نووسینی : کۆمەڵێک نووسەر

خوێندنەوەی : د. سدیق ئەوڕەحمان

ئەم کتێبه له بنەڕەتدا بریتییه له کۆی‌ لێکۆڵینەوە زانستییەکانی نۆیەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتیی سەنتەری زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردی، کە ساڵی 2025 بڵاو کراوەتەوە، کتێبەکە پێک هاتووه له پەنجا و پێنج لێکۆڵینەوەی زانستی، چل و یەک لێکۆڵێنەوەیان بە زمانی کوردی و شێوەزاره جیاوازەکانی زمانی کوردی نووسراون. هەروەها نۆ لێکۆڵینەوە به زمانی عەرەبی و پێنج لێکۆڵینەوەیان بە ڕێنووسی لاتینی و بە زمانی کوردی- کرمانجی ژوورو، زمانی تورکی نووسراون. کۆی لێکۆڵینەوەکان له دووتوێی کتێبێکی 1571 لاپەڕەیی قەبارەگەورەدا بڵاو کراونەتەوە.
لە ناونیشانی لێکۆڵینەوەکانی ئەم کتێبەدا، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بابەتی سەرەکی بریتییە لە (ئەفسانە، زمان، فۆلکلۆر و مێژووی بیر و هزری کورد). لە ڕێی ناونیشانەکانەوە ئاماژە و ئاڕاستەی بیرکردنەوە و ئامانجی توێژینەوەکان دەردەکەون.
خوێنەر لە یەکەم سەیرکردندا تێدەگات، کە ئەم کتێبە تەنها کۆکردنەوەی چیرۆکە ئەفسانییەکان نییە، بەڵکوو هەوڵێکی زانستییە بۆ تێگەیشتن لە مانا، ڕەگەز و پەیامە شاراوەکانی ئەفسانە، مێژوو و دیرۆکی کوردی.
لە لێکۆڵینەوەکاندا بابەتەکانی ئەفسانەی شاماران، کاوەی ئاسنگەر، پیاوی سەوز، شێخ فەرخ، سلێمی جەوهەری، زەمبیلفرۆش و چەندین کەسایەتی و چیرۆکی ئەفسانەیی تری فۆلکلۆری کوردی کراوەته کەرەستەی توێژینەوەکان. ئەمە دەریدەخات، کە ئەم کتێبە هەوڵ دەدات ئەفسانەکان وەک سەرچاوەی ناسینی مێژوو، باوەڕ، کولتوور و ناسنامەی کۆمەڵگا بخوێنێتەوە، نەک تەنها وەک چیرۆکی خەیاڵی.
لە هەندێک ناونیشاندا توێژەران گرنگییان بە ڕەمز و هێما داوە. واتا؛ ئەوەی لە ئەفسانەدا ڕوو دەدات، تەنها ڕووداوێکی خەیاڵی نییە، بەڵکوو هەر کەسایەتییەک، یان هەر شتێک مانایەکی قووڵتری هەیە. بۆ نموونە مار، ئاگر، ئاو، شاخ، دار یان ئەژدیها… هەموویان لە فۆلکلۆردا واتای تایبەتیان هەیە و نووسەران هەوڵیان داوە ئەو واتایانە ڕوون بکەنەوە.
بەشێکی دیکەی ناونیشانەکان پەیوەندییان بە کارلێکی ئەفسانە و ئەدەب بە گشتی هەیە. واتە چۆن ئەفسانە لە شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و هونەرەکانی دیکەدا کاریگەری دروست کردووە. ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە فۆلکلۆر تەنها میراتێکی کۆن نییە، بەڵکوو سەرچاوەیەکی زیندووی داهێنانە بۆ ئەدەبی هاوچەرخیش.
بابەتێکی گرنگ، که لەم کتێبەدا لای لێ کراوەتەوه؛ توێژینەوەیه له تایبەتمەندییەکانی ئەفسانەی کوردیی لە خۆراسان، بەوپێیەی که ئەم بەشە لە گەلی کورد له سەرزەمینێکی تایبەت دەژین و تا ئێستا پارێزگارییان لە کولتوور و ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندییە مێژووییەکانی خۆیان کردووە و لێرەش توێژینەوەکان له ڕووی زانستییەوە بایەخیان پێ داون.
هەروەها ناونیشانێکی زۆر تایبەته بە بەراوردی نێوان ئەفسانەی کوردی و ئەفسانەی نەتەوەکانی تر. وەک بەراورد لەگەڵ ئەفسانەکانی فارس، یۆنان، چین، یان بەراوردی ئەفسانەی نێو ئایینەکانی ئێزیدی، مەسیحی یان ئیسلامی. ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بەڵگەی ئەوەن کە زۆر لە بیرۆکە و چیرۆکە مرۆڤایەتییەکان لە نێوان گەلاندا هاوبەشن، بەڵام هەر نەتەوەیەک بە شێوەی خۆی دایڕشتۆتەوه و گرنگیی پێ داوە.
گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم توێژینەوانە ئەوەیە، کە چەندین بابەت و ناونیشانیان لەسەر ژن لە ئەفسانەدا نووسراون. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژن تەنها کارەکتەرێکی لاوەکی نییە، بەڵکوو لە زۆر ئەفسانەدا سەرچاوەی ژیان، خێر، زیرەکی، یان هێزی سروشتە. لە هەمان کاتدا هەندێک لێکۆڵینەوە ڕەخنەش لە وێنەی ژن لە بەشێک لە ئەفسانەکاندا دەگرن.
لە ناونیشانەکاندا بابەتگەلێکی وەک؛ ناسنامەی کوردی، زمان، کولتوور، باوەڕی ئایینی، دیموکراسی، ژینگە و بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتییش دەبینرێن. ئەمە دەریدەخات، کە ئەفسانە تەنها بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکوو دەتوانرێت لە چارەسەری پرسیارەکانی ئەمڕۆشدا سوودی لێ وەربگیرێت، بکرێته کەرەستە و هەوێنی دیدی پلانسازی بۆ ئایینده و بیرکردنەوەی داهێنەرانە.
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە کتێبەکە خاوەنی ڕەهەندێکی نێودەوڵەتییە، بەوپێیەی بەرهەمی کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتییە، هەر بۆیەش لە کۆتایی هەر توێژینەوەیەکدا، پوختەیەک بە زمانی عەرەبی، ئینگلیزی هەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بابەتی ئەفسانەی کوردی تەنها جێگای سەرنجی توێژەرانی کورد نییە، بەڵکوو لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی دەرەوەی کوردستانیش گرنگیی پێ دەدرێت، یان بە دیوێکی تردا به ئامانجی ئەوەیه، که خوێنەران و توێژەرانی بیانییش بتوانن لە خوێندنەوەی توێژینەوەکان سوودمەند بن.
بە گشتی؛ لە ناونیشانی ئەم توێژینەوانەوە دەکرێت بڵێین کتێبەکە هەوڵێکی ئەکادیمیی فراوانە بۆ ناساندنی ئەفسانەی کوردی لە ڕوانگەی مێژوویی، ئەدەبی، زمانەوانی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی. خوێنەر پێش ئەوەی بچێتە ناو دەقی توێژینەوەکان، هەست دەکات، کە بەرهەمەکە تەنها کۆمەڵە وتارێک نییە، بەڵکوو دەروازەیەکە بۆ ناسینی بیر و خەیاڵی گەلی کورد لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا.
لە کۆتاییدا، ئەم بەرهەمە ئامانجێکی گرنگی هەیە‌. ئەویش ئەوەیە کە ئەفسانەکان نابێت تەنها وەک چیرۆکی کۆن بخوێندرێنەوە، بەڵکوو دەبێت وەک بەڵگەیەکی ڕۆشنبیری و مێژوویی سەیر بکرێن. هەر ئەفسانەیەک پەیام، بەهایەک و بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتی لە خۆ دەگرێت و خوێندنەوەی زانستیی ئەوان، دەتوانێت یارمەتیی ناسینی باشتر و پاراستنی میراتی فیکری و فۆلکلۆری کورد بکات. بەم شێوەیە ئەم کتێبە زۆر گرنگ و شیاوه بۆ هەر کەسێک، کە ئارەزووی لە مێژوو، ئەدەب، فۆلکلۆر و ناسنامەی کوردی هەیە، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگ و بەسوود دەبێت بۆ توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکانی پەیوەست بە توێژینەوە و فۆلکلۆرناسی و دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بەکار بهێنرێت.