نووسینی : د. بڕوا عەبدولڕەحمان پشدەری

خوێندنەوەی : د. ئاران ئەمینی

زمانی کوردی لە هیچ جێیەکی جیهان، بە باشووری کوردستانیشەوە، تا ئەمڕۆکە زمانی خوێندنی زانست و ئەندازیاری لە قۆناغی زانکۆدا نەبووە. هەر ئەمە وای کردووە کە بەرهەمهێنانی دەقی زانستی بە زمانی کوردی سنووردار بێت بۆ هەندێک بابەتی پەروەردەیی لە قوتابخانەکانی باشووری کوردستان و هەروەها کۆمەڵێک کتێب و گۆڤاری زانستی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان، کە زیاتر دەکەونە بواری ڕۆژنامەگەریی زانستییەوە. بە هۆی ئەوەی کە زمانی کوردی لە ڕووی نووسرانی دەقی زانستییەوە لە وەها دۆخێکدا دەژیێت، هەر هەوڵێک بۆ نووسینی دەقی زانستی بە زمانی کوردی بەرز دەنرخێنین.
لەم سۆنگەوە، نووسینی کتێبێک لەسەر بواری ژیریی دەستکرد و بە ناوی بنەماکانی زانستی زیرەکی دەستکرد دەتوانێت هەوڵێکی بایەخدار بێت.
سەرەتا پێویستە ئاماژە بە بەردەنگی کتێبەکە بکەم. کتێبی ناوبراویش وەک زۆرینەی ڕەهای دەقی زانستیی نووسراو بە زمانی کوردی دەچێتە چوارچێوەی زانستی گشتییەوە و بەردەنگەکەی خوێنەری گشتییە، واتا کتێبەکە لە هەمان جەغز و بازنەی ڕۆژنامەگەریی زانستیدایە.
وێڕای بەرزنرخاندنی نووسینی دەقی زانستی بە زمانی کوردی پێویستە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەش پەرە بدەین بۆ ئەوەی دەقی ناوبراو و دەقەکانی داهاتوو باشتر بکرێن، بۆیە لێرەدا بۆچوونی خۆمان لە چوارچێوەی چەند ڕەخنەی گشتیدا باس دەکەین.
١. زاراوەسازی و گەڕانەوە بۆ دەقی نووسراو بە کوردی لە بواری ژیریی دەستکرددا
کێشەیەکی بەرچاوی کتێبەکە، بایەخنەدانە بە مێژووی ئەو نووسراوانەی بە زمانی کوردی لەسەر ژیریی دەستکرد نووسراون. نووسەر ئیدیعا دەکات؛ ئەو کتێبە یەکەم سەرچاوەی ئەکادیمیک بە زمانی کوردی لەو بوارەدا ئەژمار دەکرێت کە بە کوردیی پەتی نووسراوە. هەر ئەم بۆچوونەش وای کردووە کە کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر زاراوە جێگیرەکانی ئەو بوارەی تێدا بەکار نەیەن. ئەم کێشەیە هەر لە ناوی کتێبەکەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە کۆتایی کتێبەکە. بۆ نموونە؛ ناوی کتێبەکە زیرەکی دەستکردە لە کاتێکدا هەوڵێکی زۆر دراوە لە ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا -و زۆر پێش دەنگدانەوەی ئەم دواییەی بوارەکە- کە کەڵک لە زاراوەی ژیریی دەستکرد وەربگیرێت نەک زیرەکیی دەستکرد.
بەشێک لەو زاراوانەی کە زۆر بەکار هاتوون و نووسەر بایەخی پێ نەداون، بریتیین لە: ژیریی دەستکرد لەباتیی زیرەکی دەستکرد، ناسینەوەی ئاخاوتن لەباتیی ناسینەوەی دەنگ یان قسەکردن، ئۆتۆمبیلی خۆئاژۆ لەباتیی ئۆتۆمبێلی بێشۆفیر و… هتد.

٢. هەڵەی زانستی یان لێڵی
کتێبەکە کۆمەڵێک هەڵەی زانستی تێدان، یاخود دەقەکە لێڵیی تێدایە کە پێویستە لە داهاتوودا چارەسەر بکرێن. بۆ ڕێگری لەو کێشەیە پێویستە بەر لە چاپبوونی هەر کتێبێکی زانستی لای کەمی دوو پسپۆڕی ئەو بوارە پێداچوونەوەی بۆ بکەن و لێڵییەکان بڕەوێننەوە. بۆ وێنە لە لاپەڕەی ١٤دا باس لە ژیریی دەستکردی بەرتەسک یان تاک ئەرک دەکات و بەراوردی دەکات بە ژیریی دەستکردی فرەئەرک یان ژیریی دەستکردی گشتی. لە ژیریی دەستکردی گشتیدا نووسەر دەڵێت کە لێرەدا ژیریی دەستکرد پشتیوانیی دەکات و ژیریی ئەم جۆرە سیستمانە دەگاتە سەرووی ژیریی مرۆڤ. لە ڕاستیدا سیستمی تاک ئەرک بەو واتایە نییە کە ژیرییەکەی کەمترە لە سیستمی فرەئەرک. بۆ نموونە؛ بەشێکی بەرچاو لە سیستمە تاک ئەرکەکان ئێستاش تواناییان لە سیستمە فرەئەرکەکان زیاترە و تەنانەت لە هەندێک بواردا تواناییان لە مرۆڤیش زۆر زیاترە. نمونەیەک لەوانە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخێوەرن کە سیستمێکی تاک ئەرکن و لە بەراورد بە مۆدێلە زمانییەکان کە فرەئەرکن بۆ ئەو بوارە زۆر بەتواناترن. هەروەها لە ڕووی بنەمای تیۆریکیشەوە مۆدێلە زمانییەکان لەچاو سیستمە تاک ئەرکەکانی وەک ناسینەوەی ئاخێوەر، ناسینەوەی ئاخاوتن یان ناسینەوەی ڕووخسار بازدانێکی گەورەیان نییە.
نووسەر لە درێژەدا دەڵێت کە پەرەدانی ئەم سیستمانە تا ئێستا لە تیۆریدا ماوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە و مۆدێلە زمانییەکان سیستمی فرەئەرکن. نموونەیەکی بەرچاوی دیکەی هەڵەی زانستی لە بابەتی explainabilityدایە. لێرەدا نووسەر باس لەوە دەکات کە لە ڕێگای کۆدی بەرنامەسازی یان ئەلگۆریتمەوە بەشەکانی سیستم بە قووڵی تێکەڵ بکرێن. ڕوون نییە ئایا مەبەستی ئەوەیە بەشەکانی سیستمی چەندپارچە لە یەک سیستمی یەکپارچەدا تێکەڵ دەکرێن و ئەوەش وا دەکات خەڵک تێنەگات چۆن کاریان پێ بکات! لە ڕاستی بابەتی explainability پەیوەندیی بەوە نییە کە خەڵک بزانن سیستمەکە چۆن کار دەکات، هەروەها پەیوەندیی بەوەوە نییە کە سیستمەکە یەکپارچەیە یان فرەبەشە. Explainability بەر لەوەی پەیوەندیی بە بەکارهێنەرەوە ببێت، پەیوەندیی بە پەروەردەو پسپۆڕانی ژیریی دەستکردەوە هەیە. ئەو چەمکە زیاتر لە تۆڕە دەمارییە قووڵەکاندا بایەخی هەیە. تۆڕە دەمارییەکان لە چینە شاراوەکانیاندا نواندێکی ئاراستەبڕی یان ڤێکتۆریال بەرهەم دەهێنن، تێگەیشتن لەو نواندنانە یارمەتیی پسپۆڕی ژیریی دەستکرد دەدات کە هەم کارایی سیستمەکان باشتر بکات و هەم نواندنەکان وا لێ بکات کە شرۆڤە بکرێن و لێیان تێبگەین، لەو ڕێگەیەوە دەکرێت ئەپلیکەیشن و کەڵکی نوێ بۆ نواندنەکانی چینە شاراوەکانی تۆڕە دەمارییەکان بدۆزرێتەوە.

٣. داڕشتن، ڕستەسازی، ڕێزمان و خاڵبەندی
کتێبەکە لە ڕووی ڕستەسازی و خاڵبەندییشەوە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی قووڵ و ورد هەیە. بۆ وێنە بڕگەی سێیەم لە لاپەڕەی ٢١ چەندین ڕستەی تەواوی تێدایە، بەڵام لە هیچ جێیەکدا خاڵ دانەنراوە. جگە لەوە کۆمەڵێک هێمای خاڵبەندی تێدان کە بەشێک لە هێماکانی خاڵبەندیی کوردی نین. بڕگەی کۆتایی هەمان لاپەڕەش بەم شێوەیە دەست پێ دەکات( بەڵام لە بەشی دوای ئەودا تەواوی مێژووی زیرەکی دەستکرد دەخەینە ڕووی بە شێوازی هێڵی کاتی لە هەموو ئەو گۆرانکاریانەی ڕوویانداوە بۆ بەرەوپێش چوونی ئەم هێزە ناوازەیە, ئەو ڕستە پێویستە بەم شێوەیە دابڕژێرێتەوە: لە بەشی دواتردا، تەواوی مێژووی ژیریی دەستکرد بە شێوازی هێڵی کاتی دەخەینە ڕوو و باس لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەکەین کە لە بەرەوپێشچوونی ئەو بوارەدا بەشدار بوون) وەک دەبینن لە یەک ڕستەدا چەندین هەڵەی ڕێنووس، داڕشتن و ڕێزمان و خاڵبەندی هەیە.