناتەواوە. کتێبی (بیری نەتەوەیی لە وتار و شیعرەکانی شێخ نووری شێخ ساڵح) لە نووسینی دکتۆر مەجید ساڵح، تەنیا لێکۆڵینەوەیەک نییە لە مێژووی ئەدەبیات، بەڵکوو هەوڵێکی ڕژد و ئامانجدارە بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی لە سەدەی بیستەمدا. ئەم بەرهەمە، لەپاڵ زنجیرە کارەکانی تری نووسەردا (لەسەر کەسایەتییەکانی وەک مستەفا پاشای یاموڵکی و ڕەفیق حیلمی)، دەستپێکێکی گرنگە بۆ بزووتنەوەی “ڕۆشنبیرناسیی کوردی”. نووسەر لەم کتێبەدا ئامانجییەتی پیشانی بدات کە چۆن شێخ نووری شێخ ساڵح، وەک بیرمەند و ئەدیبێک، توانیویەتی “کوردایەتی” نەک تەنیا وەک دروشم، بەڵکوو وەک سیستمێکی فیکری و مەعریفی دابڕێژێت.
ناوەڕۆک و تێمای سەرەکی: کوردایەتی و سەنتەربوونی زمان
ناوەڕۆکی کتێبەکە لەناو چوارچێوەیەکی گەورەتردا جێگەی دەبێتەوە، کە دەتوانین ناوی بنێین “چەمکی کوردایەتی”. نووسەر بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە شێخ نووری چۆن لە ڕێگای شیعر و وتارەکانییەوە، زمان، نەریتی کولتووری، جوگرافیا و فرەڕەنگیی ئایینی کردووەتە کۆڵەکەکانی ناسنامەی نەتەوەیی.
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی کتێبەکە، کە نووسەر تیشکی خستووەتە سەر، تێڕوانینی شێخ نوورییە بۆ پێگەی “زمانی دایک”. زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەر، شێخ نووری بە ڕاشکاوی گوتوویەتی: “بە ڕۆیشتنی گیان حەیاتی قەومییەت ناڕوا، بەڵام بە نەمانی زمان، بناغەی میللییەت دەڕووخێ.” نووسەر بە پشتبەستن بەم وتارانە، نیشانی دەدات کە شێخ نووری دژی ئەوە بووە زمانی ئایین یان داگیرکەر ببێتە زمانی پەروەردە لە کوردستاندا. ئەمەش هاوتایە لەگەڵ تیۆرییەکانی وەک ئەوەی (پۆڵ ڕیکۆر) کە پێی وایە “زمان لە ڕێگای گێڕانەوەوە ناسنامە دروست دەکات” (Narrative Identity).
شێوازی نووسین و ئارگومێنتەکان
نووسەر لە شیکردنەوەکانیدا زمانێکی لۆژیکیی بەکار هێناوە. ئەو تەنیا وەسفی شێخ نووری ناکات، بەڵکوو تێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵدەوەشێنێتەوە. نووسەر دەریدەخات کە شێخ نووری خاوەنی “فەلسەفەی نەتەوەیی” بووە، واتە زانیویەتی کە بیرکردنەوە دەبێت بچێتە ناو قاڵبی نووسینەوە بۆ ئەوەی ببێتە “یادەوەرییەکی دەستەجەمعی”.
هەروەها کتێبەکە ڕوونی دەکاتەوە کە شێخ نووری ڕۆشنبیرێکی واقیعبین بووە؛ هەم نوخبە بووە و هەم ڕووی لە جەماوەر بووە، بێ ئەوەی بکەوێتە ناو زەلکاوی پۆپۆلیزمەوە. ئەو بوێریی ئەوەی هەبووە ڕەخنە لە دەسەڵاتی سیاسی (وەک شێخ مەحموود) و کەلەپووری کۆمەڵایەتی بگرێت و داوای کردووە تاکی کورد ئیرادەی خۆی بخاتە گەڕ بۆ گۆڕانکاری بە ئاراستەی دروستکردنی نەتەوە (Act of Nation Building).
ڕەخنە و تێبینی لەسەر کتێبەکە
سەرەڕای بەهای بەرزی زانستیی کتێبەکە، تێبینییەکی ڕەخنەییم لەسەر خوێندنەوەیەکی نووسەر هەیە. لە لاپەڕە ١٠٣دا، کاتێک باسی وتاری “موجادەلەی حەیات”ی شێخ نووری دەکات، دەنووسێت: “ئەم وتارە دەنگدانەوەیەکی ڕوونی گوتاری مۆدێرنیستی ئیسلامیی سەردەمەکەیە.”
لێرەدا دەرەنجامگیرییەکە جێگەی گفتوگۆیە. ڕاستە شێخ نووری لە وتارەکانیدا ئاماژە بە ئایەتەکانی قورئان دەکات، بەڵام ئامانجی ئەو ئەوە نەبووە ببێتە بەشێک لە بزووتنەوەی “مۆدێرنیزمی ئیسلامی” (بەو مانایەی سەید جەمالەدینی ئەفغانی یان محەمەد عەبدە مەبەستیان بوو)، بەڵکوو ئامانجی ئەو تێپەڕاندنی گوتارێکی “ناسیۆنالیستی و سێکۆلار” بووە لەناو کۆمەڵگایەکی ئایینیدا. ئەو ئایینی وەک کەرەستەیەک بۆ هاندانی خەڵک بەرەو پێشکەوتن بەکار هێناوە، نەک بۆ چاکسازی لە خودی ئایینەکەدا. تەنانەت نووسەر خۆیشی لە لاپەڕە ١٠٧دا دان بەوەدا دەنێت کە دەقەکانی شێخ نووری خواستێکی “لیبڕاڵیستی”یان تێدایە، بۆیە ناساندنی شێخ نووری وەک مۆدێرنیستێکی ئیسلامی، تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕۆحی سێکۆلار و نەتەوەییەکەی ئەو ناکۆکە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتری چەمکی “مۆدێرنیزمی ئیسلامی” هەبوو لە چوارچێوەی کتێبەکەدا.
دەرەنجام و هەڵسەنگاندنی گشتی
ئەگەر کەسایەتییەکی وەک شێخ نووری بەراورد بکەین بە “تۆماس جێفرسۆن” (کە لە ڕێگای نووسینەوە بوو بە سەرکردەیەکی سیاسیی دامەزرێنەری ئەمریکا)، دەبینین شێخ نوورییش هەمان هێز و دیدگای هەبوو، بەڵام تراژیدیای ئەو لەوەدا بوو کە بە هۆی ژێردەستەیی کوردەوە، دەرفەتی نەبوو فیکرەکانی بکاتە سیستەمێکی سیاسیی سەربەخۆ.
لە کۆتاییدا، کتێبی (بیری نەتەوەیی لە وتار و شیعرەکانی شێخ نووری شێخ ساڵح)، بەرهەمێکی نایاب و پێویستە بۆ کتێبخانەی کوردی. نووسەر لە ڕێگای ئەم کتێبەوە، نەک تەنیا مافی بە کەسایەتییەکی مەزنی وەک شێخ نووری داوە، بەڵکوو سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی بۆ توێژەران و خوێنەران ئامادە کردووە، تا لە ڕەگەکانی بیری نەتەوەیی و ڕۆشنگەریی کوردی تێبگەن.