نووسینی : هیوا قادر

خوێندنەوەی : د. لۆنا دڵشاد مەریوانی

“بوومەلێڵ” ناونیشانی نوێترین ڕۆمانی شاعیر و ڕۆماننووس هیوا قادر‌ە، کە ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە لە ٣٠٦ لاپەڕە پێک دێت و دابەش کراوە بەسەر ٣٠ بەش و بەشێکی کۆتاییدا، هەر بەشەش ناونیشانی خۆی هەیە. ڕۆمانەکە ئەدەبی مێژووییە و باس لە شاڵاوی ئەنفال و کۆمەڵکوژیی کوردی باشوور لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا دەکات، بەڵام لەبری ڕیالیزم، نووسەر قاڵبی ڕیالیزمی جادوویی (ماجیکاڵ ڕیالیزم/ڕیالیزمی ئەفسووناوی) بۆ گێڕانەوەی ئەم مێژووە هەڵبژاردووە.
پوختەی ڕۆمانەکە
کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە بریتیین لە کچێکی دە ساڵان و بزنێک و چوار پیاو، کە پێکەوە دەگەڕێن بۆ ئەو جاشەی بەرپرسە لە مەرگی هەر شەشیان، تا تۆڵەی لێ بکەنەوە، بەڵام دوای مشتومڕێکی زۆر، بڕیار دەدەن لەبری کوشتنی ناچاری بکەن “تا دوا هەناسە گوێ لە ئازاری چیرۆکەکانیان بگرێت” و “تاڵاوی مەرگ بنۆشێت بێ ئەوەی بمرێت” (ل١٠). دوای ئەوەی جاشەکە، حەمە خان، لە شارۆچکەیەکی نزیک زێدی خۆی دەدۆزنەوە و دەبینن تووشی ئیفلیجیی گشتی بووە و تەنانەت قسەشی بۆ ناکرێت، گێژەڵووکەیەک هەڵ دەکات و هەر پێنج کەسەکە و بزنەکە و حەمە خان لەگەڵ خۆیدا هەڵ دەگرێت و لە گوندە وێرانەکەی خۆیان، کە هەمووی چەند مانگێکە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتووە، دادەنێتەوە. لێرەوە ئیدی هەر پێنج کەسەکە و بزنەکەش بەسەرهاتی خۆیان بۆ حەمە خان دەگێڕنەوە.
تێکەڵکردنی مێژوو و خەیاڵ: بژاردەیەکی مەترسیدار!
لەگەڵ ئەوەی لە ئەدەبی خۆرئاواییدا گێڕانەوەی کارەساتە مێژووییەکان لە قاڵبی خەیاڵ و ڕیالیزمی جادوویدا شتێکی نوێ نییە، لە ئەدەبی کوردیدا تا ئێستاش بە بژاردەیەکی ئیستاتیکیی نامۆ و نوێ دەبینرێت و بەکارهێنانی بۆ گێڕانەوەی کارەساتێکی گەورەی وەک ئەنفال مەترسیی خۆی هەیە. هەرچەندە لە کورددا ڕۆماننووسی گەورە بەختیار عەلی ئەمەی کردووە، بەڵام هەر لە بنەڕەتدا ڕیالیزمی جادوویی بووەتە مۆرکی ئەو نووسەرە و خوێنەر بەم شێوازە بۆ کتێبەکانی ئەو ئاشنا بووە، بەڵام کاتێک ڕۆماننووسێکی تر دێت و مێژوو و کارەسات و خەیاڵ تێکەڵ بە یەک دەکات، ڕەنگە هەندێک خوێنەر و ڕەخنەگر ئەمەیان بە ئاسانی پێ قبووڵ نەکرێت، بەڵام من وەک خۆم پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە نووسەرانی کورد، بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی کۆمەڵکوژی و کارەساتەکان لە قاڵبی ڕیالیزم بێنە دەرەوە و هاوشێوەی ئەو هەموو دەقە جیهانییە جوانانەی لەسەر کارەساتە جیاجیاکان لە چوارێوەی فانتازیا و تەنانەت خەیاڵی زانستیدا نووسراون، چیرۆکی کارەساتەکانمان بە شێواز و ژانری نوێ و داهێنەرانەتر بگێڕنەوە، تا باشتر بگەنە خوێنەرانی جیهان، بۆیە ئەم ڕۆمانە و هاوشێوەکانی بە هەنگاوی باش دەزانم و هیوادارم کاری دیکەی لەم جۆرە لە داهاتوودا ببینم.
پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان واقیع و خەیاڵدا
بە بۆچوونی من، نووسەر زۆر لێزانانە توانیویەتی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکانی ڕیالیزم و فانتازیا لەم ڕۆمانەدا ڕابگرێت، بە جۆرێک کە نەک لە گرنگی و قووڵیی ئازاری کارەساتی ئەنفالی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکوو کاریگەرتر و مانادارتری کردووە، بۆ نموونە کاتێک باوکی کچە ١٠ ساڵانەکە، “لە عەزرەت کوژرانی کچە دە ساڵانەکەی” دەبێتە بزن (ل١٦) ئەوە یەکێکە لە ئازاربەخشترین و مانادارترین ساتەکانی ڕۆمانەکە، کە هەرچەند بیرم دەکەوێتەوە، دڵم پڕ دەبێت، یان کاتێک (گریوە)ی حەوت ساڵان لەدوای بینینی مەرگی بەکۆمەڵی دایک و براکەی و ژن و منداڵەکانی تر یەکسەر پیر دەبێت، یان ئەو پیاوەی دەبێت بە ڕێوی و دەچێتەوە لای گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵەکان، بۆ ئەوەی بۆ دوا جار ماچی ژن و منداڵەکانی بکات و باوەشیان پێدا بکات، چونکە ئەوە دواهەمین پاڕانەوەی سەر زمانی بووە بەر لە مردنی لەناو گۆڕی بەکۆمەڵی پیاوەکاندا (ل ١٣٤)، ئەمانە و چەندین کەسایەتی و ئامرازی تر هەموویان هەبوونیان جیاوازییەکی گەورەیان لە گێڕانەوەکاندا دروست کردووە و ئەگەر بە دیدێکی جیهانگیرانەتر لێیان بڕوانین، دەتوانین بڵێین ڕۆمانەکەیان لە ئاستێکی ناوچەییەوە بردووەتە ئاستێکی جیهانییەوە، بەوپێیەی ئێستا لە جیهاندا زیاتر ئەم جۆرە گێڕانەوانە جێی بایەخی خوێنەرانن.
ئەدەبی مێژوویی بە ستانداردە خۆرئاواییەکان
لە ئەدەبی کوردیدا، تا ئێستا گێڕانەوەی مێژوو پابەندییەکی زۆری بە دروستیی وردەکارییە مێژووییەکانەوە تێدایە، بە جۆرێک ئەدەب تەنیا بەهانەیەکە بۆ گیڕانەوەی مێژوو، بەڵام لە خۆرئاوادا چەمکی ئەدەبی خەیاڵیی مێژوویی تەواو جیاوازە، ڕۆمانی مێژوویی لەوێ واتا دروستکردنی ڕووداو و کەسایەتیی تەواو خەیاڵی لەسەر بنەمای ڕووداوێکی مێژوویی، بەبێ ئەوەی پابەندبوونی تەواو بەو مێژووەوە مەرجێکی سەرەکی بێت.
لە “بوومەلێڵ”دا ئەمە تا ڕادەیەکی باش پەیڕەو کراوە، وەک داهێنانکردن لە جۆر و شێوازی ئەشکەنجەدان و کوشتن و ئازاردانی قوربانییەکان یان موبالەغەکردن تێیاندا، هەروەها چەند کەسایەتییەک دروست کراون کە تا ڕادەیەکی زۆر تەنیا بەرهەمی خەیاڵن.
لە ڕۆمانی مێژووییدا ئەمە نەک تەنیا ڕێگەپێدراوە، بگرە نووسەر هاندەدرێت بەم جۆرە بنووسێت، چونکە ئیشی یەکەمی ئەو خەیاڵە نەک گێڕانەوەی مێژوو، هەر بۆیە خاڵێکی بەهێزی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە؛ نووسەر لە چیرۆکی حەمە خان و ئەو شەش کەسەدا توانیویەتی چیرۆکێکی کەسی و جیاواز دروست بکات، کە جیایە لەو چیرۆکە دەستەجەمعییەی لە خودی کارەساتی ئەنفالدا هەیە، بە جۆرێک لە کۆتاییدا دەبینین؛ هەرچەندە چیرۆکی مەرگی ئەوان بەشێکە لەو کارەساتە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەنفال باکگراوەندی چیرۆکێکی کەسییتر و جیاوازترە، کە ژیان و چارەنووسی هەموویانی پێکەوە گرێ داوە، واتە لە کۆتاییدا چیرۆکەکە ئاستی نەتەوە و کۆمەڵ تێدەپەڕێنێت و دێتە ئاستی مرۆڤ و تاک و ئەو تێمایانەی پەیوەستن بە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکانەوە بەدەر لە ناسنامەی نەتەوەیی، ئەمەش ڕۆمانەکە دەخاتە ئاستی ڕۆمانە مێژووییە جیهانییەکانەوە، بەڵام ئایا خوێنەری کورد ئامادەیە ئەم جۆرە ئەدەبە بۆ گێڕانەوەی کارەساتەکانی پەسەند بکات؟! وەڵامی ئەم پرسیارە لای خوێنەران خۆیانە.